کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قۆناغەکانی پێناسەی مافی مرۆڤ، لە ڕێنێسانس هەتا سەرەتای سەدەم بیستەم

16:10 - 1 خەزەڵوەر 2720

ڕێنسانس هەتا شۆڕشی مەزنی فەرانسە ڕێنسانس یان لەدایکبوونەوە، شنەی فێنکی نوێ‌بوونەوەی ژینی زانست و وێژەی بەدوای خۆیدا هێنا. بزووتنەوەی زانستی و سەرهەڵدان و درەوشانەوەی ئەستێرەکانی پێشەنگی، قوەچی قوربانی وەک «گالیلە»، «دێکارت» و «کۆپێرنیک» لە تەنیشت شۆرشی ئایینی «مارتین لۆتێر» و «کاڵوین»، ئورووپای لە خەوی هەزار ساڵە هەڵساند و ڕایچڵەکاند. هەوڵ و تێکۆشینی قەشە جیابیرەکان لە پەنا بیرمەندانی وەک دێکارت، کلیسە و کتێبی پیرۆزی تەوڕاتی لە بنەما و تەوەربوون خست و بەرەو ئاوەزی ئینسانی و ڕەسانەیەتیی هان دا. ئەمە بەشێکی بۆ هێز گرتنی موسلمانان و دەست‌بەسەر داگرتنی باشووری ئورووپا و دواتر داگیرکاری یونان لەلایەن عوسمانلییەکان و پەراکەندە بوونیان و بڵاو بوونەوەی زاسنتی ئەوان بۆ هەموو ئورووپا بوو. ئاکامەکەی، فێربوون و چاوکراوەبوونی بەربڵاو لە ئورووپا بوو کە مرۆڤ لە بان و مرۆڤ تەوەری وەک بنەمای سیستەمی کۆمەڵایەتی و پێکهاتەی سیاسی ئورووپای ئەو سەردەمی لێ هات. لەو چاخ‌دا تێکۆشین و خەباتی بەردەوامی ئازادیخوازان لەبەرامبەر زاڵمان بووە هۆی هێنانە ئارای سکاڵای حقوقی و نووسینەوەی ڕاگەیاندن‌نامەی ساڵی ١٦٢٨ کە لە ڕاگەیاندنی حقوقی دواتر کە لە ساڵی ١٦٨٨ لە ئینگلستان کاری پێ کرا، ڕەنگی دایەوە. بیرمەند و فەیلەسووفێکی زۆر لەو چاخەدا سەریان هەڵدا و هەرکام لە هزری فەلسەفی خۆیان‌دا بە جۆرێک ئاماژەیان بەم پرسە کردوە. «سەنت ئاگوستین» لە ژێر کاریگەریی کلیسا، مرۆڤ بە ئازاد دەزانێ بەڵام هۆکاری دیل بوونیشی بە تاوانبار بوونی خۆی دەشوبهێنی. «سێن توماداکێن» مرۆڤ وەک سڤیل تەبع پێناسە دەکا و ئازادی لە بنەمای سەرەکیی وجودی مرۆڤ دەزانێ. لە کۆتاییەکانی ئەو سەردەمە بڵاوبوونەوەی دووهەمین ڕاگەیاند‌ن‌نامەی مافی مرۆڤی ناسراو بە «داخۆیانی ئازادی» ئەمریکا لە ساڵی ١٧٧٦ جێگای سەرنجە کە لەوێدا ئاماژەی بە مافی بێ ئەملاوئەولای بنیام وەک، ژیانێکی ئازادانە و بەختەوەری دەکات. ڕاگەیەنراوی حقووقیی ١٦٨٩ی بریتانیا، یاسای پڵیمۆتی ئەمریکا لە ساڵەکانی ١٦٣٦ و جاڕنامەی ئازادی لە دێسامبری ١٦٤٢ ئاماژەیەکە لە گۆڕانی خێرای ساڵەکانی کۆتایی ئەم سەردەمە و گۆڕانکاری لە تێگەیشتن و پێناسەی چەمکی مافەکانی مرۆڤ. لەم سەردەمەدا کە شۆڕشی مەزنی فەرانسە لە ١٧٨٩ کۆتایی پێدێ، هۆکارگەلی زۆر وەک شۆڕشەیلی زانستی و کولتووری، ئاشنایەتی بەربڵاو دەگەڵ دەوروپشتی خۆیان، ناسینی ئۆلە جیاوازەکان و چەمکی ماف لە دەقە پیرۆزەکاندا، بۆ گووران و شەقڵ گرتنی کانسێپتی مافەیلی بنیام کاریگەرییان هەبووە.   