کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شوێن‌پێی ئێران لە عێڕاقی داهاتوودا

13:51 - 17 رەزبەر 2720

ئامریکا بە دەوڵەتی عێراق و هاوبەشە سیاسییەکانی خۆی لەم وڵاتەی ڕاگەیاندوە، کە بەتەمایە باڵوێزخانەی خۆی لە بەغدا دابخا، بێتوو هێرش کردنە سەر باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییەکان لە لایەن میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە درێژەی هەبێ. ئەحمەد مەلا تەلال، وتەبێژی سەرۆک وەزیری عێراق ڕایگەیاندوە کە هیوادارە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بەم بڕیارەی خۆیدا بچێتەوە، چونکی ئەم هەڵوێستە دەبێتە پاڵپشتێک بۆ ئەم گرووپ و ڕەوتە دژ بەیاساکان کە هەردەم هەوڵ دەدەن کە پێوەندییەکانی نێوان ئامریکا و عێراق لاواز بکەن. ئەم هەڵوێستەی ئامریکا دوای ئەوە هات کە کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستی بە کۆمەڵێک بە چاکسازی کرد لەم وڵاتەدا و یەکەم هەنگاویشی لە پێوەندییەدا بە کەم کردنەوەی دەسەڵاتی حەشدی شەعبی لە دامودەزگا حکوومی و جوومگەکانی دەسەڵات دەستی پێ کرد. لەگەڵ دەست بەکار بوونی کازمی، بەشی دژە تێرۆری عێڕاق کە ڕاستەوخۆ لەژێر چاودێری و فەرمانی سەرۆک وەزیراندا کار دەکا، بە هێرش کردنە سەر بەشێک لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و دەست بەسەر کردنی هێندێک لە بەرپرسانی ئەم ڕێکخراوەیە نیشانی دا کە سەرۆک وەزیرانی عێراق لە مەڕ لاوازکردنی حەشدی شەعبی سوورە و بۆ ئەم مەبەستەش پاڵپشتی و پشتیوانیی وڵاتانی ڕۆژئاوا و وڵاتانی عەرەبیشی لەگەڵە. کێشەی میلیشیا چەکدارەکانی بەناو حەشد لانیکەم بابەتی یەک ساڵی ڕابردووی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق بووە و سەرەڕای ئەوەی کە دامەزرانی ئەم گرووپە بە فتوای ئایەتوڵڵا سیستانی بۆ بەرنگار بوونەوەی داعش بوو، بەڵام قۆناغی داوای داعش و ئەرکی ئەم گرووپە چەکدارانە هەمیشە بۆ سیاسەتمەدارانی عێراق جێگای پرسیار بووە. لەگەڵ کۆتایی هاتنی شەڕی داعش هێندێک لەم چەکدارانە بۆ نموونە چەکدارانی سەر بە موقتەدا سەدر و هەروەها چەکدارانی سەر بە مەرجەعیەت چەکەکانی خۆیان دانا و کۆتاییان بە ئەرکەکانی خۆیان هێنا، بەڵام ئەم لەق و پۆیانەی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بوون ئامادە نەبوون چەک دابنێن و کەوتنە ڕێکخستنی خۆیان لە ڕێکخراوەیەکی هاوشێوەی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، کە زۆربەی سیاسەتمەدارانی عێراقی دژی ئەم ویست و تەمایەن. ئەم ناکۆکییانەش بە شێوەیەکی نافەرمی بەغدای دابەشی دوو بەشی دژبەر و لایەنگەری چەکدار مانەوەی حەشدی شەعبی کردوە و لوتکەی ئەم ناکۆکییانەش لە کار لادانی فەرماندەی دژە تیرۆری عێراق لە لایەن سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق، عادڵ عەبدولمەهدی بوو کە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکی زۆری لێ کەوتەوە، هاوشێوەی ئەم