کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وانە لەبیر نەکراوەکانی محەممەد شیرێژ

15:21 - 16 رەزبەر 2720

چەند ڕۆژێک لە مانگی پووشپە تێپەڕیبوو، هەوایەکی خۆش و فێنک هەموو ناوچەی پیرانشاری داگرتبوو، سریوە لە هیچ بوونەوەرێک نەدەهات، خەڵک کە ئێوارێ لە مووچە و مەزرا گەڕابوونەوە و لە خەوێکی خۆشدا بوون، ئەوەندە ماندوو بوون پێیان خۆش نەبوو لەو خەوە خۆش ڕاستیان بکەنەوە، شوان مەڕی شێو دابوو جار جار دەنگی شمشاڵەکەی دەهات، تاق‌ولۆقەش خەڵک بەخەبەر بوون دەتگوت هەستیان کردوە کە هەواڵیکی ناخۆش دەبیستن، لەپڕ ئاوری چەکی هێزی پیشمەرگە لە شاخی «گوزەشکێن» بە سەر هێزی داگیرکەر داباری و خەڵکی ناوچەی هەموو لەخەوی خۆش ڕاپەراند. بەڵام دڵخۆش بوون چونکی دەیانزانی ئەوە کوڕەکانی دێموکراتن هێزی کۆنەپەرەستی ئاورباران دەکەن. پاشماوەیەک دەنگی تەقە کەم بوو، و وردە وردە شەڕ کۆتایی هات. بەرەبەرە سیوادی بەیانی دەرکەوت، ئەو ڕۆژە لە هەموو ڕۆژێک زووتر خەڵک ڕووی لەمووچە و مەزرا کرد، زۆری نەکێشا هەواڵی شەهیدبوونی محەممەد شیرێژ دووهەمین شەهیدی بنەماڵە بە نێو خەڵکدا بڵاو بۆوە. محەممەد پادامی ناسراو بە «محەممەد شیرێژ « لە کاتێکدا ناوچە و ئێران و کوردستان ڕوو بە دێموکراسی وئازادی هەنگاوی دەنا و بەرەبەرە دیکتاتۆڕی لە گۆڕ دەنرا، منداڵێکی خوێن شیرین لە ساڵی ١٣٢٠ی هەتاوی لە ئاوایی «جەڕان» لە مەڵبەندی مەکۆی قارەمانان لە ناوچەی پیرانی پیرانشار چاوی بەدنیای ڕوون کردەوە. کاتێک کۆماری کوردستان ڕاگەیەندرا ئەو تەمەنی ٤ ساڵە بوو. لەنێو بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و کوردپەروەر وردە وردە گەورە بوو، ئەویش وەک زۆربەی منداڵە هاوتەمەنەکانی خۆی بۆ ماوەیەک هەوای ئازادی کۆماری کوردستانی هەڵمژی. هەلومەرجی ئەو کاتی ژیان بە هۆکاری جۆراوجۆر نەیتوانی بچیتە قوتابخانە و ژیانی‌ منداڵی‌ محەممەد جیا له‌ ژیانی‌ منداڵانی‌ نازلـێشێواوی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ نه‌بووه‌. ده‌رگای‌ خوێندنگا به‌سه‌ریدا نه‌كرایه‌وه‌‌ و له‌ عیلم‌ و زانست بێبه‌ش كرا. دەستی بە کار و کاسبی کرد تا بتوانێ‌ ژیانێكی‌ باشتر بۆ بنه‌ماڵه‌كه‌ی‌ دابین بكا. محەممەد برا چووکەی «مراد شیرێژ» بوو کە لە خەباتی پڕ شکۆی ساڵەکانی ٤٦_٤٧دا پێشمەرگە و شەهید ببوو. محەممەد له‌ كووره‌ی‌ ژیانێكی‌ سه‌خت ‌و دژواردا قاڵ‌ ببوو، هه‌ربۆیه‌ به‌ ئێسك ‌و پێستەوە‌ هه‌ستی‌ به‌ چه‌وساندنه‌وه ‌‌و بێبه‌شی‌ ده‌كرد. چ له‌ قۆناغی‌ خزمەتی ئیجباریدا ‌و چ له‌ ده‌ورانی‌ ژیانی‌ ڕۆژانه‌یدا كه‌ به‌ چاوی‌ خۆی‌ ئاكار‌ و كرده‌وه‌ی‌ جینایه‌تكارانه‌ی‌ كاربه‌ده‌ستانی‌ دوو رێژیمی پاشایەتی وكۆماری‌ ئیسلامی‌ ده‌دی‌، ڕق و قینێكی‌ پیرۆز له‌ ده‌روونی‌‌دا په‌نگی‌ ده‌خوارده‌وه ‌‌و به‌ره‌و سه‌نگه‌ری‌ خه‌بات هانی‌ ده‌دا، به‌تایبه‌ت كاتێ‌ كه‌ هه‌واڵی‌ شه‌هیدبوونی‌ مرادی‌ برای‌ بیست ئه‌وه‌نده‌ی‌ دیكه‌ هه‌ستی‌ كوردانه‌ له‌ ناخیدا ڕەگی چەقاند. دوای ڕاپه‌رینی‌ ساڵی‌ ١٣٥٧ محەممەدشیرێژ یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ بوو کە زوڵم و زۆریی ڕێژیمی پی قەبووڵ نەکرا و چەکی برا شەهیدەکەی هەڵگرت ‌و لە هێزی «ئاوارە»دا دەستی بە تێکۆشانی سیاسی کرد. محەممەد هه‌ر زوو نیشانی‌‌ دا كه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ ئازا‌ و قاره‌مانه ‌‌و له‌ پێناو ئامانجه‌كانی‌ حیزب و گه‌له‌كه‌یدا  ئامادیه‌ گیانی‌ ببه‌خشێ‌ و، له‌ چه‌ندین عه‌مه‌لیات دژی‌ هێزه‌كانی‌ ڕێژیمدا ورەی بەرز ‌‌و ئازایه‌تیی‌ خۆی‌ نواند. ئازایه‌تیی‌ ئه‌و بوو به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ كه‌ وه‌ك سه‌رپه‌ل دیاری‌ بكرێ ‌‌و دواتریش بەرپرسایەتیی دەستەی وەستۆ گرت. محەممەد شیرێژ وه‌ك مرادی‌ برای‌ به‌ هه‌موو وجوودیه‌وه‌ حیزبی‌ خۆش ده‌ویست ‌و باوه‌ڕی‌ پێی‌ هەبوو. ئیمان به‌ ڕێبازه‌كه‌ی‌ وای‌ لـێ‌كردبوو چاوی‌ له‌گولله‌ نه‌‌ترسێ ‌و هه‌میشه‌ له‌ سه‌نگه‌ری‌ پێشه‌وه‌ی‌ خۆڕاگری دابێ‌. ئەو بۆ ئەو بەرپرسایەتییەی پێی سپێردرابوو به‌ ئه‌زموونێكی‌ پتری‌ نیزامیی و سیاسییه‌وه‌ وه‌ك فەرماندەیەکی لێزان ‌و لێهاتوو ‌و هه‌ڵسووڕ ده‌ستی‌ به‌كار كرد. له‌به‌ر وریایی‌‌ و هه‌ڵسووڕ بوون ‌و خه‌ڵكی‌ بوون‌ و سەرلە پێناو بوونی بۆ ئامانجەکانی گەلەکەی وەک جێگری لک و دواتر وەک فەرماندەری لک دیاری کرا و زۆر به‌ ڕێکوپێكی‌ ئه‌م ئه‌ركه‌شی‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برد‌ و، له‌ شه‌ڕه‌كانی‌ چیانە، گردە سوور، گردی عەرەبان، گەپڵەسەن، لاوێن، دەشتی پیراناندا قارەمانەتی نواند. شەهید محەممەد شیرێژ بە حەق هەموو توانا و لیاقەتی خۆی لە خزمەت بە حیزب‌ و خەڵکدا خستە کار. ناوبراو لە چەند ساڵ پێشمەرگاتیدا دەیان عەمەلیاتی گەورە ‌و چووکەی فەرماندەیی کرد. ئەو تەنیا فەرماندیەکی نیزامی نەبوو بەڵکوو کادرێکی بە مەعنای واقعی سیاسی بوو، لە نێو خەلک خۆشەویست وکاتێک لەهەر گوندێک و شوێنێک کۆبوونەوەی گرتبایە خەڵک پێشوازیی لێ دەکرد. ئەو خاوەنی خوو ڕەوشتی شۆڕشگێڕانە بوو، لە کورەی ژیانی سەخت‌ و دژوار‌دا، و لە مەیدانی شەڕ و بەربەرەکانیدا قاڵ ببوو، و خارابوو. ئەو چقڵی چاوی دوژمن بوو، و ناوەکەی ترس ‌و دڵەخورپەی دەخستە دڵی دوژمنەوە، بەڵام مخابن زۆر نەژیا تا زیاتر خزمەت بە نیشتمان بکا. شەوی ٦ی پووشپەری ساڵی ١٣٦٢ بە پێی بەرنامەیەکی دیاریکراو هێرشیان کردە سەر پایەگای دوژمن لە «گۆزەشکێن» لە پشتی بەردەشان، بە گرمەی ئارپیجی وقرمەی چەکەکانیان خەویان لەدوژمن زڕاند و دایانە بەر ئاوری چەکەکانیان، لەو شەڕەدا بوو کە بەداخەوە سینگی پڕ لە ئاواتی محەممەد شیرێژ بە گوللەی دوژمن پێکرا و خوێنی تێکەڵ بە خوێنی دوو هاوسەنگەری دیکە (مەحموود تاجک‌نیا و خالید علیپوور) بوو. محەممەد شیرێژ شەهید بوو بەڵام ناوی، ئازایەتی، وتەکانی، دەرسەکانی، بۆ هەمیشە بوونە مایەی گوڕوتین بەخشین بە کاروانی خەباتی حیزب ‌و خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و، ژیان ‌و خەباتی بووە سەر مەشقی ژیان ‌و خەباتی قوتابییەکانی ‌و ڕۆڵەکانی گەڵ‌ و تێکۆشەرانی دێموکرات.