کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی: سوپایەکی ئایدۆلۆژیکی

13:48 - 17 رەزبەر 2720

ڕێژیمی سیاسیی ئێران لەنێوان ئۆتۆریتاریزم‌و تۆتالیتاریزم‌دا

(سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی: سوپایەکی ئایدۆلۆژیکی)

  "لە سیستەمە تۆتالیتەرە جێگیرەکاندا، ئەو دامەزراوانەی وەکوو دامەزراوەی پیشەیی، ئایینی‌ و نیزامی کە پێشتر هەبوون، ڕۆڵی سەرەکی لە ململانێ سیاسیەکاندا ناگێڕن. [...] بەڵکو تەنیا خەڵک بۆ پشتیوانی کردنی ڕێبەرێک یان گرووپێک لە نێو نوخبە سیاسییەکان تەیار دەکەن." هەروەها کاریگەری دەخەنە سەر هەندێک بڕیاری سیاسی. بە دەگمەن توانای ڤێتتۆ کردنیان هەیە [...]. یەکێک لەو تایبەتمەند‌ییانەی ڕێژیمە تۆتالیتەرەکان لە ڕێژیمە نادێمۆکراتەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، ملکەچی هیزی نیزامییە." ژوان لەنز   یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی ڕێژیمە تۆتالیتەرەکان لەوانیتر جیا دەکاتەوە، بنیاتنانەوەی ئەو دامەزراوانەن کە پێشتردا هەبوون (واتە میراتی ڕێژیمەکانی پێشووترن)، ئەوەش لە ڕێگەی پڕ کردنەوەییان بە نوخبەی نوێ. لە ماوەی شۆڕشی ١٣٥٧دا، بەشێک لە ئەرتەشی ئێران هەڵوەشایەوە‌ و بۆشایییەکی نیزامی لە هەندێک بەشی ئێراندا دروست بوو. هەندێک گرووپی وەکوو ڕێکخراوی موجاهیدەکانی شۆڕشی ئیسلامی، پاسەوانانی شۆڕش‌ و پاسەوانانی زانکۆ، بەشێوەی خۆڕسک‌ و بە مەبەستی پاراستنی شۆڕش پێک هاتن. بارودۆخەکە ئەو هەلەی بۆ خومەینی ڕەخساند کە هێزێکی دیکەی هاوتەریب لەگەڵ ئەرتەش پێک بێنێ. خومەینی کاتێک سەرقاڵی ڕێکخستنەوەی ئەرتەش دەبێ، لە هەمان کاتدا خەریکی کۆکردنەوە ‌و تێکەڵ کردنەوەی چەندین گرووپی مەزهەبیی خۆڕسک دەبێ کە بە شێوەی ئایدۆلۆژیکی بە خوی بەسترابوونەوە. خومەینی هەموو ئەو گرووپانە لە چوارچێوەی سوپایەکدا ڕێک دەخا بە ناوی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی. ڕۆڵی گرنگی ئایدۆلۆژیا لە گوتاری هاودامەزرێنەرانی سوپای پاسداران بە ڕوونی دەردەکەوێ : "ئێمە دوو ڕێگامان لە پێشە: یەکەمیان شەهید بوون ‌و چوون بەرەو ئاسمان، دوهەمیشیان، سەرکەوتن بەسەر دوژمنانی ئیسلام ‌و دامەزراندنی حکوومەتێکی دادوەریی ئیسلامی. هەر بۆیە، ترسمان لە هیچ نییە. نە ترسمان لە سوپای ئەمریکا هەیە نە لە سوپای سۆڤییەت. ترسمان لە هیچ دەسەڵاتێک نییە، چونکە بڕوامان بە ژیانی دونیای دیکە هەیە، بڕوا بە ڕۆژی قیامەت ‌و بڕوا بە دیداری خودا. چونکە تەنیا بڕوامان بە دوای مردن هەیە، دەچینە پاڵ ئەسحابە و پێغەمبەران ‌و بڕواداران. ترسمان لە مردن نییە‌ و وڵاتەکەمان دەکەینە گۆڕستانی سەربازە بیانییەکان." عەباس ئاغازەمانی، ناسراو بە ئەبو شەریف، یەکەم فەرماندەی سوپای پاسداران، یەکێک لە ڕێبەران ‌و دامەزرێنەرانی حیزبوڵڵا ‌و ڕێکخراوی موجاهیدەکانی شۆڕش، ١٣٥٨.   