کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێز وەک یەکلاکەرەوەی باڵانسی هاوکێشەکان

13:58 - 17 رەزبەر 2720

ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا وەک دەوڵەتێکی بەهێز و کاریگەر لە سیستمی نێودەوڵەتی لەدوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لە بریتانیا و چوونە نێو شەڕی یەکەم و دووهەمی جیهانی هەتا ئێستا، سیاسەتێکی دەرەکیی چالاکی گرتووەتە بەر کە پشتی بە ئابووریی بەهێزی ئەم وڵاتە و هێزی مڕۆیی و تێکنۆلۆژیی پێشکەوتووی شەڕ و زانیارییەکان بەستوە. ئایزێنهاوێر، سەڕۆک کۆماری ئەمریکا لە شەڕی دووهەمی جیهانیدا دەیگوت کاریگەریی ماشێنی نیزامی و تێکنۆلۆژی گەوڕەی شەڕی ئەمریکا لە مێژوودا وێنەی نەبیندراوە و، ئەمریکا بێ وێنەیە و بەناوبانگە. تڕامپیش لە پێشبرکێی هەڵبژاردنەوەی خۆیدا پاش زیاتر لە نیو سەدە دەڵێ چەکەکانی ئەمریکا گەیشتووەتە ئاستێک لە پێشکەوتوویی کە ئەگەر پیشان بدرێن ڕووسیە و چین وەک دوو ڕکەبەری ئابووری و نیزامیی ئەمریکا تووشی سەرسووڕمانی گەورە دەبن. سیاسەتی دەرەوی ئەمریکا بە پشتیوانیی سێ کوچکەی ئاسنینی ئابووری، نیزامی و یاسایی بەڕێوە دەچێ و، لەسەر کۆڵەکەی سێ بیچم دامەزراوە کە بریتین لە١) هێمێڵتۆنیزم (بەها تەوەر)، ٢) جەکسۆنیزم (هێز و ئەمنیەت  تەوەر) و ٣) ویلسۆنیزم (ئابوری و ئەمنییەت تەوەر) کە کۆشکی سپی لە هەر قۆناغ و بڕگەیەکی مێژووییدا هەر کام لەوان بەتەنیا دەگرێتە بەر یا پێکەوەیان گرێ دەدا. ئەمریکا لە ڕوانگەی نیزامییەوە لە شوێن و پێگەیەکەی زۆر تایبەت جێی گرتوە. بودجەی نیزامیی ئەمریکا بە تەنیا لە ئی شەش وڵاتی زلهێزی جیهان زیاترە و لە ڕووسیەش وەک بەهێزترین هێزی نیزامی ئورووپا کە خاوەنی ٥٠٠ کڵاوەی ئەتومییە زۆر لەپێشترە. ئەم بەهێز بوونەش لە ڕووی سەربازی، مەیدانی شیاوی بۆ سەپاندنی سیاسەتەکانی دابین کردوە، هاوکات ئابووریی ئامریکا بە بەڕهەمهێانی پاک‌نەکراوی زیاتر لە ١١ تریلیۆن دۆڵار و بودجەی ساڵانەی نیزیک بە یەک تریلیۆن دۆڵار ئەم دەرفەتەی بۆ ئەمریکا بەدی هێناوە کە بە سەرنجدان بە نیاز و پێداویستیی وڵاتانی دی هێزی مانۆڕی بەربڵاوی بۆ باڵادەستیی سیاسی و ئابووری و نیزامی هەبێت. ئەم تایبەتمەندییە هەمیشی ترسی خستووەتە دڵی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی، بە تایبەت کە چەند دەیەیە لەلایەن ئەم وڵاتەوە سزای ئابووریی قورسی خراوەتە سەر و، ئێستاش بە کارا کردنی میکانیزمی ماشە ئەگەری قورستر بوونی سزاکان چەند قات زراوی ڕێژیمی بردوە. ڕاستە لە ئێستادا وڵاتانی ئوڕووپایی و هاوبەشی سیاسیی ئەمریکا لە بەرجام (بریتانیا ، فەڕانسە و ئاڵمان) خوازیاری مانەوە و پاڕاستنی “بەرجام”ن و بەڕواڵەت نایانهەوێ لە پرۆژەی “لانی‌زۆری گوشار”ی ئەمریکا لە دژی ئێران ڕەگەڵ کەون؛ بەڵام ئایا دەتوانن ئەمریکا لەبەر کۆماری ئیسلامی بنێنە لاوە؟ ئورووپا دەزانێ کە کۆمپانیا زەبەلاحە ئەمریکییەکان لە کەرتی تێکنۆڵۆژی، زانست و ژینگە و هتددا وەبەرهێنانی زۆریان کردوە و زۆڕترین هەلی کاریان بۆ خەڵکی ئورووپا ڕەخساندوە و، لە ئەگەری هەر ناکۆکییەکی قووڵی ئەم وڵاتانە لەگەڵ ئەمریکا؛ ئەوەی زەرەرمەندی سەرەکییە ئەو وڵاتانە دەبن. لە لایەکی تر بە هۆی شوێندانەریی ئەمریکا لە دابین کردنی چەکوچۆڵ بۆ ئەم وڵاتانە و پاراستنی ئەمنییەتیان لە بەڕامبەر مەترسییەکانی ڕووسیە، چین و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە هەمبەر هەڕەشەکانی وەک کێشەی خاک، قۆرغ کردنی بازار و تێرۆریزم و هاوکات دابین کردنی پێداویستییەکانی دیکە و پاڕاستنی ناتــۆ؛ ئەم وڵاتانە  تا ڕادەیەکی زۆر بەستڕاوەیی هەمە لایەنەیان بە ئەمریکاوە هەیە. گرووپی نیزامی و ئابووریی ئەم وڵاتانەش بۆ پاڕاستنی بەرژەوەندییەکانیان بە فشار دروست کردن بۆ سەر سیاسەتی حکوومەتەکەیان مەجبور بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکایان دەکەن.  چونکی بە شێوەیەکی نەریتی ئورووپا لە ڕۆڵ و دەوری خۆی بە نیسبەت پرس و بابەتەکانی دەرەوەی سنووڕەکانی کە ئەمریکا بەشێک لە بابەتەکە بووە، لە هێڵ و بەرەی ئەمریکادا خۆیان دیوەتەوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئورووپا کێشەی مێژوویی و جیددیی لەگەڵ چین و ڕووسیە هەیە و ئەمەش وا دەکا لە نیهایەتدا ئورووپا بە مانەوەی لەو هێڵە ستراتیژییەدا ڕێچکەی تەواوکەری فشار بۆ سەر ئێران بگڕنە بەر. لە لایەکی تر دوو وڵاتی ڕووسیە و چین وەک دوو وڵاتی کاریگەر لە ئاستی نێودەوڵەتین و پێگەیان لە سێکتەرەکانی ئیدئۆڵۆژی، جوغڕافی، هێزی مڕۆیی، ئابووری، کەڕەسەی نیزامی و تێکنۆڵۆژی لە ئاستی دنیادا بەهێزە و خاوەن ماڤی ڤێتۆکردن لە شوڕای ئەمنیەتی نەتەوە یەکگرتووەکانن و وەک ڕکەبەرێکی بەهێزی ئەمریکا پلانمەند سیاسەتی خۆیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەرەو پێش دەبەن. ڕووسیە لە ڕووی سەربازی، وزە، ژیۆپۆلۆتیک و ژیۆکاڵچێردا بەدوای گەڕاندنەوەی شکۆی لەدەست چووی پاش ڕووخانی یەکیەتیی سۆڤیەتدا دەگەڕێ و دەیەوێ قەرەبووی هەموو مەیدان چۆڵ کردنەکانی پێشووی لە بەرامبەر ئەمریکادا بکاتەوە. چینیش وەک وڵاتێکی زڵهێزێکی حەشیمەتی، تێکنۆلۆژی و ئابووری بە تەمای گرتنە دەستی پلەی یەکەمی ئابووری و مونۆپۆل کردنی بازاری جیهانییە. ئەم دوو وڵاتە بەدووی ئەوەدا دەگەڕێن لە هێژمۆنیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بدەن و مەیدانی مانۆڕی ئەم زلهێزە جیهانییە بەتایبەت لەو ناوچەیەدا تەنگەبەر بکەن. بەڵام هەڵوێستی دوو وڵاتی ڕووسیە و چین کە خۆیان وەک پشتیوانی ئێڕان لە هاوکێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا دەردەخەن، شیاوی تێڕامانە. لەڕاستیدا ڕووسیە وەک بازاڕێکی گەورەی فڕۆشتنی چەکوچۆڵ و ڕۆڵ و دەوری کومپانیا ڕووسییەکان لە سێکتەری وزەدا لە ئێڕان دەنواڕێ. بەپێی نەریتی ئەم وڵاتەش بێتوو هاوبەشێکی باشتر لە ئێران بدۆزێتەوە، زۆر ئاسان پشت لە ئێران دەکا و لەگەڵ ئەمریکا دەسازێ، نموونەی ئەمەش لە مێژووی پێوەندییەکانی ئەم دوو وڵاتەدا زۆر بینراوە. بۆیە ڕووسیە ئێران تەنیا وەک کارتێکی فشار لە بەرامبەر ئەمریکادا دەبینێ. پوتین پاش سەرکەوتنی لە دەوری دووهەمی سەڕۆکایەتیی ڕووسیە کە لە قۆناغی یەکەمدا دیسکۆڕسی “بەربەرەکانیی پۆزەتیڤ”ی گرتبووە بەر، ستراتیژیی حکوومەتەکەی بە ئاڕاستەی هێرشبەری لە بواری وزە و پێداگری لە سەر بوونی ڕووسیە وەک زڵهێزی وزە گۆری و ئێڕانیش کە ئێستا بە هۆی گەماڕۆکانی ئەمریکا لە بەشی وزە، بانک و چەکوچۆڵدا ناتوانێ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا چالاک بێ؛ سروشتییە کە ڕووسیە وەک خوانێکی چەور لێی دەڕوانێ و قۆڵی لە بەتاڵان بردنی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئێران