کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"نان و ئازادی" لەدایک بووی ھەناوی گەلێکی چەوساوە

15:17 - 16 رەزبەر 2720

سەرەتای شۆڕشی گەلان ئێران و ڕژانە نێو شەقامە، ھروژمی ئاپۆڕای خەڵک بەدەم شنەی ئازادیی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی لە ماوەیەکی کەمدا جارێکیتر سییەکان پڕ بوونەوە لە ھەوای ئازادی، ئاوەدانی، کردنەوەی قوتابخانە و خوێندن بە زمانی زگماکی کوردی، بووژانەوەی ناوەندە ڕووناکبیرییەکان و؛ ھەڵدانەوەی لاپەڕەی ڕزگاریی گەل و نیشتیمان لەو سەردەمدا ھیوابەخش بوون. بۆیە پۆل پۆل خەڵک تەڤڵی شۆڕش دەبوون و لە ناوەند و ستادەکانی پێشمەرگەدا خۆیان ناونووس دەکرد و چەکی بەرگری و شەڕەفی پاراستنی کوردستانیان دەکردە شان و دەبوون بە پارێزەری نیشتیمان. ئەو ئازادییەی کە ھاتبووە کایەوە بەرھەمی خەباتی چەندین ساڵەی شۆڕشگێڕان و ھەستی پەنگ‌خواردووی خەڵک بوو دژی نیزامی چەوسێنەری پاشایەتی، بەڵام شنەی ئازادی زۆر بەزوویی جارێکی تر گۆڕا بە شەڕ و ماڵوێرانی و گرتنەوەی سەنگەری بەرگری لە کوردستان، ئەو جار خەڵک و پێشمەرگە لە سەنگەردا یەکیان گرت و شەڕی سێ مانگە بە سەر کوردستاندا سەپا. ورەی بەرزی خەڵک و پێشمەرگە لە ھەموو ناوچەکاندا لە بەرامبەر ھێزی زۆر و بۆری کۆماری ئیسلامیدا پۆڵا ئاسا لەمپەری گرت، شەڕ بەردەوام بەڵام شۆڕش لە جەنگەی گەرمی خەباتی مەدەنیی خۆی‌دایە، لاوان، ژنان ھەموو چین و توێژێک لە شۆڕشدا بەشدارن، ئا لەو سەردەمدا بوو بیر و ھزری کاک تەیفوور بەتحایی چەکەرەی کرد و کەوتە بیری فیلمێکی دیکۆمێنتاری لەسەر خەڵکی کوردستان و خەباتی پێشمەرگانە. دەست و پەنجەکانی وەستا عەوڵاش کەوتنە گەڕ بۆ گرتنی ئەو سێکانسانە. ھەر چەندە ئامرازەکانی دروست کردنی فیلم لەو سەردەمدا ئەوەندە پێشکەوتوو نەبوون، بەڵام فیلمی نان و ئازادی شاکاری ئەو سەردەم بوو، ڕەنگدانەوەی ژیانی سادەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، شەڕ، لە ھەمان کاتدا لە گۆشە نیگایەکی ترەوە نیشاندانی خەباتی پێشمەرگانە بوو. دەرھێنەری ئەو فیلمە دیکۆمێنتارییە لە پاش لێکدانەوە و ھەڵسەنگاندنێکی باشی ئەو سەردەم کە فشاری ھێزەکانی دوژمن بۆ سەر خاکی کوردستان لەو پەڕی خۆیدا بوو ، توانی سیمای ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە لە ڕێی زوومی کامێراوە نیشانی گەلان بدا. دوبڵاژ کردنی فیلمەکە بە تایبەتی بۆ زمانی فەڕانسەوی دەنگدانەوەیەکی باشی ھەبوو، ھێدی ھێدی لەڕێی ھونەری فیلمی دیکۆمێنتاریەوە گەلی کورد ھاتە نێو مەیدانی نیشاندانی خەبات و بەرگری لە خاکەکەی. فیلمی دیکۆمێنتاریی نان و ئازادی جگە لە بوارە مێژووییەکەی، دەکرێ بگوترێ شوێندانەرێکی باش بوو لەسەر بیروھزری نەوەی نوێ بەتایبەتی ئەو لاوانەی تازە پێ دەگەیشتن و ھەستی نیشتیمانپەروەرییان لەو پەڕی جۆشی خۆیدا بوو، لە لایەک کە ھەموو کوردستان لە شەڕی پاراستنی خۆیدا بوو، لە لایەکەی تریشەوە لە ڕێی مێدیاوە کێشە و ئارێشەکانی گەل نیشانی خەڵک و گەلانی تر دەدرا. نان و ئازادی لەو سەردەمدا شۆڕشێک بوو، تەواوکەری ئەو خەباتە پێشمەرگانەیە بوو کە بۆ پاراستنی خاکی کوردستان ڕاسابوو. ئێستاش پاش چەندین دەیە لە بەرهەمهێنانی ئەو فیلمە دیکۆمێنتارییە، «نان و ئازادی» هەروا شوێندانەرێکی گەلێک باشە لە ڕووە ڕاستەقینەکەی خەباتی خەڵک و پێشمەرگە. لەو فیلمەدا کاک تەیفووری بەتحایی لەگەڵ دەست و پەنجەی وەستا عەوڵا لە زۆر گۆشەنیگای ژیانی خەڵک و پێشمەرگەوە توانییان جوانترین گرتەی فیلم نیشان بدەن و خەبات و خەڵک ئاوێتەی یەکتری بکەن.