شۆڕشی مەزنی فەرانسە هەتا سەرەتای سەدەی بیستەم یەکێک لە کاریگەرترین و زێڕینترین سەردەمەکان بۆ ڕۆنانی مافەکانی مرۆڤ، ئەو چاخەیە کە لەخۆیدا بوویەری گرنگ و پڕبایەخی وەک شۆڕشەکانی فەرانسە، ئەمریکا و بەریتانیای تێدا ڕووی داوە و لەلایەکی دیکەوە، وەک بەرژەنگ و بەرایی جیلی یەکەمی مافی مرۆڤ دەژمێردرێ. ئەم سەردەمە کە بەشێکی زۆری لە چاخی ڕەوشەنگەری‌دا هەڵ‌کەوتوە، ڕووناکبیرانی سیاسی وەک «مۆنتێسکیۆ»، «بکاریا» و «ڤۆلتێر» باس و چالاکییەکانیان زۆرتر لەسەر بڵاوکردنەوەی ئازادی و بەرابەری هەڵ‌چندرابوو. لەم سەردەمەدا هێورهێور ئازادی وەک مافی هەموو مرۆڤەکان دێتە بەرباس و مافەکانی مرۆڤ لە ئۆل و ئایینە جۆربەجۆرەکان، جیا دەکرێتەوە. لەم دەورانەدایە کە مرۆڤ لەبەر ئینسان بوونی دەبێتە خاوەن مافی خۆی و بۆ یەکەم ڕا مافی سڤیل بە شێوەیەکی تەواو دەدرێتە شارۆمەندان، سەرچڵەپۆپەی ئەم ڕووداوانەش لە ڕاگەیاندنەکانی حقووقیی ئورووپا و ئەمریکا بەرچاو دەکەوێ. بێگومان شۆڕشی گەورەی فەرانسە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی مافەکانی مرۆڤ بووە کە لە ئاکام‌دا گەیشتە ئەو جێگایەی کە ڕاگەیاندن‌نامەی ناسراو لە ژێر ناوی «مافەکانی مرۆڤ و شارۆمەندانی فەرانسە»ی لێ‌کەوتەوە. ئەم ڕاگەیاندنە بۆ یەکەم جار چەمکی مافەیلی مرۆڤی هێنایە نێو باسەکانی حقووقی و بۆ خەڵک ماف و بۆ حکوومەتەکانیش ئەرکی دیاری کرد، ئەو کارەی کە لە ئاکامدا بووە هۆی گەشەی چۆنیەتی بیرکردنەوەی کۆمەڵانی خەڵک و گۆڕانکارییەکانی مەزن و قووڵی کۆمەڵایەتی. ئەم ڕاگەیاندنە لە ٢٦ی ئوتی ١٧٨٩ لەلایەن پارلمانی نەتەوەیی فەرانسە پەسند کرا، بە ئاشکرا باس لەوە دەکا کە، مرۆڤەکان ئازاد لە دایک دەبن، مافی ئازادی، مافی خاوەنداریەتی، مافی بەرگری لە هەمبەر زوڵم، مافی ئازادیی بەیان، ئازادی هەڵبژاردنی ئۆل، مافی چاپەمەنی و هەروەها مافی هەبوونی کەرامەتی ئینسانی-یان هەیە، ڕاگەیاندنی مافەکانی مرۆڤ و شارۆمەندانی فەرانسە لە گشتگیرترین و پێشکەوتووترینی ئەو بەڵگانەن کە لەم بەستێنەدا نووسراوبێتەوە و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر وڵاتان هەبووە، بەجۆرێک کە زۆرێک لە وڵاتان لە نووسینەوەی یاساکانی خۆیان کەلکیان لەو ڕاگەیاندنە وەرگرتوە. لەم سەردەمەدا و لە بەرەکەتی گەشەی بیر و شۆڕشەکانی سیاسی سەدەی هەژدەهەم کە پەیامهێنەری ئازادی بەرابەری و برایەتی بوو، ڕەوتی بەنێودەوڵەتی بوونی مافەکانی مرۆڤ لە چوارچێوەی گرێبەستەکان لە سەدەی نۆزدەیەم دەستی پێ کرد، یەکەم ئاکامی ئەو بزووتنەوانە، هەڵوەشاندنەوەی بەرەبەرەی کۆیلایەتی بوو. یەکەم هەوڵەکان لەم بوارەدا بە کردنەوەی کۆمیتەی هەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتی لە ساڵی ١٧٨٧ لە ئینگلیس دەستی پێ کرد، ڕاگەیاندنی قەدەغەی بازرگانی کۆیلە لە هەموو جیهان لەلایەن بریتانیاوە لە ساڵی ١٨٠٧ و هەروەها بەڕێوەبردنی یاسای یاساغی بازرگانی کۆیلە لە سەرجەم مەملەکەتی داگیرکراو و ژێردەستەی بریتانیای مەزن لە ساڵی ١٨٨٣ لە ئاکامە ئەرێنییەکانی ئەو ڕاگەیاندنە بوو، بەدوای ئەمە بوو کە کۆنگرەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش لە ١٨٦٥ بە پەسند کردنی یاسایەک کۆتایی بە کۆیلە و کۆیلەداری هێنا.