کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکهەڵچوونەکانی ئەرمەنستان و ئازەربایجان دەتوانێ کاریگەریی لە سەر خۆرهەڵاتی نێوەڕاست هەبێ

15:25 - 16 رەزبەر 2720

وێدەچێ تێکهەڵچوونەکانی نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان کە ڕۆژی یەکشەممە دەستیان پێ کرد، بەربڵاوتر لە هی جارەکانی پێشوو بن. دوای تێکهەڵچوونی لەو چەشنە لە مانگی جولای، ئاشکرا بووە کە باشووری قەفقاز هەر دێت و گرینگتر دەبێ. دوای دەیان ساڵ کە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی تا ڕاددەیەکی زۆر باشووری قەفقازی پاشگوێ خستبوو، ئەوان دیسان هاتوونەوە ژێر دیدی گشتیی. ناکۆکی لەوێ کاردانەوەی بەرچاوی بۆ خۆرهەڵاتی ناڤین دەبێ چونکە تورکیە، ئێران و ڕووسیە گشتیان پۆتانسیەلی دەور دیتنیان هەیە. دوای تێکڕمانی یەکیەتیی سۆڤیەت، قەفقاز تووشی کێشە بوو. بەشێک لە کێشەکان بە چارەسەرنەکراوی مانەوە، کە هێندێک جار بە شێوەی جەنگی نوێ سەریان هەڵدایەوە. کێشەی نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان یەکێک لەو کێشانەیە. ئازەربایجان ناوچەیەکی دابڕاوی لە نزیک تورکیە هەیە و ئیدیعا دەکا کە ناگۆرنا_قەرەباغ، ناوچەیەک لە نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان، هی ئەوانە. ئەو ناوچەیە لە نەوەدەکانی زایینیدا سەربەخۆیی خۆی لەژێر ناوی کۆماری ئارتساخ ڕاگەیاند. بە پشتیوانیی ڕووسیە، ئەرمەنستان کۆنتڕۆڵی ئەوێی پاراستوە. کەمێک سەرووتر بەرەو باکوور، لە ٢٠٠٨ لە نێوان گورجستان و ڕووسیە تێکهەڵچوون هاتە ئاراوە کە بووە هۆی شکستێکی شەرمەزارانە بۆ گورجستان، چونکە نەیتوانی دەست بەسەر ئوسێتیای باشووردا، کە لە ١٩٩١ سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاندبوو، بگرێتەوە. بە یارمەتیی ڕووسیە، گورجستان لە دەسەڵات بەسەر ئابخازیا و  ئۆسێتیای باشوور بێبەش کرا. ڕوسیە کە لە ژێر دەسەڵاتداریی ڤلادیمیر پوتین خەریکی چاکسازی بوو لە جەنگی ٢٠٠٨ بە گورجستانی نیشان دا کە کێ بەهێزترە. بە هەمان شێوە، پوتین توانی سەرهەڵدانی ئیسلامیی لە باکووری قەفقاز سەرکوت بکا. کۆتایی تێکهەڵچوونەکان لە ٢٠٠٨ بووە هۆی ماوەیەک ئارامیی ڕێژەیی لە قەفقاز. بەڵام سەرجەم ئەو كێشانە بە چارەسەر نەکراویی مانەوە. ئەوانە بە هەمان شێوە بە گرژییەکان لە ئوکراین، کە لە ٢٠١٤ سەری هەڵدا و بووە هۆی جەنگی نێوان جیاییخوازانی پشتگیری‌کراو لە لایەن ڕووسیە و دەوڵەتی ئوکراین، پێوەند درانەوە. ڕووسیە شێوە دوورگەی کەریمەی خستە سەر خاکی خۆی و پشیوانیی لە دوو کۆماری نوێ لە دۆنباس کرد. چەکەکان لە ئوکراین هەرگیز بە تەواوی بێدەنگ نەبوون. ئەمڕۆ، ڕووسیە پەیتا پەیتا ڕاهێنانی سەربازیی دەکا تا هێزی خۆی نیشان بدا، هەم لە باشووری ڕووسیە، لە قەفقاز و هەروەها لە باڵتیک و بێلاڕوس. دیمەنی گشتی دەرخەری سەرهەڵدانی بنکەی دەسەڵاتی ڕووسیەیە. بۆ وێنە، حەوتووی ڕابردوو ڕاهێنانی برایەتی سلاڤی لەگەڵ سێربستان و بێلاڕوس بەڕێوە چوو. لە سەرەتای سێپتامبریش ڕاهێنانی قەفقاز لەگەڵ چین، ئەرمەنستان، ئێران و میانمار بەڕێوە چوو. لە مانگی جولای پوتین بڕیاری ڕاهێنانێکی سەربازیی بە بەشداریی ١٥٠٠٠٠ سەرباز بۆ پارێزگاری