کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێویستیی پلاندانانی ستراتیژیک

15:22 - 16 رەزبەر 2720

لە دیکتاتۆڕییەوە تا دێموکراسی پێویستیی پلاندانانی ستراتیژیک   زنجیرە خەباتی سیاسی بە دژی دیکتاتۆرەکان لەوانەیە بە شێوازی جۆراوجۆر دەست پێ بکەن. ئەم جۆرە خەباتانە لە ڕابردوودا بەبێ پلانی پێشوو و زیاتر بە هەڵکەوت ڕوویان دەدا. ئەو ناڕەزایەتییانەی کە دەبوونە دەسپێکی ئەو خەباتانە چەندین جۆر بوون، بەڵام زیاتر بریتی بوون لە سەرکوت و دڕندەییە تازەکان، دەسبەسەر کردن یا کوشتنی کەسێکی بەڕێز و خاوەن کەسایەتی، سیاسەت یا حوکمی نوێ بۆ سەرکوت، نەبوونی و کەمیی خوردوخۆراک، بێ ڕێزی کردن بە باوەڕە ئایینییەکان یان ساڵڕۆژی ڕووداوێکی گرینگ. جاری وایە کردەوەیەکی تایبەت لە لایەن دیکتاتۆرەوە هێندە خەڵکەکەی تووڕە کردوە کە بەبێ هیچ ئیدەیەک لە سەر چۆنیەتیی کۆتایی هێنان بەو ڕاپەڕینە، هەستاون و دەستیان داوەتە ڕاپەڕین. لە هەندێ کاتی دیکەدا لەوانەیە کەسێکی ئازا و بوێر یا گرووپێکی چکۆلە دەست بەدەنە کارێک کە پشتیوانیی خەڵکی لێ بکەوێتەوە. جاری وایە ناڕەزایەتییەکی تایبەت لە لایەن کەسانێکەوە بەڕێوە دەچێ کە لەوانەیە ئەوانیش ئەو ستەمەیان چەشتبێ و بەو شێوەیە ئەوانیش تێکەڵی خەباتەکە دەبن. جاری وایە بانگەوازی خەبات لە لایەن گرووپێکی چکۆلە یا تەنانەت یەک کەسەوە، بە شێوەیەکی بەربڵاو و چاوەڕواننەکراو وڵام دەدرێتەوە. دەست بردن بۆ خەبات هەر لە خۆوە و بە بێ پلان هەندێ شتی چاکی هەیە بەڵام کێشە و کەموکۆڕییشی هەیە. هێزە خەباتکارەکان چاوەڕانیی دڕندەیی و سەرکوتی بەردەوامی دیکتاتۆریان نەبوون، کەواتە ڕەنجی زۆریان داوە و خەباتەکەیان لێک هەڵوەشاوە. جاری وایە نەبوونی پلان لە لایەن دێموکراتەکانەوە بڕیارە گرینگەکان بە شانس و قەزاوقەدەر دەسپێرێ؛ لەم جۆرە کاتانەدا ئاکامەکان کارەساتبار بوون. تەنانەت کاتێک کە حکوومەتێکی ستەمگەریان بە چۆکدا هێناوە، نەبوونی پلان لە سەر چۆنیەتیی تێپەڕین بەرەو سیستمێکی دێموکراتیک، دیکتاتۆرییەکی تازەی لێ کەوتۆتەوە.   پلاندانانی واقع‌بینانە بێگومان لە داهاتوودا، سەرهەڵدانی بێ پلانی خەڵک، ڕۆڵێکی گرینگ لە ڕاپەڕین بە دژی دیکتاتۆردا دەگێڕن. بەڵام لە ڕۆژگاری ئەوڕۆدا ئەو ئیمکانە هەیە کە هەڵسەنگاندن بۆ کاریگەرترین شێوەکان بۆ ڕووخاندنی دیکتاتۆرەکان بکرێ و ئەو ئیمکانەش هەیە کە دۆخی سیاسی لێک بدرێتەوە و هەستی باشی نەتەوەیی و هەڵبژاردنی شێوەی دەستپێکی خەبات دیاری بکرێ. لەم دۆخەدا وردبینییەکی واقع‌بینانەی توانایی و بارودۆخی خەڵک پێویستە تا یارمەتیدەری هەڵبژاردنی باشترین شێوەی خەبات بۆ گەیشتن بە ئازادی بێ. ئەگەر کەسێک حەزی لە ئەنجامدانی کارێکە، پێویستە کە ژیرانە بیر لە چۆنیەتیی ئەنجامدانی کارەکە