کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە یادی ۲۸ ساڵەی شەهید بوونی دوکتور سادق شەرەفکەندی

16:02 - 25 خەرمانان 2720

لەنێو بزووتنەوەکاندا دژایەتی و بەربەرەکانێ لەدژی ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان دەکەن، ڕێبەرانی بزووتنەوەکە بەرپرسیارێتی گرنگ و مەزنیان لەسەر شانە، چون ویستی ئەسڵی بزووتنەوە و داهاتوو بۆ خەڵک ڕوون دەکەنەوە و ئەندێشەی پێویست بۆ درێژەدان بە بزووتنەوە و یەکگرتوویی هێزەکان وێنا دەکەن و شوعاری پێویست بۆ یەک گوتاری و یەکڕیزیی کۆمەڵگە گەڵاڵە دەکەن و ئاسۆی سیستمی داهاتوو نیشان دەدەن. دوکتور سەعید شەرەفکەندیش هەر لە سەرەتای ژیانییەوە بە هۆی کۆچی دوایی باوکی و پەروەردە بوونی لەسەر ئەرک و دەستی نیشتمانپەروەر و شاعیرێکی وەک مامۆستا هەژار، وەک بڵێی بۆ قۆناغ و ئەرکی گەورەو و نەتەوەیی ئامادە بکرێ، کەسایەتییەکی مەزن و کاریزماتیک بۆ هەموو قۆناغی ژیان پەروەردە ببوو. ئەو کەسایەتییەکی دێموکراتیک بوو، و لە ڕەوشت، ئاکار و تێڕوانییندا دێموکراتێکی بەپرەنسیپ بوو. کراوەبوون و کۆمەڵایەتی بوونی لە ئاکامی پێوەندی لەگەل خەڵکانی‌تردا بۆ هەر مرۆڤێکی باوەڕمەند شیاوی لێ فێربوون بوو و لە هەڵسوکەوت کردنی چ  لە نێو کۆمەڵگە و چ لە نێو حیزبی دێموکراتی کوردستاندا پێناسەی مرۆڤێکی خاکی و خەڵکی بۆ دەرکردبوو و لە ڕاستیدا گرنگیدانی بە بایەخە ئینسانی و کۆمەڵایەتییەکانی گەلەکەی ببووە ڕەمزێک لە گەورەیی کاک دوکتور سەعید، کە بە سەرنج‌دان بە پێویستییەکانی گەلەکەی ئەرک و بەرپرسیارییەتی بەدیهێنانی ڕزگاری و ئازادیی خستە سەرشانی خۆی. هەموو مرۆڤەکان بەبێ جیاوازی ڕەگەزی، ئیتنیکی، زمانی و نەتەوەیی خۆش دەویست کە نیشاندانی ئەم ڕاستییەیە کە دوکتور سادق کەسایەتییەکی دێموکراتی واقعی بوو و ئەو خۆشەویستییە هەڵقووڵاو لە بڕوا دێموکراتیکەکانی سەرچاوەی دەگرت. لە کاتێکدا لە سەدەی ژیانی دوکتور سەعید لە ڕووی ئیدئۆلۆژییەوە بە سەر دوو بەرەی سەرمایەداری-سۆسیالیستی و سێکۆلار- دینیدا دابەش ببوو، دوکتور سەعید بە ڕوانگەیەکی نەتەوەیی و کوردستان مێحوەرانە خاوەنی باوەڕ و هزری جێگر و چەسپاوی کوردی بوو، لە ڕوانگەی نەتەوەیی و نیشتیمانی بۆ ئیدئۆلۆژییەکانی سەردەمی دەروانی و بە لێزانینی خۆی لە هەمبەر دۆخی نەتەوەکەی دەیکورداندن. هیچ کات ئاڵاهەڵگری بیر و ئەندێشەیەک نەبوو کە ناتەبا لەگەل پێویستی و بایەخەکانی نەتەوەکەی بێت و کورد و کوردستانی بوون بۆ دوکتور سادق، مێحوەر و ماکەی هەر بڕیار و هەڵوێستێکی بوو و لەسەر ئەم جیهان‌بینییە، حیزبی دێموکراتی کوردستان چۆن هەم وەک بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانیانە بۆ پرسی کورد بەربەرەکانێ دژی ڕژیمی ئاخووندی پێناسە و ماهییەتی وجوودی بوو، دەکاتە سەنگەری تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی بایەخە دێموکراتیکەکانی و ئەرک و بەرپرسیارییەتی لە ناو حیزبی دێموکرات وەردەگرێ و هاوکات چۆن مرۆڤێکی دێموکرات بوو و باوەڕی  بە پلۆرالیزم لە جەمسەربەندی فکر و هزردا هەبوو، وەک ئەندازیارێکی لێوەشاوە، ڕێکخراو و ڕێکخستنی نێو ماڵی کورد و بزووتنەوەی سەرانسەری ئێران ڕۆل‌گێڕی مەیدانی وەئەستۆ گرت و هەر لەو پێناوەدا بۆ یەک‌گوتار کردنی دەنگی ئازادیخوازی ئۆپۆزیسیۆنی کورد و ئێرانی ڕۆژی ۲٦ی خەرمانان بە دەستی تیرۆریزمی کۆماری ئیسڵامی ئێران لەسەر مێزی دانووستاندن لە برلینی وڵاتی ئاڵمانیا شەهید دەکرێ. دوکتور سەعید وەک کەسایەتییەکی شیاو و شایستە بۆ جێبەجێ کردنی ئەرک و بەرپرسیارییەتی حیزبی-نەتەوەیی و بە ئەنجام گەیاندنی ئەو ڕەساڵەتە بە شێوەیەکی دروست و وڵامدەر وەک کەسایەتییەکی مودیر جێگای متمانەی هاوسەنگەرانی بوو و وەک ڕێبەرێکی باوەڕمەند بە دێموکراتیک بوون  سەرەڕای ڕێنوێنی ئەندامانی بەڕێوەبەری حیزب، خۆشی وەک تاکێکی ئەم سیستمە دەزانی و دەبینی و لە دانیشتنی هاوڕێیانەدا بە شێوەیەکی جیددی و مێهرەبان ئاراستەی سیاسەتی هەمەلایەنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی دەکرد. لە حاڵێکدا ئەو ڕێبەرانەی ئیدئۆلۆگن و دەتوانن کۆکەرەوەی دەنگ و ڕەنگی جیاواز بۆ بە ئاکام گەیاندنی ڕەساڵەتی شۆڕشگێڕییان و لە قۆناغی  پێش ڕووخانی ڕژیمە دیکتاتۆرەکان ڕۆل و شوێندانەریان هەبێ، بەڵام ئەوە ڕێبەرانی ڕێڤەبەر  و مودیڕن کە لە قۆناغی دوای ڕووخانی سیستمی پێشوو ڕۆل و کاریگەری بەرچاویان هەیە. بەڵام دوکتۆر سادق شەرەفکەندی وەک کەسایەتییەکی دێموکراتیک و تەیار بە هزر و جیهان‌بینی نەتەوەیی و نیشتیمانی وەک مودیرێکی لێزان لەنێو مالی کورد و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کۆکەرەوەو یەک دەنگ کردنی هەموو جیاوازییەکانی بوو، دەتوانین بلێین مامۆستا و ڕێبەرێکی هەموو قۆناغەکانی سیاسی و دەوڵەتداری بوو، لە ئەمڕۆدا دەژیا و سیاسەتی دەکرد و داهاتووشی بە ئەندێشە دێموکراتیکەکانی بناغەڕێژ دەکرد. چۆن تەنیا ڕێبەرێکی سیاسی و مودیرێکی وەک دوکتۆر سەعید دەیتوانی بە ژیرمەندبوونی ڕێککەوتن، هاوپەیمانی و شێوەی ڕێبەری کردن لە جیاتی دامەزراندنی سیستمێکی دیکتاتۆر و پاوانخواز، بۆ سیستمێکی دێموکراسی بگۆڕێ.