کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستکەوتی بەردەوامیی ژنان لە شۆڕشی ١٣٥٧هەتا ئێستا لە چوار قۆناغدا

06:30 - 30 خەرمانان 2720

قۆناخی یەکەم شۆڕشی گەلانی ئێران تا دوا دەورەی ڕەفسەنجانی و تەرحی سازەندەگیی ناوبراو و شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عراق لە سەر یەک بۆ ژنانی سکۆلار و جیابیر دەسکەوتی نەبوو  هێچ،  بەڵکوو لەو ماوەیەدا سەربزێوانی ئەم پرسە بە ڕەفتاری توندوتیژی هێزە ئینتزامییەکانەوە ڕێژیمەوە سەرکوت دەکران. پێش شۆڕشی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ ژنان  لە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی سەر شەقامەکان ڕۆلی بەرچاویان گێرا. دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران هەر لە سەرەتای شۆڕشدا ژنان بەرچاو و دیار بوون و لە گرووپ و دامەزراوەکانی مەدەنیدا بەشدارییان هەبوو. ئەوان بە بەرنامەوە لە یەکەمین کۆبوونەوەی بەرینی ژنان  لە بەر دەم دادگوستەریی شاری تاران بەبۆنەی ڕێزگرتن لە یادی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن پێشیان پێ گیرا و بۆ بەرێوەچوونی ئەم یادە پیرۆزە ڕێگرییان لێ کرا. بەداخەوە بزووتنەوی ژنانی ئێران لەوکات بەرەوڕووی ئەزموونێکی شکست خواردوو بوو. ئەوکات فەزای شۆرش و دەسکەوتەکانی شۆڕش بەتەواوی قەبزەی هیچ جەرەیانێکی سیاسی نەبوو، هەر چەند حیزبی تودە و هێزە چەپ و میللی مەزهەبی و هێزە دێموکراتەکان لە حاڵەتی خۆگونجاندن لەگەڵ سیستمی نوێدا بوون، بەڵام ئەوە ڕاستییەک بوو کە ئەوکات لایەنە مەزهەبییەکان لە بواری ڕەوانییەوە لەسەر کۆمەڵگەی ئێران دەسەڵاتی سەرەکییان هەبوو، هەر بۆیە بە بوونی ئەم هێزە پێشکەوتوخوازانەشەوە کە لە مەیدانی سیاسی ئەو کاتدا بوون، هێزە ئیسلامییەکان ڕێیان لە کۆبوونەوی ٨ی مارسی ژنان لەوکاتدا گرت. بەدوای ئەم ڕەفتارە نادێموکراتیکە پێکهێنەرانی ئەم بۆنەیە بەرەبەرە گیران  و خرانە بەندیخانەوە. ئەم کردەوەیە بۆ یەکەم جار کەرامەتی ژنانی شکاند و توانی کاریگەری مەنفیی لەسەر بزووتنەوەی ژنانی یەکسانیخواز و سێکۆلار لە ئێراندا هەبێت، دوای دامەزرانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی  بۆ کپ کردنی ئەم جەرەیانە  تەرحی حیجابی ئیجباری و یونیفۆرمی ئیسلامی بۆ ژنان بەتەواوی لە کۆمەڵگەی گشتیی ئێران سەرکەوتووانە بەرێوەبرد، کە سەرکەوتنی ژنانی مەزهەبی بەسەر ژنانی ئازادیخوازی لێ کەوتەوە، ئەم تەرح و لایەحانە بوو بە هۆی ئەوەی کە بزوتنەوەی ژنان کز و لاواز ببێت.   قۆناخی دوویەم  دوو دەورەی دەوڵەتی خاتەمی کە بە دروشمی دیالۆگ و چاکسازی هاتە سەر کار،  ئەو کات بە چەند هۆکار لە نێوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات فەزای داخراوی سیاسیی نێوخۆی وڵات کەلێنیکی نەخوازیاری لە سیستمی حکومەتیدا لێ کەوتەوە، کە خێرا کۆمەلگە قۆستییەوە و لە بواری فەرهەنگی و ئەدەبی و هونەری، چاپەمەنی جموجۆلێکی نیسبی بە خۆیەوە بینی کە هێزەکانی پتانسێلی کپکراوی ژنان تا ڕادەیەک توانییان دووبارە لە کاناڵی جۆراوجۆر بێنەوە مەیدان و خۆیان ڕێک بخەنەوە.  بە تایبەت ژنانی کورد لەم قۆناغەدا لە ڕێکخراوە مەدەنییەکاندا، لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان، لە ئەنجومەنە ئەدەبییەکان و لە خوێندنگاکان گەشەی باشیان بینی و بە بزوتنەوەی ژنانی ئێران تا ڕادەیەک لە پێوەندیدا بوون، یانی ژنان بە بوونی بەربەستەکانی دەمودەزگا ئەمنیەتی و پۆلیسیەوەش دەرفەتەکانیان بەباشی قۆستەوە و بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ گەشەیان خستە نێو بزوتنەوەی پرسی ژن لە ئێران و کوردستان.   