بکاتەوە. ئامانجەکە هەرچی گرینگتر و ئاکامی هەڵەکە مەترسیدارتر بێ، پلاندانان گرینگتر دەبێ. بەرنامەڕێژیی ستراتیژیک، ڕێگا خۆش دەکا کە هەموو سەرچاوەکان بە باشترین شێوە کەڵکی لێ وەربگیردرێ. ڕاستیی ئەم بابەتە بە تایبەتی لە سەر ئەو بزووتنەوە دێموکراتیکانەی کە دەست‌کورتن و لایەنگرەکانیشیان مەترسییان لەسەرە، و دەیانهەوێ دیکتاتۆرێکی بەهێز بڕووخێنن، زیاتر دەردەکەوێ. چونکە لە بەرانبەردا دیکتاتۆرەکان زیاتر دەستیان بە سەرچاوە ماڵییەکان ڕادەگا و هێزێکی ڕێکخراویان لە بەردەست‌دایە و توانایی دڕندەیی و سەرکوتیان زیاترە. “پلاندانانی ستراتیژیک” لێرەدا بە مانای هەڵسەنگاندنی ڕەوتێکی کارییە کە ئەگەری دەرچوون لە دۆخی ئێستا بۆ دۆخێکی باش و دڵخواز لە داهاتوودا زیاد دەکا. لەم باسەی ئێمەدا، ئەمە یانی گەیشتن لە دیکتاتۆرییەوە بە سیستمێکی دێموکراتیک لە داهاتوودا. بەرنامەڕێژی بە مەبەستی گەیشتن بەم ئامانجە، کۆمەڵێک عەمەلیاتی زنجیرەیی پۆلێنکراو و ڕێکخراو لە خۆ دەگرێ کە بۆ هێزبەخشین بە کۆمەڵگە و خەڵکی چەوساوە و لاوازکردنی دیکتاتۆر گەڵاڵە کراوە. سەرنج بدەن کە ئامانج تەنیا لەنێوبردنی دیکتاتۆریی ئێستا نییە، بەڵکوو گۆڕینەوەی لەگەڵ سیستمێکی دێموکراتیکە. ستراتیژیەکی گەورە کە ئامانجەکەی تەنیا بە لە ناوبردنی دیکتاتۆریی ئێستا کورت دەکاتەوە، ڕیسکێکی گەورە بۆ دروست بوونی دەسەڵاتێکی پاوانخوازی دیکە قەبووڵ دەکا. لەمپەرەکانی پلاندانان هەندێ لە پارێزەرانی ئازدی لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی جیهان، هەموو هەوڵی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی چۆنیەتیی وەدەستهێنانی ئازادی بەکار ناهێنن. ئەم پارێزەرانە زۆر بە کەمی ئاگایان لە گرینگیی بەرنامەڕێژیی ستراتیژیکی ورد، پێش لە ئەنجامدانی کارەکە، هەیە. بۆیە لە ئاکامدا هیچکات بەرنامەڕێژیی ستراتیژیک جێبەجێ ناکرێ. بۆچی ئەو کەسانەی کە ئاواتیان وەدەستهێنانی ئازادی بۆ خەڵکەکەیانە، هێندە بەکەمی گەڵاڵەیەکی ستراتیژی هەمەلایەنە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە ئامادە دەکەن؟ بەداخەوە زۆربەی ئەو کەسانەی لە گرووپە دێموکراتیکەکانی دژبەری دیکتاتۆرین، ئاگایان لە پێویستیی بەرنامەڕێژیی ستراتیژیک نییە، یان گرنگیی پێ نادەن یان بۆ بیرکردنەوەی ستراتیژیک پەروەردە نەکراون. ئەمە ئەرکێکی قورسە. چونکە بە هێرشە یەک لەدوا یەکەکانی دیکتاتۆری و بەرپرسایەتییە وەختگیرەکانی، ڕێبەرانی ئوپۆزیسیۆن ئەمنیەت و دەرفەتیان بۆ پەرەپێدانی شارەزایی و بیری ستراتیژیکی خۆیان نییە. لە بەرانبەردا وڵامدانەوە بە جموجۆڵە سەرەتاییەکانی دیکتاتۆر، نموونەیەکی هەمیشەییە و کاری پێ دەکرێ. لەم بارودۆخەدا هێزەکانی دژبەری دەسەڵات هەمیشە لە دۆخی بەرگریدان، یانی بۆ پاراستنی ئازادییە بەرتەسکەکان یان هەڵوێستەکانی خۆیان تێ دەکۆشن و لە باشترین حاڵەتدا پەرەسەندنی چاوەدێریی دیکتاتۆر خاو دەکەنەوە یان بۆ سیاسەتە نوێیەکانی ڕێژیم، کێشەی تایبەت دەنێنەوە. بێگومان هەندێ کەس و گرووپ پێیان وایە پێویستییان بە بەرنامەدانانی درێژخایەن و بەربڵاو بۆ بزووتنەوە ئازادیخوازانەکان نییە. ئەوان وادیارە ڕوانگەیەکی هەڵنەسەنگێنراویان هەبێ لەسەر ئەوەی کە ئەگەر بەهێز و خۆڕاگر و بەردەوام باوەڕیان بە ئامانجەکانیان هەبێ، باوەڕەکانیان بە جۆرێک لە جۆرەکان دێتە دی. هەندێ کەسی دیکە پێیان وایە ئەگەر ساددە بژین و لە بەرانبەر گیروگرفتەکاندا بەپێی پڕنسیپ و ئارمانەکانیان هەڵسوکەوت بکەن، هەموو ئەوەی کە توانیویانە بۆ وەدیهێنانی، کردوویانە. پشتیوانی لە ئامانجە مرۆییەکان و وەفاداری بە ئیدەئالەکان شیاوی سپاس کردنە، بەڵام بەڕاشکاوی بۆ کۆتایی‌هێنان بە دیکتاتۆری و ودەست‌هێنانی ئازادی بەس نییە. دژبەرانی دیکەی دیکتاتۆری لەوانەیە بێ ئەزموونانە وابیر بکەنەوە کە، ئەگەر بەڕاددەی پێویست کەڵک لە توندوتیژی وەربگرن، ئازادی وەدی دێ، بەڵام هەروا کە پێشتر باس کرا، توندوتیژی گەرەنتیی سەرکەوتن ناکا. توندوتیژی، لە جیاتی وەدیهێنانی ئازادی دەکرێ ببێتە شکست، کارەساتێکی گەورە یان هەردووکی. لە زۆربەی کاتەکاندا دیکتاتۆری بە باشترین شێوە بۆ توندوتیژی نواندن خۆی تەیار کردوە و ڕاستیەکانی کاری سەربازی ئەگەریش توانیبێتیان، زۆر بە کەمی یارمەتیدەری دێموکراتەکان بوونە. هەندێ چالاکییش هەیە بناغەی کارەکانیان لە سەر ئەوەی کە “هەست دەکەن” کە دەبێ بیکەن، دادەنێن. ئەم شێوازانە جگە لە خۆبەزل زانین و خۆکردنە تەوەری چالاکییەکان، هیچ ڕێنوێنیەک بۆ گەشەی ستراتیژییەکی گەورە بۆ وەدەستهێنانی ئازادی ناخەنە ڕوو. ئەو کارانەش کە لە بیرۆکەی باشی تاکە کەسێکەوە سەرچاوەی گرتبێ زۆر کەمن. لە جیاتی ئەمانە ئەوەی کە پێویستە ئەو کارانەیە کە بەپێی هەڵسەنگاندنی وردی «هەنگاوەکانی دوایی» بۆ ڕووخانی دیکتاتۆری لە بەرچاو گیراون. بەبێ لێکدانەوە و شیکردنەوەی ستراتیژیک، ڕێبەرانی شۆڕش لە زۆربەی کاتەکان نازانن کە هەنگاوی دوایی دەبێ چی بێ، چونکە بیریان لە هەنگاوە یەک لەوا یەکەکان کە بۆ سەرکەوتن پێویستن، نەکردۆتەوە. فکر و بیرۆکەی باش زۆر گرینگن بەڵام بەکەڵک بوونیان بەستراوەتەوە بە باشتر کردنی بارودۆخی دێموکراتەکان. بە لەبەرچاو گرتنی ڕێکاری زۆر کە دەکرێ بەدژی دیکتاتۆر کەڵکی لێ وەربگیرێ و سەرلێشێوان لەوەی کە بەکام شێواز دەست پێ بکرێ، هەندێ کەس دەلێن «هەموو کارەکان پێکەوە بکە». ئەم ڕێگایە ڕەنگە باش بێ بەڵام بە کردەوە ناکرێ، بەتایبەت بۆ بزووتنەوە لاوازەکان. جگە لەوە ئەم شێوازە هیچ ڕێنوێنییەک لە سەر ئەوەی کە لە کوێوە دەبێ دەست پێ بکرێ و هەوڵەکان