کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی ڕەوانی

15:28 - 16 رەزبەر 2720

شەڕی ڕەوانی وەک بەشێک لە تاکتیکی دوژمنەکان بەرامبەر یەک،  شتێکی نوێ نییە و بە درێژایی مێژوی شەڕ و دوژمنکاری هەبووه. بەڵام لە دنیای ئەمڕۆی تێکنۆلۆژی و لەگەڵ دیاردەی بەجیهانی بووندا، شەڕی ڕەوانی بووەتە بەشێک لە دەستوری کاری ڕۆژانەی حکوومەتەکان کە بەرە بەرە خۆیانی لەگەڵ ڕێک دەخەن و بەرژەوەندییەکانیانی لەگەڵ دەگونجێنن. لە ئیران شەڕی ڕەوانی وەک دەرس لە زانکۆ نیزامییەکان دەگوترێتەوه و بە دەیان کتێبی لەسەر نوسراوه. ساڵی ١٣٩٥ قەرارگای “بەقیەتوڵڵا” لەژێر سەرپەرستیی ڕاستەوخۆی سەرۆکی گشتی سپای پاسداران ڕێک خرا و ئەرکی تایبەتیی شەڕی نەرمی بۆ دیاری کرا، واتە بەرپەرچدانەوەی شەڕی ڕەوانی بەدژی کوماری ئیسلامی. مێژوی شەڕی ڕەوانی بە شیوەی سازماندراو دەگەرێتەوه بو شەڕی یەکەم و دووهەمی جیهانی و بە تایبەت نازییەکان زۆریان بۆ ئامانجەکانی خۆیان کەڵک لێ وەرگرت، بەو ڕادەیەی کە ڕەگەزی ئاڵمانی باوەڕیان بەوە هێنابوو کە نەتەوەی باڵادەست و یەکەمن لە جیهاندا، دواتریش لە هەموو سەردەمی شەڕی سارددا بەردەام بووه و بەرە بەره ئاڵوگۆڕ و پێشکەوتنی بە خۆیەوە دیتوه. لە دونیای ئێستادا ئەو جۆرە هێرش یا شەڕە بۆتە بەشێکی جیانەکراو لە تاکتیکی پێش و دوای شەڕی دەوڵەتان وەک ئەوەی لە شەڕی عێڕاق دیتمان، ئەمریکا بە درەس وەرگرتن لە شەڕی ویتنام، بەر لە هێرش بۆ سەر عێڕاق شەڕێکی ڕەوانیی بەهێزی دەست پێ کرد، هەتا تەواو ورەی هێزەکانی عیراقی تێک شکاند و بە مەودایەکی کەم شەڕە نیزامییەکەی بردەوە. هێنری کیسێنجێر لە نووسینێکدا دەڵێ کە شەڕی ئێمە لەگەڵ هێزە ویتنامییەکان بۆ لەنێو بردنی جەستەیی ئەوان بوو، بەڵام ئەوان شەڕی ڕەوانییان لەگەڵ ئێمە کرد و لە ئاستی جیهانیشدا شەڕی سیاسییان لەگەڵ کردین. پروپاگەندەی بەرەی ویتنام وای کرد کە لە کۆتاییدا بەشی هەرە زۆری خەڵکی ئەمریکا داوای گەرانەوەی هێزەکانیان دەکرد و لە ڕاستیدا ئەمریکا لە ویتنامدا بە شەڕی ڕەوانی دۆڕا. یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو شیوە شەڕە وەدەستهێنانی هاوسوزی و هاوکاریی لایەنە بێ تەڕەفەکانە، چ وەک دەوڵەت و چ وەک خەڵکی ئاسایی. لە ئینگلیز کاتی خۆی بەشێکی خەڵک لەگەڵ بەشداریی وڵاتەکەیان لە شەڕ بە دژی ئالمان نەبوون، بەڵام بەشی پڕوپاگەندەی شەڕ بە پڕوپاگەندایەکی زۆر توانی هەموو خەڵکی ئینگلیز هاودەنگ بکا بە دژی هیتلێر. حکوومەتی ئیرانیش لە هەموو ماوەی دەسەڵاتەکەیدا شەڕی ڕەوانیی بە دژی هەموو لایەکانی بەرامبەری خۆی بەکار هێناوە. بۆ وێنە کاتێک هێزەکانی ڕێژیم قارنێ و قەڵاتانیان کۆمەڵکوژ دەکرد، حکوومەتی ئیسلامی بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە هێزە کوردییەکان پیاوکوژ و سەربڕن، بەمە لە هەموو ناوچەکانی ئێرانەوە هێزی بۆ شەڕ بە دژی کورد کۆ کردەوە و تەنانەت ئێستاش لە هەندێ شوێن و ناوچەی ئێران شوێنکاری ئەو بانگەشە و چەواشەکارییانە دەبیندرێ. گرووپە جۆراوجۆر و دەوڵەتەکان لەو شەڕە بە دژی نەیارانی خۆیاندا ڕۆژانە بە شێوەی جۆراجۆر و لە ڕیگای ئینترنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕادیۆ، تەلەڤیزیۆن، کتێب، گۆڤار و فیلمی دێکومێنتاری و هەتا خۆارترین ئاست کە دەگاتە دەنگوی کۆڵان و شەقامە بەردەوامن. لە چەند ساڵی ڕابردوودا داعش شەڕیکی ڕەوانیی گەورەی بە دژی هەموو وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکا و کۆمەڵگەی جیهان وەڕێ خست و بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و دەنگوی ڕاست و درۆ و هەڕەشەی هێرشی جواروجۆر بووە هۆی دڵەراوکێی زۆری خەڵک و حکوومەتەکان، بە جۆریک کە لەو ماوەیەدا، زۆر جار فڕۆکەخانە یا شوێنە گشتییەکانی زۆر لە وڵاتان بە هۆی هەڕەشەیەک یان دەنگۆیەک دادەخران و ئەمە وزەی بەشێک لە ئیدارە و بودجەی ڕۆژانەی ئەو وڵاتانەی بە خۆیەوە سەرقاڵ دەکرد. بڵاو کردنەوەی فیلمی سەربرینی دیلەکان لە لایەن داعشەوە زۆرتر بۆ شەڕی ڕەوانی و تێکشکاندنی ورەی هێزەکانی بەرامبەریان بەکار دەهات، بە جۆرێک کاتێك هێرشیان کردە سەر موسڵ و کەرکووک، هەموو هێزە عێڕاقییەکان لەبەریان هەڵاتن، تەنانەت هەموو چەک و چۆڵەکانیشیان بۆ داعش بەجێ هێشت. داعش لە دوایین ڕۆژەکانی بەر لە گیرانی شاری موسل لە مانگی ئوکتۆبر فیلمی بڵاو دەکردەوە کە نێو شار ‌هێمنە و ژیانی ئاسایی بەڕێوه دەچی و خەڵک خەریکی کڕینی کەلوپەلی ڕۆژانەن و ئەوەی وەک شەڕێکی دژکردەوە بۆ بەهێز ڕاگرتنی ورەی ‌‌‌هێز و لایەنگرانی خۆی بەکار دێنا وەک چۆن لە دوا ڕۆژەکانی هەرەسهێنانی ‌‌هێزە عێراقییەکان لە بەرامبەر ئەمریکادا، وەزیری فەرهەنگ و زانیاریی عێراق، محەممەد سەعید السەحاف لە شۆینیکی نێو شاری بەغدا ڕا فیلمی لێ بڵاو دەکراوە کە دەیگوت چ باس نییە و ئێمە سەرکەوتووین، هەتا بەغدا بە تەواوی گیرا و ئەویش خۆی ڕادەستی هیزە ئەمریکاییەکان کرد، واتە شەڕی ڕەوانی هەتا دوایین کاتەکانی ڕووخانی ڕێژیمە دیکتاتورییەکان بەردەوامە، وەک چۆن لە کاتی ڕووخانی ڕێژیمی عێڕاق و بەهاری عەڕەبیدا دیتمان. شەڕی ڕەوانی هەموو ئەو پیلان و تاکتیکانە دەگرێتەوه کە هەوڵ دەدەن ورە و باوەڕبەخۆ بوونی هێزەکانی لایەنی بەرامبەر تێک بشکێنن و خەڵک و ‌هێزەکانی تووشی سەرلێشێواوی و دڵەڕاوکێ و بێ‌باوەڕی بکەن و لە لایەکی دیکەوه هەوەڵ دەدەن ورەی لایەنی خۆیی بەرز کەنەوە و لە هەمان کاتدا بە دانی هەر