بابەتەش کوژرانی قاسم سولیمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس بوو کە ڕۆڵێکی گرینگی بیینی لە پەرە پێدان بەم ناکۆکییانە و کورت کردنەوەی دەستی ڕێژیمی ئێران و دانانی سنوورێک بۆ سەرەڕۆییەکانی کۆماری ئیسلامی. دواتر کە کازمی بە سەرۆک وەزیرانی عێراق هەڵبژێردرا، کەوتە جێبەجێ کردنی بەڵێنەکانی لە بواری چاکسازیدا کە سنووردار کردنی چالاکییەکانی حەشد یەک لەوان بوو، بە تایبەت کە کار و کردەوەکانی حەشدی شەعبی لە هەموو ئەو ماوەیەدا خۆی لە تێکدانی سەقامگیریی عێڕاق و نائەمن‌کردنی کەشی سیاسی و جووڵەی دیپلۆماتیک بۆ باڵوێزخانەی وڵاتانی ئەمریکا و ئورووپادا ددیتەوە. کۆماری ئیسلامی ئێرانیش هەموو هەوڵی خۆی دا کە شکەست بەم هەوڵانەی کازمی بێنێ. لە ئێستادا سەرۆک وەزیرانی عێراق لە نوێتری فەرمانی خۆیدا بڕیاری داوە نوێنەرایەتیی حەشدی شەعبی لە فرۆکەخانەکان دابخا و هەروەها بریاری داوە کە ئەم هێزە چەکدارە لەسەر دەروازە سنوورییەکان بکشێتەوە و بەم کارە بتوانێ توانای ئەم گرووپانە لە ڕووی داراییەوە لاواز بکا. ڕاستیەکی حاشا هەڵنگرە کە لە دوای کوژرانی قاسم سولێمانی ڕۆڵی ئێران لە عێراق لاوازتر لە هەموو کاتێکە و لەم پێوەندییەشدا نابێ دەوری مستەفا کازمی لە بەر چاو نەگیرێ. بەڵام ئەوەی جێگەی هەڵوێستە کردنە ئەوەیە کە، داهاتووی ئەم وڵاتە بەستراوەتەوە بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئامریکا و هاتنە سەر کاری دەوڵەتی نوێ لەم وڵاتە. ئیدارەی ترامپ لە سەروبەندی دەست پێکردنی هەڵبژاردنەکان ڕیسکی داگیرکردنی باڵێۆزخانەی خۆی لە بەغدا بە گرینگ دەزانێ و نایهەوێ جارێکی تر ئەزموونی باڵێۆزخانەی خۆی لە "بێن غازی"ی لیبیی بۆ دووبارە ببێتەوە، بۆیە هەڕەشەی داخستنی باڵیۆزخانەی خۆی دەکا لە بەغدا. هەر لەم پێوەندییەشدا چەکدارە توندڕەوەکانی حەشدی شەعبیی نیزیک لە ئێران لە هێرشێکی مووشەکیی ناسەرکەوتوو بۆ سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کە هێزەکانی هاوپەیمانانی لێ جێگیرن و نیزیک لە بنکەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانە، هەوڵیان دا پەیامێک بۆ هێزەکانی هاوپەیمانان بنێرێ کە هەرێمی کوردستانیش ناتوانێ بۆ ئەوان شوێنێکی ئارام بێ، ئەوە لە کاتێک‌دایە کە گەورەترین کۆنسولگەریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە هەرێمی کوردستانە و ئەم هەرێمە لە ڕووی ژئۆپۆلیتیکەوە گرینگیەکی تایبەتیی بۆ ئامریکا هەیە و بڕیارە سیستەمی بەرگریی پاتریۆتی لێ دابمەزرێنێ و هێرش کردنە سەری وەک شوێنەکانی تر عێراق نابێ. بێشک لە ئەگەری کشانەوەی باڵیۆزخانەی ئامریکا لە بەغدا و یەکانگیریی بەشێک لە باڵوێزخانە لە هەرێمی کوردستان، بەشی عەڕەبیی عێراق تووشی قەیرانێکی ئەمنیەتی دەبێ و وا وێدەچێ کە ئەم کشانەوەیەش گەمارۆ و زەختی ئابووریشی بەدوودا دێت، ئەوەش بە بارێکی دیکەدا بە زیانی ئێران دەشکێتەوە کە عێڕاق وەک حەسارخەڵوەتی سیاسی و ئابووریی خۆی چاو لێ دەکا.