لە کوێ چڕ بکرێنەوە و چۆن لە سەرچاوەکان کەڵک وەربگیرێ، ناخاتە ڕوو. هەندێ کەس و گرووپ لەوانەیە هەست بە پێویستیی کەمێک بەرنامەدانان بکەن بەڵام تەنیا هەرئەوەندە کە توانایی بیرکردنەوەی کورت‌خایەن یا تاکتیکییان هەبێ. ئەم کەسانە بیر لەوە ناکەنەوە کە پێویستیان بە پلان دانانی درێژخایەنە. ئەم کەسانە زۆر جار توانایی بیرکردنەوە و لێکدانەوەی پێوەندیە ستراتیژیەکانیان نییە کە ئەمە خۆی دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەمیشە بە هەندێ شتی لاوەکییەوە خەریک بن، و لە زۆربەی کاتەکان شۆڕشگێڕەکان لە جیاتی ئەوەی کە شێوازی کارەکان لە دەستی واندا بێ، تەنیا لە بەرانبەر کارەکانی لایەنی بەرانبەردا دژکردەوە نیشان بدەن. کەواتە ڕێبەران بە تەرخان کردنی زۆربەی وزە و هێزی خۆیان بۆ کورتخایەن، ناتوانن بیر لە ڕێگایەک بکەنەوە کە کە هەموو هەوڵەکان لە ڕێگای سەرکەوتندا ڕێک بخا. ئەگەری ئەوەش هەیە کە هەندێ لە بزووتنەوە دێموکراتیکەکان هیچ پلانێکی ستراتیژیی هەمەلایەنەیان بۆ ڕووخانی دیکتاتۆری نەبێ و تەنیا بە هەندێ بیرۆکەی بەڕواڵەت دروست، تەنیا کار لە سەر هەندێ شتی کاتی بکەنەوە. ئەمانە لەوباوەڕەدا نین کە دەکرێ بە هەوڵ و تەقەللای خۆیان دیکتاتۆری لە بەین بەرن. هەر بۆیە پێیان وایە بەرنامەدانان لە سەر چۆنیەتیی گەیشتن بەم ئامانجە تەنیا کات کوشتنێکی ڕۆمانتیک و هەوڵێکی بێ سوودە. خەڵکانێک کە بۆ وەدەست هێنانی ئازادی بە دژی دیکتاتۆرێک کە دڕندەیی بەشێکی جیانەکراوەی دەسەڵاتەکەیەتی، زۆر جار ڕووبەڕووی هێزێکی وەها دڕندەی سەربازی و پۆلیسی دەبنەوە کە دەگەنە ئەو باوەڕە کە دیکتاتۆری هەرچییەک کە بیهەوێ دەتوانێ بیکا. بەهەرحاڵ ئەم خەڵک بەبێ هیوایەکی ڕاستەقینە، بە جوامێری یا بە هۆکارێکی مێژوویی خەباتی خۆیان بە دژی دیکتاتۆر درێژە پێ دەدەن، بەڵام هەرگیز قەبووڵ ناکەن و یا ڕەنگە هەرگیز نەیانهەوێ کە بیزانن هەوڵەکانیان هیچ هیوایەکی تێدا نییە. کەوابوو بۆ ئەو کەسانە بەرنامەی ستراتیژیکی هەمەلایەنە هیچ مانایەکی نییە. ئاکامی ئەم سەرنەکەوتنانە لە پلاندانانی ستراتیژیک زۆر جیددیە؛ هێزی تاک لە بەین دەچێ، هەوڵەکانی تاک کاریگەریی نابێ، وزە و هێزەکان لە سەر بابەتە چووکەکان لە بەین دەچێ، فیداکارییەکان بێ بایەخ دەبن. ئەگەر دێموکراتەکان پلانی ستراتیژیکیان نەبێ لەوانەیە نەگەنە ئامانجەکانیان. پلانی لاواز و سپاردنی بزووتنەوەکە بە هەڵکەوت و قەزاوقەدەر، بزووتنەوەکە بۆ پێشەوە نابا و تەنانەت دەبێتە هۆی کۆنترۆڵ و هێزی زیاتری دیکتاتۆر. بەداخەوە، چونکە پلانە ستراتیژیکە هەمەلایەنەکان کەمتر کەڵکیان لێ وەرگیراوە، دیکتاتۆرەکان زیاتر لە هێزی ڕاستەقینەی خۆیان، بەهێز دیارن. ئەوان ساڵەهای ساڵ و چەندین دەیە زیاتر لەوەی کە دەبێ بژین، تەمەن دەکەن.