کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تایبەتمەندییەکانی تۆتالیتاریزم لە ڕێژیمی سیاسیی ئێراندا

04:10 - 1 رەزبەر 2720

ژوان لەنز لە کتێبەکەیدا (تۆتالیتاریزم‌ و ئۆتۆریتاریزم)، بەو ئەنجامە گەیشتوە کە سێ تایبەتمەندیی سەرەکی هەن، کە ڕێژیمێکی تۆتالیتەر لە ڕێژیمە نادێمۆکراتەکانی دیکە جیا دەکەنەوە، ئەویش بریتین لە ئایدۆلۆژیا، تاک‌حیزبی‌ و سەرۆکێکی بەهێز، بەڵام بۆ ئەوەی ڕێژیمێک وەکوو تۆتالیتەر ئەژمار بکرێ، دەبێ هەر سێ تایبەتمەندییەکە پێکەوە لەنێو ڕێژیمەکەدا هەبن، لەبەر ئەوەی هەر کام لەو سێ تایبەتمەندییانە بە جیا لە ڕێژیمی دیکەی نادێمۆکراتدا هەن. هانا ئارێنت پێی‌‌وایە کە ڕێژیمی تۆتالیتەر، هەموو نەریتە سیاسی ‌و یاسایی ‌و کۆمەڵایەتییەکان لەنێو دەبا‌و  دامەزراوەی نوێ دروست دەکاتەوە ‌و سیاسەتێکی دەرەکی بۆ زاڵبوون بە سەر جیهاندا دەگرێتە بەر. ڕێژیمی تۆتالیتەر هەوڵ دەدا لە ڕێگەی "هێنانە کایەی دادوەری لە جیهاندا، " ڕەوایی بە خۆی ببەخشێ. ئارێنت پێداگرییەکی زۆر لە سەر مۆدێڕن بوونی تۆتالیتاریزم دەکاتەوە ‌و پێی‌وایە کە نابێ ‌و ناشێ تۆتالیتاریزم لەگەڵ ڕێژیمە دیکتاتۆرەکانی پێشوودا تێکەڵ بکرێ. لەو دیاردە نوێیەدا، چینەکانی کۆمەڵگە دەگوازرێنەوە بۆ جەماوەر‌ و هەوڵ دەدرێ هەر جۆرە بەستراوەییەکی سیاسی لە تاکەکان دابماڵدرێ ‌و هەموویان لە دەوری ئایدۆلۆژیای دەوڵەتی کۆ ببنەوە. ڕێژیمی تۆتالیتەر دەیهەوێ کۆنتڕۆڵی تەواوی بە سەر ژیانی کەسیی تاکەکانەوە هەبێ. بۆ ئەو مەبەستەش، دەسەڵات‌ و ڕێگەکانی هێز‌ و زۆرەملێ لە ئەرتەشەوە دەگوازرێتەوە بۆ نێو پۆلیس. بۆ ئارێنت، تۆتالیتاریزم پەیوەند‌ییەکی بەهێزی لەگەڵ تۆقاندن هەیە. یەکێک لە تایبەتمەند‌ییە سەرەکییەکانی تۆتالیتاریزم، هەبوونی ئایدۆلۆژیای دەوڵەتییە کە تۆتالیتاریزم بە شێوەی تیۆری ‌و کردەیی پاساو دەدا. ئایدۆلۆژیا، ڕابردو‌و ‌و داهاتوو بۆ لایەنگران‌ و شوێنکەوتووانی ڕوون دەکاتەوە. لە ڕێژیمی تۆتالیتەردا، سەرۆک هەم کەسێکی پڕوپاگەنداییە‌ و هەم کەسێکی کردەییە، چونکە "هەم دەبێ پەرە بە ترس ‌و تۆقاندن بدا، هەم بە ئایدۆلۆژیا". کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای ویلایەتی فەقیهـ دامەزراوە کە هەڵقوڵاوی شیعەگەریی دوازدە ئیمامییە ‌و دوو قۆناغی مێژوویی لەخۆ دەگرێ : قۆناغی یەکەم، بەسیاسی ‌کردنی ئیسلام بەر لە شۆڕشی ١٣٥٧، قۆناغی دووهەم، بەئیسلامی ‌کردنی سیاسەت دوای شۆڕشی ١٣٥٧. قۆناغی دووهەم لە لایەک، ئاوێتەیە لەگەڵ تەیار کردنی