لە باشووری قەفقاز دەرکرد. پەیامی مۆسکۆ ئاشکرایە. ڕووسیە خەریکی تیژ کردنی چەقۆکەیەتی تا بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادە بێ، جا گیروگرفت لە بێلاڕوس بێ یا قەفقاز جیاوازیی نییە. پوتین ئاشقی مەتەڵۆکەی سەربازییە. چەند ساڵ لەوەپێش لە بارەی پیاوێکدا پرسیاری لێ کرا کە چەقۆی سەربازیی باوکی بە سەعاتێکی نوێ گۆڕیبۆوە، پوتین باسی ئەو پیاوەی کردبوو کە بە کوڕەکەی گوتبوو، “جا کاتێک سبەینێ تاڵانچی هاتن و سەرجەم بنەماڵەکەتیان کوشت و خوشکە گەورەکەتیان لاقە کرد، تۆ دەتوانی پێیان بڵێی، لە مۆسکۆ سەعات چەندە ...”   بەشداران کە لە ڕێوڕەسمی وتووێژی ٢٠١٨ لەگەڵ پوتین‌دا بەشدار بوون لە قاقای پێکەنینیان دا، بەڵام پەیامەکە ئاشکرا بوو. ڕووسیە هێزی سەربازیی خۆی بەهێز دەکا. ئەو لە ڕێگای بەشداریی لە سووریە و لیبی ئەو پەیامەی گەیاندوە. هێشتا ڕووسیە لە تێکهەڵچوونەکانی ئەرمەنستان و ئازەربایجاندا بەشداریی نەکردوە، بەڵام بە سەریانەوە هەڵوەستاوە. ڕووسیە ناتوانێ ڕێگا بدا هاوپەیمانەکانی شکست بێنن و ئەرمەنستان هاوپەیمانیەتی. ڕووسیە بەهەمان شێوە پێی باشە کە هاوپەیمانەکانی پێوەی بەستراوە و لاواز بن. بە پێچەوانە، تورکیە خەریکی ڕابواردنی میلیتاریستییە. ئەو باکووری سووریەی داگیر کردوە، عێراقی بۆردومان کردوە و چەند مۆڵگەی سەربازیی لە باکووری عێراق دروست کردوون؛ چەکداری سووریەی بۆ لیبی ناردوە و ڕۆژانە هەڕەشە لە یونان و وڵاتانی دیکە دەکا. تورکیە دەخوازی شانبەشانی ئازەربایجان لە جەنگ دژی ئەرمەنستان بەشدار بێ. لە ڕابردوودا ڕوسیە ویستوویەتی ناتۆ و ڕۆژئاوا لە ڕێگای واژۆکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ تورکیە تووشی شکست بکا. ڕووسیە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی S400 ی بە تورکیە فرۆشتوە و لە ئیدلیب بە یەکەوە پاسەوانیی دەکەن. بۆ نموونە. ئەگەر تورکیە زۆرتر خۆی لە شەڕ لەگەڵ ئەرمەنستان تیهەڵقوتێنێ، لەوانەیە ڕووسیە بە شێوەیەکی دیکە مامەڵە لەگەڵ تورکیە بکا، بە شێوەیەک کە بڕیاردەری ڕووداوی داهاتوو ڕووسیە دەبێ. ئەوە مودێلی ڕوسیەیە لە ئاستانە، سۆچی و لیبی، کە لەسەر گشت ئەو دۆسیەیانە قسە بکا کە لەگەڵ تورکیە تیایاندا هاوبەشە. ڕووسیە هەم هاوبەشی تورکیەیە و هەم لەگەڵی ناکۆکە. بەڵام ڕووسیە بەتەمایە لەپێشدا هێزە ڕۆژئاواییەکان وەدەر نێ. ئەوە ئامانجی ڕووسیەیە لە ئوکراین، بێلاڕوس و هەروەها لە جەنگی ساڵی ٢٠٠٨ لە دژی گورجستان. بۆ وێنە ڕووسیە لە دەستێوەردانەکانی ڕۆژئاوا لە باڵتیک تووڕەیە. پوتین دەبێ بڕوانێتە سەرجەم ئەو دۆسیەیانە و بڕیار بدا قورسایی ڕوسیە لە کامیاندا بەکار بێنێ. لە هەمان کاتدا ئێران بۆ بازرگانی، کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگریی و فاکتەری دیکە دەڕوانێتە قەفقاز. ئێران هەوڵی داوە پرۆژەیەکی کێشانی هێڵی ئاسن لەگەڵ ئازەربایجان جێبەجێ بکا.  