کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورتە یادێک لە کەسایەتی و سەربازە گومناوەکانی شاری نەغەدە و ناوچەکەی

16:08 - 1 خەزەڵوەر 2720

لە مەڵبەندی خۆمانم بیستوە: دەیانگوت،”کاتێ تەمەن چووە سەر و پیری خۆی سەپاند، مرۆ لە دەست‌ودوو کەوت، لەبەر بەڕۆچکەی بن دیواران، یان بەر سۆبە‌ی ‌و گۆڕکی ماڵان دادەنیشێ؛ دەوری ڕووداو و بەسەرھاتەکانی ڕابردوو دەکاتەوە”، ئێستێ ئەو نەقڵە، ڕاست لەخۆم ڕووی داوە!... یاد و سەربردەکانی خۆم نووسیون، تا ڕادەیەک یادی ڕابردووم کردۆتەوە. ئەو بابەتانەی بەلامەوە گرینگییان ھەبووە، یان کەسانێک پێوەندییان بە باس‌ و بابەتەکانی ئێمەوە ھەبووبێ، کەم یان زۆر، باسم کردوون. جاری وەھا بووە، ڕێگام لە مەڵبەندێک،‌ یان ماڵێکی نەناسیاو کەوتوە، ئەگەر ناویشیم لەبیر نەمابێ بە ناوبردنی مەڵبەند‌ و شوێنی نیشتەجێی، وەکوو وەفایەک، باسی پیاوەتی‌ و میوان‌نەوازییەکەیانم کردوە. کەچی لە باس ‌‌و بەسەرکردنەوەی شاری نەغەدە و ناوچەکەیدا، کەمتر لەسەر سەربازە ونەکانی ڕیزی خەباتی ڕزگاریخوازانە ‌و کەسایەتییەکان‌ و سیمای واقعیی ئەو شار و ناوچەیە دواوم‌. وێڕای ئەوە کارەکەی خۆمی نەقوستان کردوە، تاڕادەیەک بێ ئەمەگییشی پێوە دیارە‌. جا بۆیە بەنیازم لە نووسراوەیەکی جیاوازدا وەک وردە یاداشت، بەداوای لێبووردنەوە، بەسەریان ‌کەمەوە؛ لە سەرەتای بەرگی دووھەمی نووسراوەی “لە قەرەقشڵاخەوە بۆ سوئێد” ئاماژەم بەوە کردوە: ساڵی ١٣٤٩ی ھەتاوی وەکوو سەرکرێکار، چوومە کوورەخانەی میرزا ڕەحیمی خەڕازی لە شاری نەغەدە...   ١) نەغەدە نەغەدە، شارێکە دانیشتووەکانی لە دوو نەتەوەی کورد و عەجەم، پێک‌ھاتوون. تێکەڵاوێکە لە دوو زمان ‌و مەسەبی جیاوازی سوننی ‌و شیعە. وێڕای جیاوازیی کولتوور و داب‌ونەریت، تەبا و ڕەبایی ‌و پێکەوەحاوانەی دانیشتووانی ئەوشارە، زەق‌ و بەرچاو بوو. زۆر دراوسێ‌ و ھاوگەڕەکی ئازەری زمانم ھەبوون کە، ئەخلاق‌ و دراوسێیەتییان ناخۆش نەبوو. دەگوترا: زۆر ساڵ‌وعەیام بوو کورد و عەجەم لەو شارەدا، وەکوو دوو دراوسێ، بە ئاشتی ‌و سەفا پێکەوە، ژیانیان بەسەر بردوە. ژن‌ و ژن‌خوازی‌‌ و خزمایەتی‌ لەنێویاندا، ئاسایی بوو. زۆرکەس لە کوردەکان، ژنی تورک زمانیان ھێنابوون، ھەروەھا تورکەکانیش ژنی کوردزمانیان خواستبوون. گەلێکیان خاڵ ‌و خوارزا لێ پاشەکەوت ببوون. لە بۆنەکانی شایی ‌و شیندا، ھاوبەش‌ و ھاوخەمی یەکتر بوون. بەھەرحاڵ، وەکوو دەڵێن: ھەموو کۆمەڵگەیەک بەشی خۆی‌ موشکیلە ھەیە. بەڵام وێڕای جیاوازیی زمان ‌و