کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی سیاسیی ئێران لەنێوان ئۆتۆریتاریزم‌و تۆتالیتاریزم‌دا

16:26 - 1 خەزەڵوەر 2720

(بەسیج: ڕێکخراوێکی ئایدۆلۆژیک بۆ تەیار کردنی جەماوەر)

  “ خەڵک لە لایەن دەسەڵات ‌و ڕێکخراوەکانیەوە بە شێوەی چالاکانە تەیار دەکرێن، ئەوەش لە ڕێگەی هاندان بۆ بەشداری لە کارە هەرەوەزییەکان‌ و پاداشت کردنیان‌ و ئاراستە کردنیان.” ژوان لەنز   ژوان لەنز، دروست کردنی میلیشیای حیزبی بە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ڕێژیمە تۆتالیتەرەکان دادەنێ، بەو پێیە کە تاکەکان لە ڕێگەی لایەنی دەسەڵاتدار ‌و گرووپەکانی سەر بەو لایەنە دادەمەزرێن، بۆ ئەوەی دزە بکەنە نێو کۆمەڵگە‌و لە نێوخۆی دامەزراوەکانی کۆمەڵگە کاریگەری دروست بکەن ‌و بە پێوەری گەورە خەڵک تەیار بکەن. تەیار کردنی خەڵک، یان خۆبەخشانەیە، یان لە بەرامبەر پاداشتە. تەیارکردنی خەڵکی خۆبەخش، وێنەیەکی دێمۆکراتیک دەبەخشێتە ڕێژیمی تۆتالیتەر، “بەو پێیە کە دیمەنێکی بەشداریی چالاکانە ‌و پەیوەست بوونی هەموو ئەوانەی کە دەیانهەوێ بەشداری بکەن، پێشکەش دەکا، ئەوش لە جیاتی ئەوەی بەدوای ئامانجی دیکەوە بن، پەیوەست دەبن بە ئامانجی ڕێبەرانی دەوڵەتەوە”. بە گوتەی میشێل فوکۆ، لە تایبەتمەندیی دەسەڵاتی سەردەمیانە لە نێو کۆمەڵگەدا ئەوەیە کە دەسەڵات پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ڕێک دەخا. دەسەڵات هەوڵ دەدا هێزی زیاتر لە کۆمەڵگەدا دروست بکا، بۆ ئەوەی سەرچاوە مرۆییەکانی بگەیەنێتە ئاستترین بەرز ‌و دەسەڵاتی خۆی بەهێزتر بکا. دەسەڵات بۆ ئەوەیە هێز بەرهەم بێنێ. رێکخراوی بەسیج، ڕێکخراوێکی شێوە نیزامیی سەر بە سوپای پاسدارانە کە ئەرکی تەیار کردنی کەسانی خۆبەخشی لە نێو تەواوی چین ‌و توێژەکانی کۆمەڵگەدا لە ئەستۆیە. بەسیج بە واتای تەیار کردن یان تەیار بوون بۆ بەرگری لە شتێک، مەبەستێک یان ئامانجێک دێ. ڕێکخراوی بەسیج دوای شۆڕشی ١٣٥٧، بە مەبەستی ڕاکێشانی خەڵک بۆ خزمەت کردن بە شۆڕش دامەزرا، بەڵام دوای دەست پێکردنی شەڕی ئێران-عێڕاق ‌و چوونە نێو سوپای پاسداران، زیاتر بەرجەستە بوویەوە. چەند ساڵ دواتر ئەو ڕێکخراوەیە بە ڕەسمی بوو بە هێزی بەرگریی بەسیج. لە ماوەی شەڕی ئێران-عێڕاقدا، بەسیج ڕۆڵێکی گرنگی لە بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامی لە شەڕدا گێڕا، چونکە لە ژێر ڕێبەرایەتیی سوپای پاسداران، خەڵکانێکی خۆبەخشی زۆری هێنایە بەرەکانی شەڕەوە. پڕۆژەی تەیار کردنی جەماوەر بووە هۆی بەهێز بوونی سوپای پاسداران بەو چەشنەی ئەمڕۆ دەبیندرێ، بە جۆرێک کە تەواوی ئەندامانی سوپای پاسداران بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیشەوە ئەندامی بەسیجن. لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران-عێراق، بەسیج هەروا لە تەیار کردنی جەماوەر لە دەوری ئایدۆلۆژیای ویلایەتی فەقیهـدا بەردەوامە.   