جەماوەر لە دەوری ئایدۆلۆژیای ویلایەتی فەقیهـ‌‌ و لە لایەکیتریش، لەگەڵ ترس ‌و تۆقاندن، سەرکوتی ناڕازییان ‌و گوشار بۆ سەر کۆمەڵگە، بە مەبەستی هەبوونی کۆنتڕۆڵی تەواو بە سەر کۆمەڵگەدا. ئایدۆلۆژیای ویلایەتی فەقیهـ کە لە لایەن وەلی فەقیهەوە نوێنەرایەتی دەکرێ، تەنیا بۆ نێو سنوورەکانی ئێران دانەڕێژراوە، بەڵکوو جیهانگیرە ‌و هەوڵ دەدا جیهان بگۆڕێ ‌و دادەوریی ئاسمانی لەسەر زەوی جێگیر بکا. بۆ ئەو مەبەستەش هێزێکی ئایدۆلۆژیکی بە ناوی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی پێک هێندراوە کە جگە لە نێوخۆی ئێران، چالاکییەکانی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیش پەرە پێدەدا. لەو بەشەدا هەوڵ دەدرێ تایبەتمەندییەکانی تۆتالیتاریزم لەنێو ڕێژیمی سیاسیی ئێران، بەوردی شیکردنەوەیان بۆ بکرێ.  

١. ئایدۆلۆژیای ویلایەتی فەقیهـ

تۆتالیتاریزم، لە ئایدۆلۆژیا‌، دەسەڵاتێکی تاکڕەو‌ و تەیار‌کردنی جەماوەرەوە چەکەرە دەکا. ئایدۆلۆژیا یەکێک لە سێ تایبەتمەندییە سەرەکییەکەی تۆتالیتاریزمە کە پاوانخواز‌ و سەربەخۆیە ‌و بەشێوەی هزری پەرەی پێدراوە. لایەنی دەسەڵاتدار ئایدۆلۆژیا بە مەبەستی پاساودان ‌و ڕەوایی سیاسەتەکانی بەکار دێنێ‌ و هەر جۆرە تێپەڕ بوون یان ترازانێک لە سنوورەکانی ئایدۆلۆژیا، وەکوو لادان سەیر دەکرێ. لایەنی دەسەڵاتدار، بناغەی ڕەوایی‌ و سیاسەتی خۆی لە سەر بنەمای تێگەیشتنێکی هۆلیستی لە مرۆڤ ‌و لە کۆمەڵگە داناوە‌ و بەبێ مانا کردنەوە‌ و شیکردنەوەی بەردەوامی میراتە ئایدۆلۆژیکییەکەی، سیستەمی تۆتالیتەر ناتوانێ بوونی هەبێ. چوار مێکانیزمی ئایدۆلۆژیکی کە لایەنی دەسەڵاتدار کەڵکیان لێ وەردەگرێ ئەوانەن : ١) بەسیاسی‌کردنی جەماوەر، ٢) دامەزراندنی نوخبەی نوێ، ٣) کۆنتڕۆڵی ئەو دامەزراوانەی کە لەوانەیە لە داهاتوودا سەربەخۆ بن، وەکوو هێزی نیزامیی وڵات، ٤) کۆنتڕۆڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕێگەی بەشداری‌کردنەوە. پڕەنسیپی ویلایەتی فەقیهـ وەکوو ئایدۆلۆژیای دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەڵقوڵاوی بەسیاسی ‌کردنی مەزهەبی شیعەی دوازدە ئیمامییە کە لە لایەن خومەینییەوە ‌و بە کەلک وەرگرتن لە شارەزایانی ئایینیی پێش خۆی داڕێژراوەتەوە. ئەو ئایدۆلۆژیایە لە دوای ساڵی ١٣٥٧ەوە بەتەواوەتی چووەتە نێو یاسای بنەڕەتیی ئێرانەوە. هەروەها، چوارچێوەی سەرەکیی سیاسەتەکانی دەوڵەت، یاسا، ڕێسا، کۆمەڵگە‌، تاک ‌و هەروەها سیاسەتەکانی دەرەوەی پێک هێناوە.  