ئەو دەنگۆیانە بە ناوی خەبەری ڕاست ڕەخنە بکەنە نێو لایەنی بەرامبەر. شەڕی ڕەوانی لە کردەوەدا خۆی لە گوشاری سیاسی لە ڕێگای دیپلۆماسی، گوشاری نیزامی، گوشاری کۆمەڵایەتی و کولتووری و گوشاری ئابووریدا دەبینێتەوه و دوژمن یا لایەنی بەرامبەر بە شێوەیەکی سازماندراو و بە کەڵک وەرگرتن لە هەمو توانا جۆراوجۆرەکانی هەوڵ دەدا زەختێکی بەردەام بخاتە سەر لایەنی بەرامبەر و لە کردەوەدا تیکڕای ئەو گوشارانە دەتوانن پێکەوە بن، یا  یەک و دوو کاریان پێ بکرێ و تەواوکەری یەکتری بن. ئەو لایەن و گرووپانەی شەڕی ڕەوانی وەک ئامراز بەکار دێنن لە هەموو ئەو بابەتانە کەم و زۆر کەڵک وەر دەگرن. بڵاوکردنەوەی دەنگو و زانیاریی هەڵە، وەدرۆ خستنەوەی ڕاستییەکان، فریودان، پەرەپێدانی بێ‌هیوایی، ئاوەژوو کردنی هێز و تواناکانی خۆیی و دوژمن یان لایەنی بەرامبەر، گوشاری ڕەوانی لە بوارەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و بە تایبەتی خاڵە لاوازەکانی نێو کۆمەڵگە، تێروری کەسایەتییەکان و هتد؛ هەموو ئەوانە بەکار دێنن بۆ پێکهێنانی بێ‌هیوایی، ترس و دڵەڕاوکێ و نانەوەی ئاژاوە و بشێوی لە ڕیزەکانی لایەنی بەرامبەردا. ڕێژیمی ئێران لە هەموو ماوەی دەسەڵاتی خۆیدا بە شێوەی جۆراجور شەڕی ڕەوانیی بە دژی هێزەکوردییەکان کردوه وەک، دەنگوی سیخوڕیی حیزبە کوردییەکان بۆ ڕێکخراوی هەواڵگریی ئەمریکا و وەرگرتنی پارە و چەک لە ئەمریکا و عەرەبستان، پەیوەندی لەگەڵ ئیسراییل، گوشار خستنە سەر بنەماڵە و ئەندامان و لایەنگرنی حیزب و تەنانەت گرتن و لێدان و ئەشکەنجەی ئەوان، ڕێگانەدان بە کەسوکاری ئەندامانی حیزب بۆ دامەزران و کار وەرگرتن لە شۆینە هەستیارە دەوڵەتییەکان، ناوزڕاندنی ئەندام و تێکۆشەرانی حیزب لە ڕێگای میدیا بە شێوەی جۆراجۆر، ناردنی سێخوڕ بۆ نێو ڕیزەکانی حیزب و لایەنە کوردییە دژبەرەکان بۆ نانەوەی ئاژاوە و بشێوی و زەبرلێدان لە پێشمەرگەکان لە دەرفەتی هەڵکەوتوودا، ناردنی بۆمب، تێرۆری ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە شارەکانی کوردستان، بڵاو کردنەوەی دەنگۆیی جۆراجۆر کە ئەندامانی حیزبەکان لە بارودۆخێکی خەراپدا دەژین (یەک لەوان: نانی خواردنیان نییە)، بڵاوکردنەوەی دەنگۆی کۆکردنەوەی هێز لێرە و لەوێ بە شێوەیەک کە هێزەکانی پێشمەرگە هەموو کات لە ئامادەباشیدا بێ و شەکەت و ماندویان ماندوو ببن؛ هەمووی ئەو کارانە بەشێکن لەو جۆرە شەڕە کە، زۆرتر لەوەی باری نیزامییان هەبێ، باری ڕەوانییان هەیە و جۆریک نائەمنی لە نێو لایەنی بەرامبەردا دروست دەکا. ‌بۆ گەڵالەی شەڕی ڕەوانی بە شیوەی سیستماتیک و بەردەوام، لایەنەکان کەڵک لە میژووناس، کۆمەڵناس و دەرونناس، کولتوورناس، پیاوە