کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکەوتننامەی ئەلجزایر، پرسی کورد و چارەنووسی سیاسیی عێڕاق و ئێران

13:45 - 17 رەزبەر 2720

٣١ی خەرمانان ساڵرۆژی هەڵگیرسانی ئاوری شەڕی ماڵ وێرانکەری عێڕاق-ئێرانە. لەو ڕۆژەدا سپای عێڕاق لە پەلامارێکی بەربەریندا هێرشی کردە سەر ئێران و ئەوە بوو بە دەسپێکی شەڕێک کە ماوەی زیاتر لە هەشت ساڵی خایاند و هەر دوو لای شەڕەکە زیانێکی زۆری ماددی و ئینسانیان لێ کەوت بێ ئەوە هیچ لایەنێکیان سەرکەوتووی شەڕەکە بن و ئامانجەکانی خۆیان لەو شەرە بەدەست هێنابێ. بێگومان هەڵگیرسانی ئاوری شەڕ لە نێوان دوو وڵات یا دوو لایەندا ناتوانی بێ هۆکار بێ. ئەگەر چاو بە مێژووی پێوەندییەکانی ئێران –عێڕاق‌دا بخشێنین چ ئەو سەردەم کە عێڕاق بەشێک بووە لە ئیمپراتورyی عوسمانی و چ لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی کە وەک وڵاتێکی سەربەخۆ لەسەر نەخشەی نوێ جیهان جێی بۆ کراوەتەوە، دەبینین پێوەندی ئەو دوو دەوڵەتە پڕە لە کێشە و ئاژاوەیە لەسەر دوو بابەت بووە: یەکەم دیاری کردنی خەتی سنووریی نێوان ئەو دوو وڵاتە و دووهەم وەدەست هێنانی پێگەی یەکەم لە ناوچەکەدا. کێشەی سنووریی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ١٦٩٣م کە هەر دوو لایەن داوای خاوەندارەتیی “شط العرب”یان دەکرد کە دواجار ڕێککەوتننامەی “زەهاو”ی لێ کەوتەوە. دوای ئەو ڕێککەوتننامەیە و لە قۆناخی جۆراوجۆردا کێشە و ناکۆکییە سنوورییەکان سەریان هەڵداوەتەوە و هەتا ساڵی ١٩٧٥م و ڕێککەوتننامەی ئەلجەزایر چەندین ڕێککەوتننامەی دیکەش لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا بەستراوە، بەڵام ئەو ڕێککەوتننامانە نەبوونە چارەسەری کێشەکان؛ بگرە زۆر جار بوونەتە هۆی هەڵەسوون هێنانەوەی ناکۆکییەکان و تەنانەت تێکهەڵچوونی سەربازی لە نێوان ئەو دوو وڵاتە. بۆ نموونە لە ساڵی ١٣٤٨هەتاوییەوە هەتا دەستپێکی شەڕی هەشت ساڵە بە پێی ئامارەکان ١٠٤جار لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا و لەسەر سنوورەکان تێکهەڵچوونی نیزامی ڕوویان داوە. ئەگەرچی ڕێککەوتننامەی ئەلجەزایر کۆتایی بەو تێکهەڵچوونانە هێنا، بەڵام ئەمە لەسەر حسێبی بزووتنەوەی کورد بوو کە وەک نەتەوەیەکی بێ‌دەوڵەت بووە قوربانیی سیاسەت و بەرژەوەندیی وڵاتان. ئەگەر ڕێککەوتننامەیەک لە قۆناغێک لە مێژوودا دەتوانی ئاشتی و ئارامی لە نێوان دوو دەوڵەت، یا لایەنەکانی دژبەردا پێک‌بێنێ ئیمکانی هەیە لە قۆناغێکی