کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆلبەری لە بەرداشی مان و نەمان‌دا

04:30 - 2 رەزبەر 2720

کۆلبەر ئەو کەسەیەکە لە ڕێگەی گواستنەوەی کاڵا لە ناوچە سنوورییەکان بژیوی ژیانی دابین دەکا، کارێک کە لە ئێران بە نایاسایی و بارەکەش بە قاچاغ دەزاندرێ. لە ئێران ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی کوردستان و بەلووچستان خەریکی کۆڵبەرین و ڕۆژ نییە ژمارەیەکی کۆلبەران لەلایەن ھێزەکانی ڕێژیمەوە نەدرێنە بەر گوللەی، لە نێو سیستمی کۆماری ئیسلامیشدا کەسیش نییە کوژران و بریندار بوونی ئەو خەڵکە زەحمەتکێشەی بەلاوە گرینگ بێ. بەپێی ئاماڕە نارەسمییەکان حەفتاتا ھەشتا ھەزار کەس لە ناوچە سنوورییەکانی بە کۆڵبەری ژیانی بنەماڵەکانیان هەڵدەسوورێنن و بێگومان هەمووشیان لە ڕوی نەداری و نەبوونی کارێکی باشترە کە ڕوویان لەو کارە مەترسیدارە کردوە. کارێک کە دەستت پێکرد نازانن کە ئایا بە ساغی دەگەرێیە یان نا؟ ترس لە کوژران بە دەستی ھێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی، یان بەربوونەوە لە بەرزایی، ئەگەری تەقینەوەی مین لە بن پێتدا بەشێکە لەو نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەی هەموو کۆڵبەرێک بەردەوام لەگەڵیەتی، بەڵام ھیچ چار نییە و ئەوان دەبێ بۆ پارووە نانێک هەموو ئەو نەهامەتییانە تەحەمول بکەن. کۆڵبەران هەر لە چین و توێژێک نین، زۆرن ئەوانەی خوێندنی زانکۆشیان تەواو کردوە، بەڵام بەهۆی بێکاری و دانەمەزران لە شوێنێک کە بەرهەمی سیاسەتی چەوتی کۆماری ئیسلامی لە بەڕێوەبەریی وڵاتە، ڕوو لەو کارە دەکەن. لە کاتێکێشدا کوشتنی کۆڵبەران بەردەوامە، بەڵام هیچ دەزگایەکی حکوومەتی و دەوڵەتی بیر لە چارەسەری ئەم قەیرانە ناکاتەوە و کارەساتی کوشتنی کاسبکاران بەوە پاساو دەدەنەوە کە ئەو کارە و ئەو بارە قاچاغ و نایاساییە! لە نێوخۆی کوردستانیش هەتا ئێستا بزووتنەوەیەکی بەهێز کە لەلایەن کۆمەڵگەی مەدەنییەوە ڕێک بخرێ، وەڕێ نەکەوتوە بۆوەی ببێتە کارت گوشار لەسەر هەڵسوکەوتی دامودەزگا حکوومەتییەکان، مەجلیس، دەوڵەت و هێزە چەکدارەکان و تێچووی کۆڵبەر کوشتن لەسەر ڕێژیم زیاد بکا. ئەم جموجۆڵانەی لە دنیای سۆسیال میدیاشدا بۆ بەرگری لە کۆڵبەر وەک هەڵمەتی هەشتەگ دەکرێ، ئەگەرچی بۆ ڕاکێشانی سەرنجەکان بۆ سەر قووڵایی کارەساتەکە باشە، بەڵام وەڵامدەر نییە و کەم کردنەوە لەو ئازارە پێویستیی بە کاریت هەمەلایەنە و مەیدانییە. ئەرکێک کە هەموو دەبێ بە هی خۆیانی بزانن، حیزبە سیاسییەکان، نووسەران، هونەرمەندان، بازاڕی و وەرزشکار و نوێنەرانی مەجلیس، هەموو دەبێ بە ئەرک‌وەخۆگری شان وەبەر ئەو بەرپرسایەتییە بدەن.