ئـ.. ڕێکخراوێکی تەیارکەر   “بەسیج لە ڕاستیدا، بە واتای تەواوی گەلە” (عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران)   بەسیج لە یەک کاتدا، ڕێکخراوێکی شێوە نیزامی، ڕێک‌خستنێکی سیاسی ‌و شوێنێکی چالاکییە مەدەنی ‌و کۆمەڵایەتییەکانە، کە بۆ کۆماری ئیسلامی وەکوو کۆڵەکەیەکی بنەڕەتیی پشتیوانیی جەماوری دادەنرێ، لەبەر ئەوەی ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە، ژیانی خۆیان فیدای پاراستنی کۆماری ئیسلامی دەکەن. بەسیجییەکان (ئەندامانی بەسیج) لەنێو زۆربەی دامەزراوەکانی کۆمەڵگەدا هەن، لە دامەزراوەیەکی دەوڵەتی گەورەوە هەتا بنەماڵەیەک. هانا ئارێنت چەمکی “دێزۆلاسیۆن” یان “وێرانی” ‌وەکوو لێک‌گرێدانی سێ فاکتەر بە کار دەهێنێ : تۆقاندن، ئایدۆلۆژیا ‌و تەیارکردنی جەماوەر. تۆقاندن بە مەبەستی لەنێو بردنی ئازادیی دەرەکی، ئایدۆلۆژیا بە مەبەستی لەنێو بردنی ئازادیی دەروونی و، لە کۆتاییدا، لە نێوچوونی ئەو دوو ئازادییە دەبێتە هۆی تەیار کردنی جەماوەر بە شێوەیەکی زۆر ئاسان. بە بێ هەبوونی ئایدۆلۆژی، تەیار کردنی تاکەکان بۆ چالاکییە خۆبەخشییەکانی وەکوو بەشداری لە کۆڕ‌ و کۆبوونەوەکان ‌و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندا لە نزیکەوە، کارێکی دژوارە. بەسیج ڕێکخراوێکی بە تەواوی ئایدۆلۆژیکە. ئەندامانی بەسیج، لە هەمان کات کە هێزێکی شێوە نیزامی وەکوو پۆلیسی مەدەنی پێک دێنن، ئەندامی دەزگا زانیارییەکانی کۆماری ئیسلامیشن، بە تایبەت لە شوێنی ژیان ‌و کاری خۆیان وەکوو، گەڕەک، گوند، زانکۆ، خوێندنگە، مزگەوت ‌و هتد. گرووپە بەسیجییەکان بە پێی شوێن، بەرنامە ‌و پڕۆژەیان بۆ چاودێری ‌و کۆنتڕۆڵی تاکەکان هەیە. هەروەها بەسیجییەکان بەرگری لە کۆمەڵگەیەکی نەریتی دەکەن‌ و بە مەبەستی خۆ نزیک کردنەوە لە خەڵک، لە کاتی ڕوودانی کارەساتی سروشتی، هەوڵ دەدەن بەشێوەی خۆبەخشانە یارمەتیی خەڵک بدەن، هەر نەبێ بۆ خۆنیشاندان ئەو کارە دەکەن. هەروەها بە توندی بەرگری لە بەها ئایینیەکان دەکەن ‌و وەکوو پۆلیسی ئەخلاق لە کۆمەڵگەدا کار دەکەن. لە ڕوانگەی دەسەڵات‌ و لایەنگرانی کۆماری ئیسلامییەوە، بەسیجی بوون وەکوو خاڵێکی ئەرێنی سەیر دەکرێ. بەسیجییەکان بۆ چوونە زانکۆ‌ و دامەزرانیان لە ئۆرگانە دەوڵەتییەکاندا، شانسێکی زۆرتر لە خەڵکی تریان هەیە ‌و زۆربەی پۆستە