هەڵماڵیوە و دیارە کە زەرەمەندی سەرەکییش لەو نێوەدا هەر ئێرانە. لەولاش چین کە لە هەمبەر ئێراندا سیاسەتێکی دووفاقەی گرتووەتە بەر و هاوچەشنی ڕووسیە وەک کارتێکی گوشار بەڕامبەر ئەمریکا لەو شوێنانەی لە ڕووی ئابووری و هێژمۆنییان (وڵاتانی ئەفریقایی) تووشی بەریەک کەوتن دەبن، ئێران وەک کارتێک دەکاتە قەڵغانی بەرژەوەندییەکانی. کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بەهۆی بەردەوامیی لە سیاسەتی هەناردەی شۆڕش، دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچە و خەونی هیلالی شیعی و پاڵپشتیی تێرۆریزمی نێودەوڵەتی ئاراستەیەکی گرتووەتە بەر کە مەترسیی زۆر لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دروست دەکا، ئەمەش لە نیهایەتدا وا دەکا هاوبەشە سیاسییەکانی ئەمریکا کە لە ئێستادا لایەنگری کارا کردنی میکانیزمی ماشە نین، دواجار پشتی ئەم بڕیارەی ئەمریکا بگرن و پاڵپشتی بن. دیوێکی دیکەی ئەم نەخشەیە بوونی ئیسڕائیل و وڵاتە نیوە دێموکراتیکەکانی ناوچەیە کە لە ئاکامی بەهاری عەرەبی و گۆڕانکارییەکانی دەیەکانی ڕابردوودا دروست بوون و ئەمریکا لە هەر حاڵدا لەسەر پاراستنی ئەم وڵاتانە لە مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی سوورە، ئەم وڵاتانەی کە مانەوەیان بەشێکە لە ستراتیژیی درێژمەودای ویلایەتە یەکگرتووەکان. هەر ئەوەشە کە لەو ماوەیەدا هەوڵی ڕێککەوتنی سەدە بە ئەندازیاریی ئەمریکا پتر لە هەموو کاتێک چووەتە پێشێ و مەبەستی سەرەکی لەوەش پێش گرتن بە قەیران خوڵقێنی و سیاسەتی شەڕەنگێزیی کۆماری ئیسلامیی ئێڕانە. بە شێوەکی گشتی ستڕاتیژیی بنەڕەتی و گشتگیری ئامریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین بریتین لە: پاڕاستن و بەهێزکردنی پێگەی نیزامی و بەستنی ڕێککەوتنی ئەمنییەتی و سەربازی لەگەڵ دەوڵەتان، بەڕەوپێش بردنی پڕۆسەی ئاشتی و پلانی ئابووری و سیاسی، دژایەتی توندی وڵاتانی وەک ئێڕان، سووریە و هێز و گڕووپەکانی وەک حیزبوڵڵا و حەماس و بونیادگەرای ئیسلامی سوننە کە سپانسەریی شێواندن و تێکدانی ئەمنیەتی ناوچەکە دەکەن. هەر بۆیە لە هەموو ئەو بەستێنانەدا کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک کۆسپ لەبەردەم ئەمریکادا قوت دەبێتەوە. ئەم بارودۆخە ئابووری و کۆمەڵایەتییەی ئێستاش کە ئێران تووشی بووە و کۆمەڵگەی بەرەو ڕووخان و داڕمان بردوە، لێکەوتەی سیاسەتەکانی ڕێژیم بۆ جەمسەربەندی دژی ئەمریکان. لە درێژەی ئەم ڕەوتەدا ئەمریکا بە چالاک کردنی میکانیزمی ماشە ئەگەر بە تەنیاش بێ، لەبەر ئەوەی هێژمۆنیی ئابووری، سەربازی، دیپڵۆماسی و تێکنۆڵۆژیی بە سەر ئورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا هەیە و خاونی سیاسەتی پاراستنی سەروەری سیاسی و یاسایی زۆر لەم وڵاتانەیە، یەک‌لایەنەش بووبێ دەتوانێ لەم بڕیارەدا سەرکەوتن بە دەست بێنی. بەم پێیە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تەنیا دوو ڕێگەی لەبەرە: یان ملدان بە وازهێنان لە بەرنامەی ئەتومی و مووشەکی و وەلانانی سیاسەتی پشتیوانی لە تێرۆریزم و ڕێگە کردنەوە بۆ دێموکراسیی نێوخۆیی و گۆڕینی دێموکراتیکی دەسەڵات؛ یان تەریک کەوتنەوەی زیاتر و ڕووبەڕوو بوونەوەی پتر لەگەڵ ئەمریکا و هاوبەشە سیاسییەکانی کە لەوانەیە چارەنووسی ئێران و کۆماری ئیسلامی بەرەو ئاقارێکی دیکەدا ببا.