لە "بەسیاسی کردنی ئیسلامەوە" هەتا "بەئیسلامی کردنی سیاسەت"

ئـ. شیعەگەری

شیعە (بە عەرەبی: شوێنکەوتووەکان، هاوڕێیان) یەکێک لە دوو لقە سەرەکییەکەی ئایینی ئیسلامە (سوننە‌و شیعە) کە لە مێژوودا زیاتر لەوەی لقێکی ئیسلام بێ، وەکوو ڕەوتێکی دژ بە زۆرینەی سوننە دەرکەوتوە، بەڵام وردە وردە خۆی وەکوو لقێکی سەرەکیی ئیسلام نیشان داوە. دووبەرەکیی نێوان شیعە‌ و سوننە دەگەڕێتەوە بۆ یەکەم ڕۆژەکانی دوای کۆچی دوایی پێغەمبەری ئیسلام، کاتێک بەشێک لە موسوڵمانان وەفاداریی خۆیان بۆ تایفەی پێغەمبەر نیشان دا‌ و لەگەڵ ئەوەدا بوون کە عەلیی ئامۆزای پێغەمبەر ببێتە خەلیفەی موسوڵمانان، لە کاتێکدا کە بەشێکی دیکە لە موسوڵمانان ئەبووبەکری هاوڕێی پێغەمبەریان وەکوو خەلیفە دەستنیشان کرد. ململانێی نێوان ئەو دوو بەرەیە تا ئێستاش هەر بەردەوامە‌ و زۆر شەڕی خوێناوی لێ کەوتونەتەوە‌ و تا دێ گەورەتر دەبێتەوە. بەگوێرەی ڕێسای مەزهەبی شیعە، بنەماڵەی پێغەمبەری ئیسلام، ڕەوایییەکی ئاسمانییان هەیە ‌و تەنیا ئەوان دەتوانن جێنشینی ڕاستەقینەی پێغەمبەر بن. شیعەکان وەکوو سوننەکان، بە سەر چەندین لقی دیکەدا دابەش دەبن‌ و هەر لقێک شوێنکەوتووی ژمارەیەکی دیاریکراو لە ئیمامەکانی دوای پێغەمبەرە:  شیعەی زەیدی (چوار ئیمام)، شیعەی ئیسماعیلی (حەوت ئیمام)، شیعەی عەلەوی (یازدە ئیمام)، شیعەی دوازدە ئیمامی (دوازدە ئیمام). شیعەکانی وڵاتانی ئیران، عێراق، لوبنان ‌و وڵاتانی کەنداو، شیعەی دوازدە ئیمامین. بەپێی ئایینی شیعەی دوازدە ئیمامی، مەهدی، ئیمامی دوازدەهەم، ماوەیەک دوای لەدایکبوونی، لەبەر چاوان ون بووە‌ و ڕۆژێک دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی جیهان لە زوڵم ڕزگار بکا. کەوابوو تا ئەو ڕۆژەی دووبارە دەگەڕێتەوە، کەس بۆی نییە جێگەی ئەو بگرێتەوە. بەڵام فەقیهـ یان مەرجەعەکانی شیعە بۆیان هەیە هەتا گەڕانەوەی مەهدی نوێنەرایەتیی ئایینی شیعە لە نێو کۆمەڵگەدا بکەن، بەڵام بۆیان نییە حکوومەت بکەن، چونکە ئەوان ڕەوایی ئاسمانی یان خوداییان بۆ حکوومەت‌کردن پێ نەدراوە. بەدامەزراوەیی کردنەوەی شیعەگەری دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٥٠١، کاتێک شا ئیسماعیلی سەفەوی، خانەدانی سەفەویی دامەزراند ‌و