کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەنگاوی و بیری ژەنگاویی ڕێژیم لە پرسی پەروەردەدا

04:13 - 1 رەزبەر 2720

هەر لە سەرەتای ژیانی مرۆڤەوە، داگیرکاری و پاوانخوازی لە لایەک و ژێردەستی و کۆیلایەتی لە لایەکی دیکەوە بە پێی قۆناغ و کات و هەلومەرج و، لە ئاست و شێوازی جیادا گۆڕانکاریی ئەرێنی و نەرێنییان بەسەردا هاتوە یان بەسەریاندا سەپاوە. هەر لە قۆناغی بەردینەوە تا پێش مودێڕن کەس نە مافی پرسیاری لە بواری کۆمەڵایەتی، ئابووری و فەرهەنگیدا هەبووە و، نە وەڵامێکی ژیرانەش بۆ پرسیارەکان بووە. ئەوەی کۆیلە بوو دەبوایە کۆیلە بمێنێتەوە و مافی ئەوەی نەبوو تەنانەت بیر لەوە بکاتەوە کە دەکرێ کۆیلە نەبێ؛ هەربۆیە نە هەوڵی بۆ پێشکەوتن دەدا و، نە دەبوایە بیری لێ بکاتەوە، یاسایە و بڕایەوە. بەڵام لەگەڵ دەورانی وگزار وردە وردە شێوەی ژیان دەگۆڕدرێ و پرسیار بۆ خەڵک درووست دەبێ و تا دەگاتە ئەمڕۆ کە مرۆڤ سەرەڕای سەرکوت و هەوڵی چڕوپڕی داپلۆسینی گەلانی ژێردەست لەلایەن داگیرکەران و گیرسانەوەی مرۆڤ لەنێو تێکنۆلۆژی و زانستدا، بە دوای خۆناسینێکی قووڵ و بنەڕەتیدا دەگەڕێ کە سەرەتای ئەم خۆناسینە یان دەسپێکی هەنگاوەکان کە پەروەردە و بارهێنانە، پرسیار بۆ مرۆڤ دەخوڵقێنێ و دەلاقەی ڕوانینی کەسەکانە بە بنەڕەتی خۆیاندا. سیاسەتی یەک زمانی و هەڵاواردنی ڕەگەزی و ئایینی و نەتەوەیی لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا وەک توخمێکی سەرەکیی دەسەڵات بوونەتە هەرێزی بیرکردنەوەی مرۆڤەکان. هاوکات بیرکردنەوەی خەڵکیش سەرەڕای هەموو سەرکوت و گوشاری نیزامی سیاسی گۆڕاوە و لەگەڵ شوناس و فەرهەنگ و خواستی نەتەوەیی بێژەرانی لێک ئاڵاون. پێوەندییە تایبەتەکانی ئەوڕۆ کە دنیای پێکەوە گرێداوە ناشاردرێنەوە و سەردەمی خەڵەتاندن و دەسبەسەر کردنی بیری مرۆڤەکان خەریکە کۆتایی دێ و ئەمانەش بۆ دەسەڵاتخوازە توتالیتێرەکان، شووینیستەکان و ڕەگەزپەرەستەکان بڤەیە، یان دەبێ دنیای پێشکەوتوو لە ئامێز گرن، یان بەگژیدا بچنەوە کە هەرکامیان تێچووی خۆی هەیە. بە سەرنجدان بە یاسای بنەڕەتی و هەڵسوکەوت و ئامانجەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ئەوەدا لە پانتایی دونیای پێشکەوتوودا جێی خۆش کردوە و قازانجەکانیشی لێ هەڵدەکڕێنێ، بەڵام هەرلە سەرەتاوە بە بیر و هزرێکی کۆن و پرتووکاوەوە بە گژیشیدا دەچێتەوە و زۆر جاران قامک بە چاوی زانست و ڕاستییەکاندا دەچەقێنێ. سیستمی حکوومەتیی ئێران لەسەر بناغەیەک داندراوە کە نە کەسی زانستی و پسپۆڕ لەخۆ دەگرێ و نە جێگاشی دەبێتەوە، هەر بۆیە چاوەڕوانییەکانیش دەبێ لە ئاستی قەبارەی ئەو سیستمەدا بێ . باسەکەی ئێمە زیاتر لەسەر پەروەردە و بواری