کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زمانی زگماک هێڵی سوورە، بۆ گاڵتەپێکردن نابێ!

16:29 - 1 خەزەڵوەر 2720

لە وڵاتگەلی نادێموکراتیک وەک ئێران نەتەوەی سەردەست و دەسەڵاتدار، بە پێی تێزی “یەک دەوڵەت و یەک نەتەوە” یاخود بە ناوی “ئوممەتی ئیسلامی” و بە بەکارهێنانی شێوازی جۆراوجۆر هەوڵی تواندنەوەی نەتەوەکانی دیکە دەدا. ئەم چەشنه دەسەڵاتدارە بێجگە لە بەکارهێنانی زەبر و زۆری فیزیکی و کوشتن و بڕین و لە بەندیخانە خستنی ئازادیخوازانی نەتەوەی ژێردەست، بە گەمراندن، چەواشە و بێ بەها کردنی بایەخە مەعنەوییەکانی ئەوان، تێ‌دەکۆشێ بە شێوەیەکی ئارام بەڵام بەردەوام، مێژوو، کولتوور و زمانی ئەو خەڵکانە بکاته ئامانج و خەڵکەکە لەباری مەعنەوییەوە بێ نێوەڕۆک و کلۆر و، لە کۆتاییدا ئاسیمیلە بکا. حکوومەتەکان بە هۆی دەسەڵاتی ماددی و مەعنەوییەک کە هەیانە، لە هەموو ئامرازێکی خۆیان وەکو فێرگە، ڕادیۆ و تەلەویزیۆن، فیلم و شانۆ و بە گشتی لە تەواوی بوارەکانی میدیایی و ڕاهێنان بۆ بەرێوەبردنی سیاسەتی فەرهەنگیی خۆیان کەڵک وەردەگرن. بە هاسانی میژوو و ڕاستییەکان چەواشە دەکەن، قارەمانە نەتەوەییەکان دەکرێن بە چەتە و، خائین و سیخۆڕی بێگانە‌ و؛ سەرکوتکەر، خۆفرۆش و شا و پاشا و مەلاکان دەکەنە سێمبولی ئازادی، مرۆڤ دۆستی و نیشتمان‌پەروەری. لە ئێرانی سەردەمی ڕەزاشا و محەمەد ڕەزاشای کوڕیدا، کە قاتڵی هەزاران ئازاردیخوازی کورد و لۆڕ و ئازەری و بە گشتی پێشکەوتن‌خوازانی ئێرانی بوون، دەکران بە باوک و دڵسۆزی گەل، بەڵام قازی محەممەد، پیشەوەری، سولێمان موعینی، سمایل شەریف‌زادە، ڕوزبە، جەزەنی و ڕەزاییەکان وەک نۆکەری بێگانە و نیشتمان‌فرۆش پێناسە دەکران. ئەم سیاسەتە پاش شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لە ئێران لە لایەن حکوومەتی ئیسلامییەوە بە چەشنی دیکە بەڵام هەر لەهەمان سۆنگەوە درێژەی پێدرا. ساڵانێکی زۆرە کە بەرگری و قەدەغە و دانانی ئاستەنگ لەبەر نووسین بە زمانی زگماکی گەلە نافارسەکان و ڕێگری کردن لە خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی لە فێرگەکان یەکێکی دیکە لە شێوەکانی ئاسیمیلە کردن و زەبرلێدان لە کولتوور و زمانی نەتەوەکانی نافارسە. ڕۆڵەی کورد و ئازەری و عەڕەب و بەلووچ و هتد هەر لە منداڵییەوە ناچار کراون بە زمانی فارسی بیر بکەنەوە، بخوێنن و بنووسن و جوانترین هەستەکانیان بە زمانی فارسی دەرببڕن. لەم سۆنگەیەوە نووسەر، وەرگێر و شاعیرە نافارسەکان وەکو ئەحمەد محموود، عەلی محەممەد ئەفغانی، محەممەد قازی، محەممەد عەلی دەروێشیان، برایم یوونسی، سەید محەممەدحوسێن بێهجەت تەورێزی (شهریار)، سەمەد بێهرەنگی، غوڵام‌حوسین ساعیدی، مەنسوور یاقووتی و هتد لە مێژووی سەد ساڵی