لە ئێران دوو هێزی نیزامی هەیە، یەکێکیان ئەرتەشە، کە لە لایەن بنەماڵەی پەهلەوییەوە پێک هێنراوە ‌و دوای شۆڕشی ١٣٥٧ ڕێک خرایەوە. ئەرکی ئەرتەش تەنیا پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێرانە ‌و دەستێوەردان نە لە کاری سیاسی ‌و نە لە کاری ئابووریدا ناکا. گرنگترین هێزی نیزامی لە ئێران، سوپای پاسدارانە کە نە تەنیا هێزێکی نیزامییە، بەڵکوو هێزێکە کە قورسایی بە سەر سیاسەت ‌و ئابووری‌ و کۆمەڵێک بواری دیکەدا هەیە. هەروەها، سوپای پاسداران لقێکی دەرەکی هەیە بە ناوی سوپای قودس کە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران کار و چالاکی دەکا. سوپای پاسداران ڕیشەی لە زۆربەی دامەزراوە دەوڵەتی‌ و نادەوڵەتییەکاندا داکوتاوە‌ و وەکوو دەوڵەتێکی هاوتەریب کار دەکا. ئەو دەسەڵاتانەی کە سوپای پاسداران هەیەتی، لە لایەن وەلی فەقیهەوە پێی دراوە. سوپای پاسداران لە بواری ئابووری ‌و نیزامییەوە سەربەخۆیە ‌و جگە لە وەلی فەقیهـ، هیچ دامەزراوەیەکی حکوومی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی بە سەریەوە نییە. هەروەها خاوەن جەماوەری تایبەت بە خۆیەتی ‌و لە هەموو چین‌ و توێژەکانی کۆمەڵگەدا، ئەندام ‌و لایەنگری هەیە. بنکە نیزامییەکانی سوپای پاسداران نەک تەنیا لە سەرانسەری ئێران، بەڵکوو لە هەندێک وڵاتی دەرەوەی ئێرانیش هەن. پرسیار ئەوەیە، خومەینی بە چ مەبەستێک بڕیاری دا سوپایەکی ئایدۆلۆژیکیی لە تەنیشت ئەرتەش دامەزرێنێ ‌و ڕۆڵی ئەرتەش وەکوو سوپای میللی ئێران کەمڕەنگ بکاتەوە؟ خومەینی بە دوو مەبەست سوپای پاسدارانی پێک هێنا: یەکەمیان، بێ‌متمانەیی بە ئەرتەش بوو، چونکە خومەینی زانیاریی لەسەر ڕۆڵی هێزە نیزامییەکان لە یەکلا کردنەوەی کێشە نێوخۆییەکان هەبوو، بە تایبەت لە ئێران. ئەو پێی وابوو کە سێناریۆی ئەرتەش لە ڕێژیمی پێشوو لەوانەیە بۆ کۆماری ئیسلامیش دووپات بێتەوە‌ و ئەرتەش لە داهاتوودا لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا لەگەڵ خەڵک بکەوێ‌ و پشتی حکوومەت بەر بدا. هەر بۆیە خومەینی دەیویست ڕۆڵی سەرەکیی ئەرتەش لە ئەگەری هە جۆرە ناڕەزایەتییەک سڕ بکا. لە وتووێژێکدا لەگەڵ گۆڤاری "فیگاڕۆ"ی فەڕانسی لە ساڵی ١٣٥٧دا، خومەینی چەند مانگێک بەر لە گەڕانەوەی بۆ ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەرتەشی ئێران جێگەی بڕوا نییە، لەبەر ئەوەی لە لایەن ئەمریکاوە ڕێبەرایەتی ‌و ڕاهێنانی بۆ دەکرێ،: "[...] فیگاڕۆ: لەگەڵ هەمووی ئەوانە، شا دەتوانێ حیساب لەسەر ئەرتەش‌ و هێز بکا، ئەوە ئەگەرێکە.   خومەینی: لە هێزی نیزامیدا، ڕێبەرایەتی‌ و پلەبەندییەکەیەتی کە دیاریکەرە. تا ئێستاش ڕێبەرایەتیی ئەرتەش لە لایەن ئەمریکاوە بەڕێوە دەبرێ، تەنانەت لە ئاستی سەرەوەش. ئەو هێزە لە لایەن ڕاوێژکار ‌و تێکنیک‌کارە ئەمریکییەکانەوە ڕێک دەخرێ‌ و ڕێبەرایەتی دەکرێ. [...]. تا ئەو کاتەی ئەرتەشی ئێران لە ژێر ڕێبەرایەتیی ئەمریکا بێ، ئەو بارودۆخە تراژیکە هەر بەردەوام دەبێ".   (خومەینی، وتووێژ لەگەڵ گۆڤاری فیگاڕۆ، پاریس، ٢٢ی رەزبەری ١٣٥٧)   بە پێکهێنانی سوپای پاسداران، خومەینی نەک هەر سوپایەکی هاوتەریبی دروست کرد، بەڵکوو جێگرەوەیەکی بۆ ئەرتەشی ئێران دروست کرد. سوپایەک، کە نەک هەر لە بواری سیاسی ‌و یاساییەوە، بەڵکوو لە بواری هزری ‌و ئایدۆلۆژیشەوە گرێدراوی ڕێبەری کۆماری ئیسلامییە.   "[...] من لە ئێوە ڕازیم، ئەگەر سوپای پاسداران نەبا، وڵاتیش نەدەبوو، [...]. تەنیا ئێو بنەمای ئیسلامیتان هەیە. [...]" خومەینی، شاری قوم، ٢٩ی گەلاوێژی ١٣٥٨   مەبەستی دووهەمی خومەینی لە پێکهێنانی سوپای پاسداران، سڕ کردنی هەموو ئەو تاقم‌ و گرووپە نیزامی‌ و ڕکەبەرانە بوو کە لە ماوەی شوڕشدا سەریان هەڵدابوو. لە سەرەتای شۆڕشدا، حەوت گرووپی نیزامی بە شێوەی خۆڕسک بۆ یەک مەبەستی هاوبەش سەریان هەڵدابوو، ئەویش بەرگری کردن لە شۆڕش بوو.  بەرە بەرە خەریک بوو لە نێوان ئەو گرووپانە ململانێ‌ و تێکهەڵچوون پەرە بستێنێ، هەر بۆیەش خومەینی ‌و سەرکردایەتیی زۆربەی گرووپەکان یەکگرتنی نێوان خۆیانیان بە پێویست دەزانی، تەنیا کەسێکیش کە پەسندی هەموو لایەک بوو، خومەینی بوو. هەرچەندە ئەو گرووپانە هەموویان گوێڕایەڵی خومەینی بوون، بەڵام خومەینی متمانەی تەواوی پێ نەبوون، هەر بۆیە بە تواندنەوە و تێکەڵ کردنی ئەو گرووپانە لە نێو ڕێکخراوێکدا، خومەینی پێشی بە هەر جۆرە ڕکەبەری ‌و بە هێزبوونیان لە داهاتوودا گرت. هەندێک لە ڕێبەرانی ئەو گرووپانە لە لوبنان‌ و فەلەستین ڕاهێنانیان پێ کرابوو‌، و لە شەڕە نێوخۆییەکانی ئەو وڵاتانە بەشدار ببوون. ئەو گرووپانە ڕۆڵێکی گرنگییان لە لەنێوبردنی حیزب ‌و لایەنە ڕکابەرەکانی خومەینی لە دوای شوڕشدا بینیبوو. شەڕ لە کۆردستان (ڕۆژهەڵاتی کوردستان)‌و شەڕی ئێران_عێراق هەلێکی ڕەخساند کە بووە هۆی پەیوەست بوونی تاقم ‌و گرووپە بچووکەکانی دیکە ‌و بەهێز بوونی بناغەکانی سوپای پاسداران. لە ماوەی شەڕدا کە ناوی نرابوو "بەرگریی پیرۆز"، سوپای پاسداران، خەڵکی خوبەخشی لە سەرانسەری ئێران پەیوەست بە ڕیزەکانی خۆی دەکرد‌ و لە شەڕدا بەشداریی پێ دەکردن. ئەوەش بووە هۆی ئەوەیکە لە ماوەیەکی کورتدا، پێگەی خۆی لە بواری نیزامیدا بەهێز بکا. بە پێی مادەی ١٥٠ی دەستووری ئێران، ئەرکی سەرەکیی سوپای پاسداران، بەرگری لە شۆڕشی ئیسلامییە. لەگەڵ ئەوەشدا، سوپای پاسداران بەرە بەرە خۆی خزاندە نێو بوارەکانی دیکەوە‌ و دەستێوەردانی لە بوارەکانی مەدەنی، سیاسی، ئابووری، وەرزش ‌و ژمارەیەک بواری‌تردا کرد. ئەمڕۆکە، لە هەموو هاوکێشەکانی نێوخۆی ئێران‌ و ناوچەکەدا، سوپای پاسداران ئیتر هەر تەنیا ئەکتەرێکی گرنگی نیزامی نییە، بەڵکوو ئەکتەرێکی سەرەکیی سیاسی ‌و ئابووریشە. هەروەها، نەک تەنیا ڕۆڵی ئەرتەشی سڕ کردووە، بەڵکوو دەسەڵاتی هەموو دامەزراوە سیاسی ‌و ئابووری ‌و کۆمەڵایەتییەکانیشی سڕ کردوە. لە بواری پڕوپاگەنداوە، سوپا ڕێبەرایەتیی تۆڕێکی گەورەی ڕاگەیاندن ‌و  پێگەیاندن دەکا، بە مەبەستی بەهێزکردنی وەفاداری بۆ کۆماری ئیسلامی ‌و ئامادەکردنی هاوڵاتییان بۆ بەرگری لێی. لە بواری ئابووریدا، سوپای پاسداران، ئەکتەرێکی سەرەکییە کە ڕێبەرایەتیی تۆڕێکی گەورەی پیشەسازی ستراتێژیک‌ و خزمەتگوزاریی بازرگانی وەکوو بیناسازی، ڕێگەوبان، بەرهەمهێنان ‌و هەروەها، چالاکیی نایاسایی ‌و قاچاخ دەکا. سوپای پاسداران، گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا‌ و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بۆ سەر ئێرانی لە، بەرژەوەندیی خۆی قۆستەوە، چونکە بەشێکی گرنگ لەو پڕۆژە گەورە ئابوورییانەی کە کۆمپانیا گەورەکانی جیهان جێیان هێشتبوون، سوپای پاسداران بە تێچوویەکی کەمتر سەرمایەگوزاریی تێدا کردن. لە ماوەی سەرۆکایەتیی مەحموود ئەحمەدینەژاددا، ڕۆستەم قاسمی، سەرۆکی دامەزراوەی "خاتم الأنبیاء"، کە دامەزراوەیەکی گەورەی بازرگانی ‌و پیشەسازیی سەر بە سوپای پاسدارانە و گەورەترین پەیمانکاری پڕۆژە حکوومییەکانە، کرا بە وەزیری نەوت‌ و ئەوەش بووە هۆی ئەوەیکە سوپای پاسداران پێی بخاتە نێو کەرتی نەوت‌ و گازەوە. هەروەها، پێگەی سوپای پاسداران لە نێو سیستەمی سیاسیی ئێرانیشدا بەهێزە، لەو ڕووەوە کە سەرکۆمار، بەشێکی گرنگ لە کابینەی حکوومەت، ژمارەیەکی زۆر لە نوێنەرانی پاڕلمان ‌و بەڕێوەبەرانی ناوچەیی وەکوو پارێزگار، فەرماندار‌ و بەخشدارەکان، لە ئەندامانی ئێستا یان پێشووی سوپای پاسداران پێک هاتوون. چالاکییە سیاسییەکانی سوپای پاسداران لە نێو حکوومەتی ئەحمەدینەژاددا بەرچاوتر بوو، چونکە لە ماوەی چوار ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتیی ئەودا (١٣٨٤-١٣٨٨)، لە ٢١ ئەندامی کابینەی حکوومەت، ١٤ کەسیان لە فەرماندەکانی پێشووی سوپای پاسداران بوون. لە حەوتەمین هەڵبژاردنی پاڕلمانیشدا، ژمارەی نوێنەرانی سەر بە سوپای پاسداران بەرز بوونەوەیەکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی. ساڵی ١٣٨٣، لە ٢٩٠ کورسی پاڕلمان، ئەندامانی سوپای پاسداران ٨٠ کورسییان وەدەست هێنا. بەشداریی ئەندامانی سوپای پاسداران لە دەسەڵاتە هەرێمییەکانی وەکوو پارێزگا‌ و فەرمانداری ‌و بەخشدارییەکانیشدا زۆر بەرچاوە. لە ئاستی نێونەتەوەییدا، جیهانگیر بوونی ئایدۆلۆژیای ویلایەتی فەقیهـ هەمیشە وەکوو ئامانجێکی