خوێندن و ئەو هەلومەرجەیە کە بەرپرسە نابەرپرسەکانی ڕێژیم هەرساڵ قەیرانێک بە قەیران و کێشەکانی کۆمەڵگە بە تایبەت لە بواری خوێندن و پەروەردەوە زیاد دەکەن. ئێستا چەند ڕۆژێکە سەرەڕای مەترسیی کۆرۆنا و ئەوکێشەگەلەی کە بە هۆی کەمتەرخەمتی ڕێژیم و ئەو پەتایەوە بەرۆکی خەڵکی ئێرانی گرتوە و سەرەڕای هۆشداریی کەوتنەوەی کارەساتێکی مرۆیی لە ئەگەری کرانەوەی قوتابخانەکاندا، لە بەر چەند هۆکارێکی قازانجدار بۆ بەرپرسانی حکوومەتی و پڕوپاگەندەی تایبەت بە خۆیان و بە بێ گوێدان بە ئەو مەترسییانەی لە سەر ژیانی قوتابیان و خەڵک دروست دەبێ؛ دەرگای قوتابخانەکان کراوەتەوە. ئەوەی جێگای سەرنجە و لە ڕاستیدا مەترسیی لێ دەبارێ ئەوەیە کە ئەمساڵ زۆرترلە ساڵانی پێشوو بارودۆخی خوێندن لە وڵاتی ژێر دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامیدا ئاڵۆزترە و بێجگە لە کەڵەکە بوونی کێشەکانی پێشوو وەکوو هەڵاواردنی زمانی، ئایینی و ڕەگەزی و مەترسی کۆرۆناش هەڵاواردنێکی بەرچاو و سووکایەتی و بێڕێزییەکی دیکەی بەرپرسانی نەزان و دواکەوتووی ئەو ڕێژیمەیە کە بەردەوام هەنگاوەکانیان بەرەو دوایە و چاویان لە ڕابردوویە. داهێنانە نوێیەکەی وەزیری پەروەردەی ڕێژیم لابردنی وێنەی کچان بوو لەسەر کتێبی بیرکاریی پۆلی سێهەمی سەرەتایی لە سەدەی بیست و یەکدا کە بەئاشکرا بێڕێزی بە ئاوەز و بیری خەڵکی ئێران و جیهانیشە و هەتا دێ ئەم گۆمە لێڵتر دەبێ و شەپۆلەکانی نەزانی و دواکەوتوویی زیاتر هزرەکان نوقم دەکا و وەکوو ئەوەیە کە دەڵێن نانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی لە بچووککردنەوەی بازنەی بیرکردنەوەی خەڵک‌دایە؛ بەڵام پێموایە مشتەرییەکانی ئەو بیرۆکەیە لە کزییان داوە و ئەو کۆمارە لێل و تاریکە چیدیکە ناتوانێ وەکوو جاران بیرەکان بە لاڕێدا بەرێ و سەردەمی کۆت و بەندکردنی هزر و بیرەکان بەسەر چووە. کۆماری ئیسلامییش وای لێ هاتووە کە دەبێ پێی بڵێین چاکی مەکە با خراپتر نەبێ. هەرچەند تەنیا ڕێگا چارە بۆ نەمانی ئەو جۆرە هەڵاواردن و سووکایەتییانە نەمانی کۆماری ئیسلامییە، بەڵام لێرەدا وەکوو هەمیشە ڕۆڵی دایک و باوکان و بە تایبەت مامۆستایانی قوتابخانەکان دەبێ بەرچاوتر و ڕوونتر بێ. ئەوان نابێ ئیزن بدەن هەر بیرۆکەیەکی چڵکن و دواکەوتوو دەرخواردی منداڵەکانیان بدڕێ و دەبێ ئەوەیان لە بەرچاو بێ کە تەنانەت یەک وێنە، یەک وشە، یەک ڕشتە، ڕەنگی کتێب، ژووری خوێندن، جلوبەرگی منداڵ و مامۆستا و ژینگە و فەرهەنگ و شێوەی وانەوتنەوەی مامۆستا و بە گشتی سیستمیی پەروەردە دەتوانێ داهاتووی منداڵەکانیان دیاری بکا. هەربۆیە دەبێ خۆیان بە بەرپرس بزانن لە ئاست هەر گۆڕانکارییەکی پەروەردەییدا و بێ‌هەڵوێست نەبن.