دیکەدا ببێتە هۆی هەڵگریسانی شەڕێکی ماڵویرانکەر لە نێوان دەوڵەتەکاندا. چونکە لە هەر ڕێککەوتننامەیەکدا کەمتر وایە سەرکەوتنی ٥٠/٥٠ی تێدا بێ و لایەنێک بە هۆکارێک حەتمەن خۆی بە غدرلێکراو دەزانێ، بەڵام هەلومەرجەکەی وایە دەبێ قەبوولی ئەو ڕێککەوتننامەیە بکا؛ جا بۆیە لە هەل دەگەرێ قەرەبووی ئەو غەدرەی کە پێی وایە لێی کراوە، بکاتەوە. ڕێککەوتننامەی ١٩٧٥م ئەلجزائیر لەنێوان ئێران و عێڕاق ئەو چارەنووسەی هەبوو. ئەو ڕێککەوتننامەیە توانی بۆ ماوەی پێنج ساڵ جۆرێک لە ئارامی لە نێوان دوو وڵاتی ئێران و عێڕاقدا دروست بکا، بەڵام بە ڕووخانی نیزامی پاشایەتی لە ئێران و هاتنەسەر کاری نیزامی کۆماری ئیسلامی و بە هۆی سەرهەڵدانەوەی ناکۆکییە سنوورییەکان و مەزنخوازی لایەنەکان؛ ئەو ئارامییە جیگای خۆی دا بە شەڕ ململانێی توندی نێوان ئێران وعێڕاقدا کە دواجار شەڕی هەشت ساڵەی بەسەر خەڵکی ئەم دوو وڵاتەدا سەپاند. لە دوای ڕووخانی نیزامی پاشایەتی لە ئێران و هاتنەسەر کاری کۆماری ئیسلامی، سەدام حوسێن، سەرۆک‌کۆماری عێڕاق پێی وابوو حکوومەتی نوێی تاران چ لە بواری سیاسی و دیپڵۆماسی و چ لە بواری نیزامی و ئابوورییەوە پێگەی لاوازە و هەڵومەرجەکە لەبارە بۆ دەوڵەتی عێڕاق کە بە قسەی خۆیان قەرەبووی ئەو غەدرە بکەنەوە کە لە ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەی ئەلجزائیردا لێیان کراوە. ئەو غدرەش ئەو بوو کە عێڕاق خۆی بە خاوەنی بێ ئەملاولای “شط العرب” دەزانی و کە بەپێی ڕێککەوتننامەی ١٩٧٥م ئەلجزائیر بە ئێران بڕابوو. ئێران لە کاتی ڕێککەوتننامەی ئەلجەزایردا بە هۆی هەڵکەوتی جوغرافیایی جیگای سەرنجی دنیای ڕۆژئاوا بە تایبەتی ئەمریکا بوو. ئەوەش هەڵێکی باشی بۆ ڕێژیمی پاشایەتی خوڵقاندبوو کە بتوانی بە پاڵپشتی ئەمریکا و داهاتی فرۆشی نەوت خۆی وەک زلهێزی ناوچەی کەنداوی فارس دەربخا و ئەو مەزنخوازییەی نیزامی پاشایەتیی ئێران لە ١٣٥٠ی هەتاویدا بەتەواوی خۆی دەرخست، کاتێک لەو ساڵەدا بریتانیا بە هۆکاری جۆراوجۆری وەک کورتی‌هێنانی بودجە پاشەکشەی بە هێزەکانی خۆی لە ناوچەکەدا کرد و دەوڵەتی ئەوکاتی ئێران بە دابەزاندنی هیزی نیزامی دەستی بەسەر هەر سێ دوڕگەی “تونبی گەورە”، “تونبی گچکە” و “ابوموسا” دا گرت و خستنیە سەر خاکی خۆی.  