ئیدارییەکان هەر پێشتر بۆ ئەندامانی بەسیج داندراون. هەر بۆیە، جگە لە ئایدۆلۆژیا ‌و بەها ئایینییەکان، بەرژەوەند‌ییە تاکەکەسییەکانیش لە پەیوەست بوون بەو ڕێکخراوەیە ڕۆڵیان هەیە. ڕێکخراوی بەسیج خاوەن سیستەمێکی پلەبەندییە کە تاکە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بە پێی شێوە ‌و ئاستی چالاکییەکانیان دەتوانن جێگە‌ و پێگەی خۆیان لە نێو دامەزراوە دەوڵەتییەکان قایم بکەن. لێرەدا هەوڵ دەدرێ بۆ وردتر ناسینی ئەو ڕێکخراوە، شیکردنەوە بۆ فۆڕمێکی ئەندامەتیی بەسیج بکرێ.   بـ.  تەیار کردنی خەڵک بۆ مەبەستێکی دیاریکراو لە ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی ڕێژیمە تۆتالیتەرەکاندا، ئەندام گرتن سنووردار ‌و لەسەر بنەمای کۆئۆپتاسیۆن نییە. سنووردار نەبوونی ئەندام بوون، وا دەکا ڕێکخراوەکە زۆر بە خێرایی ‌و بە ئاسانی گەورە بێتەوە. ئەندام بوون لە بەسیجدا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ ‌و لە چەشنی دامەزراوە مەدەنی‌ و پیشەییەکانی وەکوو سەندیکا نییە. بۆ ئەندام بوون لە بەسیجدا، پێشینە ‌و پیشەی تاکڕێگر نین لە بەردەمیدا ‌و پێویست ناکا کەس یان کەسانێکی دیکە لە ڕێکخراوی بەسیج بیناسێنن، بەڵکوو ڕاستەوخۆ دەتوانێ بەبێ هیچ بەربەستێک بچێتە ڕیزی ئەو ڕێکخراوەیەو، چونکە ئەو جۆرە ڕێکخراوانە تاکەکانیان سەر لە نوێ بەرهەم دەهێننەوە ‌و پێشینەی تاکەکانیان زۆر بۆ گرنگ نییە. بە کۆکردنەوەی تاکەکان لە چین‌ و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بۆ مەبەستێکی تایبەت ‌و بە کەڵک‌وەرگرتن لە مێکانیزمی پاداشت‌کردن ‌و مووچە پێدان، ڕێکخراوی بەسیج هەوڵ دەدا چەشنێک هاوکاری لە نێوان بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا دروست بکا. دەیهەوێ بەشێوەی ئەستوونی (تەمەنە جیاوازەکان ‌و پلە جیاوازەکانی کۆمەڵگە)‌و ئاسۆیی (توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە) تاکەکان لێک گرێ بدا‌ و لە ئەنجامدا هەموویان بخاتە خزمەت ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامی. فاکتەری سەرەکیی تەیارکردنی کۆمەڵگە لە لایەن ئەو ڕێکخراوەیەو پاراستنی بەهاکانی شۆڕش‌ و پەرەپێدانیانە. ڕێکخراوی بەسیج هەوڵ دەدا زۆرترین ژمارەی تاک تەیار بکا‌ و بە دروست کردنی پەیوەندی لە نێوانیاندا، کۆمەڵگەیەکی تایبەت بە خۆی پێک بێنێ ‌و بە ئایدۆلۆژیای دەوڵەتی دووبارە پەروەردەیان بکاتەوە. ناوەندی ڕێکخراوەکە گرێدراوی وەلی فەقیهە کە بە ژێدەری هەرە گرنگی ئایدۆلۆژیکی دادەنرێ و گوتارەکانی دەبن بە دروشمی ڕێکخراو. بۆ نموونە، ڕستەی “بەسیج لە ڕاستیدا، بە واتای تەواوی