ئایینی شیعەی وەکوو پێناسەی ئایینیی ئیمپڕاتۆریی سەفەوی دیاری کرد، بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی ئیمپڕاتۆریی عوسمانی بەسەر کۆمەڵگەی زۆرینە سوننەی ئەوکاتی نیو سنوورەکانی ئیمپڕاتۆر کەم بکاتەوە. بە گوتەی جاک لاگرۆی، لە دامەزراوە ئایینییەکاندا، هەر لایەنێک هەوڵ دەدا ڕوانگەیەکی شەرعیتر‌ و دروستتر لەوانیتر، لە خودا پێشان بدا، چونکە هەر کامیان لێکدانەوەی جیاوازی هەیە‌ و چەشنێک لە ململانێ لەنێو هەر دامەزراوەیەکی ئایینی بوونی هەیە. بەپێی پۆلێنبەندیی نەریتیی ئایینی شیعەی دوازدە ئیمامی، ئایەتوڵڵا لە پلە هەرە بەرزەکانی ئەو ئایینەیە کە بۆی هەیە ببێ بە مەرجەعی تەقلید، واتە لێکدانەوەی تایبەت بە خۆی لە ئایین هەبێ. هەر کام لە مەرجەعەکان بەهۆی شێوەی لێکدانەوەکەیان، کۆمەڵێک شوێنکەوتوویان لەنێو کۆمەڵگەدا هەیە. جیاوازیی تێگەیشتن ‌و لێکدانەوەی مەرجەعەکان لەسەر هەندێک بابەت، زۆر جار بووە بە هۆی کێشە ‌و ململانێ لە نێوانیاندا. یەکێک لەو بابەتە گرینگانەی کە بووە بە هۆی کێشە، پڕەنسیپی ویلایەتی فەقیهـ کە بەشێک لە مەرجەعەکان پێیان‌وابوو دژایەتیی لەگەڵ بنەماکانی ئایینی شیعەی دوازدە ئیمامی هەیە. لەبەر ئەوەی پڕەنسیپی ویلایەتی فەقیهـ ڕێگە دەدا کە ئیمامی دوازدەهەم جێنشینی هەبێ ‌و حکوومەتیش بکا. تا شۆڕشی ١٣٥٧، زۆرینە یان نزیک بە تەواوی مەرجەعەکان دژایەتیی ویلایەتی فەقیهیان دەکرد، بەڵام دوای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی لە ژێر گوشاری دەوڵەت، دەنگی دژبەرانی ویلایەتی فەقیهـ بەرە بەرە کپ کرا. بیرۆکەی ویلایەتی فەقیهـ، لە ساڵەکانی ١٣٤٠_١٣٥٠ی لە لایەن خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە داڕێژراوەتەوە، لەکاتێکدا، لەو سەردەمە لە نێو شیعەکاندا کەم کەس هەبوو کە بڕوای بە ویلایەتی فەقیهـ هەبێ.   بـ. ویلایەتی فەقیهـ میشێل کرۆزیێ‌ و ئێرهارد فریدبێرگ پێیان‌وایە کە، هەرچەندە نۆڕمەکان‌ و ڕێساکانی هەر کۆمەڵگەیەک زۆر پێشتر بۆ ئەو کۆمەڵگە داڕێژراون ‌و چوارچێوەیان بۆ دیاری کراوە، بەڵام ئەکتەرەکانی کۆمەڵگە تەنیا وەرگر‌ و شوێنکەوتوویەکی ناچالاکی فەرمانەکانی ئەو نۆڕم‌ و ڕێسایانە نین، بەڵکوو ستراتێژیی تایبەت بە خۆیان هەیە‌ و لەگەڵ ڕێسا ‌و