ڕابردوودا زیاترین خزمەتیان بە گەشەسەندنی زمان و کولتووری فارسی کردوە. مخابن ئەوان بە هۆی نەبوونی دەرەتان و ئیزنی نووسین بە زمانی دایکییەوە نەیانتوانی ئەو خزمەتەی پێویست بوو بە زمان و فەرهەنگی خۆیان بکەن. ئەمە شتێکی ئاشکرایە کە بەشێک لە ئاهەنگ‌ساز و گۆرانی‌بێژە بەناوبانگەکانی کورد وەک کەیهان کەلهۆر، شەهرام نازری، عەندەلیبی و کامکارەکانیش خزمەتێکی زۆریان بە ڕەوتی گەشەسەندنی مۆسیقای فارسی کردوە، هەرچەند هەتا ڕادەی ڕێ‌پێدراو بەڵام نەک لە ئاستی گۆڕانیی فارسیدا، خزمەتیان بە موسیقیای کوردیش کردبێ. بەڵام سیاسەتی بێ بایەخکردنی زمان و وێژەی نافارسەکان تەنیا لە بواری قەدەغەکردن یان ڕێگری و ئاستەنگ دانان لەسەر ڕێگای بەکارهێنانی زمانی زگماکی و ڕوو کردنە زمانی فارسی و خوێندن و نووسین بە زمانی حکوومی نییە، بەڵکوو بواری ئیزندان بە چەشنێکی ئامانجدار بە زمانی نافارسەکان بە تایبەتی کوردی و تورکی و لوڕی لەسەر شاشەی تەلەویزیۆن و شانۆ و سینەماش لەخۆ دەگرێ. کاتێک سەیری بەشێک لە بەرنامەکان وەک کێبەرکێی بەناو “هوش برتر” و کێبەرکێی “٢١ سئوالی” و بەرنامەی هاوشێوە دەکرێ کە لەژێر ناوی “طنز” یان کورتە فیلمی کوردی لە سنە و کرماشان و ئازەربایجان و لوڕستان و هتد بە زمانی گاڵتەجاڕی کوردی یان لوڕی و تورکی تێکەڵاو لەگەڵ فارسی ئامادە دەکرێ، دەبینین کە ئاکتەرەکان وەکوو ئەوەی خەڵکی ئەم ناوچانە نەبن و هیچ ناسیاوییەکیان لەگەڵ زمانی فارسیدا نەبێ، به تێکەڵ و پێکەڵ‌کردنی فارسی و کوردی یان بە لەهجەیەکی کوردیی سەیر و سەمەرە قسە دەکەن و وەڵامی پرسیارەکان دەدەنەوە. ئەو بەرنامانە بە ئامانجی پێکەنینی بینەری فارس و ناکورد ئامادە دەکرێن و بەدەستی خۆیان و بە پێی سیاسەتی نادیاری نەیاران، گاڵتە و سووکایەتی بە زمان و ئاستی تێگەیشتوویی خەڵکەکەی خۆیان دەکەن. لە زنجیرە بەرنامەکانی “هوش برتر”دا، سیمایەکی نەزان و گەوج بە بەشدارە کوردەکان و لە ڕاستیدا بە گشت کۆمەڵگەی کوردی دەدرێ. لە لایەکی دیکەشەوە، بەردەوام لە سەر یووتیووب، ئینستاگرام و تێلێگرام و واتساپ گەلێک بەرنامەی کورت دەست بە دەست بڵاو دەبێتەوە کە ئاشکرا سووکایەتی کردنە بە فولکلۆر و وێژەی نەتەوە نافارسەکان. بۆ وێنە، کاتێک لەسەر سکۆی شانۆی شارێکی ئازەربایجانی ئێران “سکینە دای قیزی نای نای” ئازەرییەکان بە فارسی تەرجومە دەکرێ و قاقای پێکەنین ساڵۆنەکە پڕ دەکا، کەس نییە بپرسێت گۆرانیی فولکلۆر چۆن بەو شێوەیە تەرجومە دەکرێ و بە گشتیی چ پێویستیەک لەوەدایە کە هونەرمەندانی نەتەویەک بۆ خۆشیی فارس زمانەکان، گاڵتە بە خۆیان و فەرهەنگەکەیان بکەن؟ ئەگەر ئەمڕۆ کەسێک بیەوێ گۆرانیی “شەمامە خاڵ خاڵ” و زۆر گۆرانیی حەسەن زیرک و هتد وەربگێڕێتە سەر هەر زمانێکی دیکە، بێگومان شتێکی سەیر و سەمەری لێ دەردێ، بەڵام ئەم گۆرانییانه بەشێکن لە مێژووی ئەدەب و فەرهەنگی فولکلۆریی کوردی و خەڵکیش چێژ لە بیستنیان دەبەن و تەرجومە کردنیان بە زمانێکی دیکه نەک پێویست ناکا، بەڵکوو بە تەواویەتی خزمەت بەوانە دەکا کە دەیانەوێ پیشان بدەن ئەم چەشنە زمانانە تەنیا بۆ دەڕبڕینی گۆرانی و شێعرە و، لە ئاستێکی وەها نزم‌دان کە تەنیا بۆ گاڵتە پێکردن و پێکەنین دەبن و لەئەنجامدا توانای بەرانبەری کردنیان لەگەڵ زمانی “حافظ” و “سعدی” نییە! دوژمن بۆ بچووک و بێ بەها کردنی هەر شتێکی پیرۆزی نەتەوەکانی دیکە کەڵک لەهەموو چەشنە ئامرازێک و یەک لەوان ئاسیمیلەکردنی فەرهەنگی وەردەگرێ، هەتا ئەو ڕادەیەی بۆ بەشێک لە کورد و ئازەری و ... کارەکە دەگاتە ئەو شوێنەی کە قسەکردنی بێ لەهجە بە فارسی دەبێتە شانازییەک و تێ‌دەکۆشری تەنانەت لە بەشێک لە بنەماڵەکان و بە تایبەتی ئەوانەدا کە لە دەرەوەی کوردستان دەژین، لەگەڵ منداڵەکان تەنیا بە زمانی فارسی قسە بکرێ، بۆ ئەوەی نەکا لە دەرەوەی ماڵێ و لە فێرگە و شەقامەکان گاڵتەیان پێ بکرێ و لەم سۆنگەیەوە زەبرێکی زۆر دەدرێ لە متمانەبەخۆیی ئەم منداڵانە و ڕووخانی پردی پێوەندییان لەگەڵ گشت بنەماڵە و نەتەوە و نیشتمان. کارەسات لە هەوڵی دوژمن بۆ پێشبردنێ ئەرک و بەرنامەکانی خۆیدا نییە، کارەسات لە هاوڕێیی کردنی بەشێک لە ڕۆڵەکانی کورد بە چەشنێکی خوازیار و ناخوازیار لەگەڵ ئەم هێڵ و سیاسەتەیە، کە بێ ئەوەی بیری لێ بکرێتەوە دەبنە ئامرازی دوژمن بۆ لەنێو بردنی ڕێز و کەرامەت و کەسایەتیی خۆ و نەتەوەکەیان و، بە قەولی کرماشانییەکان وامان لێ دەکەن “ودس خومان ئاگر نینە غژ خومان” یان “وەکو مریشک بۆخۆمان خۆڵ بەسەر خۆماندا بکەین”. بێ‌گومان دوژمن و نەیارانی کورد و گەلانی دیکەی ئێران بۆ گەیشتن بە ئامانجە ناپیرۆزەکانیان و سڕکردن و تواندنەوەی ئەوان، لەهەر چەشنە ئامرازێک و یک لەوان سرینەوەی زمان و ئەدەبی نافارس یاخود بە گەمراندنیان کەڵک وەردگرن، بەڵام ئەوە ئەرکی ڕووناکبیرانی ئەم نەتەوانە و بە تایبەتی کوردە کە بەلانی کەم ڕێ‌خۆشکەر و بڵاوکەرەوەی ئەم فیلم و کلیپ دزێوانە نەبن و ڕێ بە پەرەسەندنی ئەم کارە قیزەونانە لەنێو خەڵکدا نەدەن. ڕۆڵەکانی گەلی کورد دەبێ بەرانبەر بەو سووکایەتییانە بوەستن و بە دەنگی بەرز ناڕەزایەتیی خۆیان بەرانبەر بەو سووکایەتییە ئاشکرایە دەرببڕن. هەروەها کۆمەڵانی خەڵک پێویستە بەرگر بن لە بڵاوکردنەوەی ئەو کلیپە قیزەوەنانەی وا تێیدا سووکایەتی بە هۆش و لێهاتوویی خەڵک و زمانی نەتەوایەتییان دەکرێ. ئەوانە بۆ پێکەنین نین بەڵکوو کورد دەبێ بە دیتنیان بگری و تووڕەیی خۆی بەسەر ئامادەکاران و ئەکتەرەکانیاندا ببارێنێ کە بوونەتە کەرەسەی بەڕێوەچوونی سیاسەتێکی دژە نەتەوەیی نامرۆڤانە. ***