سەرەکیی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی سەیر کراوە. بە پێی پڕەنسیپی ویلایەتی فەقیهـ، شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بەردەوامە ‌و لە چوارچێوەی سنوورەکانی ئێراندا کورت نەکراوەتەوە، بەڵکوو دەبێ هەناردەی دەرەوەی سنوورەکانیش بکرێ ‌و ئەرکی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەناردەکردنی شۆڕشە بۆ سەرتاسەری جیهان. بە پێی ئەو ئایدۆلۆژییە، کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێ جیهان بۆ هاتنەوەی ئیمامی دوازدەهەم (مەهدی)‌و هێنانە کایەی دادوەرییەکی ئاسمانی ئامادە بکا. زۆرێک لە دەسەڵاتدارانی ئێران هیچکات ئەو بیرۆکەیان لە گوتارەکانیاندا نەشاردۆتەوە. هەبوونی نەخشەی گۆی زەوی ‌و تفەنگ ‌و بەشێک لە ئایەی ٦٠ی سووڕەی ئەنفال لە سەر لۆگۆی سوپای پاسداران‌ و نەبوونی ناوی ئێران بە کۆتایی ناوی ئەو ڕێکخراوەوە، نیشاندەری ڕەهەندی جیهانگیری ‌و ڕەهەندی چەکداریی ئەو ڕێکخراوەیەن کە لە ئایدۆلۆژیای ویلایەتی فەقیهەوە سەرچاوە دەگرێ. هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی دوای شۆڕشەوە، کۆماری ئیسلامی بۆ بەرەوپێش بردنی ئامانجەکانی، لە پەرەپێدانی بواری نیزامی‌ و یارمەتیی ئەو گرووپە چەکدارانە نەوەستاوە کە لە دەرەوەی وڵات لە دژی وڵاتانی ڕۆژئاوا‌و وڵاتە سوننە مەزهەبەکان لە شەڕ دان. سوپای قودس کە لقی دەرەوەی سوپای پاسدارانە، بە مەبەستی ڕێبەرایەتی ‌و یارمەتی دارایی‌ و نیزامی بزووتنەوە چەکدارییەکانی دەرەوەی ئێران دروست کراوە. سوپای قودس لە ماوەی شەڕی ئێران-عێڕاق‌دا دروستکرا کە ئێستا وەکوو باڵی نادیپڵۆماتیکی کۆماری ئیسلامی‌یە کە کاریگەریی دەخاتە سەر سیاسەتە نێودەوڵەتی‌یەکانەوە. بەشێک لەو کردەوانەی سوپای قودس ئەنجامیان دەدا، بێجگە لە یارمەتی دارای‌و نیزامیی گرووپە توندڕەوەکان، دەتوانین ئاماژە بە کردەوەی تیرۆریستی، لەنێو بردنی نەیارانی کۆماری ئیسلامی‌ و پەرەپێدانی شیعەگەری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بکەین. بڕی یارمەتیی داراییی کۆماری ئیسلامی بۆ لایەنەکانی دەرەوەی ئێران ساڵانە زیاتر لە ٨ میلیارد دۆڵار مەزندە کراوە. لیستەی بەشێک لەو گرووپانەی کە لە لایەن سوپای پاسدارانەوە لە دەرەوەی ئێران یارمەتی دارایی‌و نیزامی دەدرێن تا ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی بەرەو پێش ببەن، بەو شێوەی خوارەوەیە: سوپای پاسداران هێزی مرۆیی خۆی لەو کەسانە دابین دەکا کە پێشتر لە کۆمەڵگەدا بە شێوەی هزری ڕاهێندراون، واتە بەر لەوەی ڕاستەوخۆ لە سوپای پاسداراندا دەست بە کار بن، لە لایەن ڕێکخراوی بەسیجەوە کە ڕێکخراوێکی ئایدۆلۆژیکیی ‌و شێوە نیزامیی سەر بە سوپای پاسدارانە، ڕاهێنانی هزری ‌و جەستەییان پێ دەکرێ.