نۆڕمەکان کایە دەکەن. ئەحمەد نەڕاقی یەکەم کەسایەتیی ئایینیی سەردەمی نوێیە کە لە کتیبەکەیدا بە ناوی" ایاد الأیام" پڕەنسیپی ویلایەتی فەقیهی تیۆریزە کردوە. دواتر چەندین کەسی دیکە بیرۆکەکەیان داڕشتۆتەوە، بەڵام تا هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامیی ئێران، نەک هەر لایەنگرێکی ئەوتۆی نەبوو، بگرە دژبەریشی زۆر بوو. بیرۆکە سیاسییەکانی خومەینی دەرئەنجامی کاریگەرییەکانی دوو بیرمەندی ئایینین: یەکەمیان، نەواب سەفەوی کە یەکەم کەس بوو بیرۆکەی دروست کردنی دەوڵەتێکی ئیسلامیی لە شێوەی کۆماری هێنایە ئاراوە. دووهەمیان، سەید ئەبو عەلا مەودوودی  بیرمەندی ئایینیی پاکستانییە کە پێی‌وابوو ئیسلام هەر تەنیا ئایین نییە، بەڵکوو ئایدۆلۆژیاشە، هەر بۆیەش پێی‌وابوو کە دروست کردنی دەوڵەتێکی ئیسلامیی سەردەمیانە، واتە تێئۆ-دێمۆکراسی شەشەمین کۆڵەکەی ئیسلامە. خومەینی لە ساڵی ١٣٤٢ی هەتاویدا چاوی بە مەودوودی دەکەوێ‌ و دواتر بیرۆکەی هەردوو بیرمەند تێکەڵ بە یەکتر دەکا‌ و ویلایەتی فەقیهی لێ بەرهەم دێنێ، واتە بیرۆکەی کۆمارە ئیسلامییەکەی نەواب سەفەوی ‌و تێئۆ-دێمۆکراسی‌یەکەی عەلا مەودوودی. پڕەنسیپی ویلایەتی فەقیهـ، دوو دەسەڵات بە فەقیهـ دەبەخشێ: دەسەڵاتێکی ئایینی بە سەر کۆمەڵگەی موسوڵماناندا‌ و دەسەڵاتێکی سیاسی بە سەر دەوڵەتدا. خومەینی کە بیرۆکەکەی لە تاراوگە ‌و بەر لە گەیشتنی بە دەسەڵات پەرە پێدا، دەیویست ئەو کێشە کۆنەی ئایینی شیعەی دوازدە ئیمامی چارەسەر بکا، کە دوای ونبوونی ئیمام مەهدی، ڕێگە لە دروست بوونی هەر چەشنە حکوومەتێکی ئایینی دەگرێ ‌و بە ناڕەوای دەزانێ ‌و ڕێگە نادا کەسیش جێگەی مەهدی  بگرێتەوە، چونکە ئیمامەت لەگەڵ ونبوونی مەهدی کۆتایی پێدێ. بەپێی نەریتی ئایینی شیعەی دوازدە ئیمامی، دوای ونبوونی مەهدی، لە دوو ڕەهەندی سیاسی ‌و ئایینی، تەنیا ڕەهەندی ئایینی ئیمام مەهدی لە کۆمەڵگەدا بوونی، ئەویش خۆی  لە کۆی مەلاکاندا دەبینێتەوە. خومەینی وەکوو وڵامێک بۆ دووفاقییەتی نێوان دەسەڵاتی سیاسی ‌و دەسەڵاتی ئایینی، پەرەی بە پڕەنسیپی ویلایەتی فەقیهـ دا. تیۆریزە کردنی ویلایەتی فەقیهـ، بە چەندین تیۆریی ئایینی پاساو دراوە کە هەوڵ دەدەن دەسەڵاتێکی سیاسی بنیات بنێن‌ و ڕێبەرێکی ئایینی