ئاینییەکان و هونەرمەندان و زانیاریی دەزگا هەواڵگەرییەکان وەر دەگرن، بۆ ئەوەی بتوانن زۆرترین کاریگەرییان بۆ وێران‌کردنی باوەڕەکانی لایەنی بەرامبەر هەبێ و لە هەمان کاتدا هەر ئەو هەوڵانەش بۆ بەهێز و پتەوکردنی هێزی کۆمەڵگەیی خۆیی بەکار دێنن،  واتە بە پروپاگەندەی ڕەوانی لەنێو هێزە چەکدارەکانیان وایان لێ دەکەن تەنانەت چەک بە دژی خەڵکی ئاسایی خۆیان بەکار بێنن؛ وەک ئەوەی لەو ساڵانە لە ئێران و لە ڕەوتی سەرکوتی خۆپیشاندانەکاندا ڕوویان دا. پانتایی شەڕی ڕەوانی لە دوو بەشی شەڕی ڕەوانی بە دژی کەسایەتییەکان و شەڕی ڕەوانی بە دژی گروپێک، دەوڵەتیک و یا کۆمەڵگەیەک خۆ دەنوێنێ. لە بەشی هێرش بۆ سەر کەسایەتییەکان ئەو بەشە مێژوییەکی دوورتری هەیە کە لە ئێستادا بە ناوی تێرۆری کەسایەتییەکان باسی لێوه دەکرێ کە ئەوه بۆ لێدانی ئەو کەسایەتییانەن کە لەنێو خەڵکدا خۆشەویستین و جێگای باوەڕ و هیوان بە تایبەتی لە بەشی سیاسی و نیزامیدا.   ڕۆڵی میدیا میدیا یەکیک لە سەرەکیترین ئامرازەکانی شەڕی ڕەوانییە کە بەکار دێ، بەڵام ئەوەی جیگای سەرنجە ئەو کاتەیە کە میدیاکانی خۆیی کە بە شێوەی زانستی کاری میدیایی فێر نەبوون و لە هەمان کاتدا لە شەڕی ڕەوانی شارەزا نین، بە ناوی میدیای ئازاد بە کردەوە دەبنە داردەستی نەیارانی خۆیان، ئەوە نیشان دەدا کە شەڕی ڕەوانی هەتا چ ڕادەیەک کاریگەری لەسەر سەرلێشێواندنی میدیای خۆییش هەیە. بۆ ئەوەی دوژمن نەتوانێ لە شەڕی ڕەوانیدا سەرکەوتو بێ، بە شێوەی جۆراجۆر دەبی ڕێگری لێ بکرێ، هەم بە میدیا و باس لەو بابەتە و هەم بە کردەوەی چاکسازی وەک، لەقاو دانی شەڕی ڕەوانی لە ڕیگای ڕوونکردنەوی جەماوەریی خەڵک، بە تایبەتی ئەو کەس و ڕێکخراو و گرووپانەی باوەڕیان بەو شەڕە ڕەوانییە کردوه و هەڵویستیان گرتوه؛ چاکسازیی بەکردەوە لەنێو هەموو کەرت و سێکتەرەکانی خۆییدا، وەک نەهیشتنی بێکاری، ئاسانکاریی ژیان،  هەوڵدان بو هێمنایەتیی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک، نەهێشتنی دووبەرەکیی سیاسی، ئایینی ‌و نەتەوەیی لە نێوخۆدا بۆ ئەوەی دوژمن نەتوانێ بە کەڵک وەرگرتن لەو دوبەرەکییانە لە شەڕی ڕەوانیدا سەرکەوتوو بێ. زۆر گرینگە کە هێزە کوردییەکان گروپیکی تایبەتیان هەبێ کە ڕۆژانە بەدوای ئەو بابەتانەدا بگەڕێن و بەردەوام بە کردەوە و بە دەنگ و ڕەنگی میدیاکانی خۆیی بەرهەڵستی ئەو بابەتانە ببنەوە. شەڕەکانی داهاتوو و ئەو شەڕە ساردەی ئێستا بە خشکە لەنێو چین و ئەمریکا و رووسیە دەستیان پێ کردوه، وەک شەڕەکانی ڕابردوو شەڕی دەستەویخەی نیزامی نابن و زۆرتر ڕوویان لە شەڕی ڕەوانی و زانیاری هەیە کە ئاسەوارەکانیان تەنیا بۆ خۆیان نابێ و هەمو وڵاتەکان لێی زیانبار دەبن.