داب‌ونەریت، کورد و عەجەمی نەغەدە، ناتەبا نەبوو‌ن‌ و جیرانەتی ‌و خزمایەتییان ناخۆش نەبوو. ژیان لەو شارەدا ڕەواڵی ئاسایی خۆی دەپێوا، کورد و عەجەمی ئەو شارە خۆشی ‌و ناخۆشییەکانیان پێکەوە وەپشت سەر دەدان. ئەو ڕەوتە‌ هەتا ڕووخانی حکوومەتی شا، درێژەی ھەبوو. ئیدی بە ڕووخانی دیکتاتۆریی حەمەڕەزاشا، خەڵکی شار، بەتێکڕایی ڕژانە شەقام‌ و کۆڵانان کردیان بە شادی‌ و شایی‌. بە دڵێکی پڕ لە ھیوا خەونی خۆشیان بە ئازادی ‌و خێروبێری‌‌ دواڕۆژی شۆڕشەوە دەدی و... حکوومەتێکی نوێ، بەناوی حکوومەتی ئیسلامی بە ڕێبەرایەتیی “ئیمام‌ خومەینی” جێگای نیزامی پاشایەتیی گرتەوە! خەڵکی ئەو شارەش وەکوو گشت خەڵکی ئێران، ھێشتا سەرخۆشیی سەرکەوتنی شۆڕش، بەری نەدابوون ‌و وەخۆ نەھاتبوونەوە. بێ ئاگا لە ھەموو فێڵ ‌و فریوێک، ‌‌وەکوو مەنجەڵی سەر ئاور قوڵتیان دەدا. لەوکاتەدا بوو: ئاخوندە کۆنەپەرستە‌کان، پەرەیان دەستاند و جومگەکانی دەسەڵاتی وڵاتیان دەگرتە دەست. لات‌ولووت ‌و تاوانبارانی سەردەمی ڕێژێمی پەھلەوییان، لە دەوری خۆیان کۆ کردنەوە، کەوتنە پیلانگێڕان. وەکوو دەگوترا: پێشتر ئاخوند حەسەنی ئیمام (جومعەی ورمێ)، کە بەھۆی بەکرێگیراوانی، پیلانی ئاژاوەی بۆ شاری نەغەدە داڕشتبوو؛ مێتینگی حیزبی دێموکراتیان قۆستەوە. لەلایەن بەکرێگیراوانی کۆنەپەرست، ئەو مێتینگە درایە بەر دەسڕێژ و گەلێک کەسی کوردی دڵ پڕ لە ئاواتیان لە مەیدانی میتینگەکەدا، خەڵتانی خوێن کرد. خەونی خۆشی خەڵکی ئەو شارەیان کرد بە مۆتە. شەڕی نێوان کورد و عەجەمیان لە نەغەدە ھەڵایساند. لەو شەڕە نگریس‌ و ماڵوێرانکەرەدا، دەیان بنەماڵە، لە کورد و عەجەم، داغدار بوون ‌و شیرازەی ژیانیان پسا. تا ئێستاش برین ‌و ئاسەواری ئەو شەڕە تووک‌لێکراوە، قەتماغەی نەبەستوە و ئێشەکەی لەسەر ڕوح‌ و ڕەوانی ئەو خەڵکە فێڵ‌لێکراوە ‌ھێدی نەبووە. ئێمە لە بەرگی دووھەمی “لە قەرەشڵاخەوە بۆ سوئێد” لە لاپەرەی ٧٦دا لەسەر ئەو شەڕە، دیتن‌ و تاقی کردنەوەی خۆمان ھێناوەتە سەر قاقەز. لێرەدا لەوە زیاتر لەسەری نادوێم. ‌لێکدانەوە و داوەری لەسەر ئەو ڕووداوە پڕ لەژانە، بۆ کەسانی پسپۆڕ و ئاگاداری خاوەن‌نەزەر و ویژدان بەجێ دێڵم.   ٢) دەگەڕێمەوە سەر خەباتگێڕ و کەسایەتی‌ و کوردە نیشتمان‌پەروەرەکانی ئەو شارە. پێش چوونم بۆ نەغەدە، تەنیا دەگەڵ کاک ڕەحمان عەزیزی، وەکوو ئەندامێکی چالاکی حیزبی دێموکراتی ئەو سەردەم،‌ ئاشنایەتیم ھەبوو. پێشتر خۆم شارەزایی تەواوم لەسەر کەسایەتییەکانی ئەو شارە نەبوو. بە مانەوەم لە نەغەدە، بۆم دەرکەوت کەسایەتیی ناسراوی خاوەن‌ ڕابردوو، لەو شارە کەم نەبوون. لێرەدا تەنیا ناوی کوچ‌کردووەکان ‌دێنین. دەتوانین ئاماژە بە کەسانی وەکوو ڕەوانشادان: کاک مەلا سادقی‌کاوە، کاک ئەحمەدی ‌ئاھنگەری، مەلاسەید ئەحمەد ‌سەعدەیی، میرزا عەوڵای پاک‌سروشت‌ و...