دروست بکەنەوە کە تا بکرێ لە تایبەتمەندییەکانی ئیمام مەهدییەوە نزیک بێ. خومەینی لە تیۆریزە کردنەوە‌و  داڕشتنەوەی ویلایەتی فەقیهـ دوو مەبەستی سەرەکی هەبوو: یەکەمیان، پێکهێنانی مۆدێلێکی نوێ لە حکوومەت لەسەر بنەمای یاسا و ڕێسا ئیسلامییەکان. دووهەم، دروست کردنی بەربەست لە بەرامبەر سێکۆلاریزە کردنی کۆمەڵگە ‌و لە بەرامبەر پڕاوێز خستنی مەلاکان لە لایەن ڕێژیمی پاشایەتییەوە. خومەینی، کەسایەتیی خۆی وەکوو ڕێبەرێکی ئایینی، لە دوای ساڵەکانی ١٣٤٠ەوە بە چوونە نێو چالاکییە سیاسییەکان دروست کرد. ئەو هەوڵی دەدا بە دروستکردنی وێنەیەکی سیاسییانە لە ئایینی شیعە، ئایدۆلۆژیایەکی تەیارکەر تیۆریزە بکا. بە گوتەی ئەحمەد سەلامەتیان (ڕاوێژکاری پێشووی خومەینی)، خومەینی بەر لەوەی کەسایەتییەکی ئایینی بێ، ڕێبەرێکی سیاسی بوو، چونکە لە ڕێگەی چالاکییە سیاس‌ییەکانیەوە پلە ئایینییەکانی بەرز کردەوە. لە کۆتایی ساڵەکانی ١٣٤٠ەوە، ڕەوتە چەپە ئیسلامییەکان لە ئێران پێگەی جەماوەرییان بەهێز بوو، بەتایبەت لە نێو خوێندکاراندا. ئەو ڕەوتانە خەباتیان لە دژی محەممەد ڕەزا شا وەکوو ڕێژیمێکی پاشایەتی‌ و لایەنگری ڕۆژئاوا دەکرد. یەکێک لە تیۆریسیەنەکانی ڕەوتی چەپی ئیسلامی، "عەلی شەریعەتی"‌یە کە مارکسیزمی شۆڕشگێڕانەی تێکەڵ بە شیعەگەری کردوە. هەرچەندە ئەو ڕەوتە لە لایەن مەزهەبییە بناژووخوازەکانی ئەوکات دژایەتیی دەکرا، بەڵام خومەینی ئیلهامی لەو ڕەوتە وەرگرت، بە تایبەت لە ڕەهەندە دژە ئیمڕیالیستییەکەی. ئایینی شیعە لە ئێران لە ڕێگەی ڕەوتی چەپی ئیسلامییەوە بەسیاسی کرا‌ و ڕێژیمی پاشەیەتیش لە لایەن ئەو ڕەوتانەوە وەکوو لایەنگری ئیمپڕیالیزم‌ و دوژمنی ئیسلام پێناسە کرا. ئەوەش بوو بە فاکتەرێکی گرینگی تەیارکردنی جەماوەر. دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ١٣٥٧، لەگەڵ ئەوەشدا کە ژمارەیەکی زۆر حیزبی ڕاست ‌و چەپ لە ئێران هەبوون، بەڵام خومەینی‌ و لایەنگرانی توانییان ڕوانگەی ئایدۆلۆژیکیی خۆیان بەسەر یاسای بنەڕەتیی نوێ ‌و وڵاتدا بسەپێنن. بە گوتەی ئەمیر ئەرجومەند، سێ فاکتەری گرینگ هەن کە ڕۆڵێکی گرینگیان لە بزووتنەوەکانی دژی شا‌ و شۆڕشی ١٣٥٧ بەخشییە مەزهەبییەکان. ئەو سێ فاکتەرەش بریتین لە "پلەبەندیی ئایینی، دوکترینی