ئەو کارە ئێران لەوکاتدا عێڕاقی تەنگەتاو کرد، بەڵام لەسەروبەندەدا عێڕاق بە دەست شۆرشی کوردەوە دەیناڵاند و توانا و هێزی دەبەردا نەمابوو کە بەرهەڵستی ئێران بێتەوە و لە ڕۆچنەیەک دەگەرا بۆ ڕزگار بوون لەو دۆخەی تێی کەوتبوو. ئەمریکا و ئێرانیش ئەم هەلەیان قۆستەوە و کەوتنە یارمەتیدانی شۆڕشی کوردستان بۆ ئەوەی حکوومەتی عێڕاق ناچار بکەن تەسلیمی داواکانیان بێت. ئەمریکا نەیدەویست عێڕاق ببێتە هاوپەیمانی یەکیەتیی سۆڤییەت و ئێرانیش دەیهەویست عێڕاق دان بە بەشێک لە خاوەندارەتیی ئەو لە “شط العرب” دابنێ و بە چۆڵکردنی پشتی شۆڕشی کوردستان هەر کام لەو سێ دەوڵەتە بۆ ماوەیەکی کاتییش بێت بە ئامانجەکانی خۆیان گەیشتن. بەڵام دوای ڕووخانی حکومەتی پاشایەتی عێراق هەوڵی دا ئەم هەلە بقۆزێتەوە و جیگە و پێگەی خۆی لە کەنداوی فارسدا بە‌هێز بکا و ڕۆڵی زلهێزی ناوچەکە بگێڕێ. هاوکات سەدام حوسین هەوڵی دەدا دنیای عەڕەب و ڕۆژئاوا بەو قەناعەتە بگەیەنێ کە حکوومەتی عێڕاق دەتوانی پێشی مەزنیخوازیی حکوومەتی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی کۆماری ئیسلامی بگرێ و ئیزن نەدا هەناردە کردنی شۆرشی ئیسلامیی ئێران بچێتە خانەی جێبەجێ کردن. لەلایەکی دیکەوە کۆماری ئیسلامی و شەخسی خومەینی هەر لە سەرەتاوە دروشمی هەناردە کردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیان بەرز کردەوە و بۆ ئەو مەبەستە بە ئاشکرا کەوتنە دژایەتی کردنی حکوومەتی عێڕاق و پشتیوانی کردن لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیونی ئەم وڵاتە بەتایبەتی هێزە شیعەکان کە هاوبیری دامەزرێنەرانی کۆماری ئیسلامی بوون. بۆنموونە لە ١٩ی خاکەلێوەی ١٣٥٨ی هەتاوی لە وتارێکدا بۆ لایەنگرانی خۆی هێرشی توند دەکاتە سەر سەدام حوسین و بە کافر و دوژمنی ئیسلام و پیرۆزییەکانی شیعەی دادەنێ و لە خوێنخۆریدا بە مەغول و ڕەزاشا و محەممەد ڕەزاشای دەشوبهێنێ. هەر لەو مانگ و ساڵە دا (٢٨ی خاکەلێوە ١٣٥٨ی هەتاوی)بۆ جارێکی دیکە خۆمەینی لە کۆبوونەوە لەگەڵ فەرماندەرانی بەسیج داوا لە ئەفسەرانی پلەبەرزی سوپای عێڕاق دەکا بە دژی حکوومەتی سەدام کودیتا بکەن و ئەو جۆرە لێدوان و دنەدانەی خومەینی و ڕێبەرانی ڕێژیم هەتا دەستپێکی شەڕی عێڕاق -ئێران درێژەی هەبوو. دیارە سەدام حوسێنیش لەو ماوەیەدا بێدەنگ دانانیشێ و بە بیانووی جۆراجۆر دژبەرە شیعەکانی خۆی سەرکوت دەکرد و لەنێوی دەبردن، لوتکەی ئەو پەرچە کردارەش کوشتنی ئایەتوڵڵا سەید مەحمەد باقر سەدر بوو کە بوو بە هۆی تووڕەیی لە ڕادەبەدەری خومەینی و ڕێژیمەکەی. بیجگە لەوانە سەدام بە ئاشکرا هەر وەکی گوترا داوای خاوەندارەتیی هەموو “شط العرب”ی دەکرد و دەیگوت کاتی