‌ بکەین. ئەو کەسایەتییانەی لە سەرەوە ناوم بردوون ھەرکام لەوان بە نۆرەی خۆیان، وەکوو خەباتگێڕێکی خەباتی ڕزگاریخوازی ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، چەند ساڵ تەمەنی لاوەتیی خۆیان، لە زیندانەکانی حەمەڕەزاشا،‌ یان لە دەربەدەریدا بەڕێ کردبوو. کەسایەتییەکی تر لە خەباتگێڕانی دێرین ‌و سەربازە گومناوەکانی ناوچەی سندوو‌س ‌و نەغەدە، کاک حەمەدی خانمێ‌ بوو. ناوبراو لە سەردەمی کۆمارەوە تا نیزیک لە ڕووخانی حکوومەتی شا، وەکوو خەباتگێڕێک‌ و ئەندامێکی بەئەمەگی حیزبی دێموکراتی کوردستان، وەفادار مایەوە. لەسەرەوە ناوی کاک ڕەحمان عەزیزیم ھێناوە: ناوبراو، لە ئەندامە چالاک‌ و نهێنی‌کارەکانی ئەو سەردەمە بوو. ئاشنایەتیی من دەگەڵ کاک ڕەحمان، دەگەڕایەوە ساڵی ١٣٤٢ی ھەتاوی. بۆ یەکەم‌جار، لەو دیوی سنوور، چاوم پێی کەوت کە، بۆ بەجێ‌گەیاندنی ئەرکی حیزب ھاتبوو. ھاوکار و ھاوڕێی شادڕەوان کاک سەعید کوێستانی بوو. ئیدی بەدوای یەکەم جاریدا چەندین جاری دیکە بەنهێنی ھاتەوە ئەودیو. ئیدی لەوێ‌ڕا بوو دەگەلێ بووم بە ئاشنا و ھاوڕێ. ناوبراو، وەکوو زۆربەی ھاوڕێکانی ئەو سەردمەی حیزب، بەداخەوە نەخوێندەوار بوو. بەڵام لە وریایی و خۆپارێزی و نهێنکاریدا، کەسێکی بەئەزموون بوو. لەماوەی ئەو چەند ساڵە‌دا وێڕای بەجێ‌گەیاندنی ئەرکەکانی نهێنییەکانی حیزبی بەباشی پاراستن. ھەمووی ئەو کەسایەتییانەی لە نەغەدە و ناوچەکە ناوم ھێناون، ھەرکام لەوان سەربازێکی گومناوی سەردەمی خۆیان بوون. بە سەری بەرزەوە تەمەنیان بەڕێ کرد و بە دڵێکی پڕ لە ئاواتی ئازادیی کوردستانەوە، ماڵئاواییان لە ژیان ‌و نیشتیمان ‌کرد. یادیان بەخێر و ڕوحیان شاد بێ. نەغەدە زۆر کەسایەتیی چالاکی دیکەی ھەن کە ئێستێ لە ژیاندا ماون. بەداخەوە تۆزی پیرییان لەسەر نیشتوە، بەڵام ھێشتا ھەر خاوەن ئیرادەن‌ و ئاواتەکانیان لەسەر جێگای خۆیانن. بەھۆی باری ئەمنی و‌ لەترسی شڵتاغی کۆنەپەرستان، خۆم لە ناوھێنانیان دەبوێرم. کوردەکانی دانیشتووی شاری نەغەدە، بەشی ھەرە زۆریان خاوەنی کەسایەتیی بەھێز و پێز بوون. بە بۆچوونی خۆم، بۆ ئەوە دەبوون دەرسی نیشتیمانپەروەرییان لێ‌فێر بم، لێرەوە داوای ساخی ‌و دوورەبەڵایی‌ و سەربەرزییان بۆ دەکەم‌.   ٣) لێرەدا جێگای خۆیەتی یادی دوو دۆستی بەوەفای کوردان، دوو ئازادیخوازی ئازەری زمانی ناوچەی سندووس، بە ناوەکانی، سەرمەستی باقری، لە دێی گۆڕناوێ، ‌و حەسەنقوڵی قارەمانی، لە دێی عەجەملیان، بکەینەوە: زۆر لەمێژ نەبوو ھاتبووم بۆ نەغەدە، زۆرم ھاتوچۆی دوکانەکەی ڕەوانشاد، کاک ڕەسووڵ عەبدوڵڵازادە، یان ڕەسووی حاجی مامەی، دەکرد. ڕۆژێک لە دوکانەکەی کاک ڕەسوو بووم، کاک ڕەحمانی عەزیزی، دەگەڵ برادەرێکی ئازەری زمان ھاتن بۆ دوکانەکەی کاک ڕەسووی. ئەمن برادەرە ئازەرییەکەم نەدەناسی. کاک ڕەحمان، ڕووی کردە من، گوتی: چما ئەتۆ سەرمەستی ناناسی؟ ناوی سەرمەستم پێشتر لە کاک سەعید بیستبوو، بەڵام لەنزیکەوە، دەگەڵی ئاشنا نەببووم. ئیدی ڕەوانشاد ڕەسووی حاجی مامەی، کردی بە جەفەنگ، گوتی: چۆن سەرمەستی خودانەناسی ھەڵگەڕاوە لە دین ناناسی؟... ئیدی ئەوە سەرەتای ئاشنایەتیی من دەگەڵ سەرمەست بوو ، دواتر بەھۆی کاک ڕەحمان‌ و کاک سەعید کوێستانی، و کاک ڕەسووڵی حاجی مامەی، دەگەڵی بووم بە دۆست و ئاشنا. سەرمەست یەکێک لەو دۆستە عەجەمانە بوو. کاک سەعید کوێستانی دەیگوت: کاتێ، بۆکاری سیاسی دەگەڕامەوە چاوم بە سەرمەست دەکەوت. کاک ڕەحمانی ھەمزەی دەیبردم بۆ لای سەرمەست. کاک سەعید، زۆر داستانی وەفاداریی‌ دۆستە عەجەمەکانی نەغەدەی بۆ گێڕاومەوە، غایەتێکی ئەمن ناوی ھەموویانم لەبیر نەماوە... دواتر دەگەڵ عەجەمێکی سوورکارەی چاوشین، ئاشنا بووم، بەناوی حەسەنقوڵی قارەمانی. کاک مەلاسادق ‌و مامۆستا سەید ئەحمەد، ناوبراویان پێ ناساندم. مەشەدی حەسەنقوڵی قارەمانی، دانیشتووی دێی عەجەملیان بوو. لە دۆستایەتیدا، فیداکار بوو. دوای ئەو دەگەڵ حەسەنقوڵی بووین بە دۆست‌ و ئاشنا، وا ھەڵکەوت کۆنە باغێکمان لە ئاغاکەی دێی عەجملیان کڕی گڵەکەی بێنین بۆ کوورەخانە. زۆرم ھاتوچۆی دێی عەجملیان دەکرد، دەچوومە ماڵەکەی حەسەنقوڵی. ناوبراو لە خەباتگێڕه ئازادیخوازەکانی سەردەمی حکوومەتی دوکتور موسەدیق، ھاوڕێی شادڕەوان کاک کەریم حیسامی بوو. دوای شەڕی نەغەدەش، حەسەنقوڵی ‌و سەرمەست پێوەندی‌ و دۆستایەتیی‌ خۆیان دەگەڵ کوردان بەگشتی ‌و برادەرانی ئێمە، بەتایبەتی پاراست ‌و نەپساند. حەسەنقوڵی دەگەڵ شەھید محەممەد نادر و شێخ موحەممەدی بڵباسی یادیان بەخێر، لەپێوەندیدا بوو. ئەو دوو کەسانە، سەرمەست ‌و مەشەدی حەسەنقوڵی، دۆستی بەمانای وشە بوون. ڕوحیان ھەرشاد بێ... ویستم بەو چەنددێڕە؛ یادێک لە کەسایەتییەکانی شاری نەغەدە و ناوچەکەی بکەمەوە.