لە سەردەمی ئابلۆقەکانی وڵاتە یەکگرتووەکاندا و خولیای دروست کردنی دنیایەکی فرە جەمسەر بۆ یەخانگیریی ئەمریکا، ئامانجی سەرەکیی ئێران پێوەندیی توند و تۆڵتر لەگەڵ چین و ڕوسیەیە. لێرەدا ئامانج ئەوەیە کە تورکیەش تێکەڵی ئەو هەوڵانە بکا، چونکە ئێران و تورکیە پێوەندییەکی گەرموگوڕیان هەیە. کێشەیەک لە سنووری باکووری ئێران لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان لە بەرژەوەندیی ئێران نییە. ئەو پێی باشترە کە ئەو کێشەیە تەشەنە نەکا. ئێران بۆخۆی ڕێژەیەکی زۆر لە شارۆمەندەکانی ئازەرین و ناتوانێ پێشبینیی ئەوە بکا کە ناسەقامگیریی چۆنە. ئەوە بەو مانایەیە کە کێشەی ناگۆرنا_قەرەباغ  یا کێشەی دیکە کە تورکیە تێیانەوە گلاوە، دەتوانێ ئاسەواری بەرچاوی لەسەر ڕایەڵەی ڕووسیە_ئێران_تورکیە هەبێ. لەبەر دەستپێشخەریی ڕێگای ئاوریشمی نوێ، چینیش خوازیارە لە دوورەوە بڕوانێ. ئەو خوازیاری سەقامگیریی و بازرگانییە، نەوەک شەڕی زۆرتر. وڵاتە یەکگرتووەکان وێدەچێ چیدیکە وەک نەوەدەکانی زایینی حەزی لە نێوبژیوانی و وەستاندنی شەڕان نەبێ، ئەوە بەو مانایەیە کە موسکۆ، تاران، ئانکاڕا و وڵاتانی دیکە دەبنە دەمڕاستی خۆش کردنی ئاگری جەنگ یا وەستاندنی تێکهەڵچوونەکان لە قەفقاز. یەکیەتیی ئورووپا چیدیکە دەوری کاریگەر ناگێڕێ و زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە دەزانن کە وڵاتانی ئورووپایی بە گشتی قسە دەکەن و لێدوان بڵاو دەکەنەوە بەڵام هێچ کارێک ناکەن. یەکیەتیی ئورووپا تەنانەت ناتوانێ لەسەر سیاسەتێکی هاوبەش لە بارەی بێلاڕوس یا تورکیە لە خۆرهەڵاتی مەدیتەرانە و سەپاندنی ئابلۆقەی چەکوچۆڵ بە سەر لیبیدا ساغ بێتەوە. چ شتێکی دیکە لەو کێشەیەدا لەوانەیە ڕوو بدا؟ ڕووسیە و تورکیە و دەوڵەتانی دیکە دەیانهەوێ سیستەمی پارێزگاریی ئاسمانیی و سەربازیی تاقی بکەنەوە. هەموو لایەک چاوەڕوانن بزانن ئاخۆ بڕیاری ئازەربایجان بۆ تەرخان کردنی سامانی زەبەلاح بۆ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان یارمەتیی دەکا ئەو جەنگە بباتەوە. فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان تێچووی گیانی بۆ خاوەنەکانی کەم دەکەنەوە بەڵام هەرگیز لە ڕوانگەی تاکتیکییەوە، لە بردنەوەی جەنگی مەزن سەرکەوتوو نەبوون. ڕووسیە لە سووریە کەڵکی لە سیستەمی مووشەکی پانتسیر و سیستەمی پارێزگاریی ئاسمانیی دیکە وەرگرتوە  و ئەو سیستەمانە دەفرۆشێ کە لە لیبی کەڵکیان لێ وەرگیراوە. ئەو پێی خۆشە بزانێ ئەو سیستەمانە بە کردەوە چەندە کاریگەرن. لە کۆتاییدا، ئاسەوارەکانی کێشەکە دەتوانێ سووریەش بگرێتەوە. تورکیە گرووپە کوردەکانی بەوە تاوانبار کردوە کە بۆ پشتیوانیی ئەرمەنستان “تێرۆریست” ی ناردوونە ئەوێندەرێ، ئیددیعایەکی خەیاڵی لە لایەن ئانکاڕاوە. بەڵام، ئانکارا بە کەڵک وەرگرتن لەو ئیددیعایە شەڕکەری سووریەیی بە ئەندام گرتوە تا لە دەروەی سووریە شەڕی بۆ بکەن. لەوانەیە تورکیە بیهەوێ کەڵک لە شەڕکەری سووریە وەرگرێ تا دژی ئەرمەنستان بجەنگێن بۆ ئەوەی ئەوان خەریکی شتی دیکە بکا. ئێستا ڕوون نییە کە ئاخۆ ئەو کێشەیە پەرە دەستێنێ و بیانووی زیاتر دەداتە دەست تورکیە تا لە سووریە، عێراق و شوێنی دیکە دەستوەردا. تورکیە خوازیاری ئەو تێوەگلانەیە و هیچ شتێکی لەوە پێ خۆشتر نییە کە هێزی سەربازیی لە قەفقاز جێگیر بکا. ئێران و ڕووسیە لەوانەیە دژی ئەو کارە بوەستنەوە. ئەوە ئاشکرای دەکا کە دەسەڵاتدارانی ناوچە لە قەفقاز چەندە گرەوەکانیان لێک جیاوازن.   ***