خۆی بە هۆی لاوازی لەبەرامبەر شۆڕشی کورددا ناچار بووە ئەو ڕێککەوتننامەیە ئیمزا بکا و ئیستا کە هۆکارەکە نەماوە و سیستمی سیاسیی ئێران ئالوگۆڕی بەسەردا هاتوە ئەو ڕێککەوتننامەیەش ئیعتباری نییە و ئێران دەبێ ئەو مافە بۆ عێڕاق بگەڕێنێتەوە. عێڕاق لە هەمان کاتدا باسی لە خاوەندارەتیی بەشێک لە خاکی ئێرانی دەکرد، وەک پارێزگاکانی خوزستان و ئەهواز کە خەڵکەکەی عەڕەبن. بەو شێوەیە ڕەوتی ڕووداوەکان بەو ئاقارەدا ڕۆیشت کە شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە ڕۆژی ٣١ی خەرمانانی ١٣٥٩ی هەتاوی دەست پێ بکا و هەتا ٢٩ی گەڵاوێژی ١٣٦٧ی هەتاوی بۆ ماوەی هەشت ساڵ درێژەی کیشا و دواتر دوو لایەن بە ملدان بە بڕیارنامەی ٥٩٨ی شوڕای ئەمنیەتی نەتەوە یەکگرتووەکان تەقەیان وەستاند. ئەو شەڕە بۆ هەر دوو وڵات خەساری گەورەی ماددی وئینسانیی بەدواوە بوو، بە جۆرێک کە زیانی گیانی هەر دوو لا لە بەرەکانی شەر خۆی لە نیو میلیون سەرباز داوە و کۆی زیانەکانی ماددی عێڕاق بە ٤٥٢ میلیارد دوڵار و کۆی زیانەکانی ماددی ئێران بە ٦٤٥میلیارد دۆلار خەملێندراوە.  لەو شەڕەدا کوردستان لە هەر دوو بەشی سنوور پشکی گەورەی لە زیانەکان بەر کەوت، چونکە بە درێژایی سنوور لە لایەن هەر دوو دەوڵەتەوە کرابوو بە بەرەی شەڕ و هەموو چەکێکیان لە سەر یەکتر لێ بە تاقی دەکردەوە و بیجگە لە هێزە نیزامییەکان زەرەرمەندی سەرەکی خەڵکی بێ دیفاعی کوردستان لە هەر دوو دیوی سنوور بوون. کار گەیشتە جێیەک کە تەنانەت چەکە قەدەغەکراوەکانییش لە شارەکانی سەردەشت، هەڵەبجە و چەندین ئاوایی وگوند و ناوچەی دیکەی کوردستان  لەسەر کورد بە تاقی کرانەوە کە ئاسەوارە زیانبارەکەی ئێستاش دوای زیاتر لە ٣٠ ساڵ کۆتایی شەڕ بەرۆکی خەڵکی کوردستانی بەرنەداوە. بەمجۆرە ڕێککەوتننامەی (ئەلجزائیر ١٩٧٥) نەک نەیتوانی دەستەبەری ئاشتی لە نێوان ئێران و عێڕاق بێ، ئاکامەکەی بوو بە شەڕی نێوان ئەم دوو وڵاتەش، هەروەها جووڵانەوەی کوردیشی پێ لەبار نەبرا و، کورد بۆ جارێکی دیکە لە باشووری کوردستان توانی خەبات و ڕاپەڕینی خۆی بکاتەوە و سەرکەوتنی گەورەش وەدەست بێنی. لە بەرامبەردا ئەوە سەدام بوو سەری خۆی و حوکمڕانییەکەی لەسەر دانا و نیزامی کۆماری ئیسلامیش بە خواردنەوەی جامی ژەهر لە لایەن ڕێبەری ئەو ڕێژیمەوە سەرەتای ڕەوتی شکانی خۆی لە سیاسەتی هەناردە کردنی شۆڕشی ئیسلامی لە ڕێگای هێزەوە دەست پێکرد، شکانێک کە لە ئێستادا زیاتر لە هەموو کاتێک لێکەوتەکانی دیار و بەرچاون.