گەلە”،کە لە لایەن خامنەیی‌یەوە گوتراوە، وەکوو دروشمێکی گرنگی بەسیج کەڵکی لێ وەردەگیرێ. پەیوەندی‌گرتن بۆ ڕێکخراوی بەسیج زۆر گرنگە، هەر بۆیەش هەوڵ دەدا تۆڕیکی هاوڕێیەتی لە نێوان ئەندامانیدا دروست بکا، بە تایبەت لە نێوان ئەندامانی سەر بە یەک توێژی کۆمەڵگە، وەکوو مامۆستایان، خوێندکاران، فەرمانبەران ‌و هتد. هەر تاکێک کە دەچێتە ڕیزی بەسیجەوە، پێشتر هەندێک سەرمایەی سەمبۆلیک‌ و باکگراوندی ئایینی یان کۆمەڵایەتی تێدا هەن. لە سەر ئەو سەرمایە‌ و باکگراوندانەیە کە ڕێکخراو هەوڵ دەدا بە تێکەڵ کردنی تاک بە کولتووری ڕێکخراوەیی، مرۆڤێکی نوێی لە بواری هزرییەوە لێ بەرهەم بێنێ. هەر چۆن بە فۆڕمی ئەندامەتیی بەسیجەوە دیارە، ڕێکخراو وردترین زانیارییەکانی تاک بەر لە ئەندام‌بوون داوا دەکا. ئەو زانیارییە وردانە پێویستن بۆ ئەوەی ڕێکخراو بتوانێ بە ئاسانی کەسایەتییەکی نوێی بە گوێرەی جێگە و پێگە کۆمەڵایەتییەکەی، لێ بەرهەم بێنێ. جێگە و پێگەی کۆمەڵایەتی ‌و چالاکییە مەدەنییەکانی تاک بەر لە ئەندامبوونی، نەک هەر بەربەست نین، بەڵکوو گرنگییەکی زۆریشیان بۆ ڕێکخراوی بەسیج هەیە‌. ‌وەکوو هەر ڕێکخراوێکی دیکە، گرنگییەکی زۆر بەو کەسانە دەدرێ کە جێگە و پێگەی باشیان لە کۆمەڵگەدا هەیە. پەیوەست بوون وەکوو ئەندامێکی ئاسایی ‌و سەرەتایی، قۆناغی چوونە نێو هەندێک چالاکی ‌و ڕاهێنانی مەدەنی ‌و بەشدارییە لە کاری هاوبەش لە بواری خۆیدا. جگە لە بوونی وەکوو ڕێکخراوێکی تەیارکەر بۆ بەرگری کردن ‌و پاراستنی بەهاکانی شۆڕش، ڕێکخراوێکی پلەبەندی‌کراو یان هیرارشیکە کە تاکەکان وەکوو سەکۆیەکی فڕین بەرەو پۆستە گرنگە حکوومییەکان کەڵکی لێ وەردەگرن. دانیێل گاکسی پێی وایە، کە هەر بە تەنیا پاڵنەرێکی ئایدۆلۆژیکی لە پشت ئەندام‌بوونی تاکەکانەوە نییە، بەڵکوو کۆمەڵێک فاکتەری مادی‌ و سەمبۆلیکیش ڕۆڵ دەگێڕن. گاکسی جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە پێچەوانەی ئەو شێوازەی ڕێکخراوەکان چالاکی‌ و کردەوەکانیان پێشکەش دەکەن، گومان هەیە کە چالاکیی ڕێکخراوەیی لە لایەن تاکەکانەوە تەنیا بۆ بەرگریکردن لە مەبەستێکی هزری‌ و ئایدۆلۆژیکی بێ.   جـ. بەرژەوەندییە تاکەکەسییەکانی ئەندامەتی لە ڕێکخراوی بەسیجدا، بە کۆبوونەوە لە دەوری پێناسەیەکی کۆیی، تاکی ئەندام بە دوای بەرژەوەندییە کەسییەکانیشیدا دەگەڕێ، چونکە بەرە بەرە پلەکانی بەرز دەبنەوە، وەکوو ئەندامی چالاک یان کادری ڕێکخراو، کە جگە لە پلەیەکی نیزامی، پۆستێکی گرنگی سیاسی ‌و تەنانەت ئابووریشە. بەرزبوونەوەی پلەی ئەندامەتی، هەم هەلێکە بۆ ئەندام ‌و هەم لە بەرژەوەندی ڕێکخراوەکەدایە، چونکە