قۆناخی سێیەم دوو دەورەی ئەحمەدی نیژاد لە سەر ئەساس دروشمەکانی وەک هەلی کار،  یارانە، بەشداریی نوخبەی ئوستانەکانی ئێران لە کابینەکەی، وەزیری ژن بە کردەوە وای کرد کە بزووتنەوەی ژنانی مەزهەبی لە بەرانبەر ژنانی چالاکی پرسی ژن لەپێشتر بێت. بۆ نموونە لە سیستمی حکومەت و کابینەی حکومەتدا  لە بەشی وەزارەت و بەشی ڕاوێژکاری حکوومەتی پێشکەوتن بە خۆیەوە دەبینێت، بەڵام لە بەرانبەردا چالاکانی یەکسانیخواز و جیابیر لەم دەورە میژووییە کە هاوکاتە بە  پەرەئەستاندنی خێرای زانست و تێکنۆلۆژی دەکەونە بەر پەلاماری دەم و دەزگاکانی سەرکوتی ڕێژیم و پێشگیری لە گەشەی سازمانی و ڕێکخراوەییان دەکرێ و لە ئاکامی هەڵوێستەکان و ناڕەزایەتییاندا بە دەیان کەس دەگێرێن و بە سەدان کەس دەکەونە بەر هێرش و پەڕیوەی وڵاتانی دەرەوە . بەباوەڕی من لەو دەورەیەدا هەرچەند بزووتنەوەی ژنان بەرەوڕوی خەسارێکی گەورە دەبێتەوە، بەڵام ئەساسی ئەو بزووتنەوەیە بە لەبەرچاوگرتنی فاکتی سەردەمیانە و ئالوگۆڕەکان لە بافتی کۆمەڵگە و لە بیروڕای گشتیی نێوخۆی وڵاتدا  ئاسەواری فەرهەنگی و زەمینەی زەینیی نەهادینە دەکا. لە دەرەوەی وڵاتیش ئەم ڕەوتە، ژنانی تاراوگەش لە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوە و بە شێوەی سازمانی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نێوخۆ بۆ ئەم پرسە سەرنجڕاکێشتر دەکات بۆ وەرگرتنی زانیارییەکان و پەرەپێدانی تەشکیلاتی .   قۆناخی چوارەم دوو دەورەی حەسەنی ڕوحانی لەژێر دروشمی دەوڵەتی مشوور کە ئەم قۆناغەش بە بیانووی چارەسەری قەیرانەکانی دەورەی ئەحمەدی نژاد چیی لێ شین نەبوو. خەڵک بەو ئەزموونەی لە دەورانی خاتەمی وەدەستیان هینابوو و هەروەها بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەم دەستکەوتانەی کە لە دەورەی ئەحمەدینژاد لە دەستیان دابوو، فریوی پرۆپاگەندەکانی ڕوحانیان خوارد و چاوەرێی ئاڵوگۆرەکانی مەخمەلی . بەڵام زوو دەرکەوت کە ئاورێک لە گرفتەکانی کۆمەڵایەتی و خەڵک نادرێتەوە ، بزوتنەوی ژنان  پەیوەندییەکانی لەگەڵ نێوخۆ چڕ و پڕتر دەکاتەوە و باشتر و مونەزەمتر لە پێشوو لەسەر خەت دەمێنێتەوە. بە ئامرازەکانی تێکنۆلۆژی دەتوانێ بەشداری و هاندەری زۆربەی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان بێ. نمونەی بەرچاو پێکهێنانی کەمپەینی ئیعترازیی یەک میلیۆن ئیمزا بۆ پشتیوانی لە مافی ژن و دژی  یاسای تەبعیزی ڕەگەزی بوو. بزووتنەوەی ژن و ڕۆلی ژن لە ناڕەزایەتیەکانی پاییزی ئەمساڵدا نیزامی دیکتاتۆری مەزهەبیی هێنایە ئەو ئاستە کە لە بەرانبەر ویست و داخوازەکانی گشتیی خەڵک دووبارە پەنا بەرێتە بەر مەترسیدارترین شێوەی سەرکوت بۆ ئەوەی کۆنترۆلی ئەم وەزعە شپرزەیە بکات. لە ڕەوتی ئەم بە هەزاران کەس کوژران و بێسەروشوێن کران و کەوتنە سیاچالەکانی . لەم قۆناغەدا لە زانکۆکان و لە زۆربەی ناڕەزایەتییەکانی سەرشەقام ژنانی پێشەنگ، نیشانیان دا کە ژن بۆ دەستەبەر بوونی مافەکانیان هەمیشە لە مەیداندا دەمێننەوە. لە ئاکامی ئەو چوار قۆناخەدا سەرەڕای توندترین شێوەی سەرکوت، ژنان لە پرسە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕۆل دەگێرن، لە ناڕەزایەتیەکاندا پێشەنگن، لە جەرەیاناتی سیاسی و کۆمەلایەتیدا بەشدارن و ، لە سۆسیال میدیادا ڕۆڵی دیار و چالاکیان هەیە.