ئایینی ‌و هەروەها، سەربەخۆیی ئابووری‌ و سیاسیی ڕووحانیەتی شیعە لە ئێران". لە دژی ئەو ململانێیە ‌و ڕوانگە جیاوازانەی لە نێو ئایینی شیعەی دوازدە ئیمامیدا لەسەر جێگرەوەی مەهدی هەیە، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هەر لە دوای شۆڕشەوە هەوڵ دەدەن ئەو لایەن‌ و ڕوانگە جیاوازانە ڕێک بخەن ‌و بیرۆکراتیزەی بکەن. دەوڵەت لە ڕێگەی جیاوازەوە هەڵ دەدا تەنیا یەک وێنە لە شیعە نیشان بدا، بە تایبەت لە بەرامبەر سوننەکان‌ و کەمینە ئایینییەکانی دیکەی ئێراندا. بۆ ئەو مەبەستەش، تۆڕێکی گەورەی خوێندنگەی نوێی ئایینیی لە سەرانسەری ئێران دروست کردوە بۆ ڕکەبەریکردنی هەردوو خوێندنگەی نەریتی مەشهەد ‌و قوم (حەوزە یان ناوەندی ئایینی شاری قوم کە بە پێتەختی ئایینیی ئێران ناسراوە، لە لایەن عەبدولکەریم حائێری، کەسایەتیی ئایینی شیعەوە بنیات نراوە. حائێری بەوە ناسراوە کە بە توندی دژی ئەوە بووە کە کەسانی ئایینی لە سیاسەتدا بەشداری بکەن). لەگەڵ ئەوەشدا کە حکوومەت هەوڵی داوە لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە، ڕۆڵی خوێندنگە ئایینییەکانی دوای شۆڕشی ١٣٥٧ پڕڕەنگتر بکا‌ و ڕۆڵی خوێندنگە نەریتییەکان کەمڕەنگتر بکاتەوە، بەڵام خوێندکارە نوێیەکان بەتەواوی گرێدراوی سەرچاوە ئایینییەکانی قوم‌ و مەشهەدن. لە دوای ساڵی ١٣٥٧ـەوە، ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە ئایینییەکانی شیعە بە هۆی دژایەتی کردنی ویلایەتی فەقیهەوە لە لایەن دەوڵەتەوە پەڕاوێز خراون یان زیندانی ‌و تەنانەت تێرۆریش کراون. بابەتێکی دیکەی گرنگ کە لەنێو ئایدۆلۆژیای ویلایەتی فەقیهەوە تیۆریزە کراوە، "پان ئیسلامیزم" یان جیهانگیر بوونی شیعەگەرییە. بۆ گەیشتن بەو ئامانجەش، خومەینی پێشنیاری هەناردە کردنی شۆڕشی ئیسلامی دەکا کە ڕێگە خۆشکەرە بۆ ئەنجامدانی هێرش لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران. یەکەم هەنگاو بۆ کردەیی کردنی ئەو ئامانجە، دروست کردنی سوپایەکی ئایدۆلۆژیکی بەهیزە کە سەربەخۆیی تەواوی لە بواری نیزامی ‌و دارایی ‌و تەنانەت سیاسیش هەبێ. ئەو سوپایە، لە لایەکەوە دەبێ بەرگری لە کۆماری ئیسلامی بکا‌ و لە لایەیەکیترەوە، شۆڕشی ئیسلامی بۆ تەواوی جیهان هەناردە بکا.