کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"زانیاری بۆ ڕزگاری" و "قوتابخانە سەنگەرمانە"

03:02 - 26 رەزبەر 2720

"زانیاری بۆ ڕزگاری" و "قوتابخانە سەنگەرمانە" لەو دروشمە جوانانە بوون کە کاتی خۆی لە قوتابخانەکانی شۆڕشدا ھەڵ‌داوەسران و قوتابییان بەم دروشمانە بۆ داھاتوو پەروەردە و گۆش دەکران. سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران و ڕەوینەوەی ترسی حوکمی پاشایەتی بە تایبەتی لە کوردستاندا بوو بە ھۆی بووژانەوەی بواری فەرھەنگی و کولتووری و جارێکی تر بە بیروھزری کوردانەوە دەرگای خوێندنگە و قوتابخانەکان بە ڕووی شەیدایانی فێربوونی زمانی زگماکی کوردی خرانە سەر پشت و لە ماوەیەکی کورتدا گۆڕەپانی قوتابخانەکان لە قوتابییان جمەی ھات و سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب بوو بە وێردی سەرزمانی قوتابیان و شنەی ئازادی باڵی بەسەر نیشتیماندا کێشا . زۆری نەخایاند پەڕتووکی کوردی بۆ قوتابخانەکان لە لایەن شۆڕشەوە بە ڕێژەیەکی باش چاپ کران و قوتابیان مژووڵی خوێندن و مامۆستایانی شۆڕش ئەرکی وانە وتنەوەیان گرتە ئەستۆ. لە شار و شارۆچکە و ناوچەکاندا مەڵبەندی ڕاھێنان بۆ زمانی کوردی دانران. زمانی کوردی لە ماوەیەکی زۆر کورتدا پەرەستاندنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و فێرخوازان بە تامەزرۆییەوە ڕوویان لە مەڵبەندەکانی خوێندن دەکرد، سرودی نیشتیمانی لە لایەن قوتابیانەوە لەبەر دەکران و لە بۆنە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکاندا دەگوترانەوە، ئەمە دەست‌پێکێکی باش بوو بۆ بووژانەوەی زمانی کوردی کە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا تاکوو ئەو سەردەم یاساغ بوو . لەم نێوەدا ئەرکێکی گران کەوتە سەر شانی ئەو خەمخۆرانەی کە شۆڕشیان بەڕێوە دەبرد، چ لە دابین کردن و چاپ کردنی پەڕتووکی کوردی، چ لە خوولی ڕاھێنان بۆ مامۆستایانی شۆڕش و دابین کردنی کەرستەکانی خوێندن . ئەو ھەلومەرجەی کە ئەو سەردەم بە ھیممەتی شۆڕش و بیری ئازادیخوازانی نیشتیمان ھاتە کایەوە بوو بە دەرفەتێکی باش بۆ خۆ پێگەیاندن و تۆکمە کردنی زمانی کوردی، ھێدی ھێدی پەرەوردەیی لە زمانەوە ڕووی لە چەمکەکانی تری فەرھەنگی و کولتووری کرد و  وەگەر کەوتنەوەی یەکیەتیی لاوان لەو سەردەمدا لە ھەموو شار و شارۆچکەکان و ھەتا لە گوندکانیش ڕەخسانی بوارێکی باش بوو بۆ شانۆ، سروودی شۆڕشگێڕی و بە گشتی خۆ جۆشدان گەڵ ئەو سەردەمی خەباتدا . دوای ئەوەی کە ھێرشێکی بەربڵاو لە لایەن حکومەتی ناوەندی کرایە سەر کوردستان و شەڕێکی سەخت و خوێناوی بۆ پاراستنی خاکی کوردستان دەستی پێکرد، قوتابخانە و خوێندنگاکانیش کەوتنە قۆناغێکی تر، بەڵام شۆڕش لە گەڵ ئەوەی لە ھەموو ناوچەکاندا کە حاڵی بەرگری و شەڕدا بوو، بواری پەروەردەی فەرامۆش نەکرد و کۆڕی پەروەردە و فێرکردنی سەراسەری لەو سەردەمدا ڕۆڵێکی گەلێک گرینگ و بەرچاوی بینی، ئەو جار مامۆستایانی شۆڕش لە لایەکەوە کە مامۆستا بوون و مژووڵی وانە وتنەوە بوون، لە لایەکەی تریشەوە چەکی شەڕەفی پێشمەرگانەیان لە شاندا بوو قۆناغ بە قۆناغی شۆڕش ئاوێتەی شۆڕش بوون و ئەرکەکانی خۆیان بە باشترین شێوە بەڕێوە دەبرد. سەرەڕای ھەموو ئەو سەختی و دژواریانەی کە دەھاتە سەر ڕێگەیان لەو سەردەم دا، بەڵام قوتابی و قوتابخانەکانیان لە یاد نەکردن و دروشمەکانی زانیاری بۆڕزگاری و قوتابخانە سەرنگەرمانە ھەروا دروشمی سەر زاری قوتابیان بوون و بۆ داھاتووی خەبات خۆیانیان پێ تەیار دەکرد .