ڕێگر دەبێ لە ڕۆیشتنی ئەندام‌ و بچووک بوونەوەی ڕێکخستنەکەی. تاکێک کە دەچێتە ڕیزی ڕێکخراوی بەسیجەوە، هەنگاو بە هەنگاو دەستی بە هەندێک سەرچاوەی نێو ڕێکخراوەکە دەگا، وەکوو ئایدۆلۆژی، جێگە‌ و پێگە‌ و شێوەیەکی نوێ لە ڕەوایی کەسی، چونکە ماکس وێبێر پێی وایە، ڕەوایی تەنیا ڕێگە بە دروست‌کردن ‌و قایم کردنی پێگەی لایەنی زاڵبوو نادا، بەڵکوو ڕێگە بە دروست بوونی جێگە ‌و پێگەی ئەندامێکی ئاساییش دەدا. ڕێکخراوی بەسیج چەشنێک لە ڕکەبەری ‌و پلەبەندی ئەندامەتی تێدایە کە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەندام بۆ ماوەیەکی زۆر (تەنانەت هەمیشە) تێیدا بمێنێتەوە. لە ڕێکخراوی بەسیجدا، دوو جۆر لە بەستراوەیی ئایدۆلۆژیک‌ و بەستراوەیی مادی بوونیان هەیە کە ڕێکخراوەکە هەوڵ دەدا بۆ پێشگرتن لە ڕۆیشتنی ئەندام، هەر دووکیان بپارێزێ. ڕێکخراوی بەسیج لە لایەن فەرماندەیەکی نیزامی سەر بە سوپای پاسدارانەوە بەڕێوە دەبرێ، واتە جۆرێک لە پلەبەندیی نیزامی تێیدا بوونی هەیە، هەر بۆیەش وەکوو ڕێکخراوێکی شێوە نیزامی ئەژمار دەکرێ. ئەوەی لە ژێرەوەیە، دەبێ گوێڕایەڵی ئەوەی سەرەوە بێ. ملکەچیی بۆ فەرمانەکانی سەرەوە، لە ڕێکخراوی بەسیجدا زۆر بەرچاوە‌ و هەموو ئەندامان دەبێ فەرمانەکانی فەرماندەی باڵا جێبەجێ بکەن. فەرماندەکانی بەسیج ڕاستەوخۆ لە لایەن سوپای پاسدارانەوە دیاری دەکرین. ئەزموونی ڕێکخراوەیی، چ لە نێو بەسیجدا‌ و چ لە نێو سوپای پاسداراندا، ڕۆڵی سەرەکی لە بەرز بوونەوەی پلەی ئەندام دەگێڕن. هەروەها، لە بەر ئەوەی ڕێکخراوی بەسیج ڕێکخراوێکی بە تەواوی ئایدۆلۆژیکە، ئایدۆلۆژیای دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی، فاکتەرێکی زۆر گرنگە، هەم بۆ ئەندام‌بوون ‌و هەم بۆ بەرز کردنەوەی پلەی ئەندامەتی. بۆ نموونە، کەسێک کە ئایینێک یان مەزهەبێکی جیاوازتر لە مەزهەبی شیعەی دوازدە ئیمامی هەیە، زۆر زەحمەتە بگاتە کادری سەرەوەی ڕێکخراوی بەسیج، چونکە ئایدۆلۆژیای ویلایەتی فەقیهـ لە سەر بنەمای شیعەی دوازدە ئیمامییە. بۆ ئەوەی ئەندام بگا بە پۆستە هەستیارەکان، دەبێ وەکوو فەرماندەکانی سوپای پاسداران، پلە نیزامییەکانیش ببڕێ.   لە کۆتاییدا، بە پێی خوێندنەوەی مایۆ لە سەر ڕێکخراوەکان بە گشتی، ڕێکخراوی بەسیج سێ ڕەهەندی هەیە: ڕەهەندێکی ئایدۆلۆژیکی یان سیستەمێکی بڕوایی، ڕەهەندێکی فەرمی یان ڕێسای ڕێکخراوەیی، ڕەهەندێکی نافەرمی یان هەڵسوکەوتی ئاسایی نێوان تاکەکان ‌و گرووپەکان. ڕێکخراوی بەسیج هەوڵ دەدا مرۆڤێکی نوێ‌ و پێناسەیەکی هاوبەشی نوێ بەرهەم بێنێتەوە، بە جۆرێک کە تاک هەم جڤاتییە‌ و هەم کەسەکی.     ***