کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆلیسی ئێران تاوانباری ژمارە ١

16:31 - 1 خەزەڵوەر 2720

  ماوەیەک لەوە پێش پۆلیسی تاران چەند کەسێکی لە پشتی ماشێنی سەرئاوەڵە بە دەست‌بەستراوی بە نێو شەقامەکانی تاراندا دەخوڵاندەوە و هەر جارناجارێکیش چەند پۆلیسێکی دەمامکدار کە لەگەڵیان سوار ببوون بە مست و چەپۆک بە سەر و چاوی ئەو کەسانیان دادەدا و قسەی ناشیرینیان پی دەگوتن و لە هەمان کاتدا لەو بەراوبەری شەقامەکانیش خەڵک بۆ سەیری ئەو دیمەنانە ڕاوەستابوون. بە قسەی پۆلیسی تاران ئەو کارە بۆ سزادان و چاوترسێن کردنی ئەو کەسانەیە کە نەزمی کۆمەڵگە تێک دەدەن و ژیانی ئاسایی خەڵک دەخەنە مەترسییەوە، واتا بەقسەی خۆیان ئەو ڕەفتارە جۆرێک سزایە بۆ ئەو کەسانە کە بە (ارازل واوباش)یان دەناسێنن. لەسەر ئەوە کە پۆلیس بەڕێوەبەری قانوونە و پاراستنی نەزمی کۆمەڵگەی لە بواری دابین کردنی ئاسایش و ئارامی بۆ هاووڵاتی لە ئەستۆیە هیچ قسەیەک نییە، بەڵام قسەی سەرەکی ئەوەیە کە پۆلیس بۆخۆی قانوون‌دانەر نییە، بەڵکوو بەڕێوەبەری قانوونە و ئەو جۆرە سزایە، واتا گەڕاندنی تاوانبار بە نێو خەڵکدا تەنانەت ئەگەر دادوەریش حوکمی ئاوای دابێ، دیسان هەر بە پێچەوانەی قانوونە. ئەو مەسەلەیە لەو دوو ڕوانگەوە دەتوانین هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین. سەرەتا، لە ڕوانگەی قانوونییەوە: یەکەم شت ئەوەیە لە قانووندا پێویستە هەموو ئەو کردار و گوتنانە دەست نیشان بکرین کە کردن یا نەکردنیان دەبنە هۆی تاوان و لە بەرامبەر هەر کامیاندا قانوون‌دانەر سزای خۆی بۆ دەست نیشان بکا. لە نیزامی کۆماری ئیسلامییشدا بە چەندین سەرچاوە هەیە کە قانوون‌دانەری ئەو نیزامە بە پێی ڕێوشوێنی ئیسلامی و مەزهەبی ڕەسمیی نیزام دایان‌ڕشتوون و ماوەی زیاتر لە چل ساڵە کاریان پێ دەکرێ؛ بەڵام لە هێچ کام لە بڕگە و ماددەکانی ئەو قانوونانەدا ماددەیەک بەر چاو ناکەوێ کە یەکێک لە سزاکانی تاوانبار گەڕاندن بە شەقامەکانی شاردا بێ و بە بەرچاوی خەڵک کەسایەتیی ئەو بشکێندرێ. لە قانووندا مەبەست لە سزادان قەرەبوو کردنەوەی تاوان‌لێکراوە و لە هەمان کاتدا گرتنەبەری ڕێگای چاکسازی بۆ تاوانبارە کە دوای تەواو بوونی ماوەی سزاکەی وەک کەسێکی بەخۆداهاتوەوە بگەڕێتەوە نێو کۆمەڵگە و ژیانی ئاسایی خۆی دەست پێ بکاتەوە، بەڵام ئەو کردارەی پۆلیسی تاران ئەو ڕێگایە لە تاوانبار دەگرێ کە بتوانی وەک کەسێکی ئاسایی لە دوای تەواو بوونی حوکمی سزادانەکە بگەڕێتەوە نێو کۆمەڵگە چونکە ئەو جۆرە سزادانە واتا گەڕاندن بە شەقامەکاندا وەک تاوانبارێک هەموو کات بە نێوچاوانیەوە دەمێنێتەوە و لە کۆمەڵگەشدا زۆر بە زەحمەت وەک کەسێکی ئاسایی وەردەگیرێتەوە. لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئایا ئامانجی پۆلیس تاران لە گەڕاندنی ئەو تاوانبارانە بەنێو شاردا هەر نیشاندانی هێز و توانای خۆیان و لەو ڕێگایەشەوە شکاندنی کەسایەتیی تاوانباران نەبووە؟ بێگومان ئەگەر ئامانجیان نیشاندانی هێزی پۆلیسی ئێرانە دەتوانین بڵێین ئەوە نیشانەی بێ‌هێزییە، چونکە بەهێز بوونی پۆلیسی هەر وڵاتێک کاتێک دەردەکەوێ کە بتوانێ پێشگیری لە ڕوودانی تاوان بکا و ئەگەر تاوان ڕووی دا لە ماوەیەکی کەمدا بتوانی ئاشکرای بکا و تاوانباران ڕادەستی قانوون بکا. هاوکات پۆلیس هەوڵ بدا بۆ کەم‌کردنەوەی تاوان، چونکە کەم‌کردنەوەی تاوانە دەتوانی ئیقتدار و بەهێز بوونی پۆلیس دەر بخا، نەک گەڕاندنی چەند تاوانبارێک بە کۆڵان و شەقامەکاندا. هەر ئەو ڕەفتارەی پۆلیسی تاران خۆی بە پێچەوانەی قانوونە و لە ڕاستیدا جۆرێک لە تاوان و تەنانەت هۆکاریشە بۆ زیاد بوونی تاوان و تاوانکاری. هەر وەک پێشتریش باس کرا کەس یا کەسانێک کە تاوان دەکەن، وەزیفەی پۆلیس ئەوەیە بۆ بەردەمی دادوەردا ئامادەیان بکا و ئەوە دادگا و دادوەرە حوکم لەسەر تاوانبار دەدا و تەنانەت دادگا و دادوەریش ناتوانێ حوکم بە سزایەک بدا کە قانوون دەست‌نیشانی نەکردوە، چونکە دادوەر و دادگاش بەڕێوەبەری قانوونن، نەک داڕێژەری قانوون. بە پێی ئەسڵێکی سەرەتایی بەڵام گرینگی قانوونی، هیچ کەس و لایەنێک تاوانبار نییە مەگەر لە دادگایەکی دادپەروەردا بە تاوانبار دابندری و حوکمی بۆ دەربچێ. سەبارەت بەو بابەتە قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامییش نەیتوانیوە خۆی لێ لابدا و لە ئەسلی ٣٧دا دەڵێ: (ئەسل، بێ‌تاوانییە و لە ڕوانگەی قانوونەوە هیچ کەس بە تاوانبار ناناسرێ، مەگەر لە دادگایەکی ساڵحدا تاوانەکەی سەلمێندرابێ.) هەر لە ئەسلی ٣٩ی هەمان قانووندا بە ڕوونی هاتوە: (شکاندن و بێ‌حورمەتی کردنی بە کەسایەتیی کەسێک کە بە حوکمی قانوون دەست‌بەسەرە یا زیندانی و یان دوورخراوەیە، لە هەر حاڵەتێکدا بێ ،قەدەغەیە و سزای لەسەرە.) بە پێی هەموو پێوەرەکان قانوونی بنەڕەتی هەر وڵاتێک دایک و سەرچاوەی هەموو قانوونەکانە و بەو پێیە بێت کرداری پۆلیس تاران کە دەبێ پارێزەری قانوون بێت ڕاست بە پێچەوانەی ئەو ئەسلە لە قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامییە و ئەوە بەو مانایەیە کە پۆلیسی تاران خۆی قانوون شکێنیی کردوە. لە نیزامێکیش‌دا کە دادوەر و پۆلیس بە پێچەوانەی قانوونەکان بجووڵێنەوە، دەبێ تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیە چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ قانوونەکاندا بکەن. لایەنی دووهەمی ئەو کردەوەی پۆلیسی تاران، لایەنی کۆمەڵایەتی و ڕووحی و ڕەوانیی کردەوەکەیە، هەم لەسەر تاوانبار و هەم لەسەر کۆمەڵگە. چونکە لە ماوەی چل ساڵ دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی بەسەر کۆمەڵگەی ئێراندا دەبینین بەو هەموو سزا توندوتیژە و ئیسلامی و شەرعییانەی دام‌ودەزگای دادوەری و پۆلیس و دەزگا ئەمنیەتییەکانی ئەو نیزامە لە پانتایی جوغرافیای ئێران سەپاندوویانن و بەڕێوەیان بردوون، نەک تاوان و تاوانکاری کەم نەبۆتەوە، بەڵکوو ڕۆژ بە ڕۆژیش تاوان و تاوانکاری زیادی کردوە. دەشتوانین بڵێین دووپات بوونەوەی تاوانەکان نیشانەی ئەوەیە کە سزاکان چونکە بۆ ئیسلاحی تاوانبار و قەرەبوو کردنەوەی تاوانلێکراو نەبوون و زۆرتریان بۆ داسەپاندنی هێژموونیی کۆماری ئیسلامی بەسەر کۆمەڵگەی ئێراندا بووە نەتوانراوە لە ڕادەی تاوان و تاوانکاری کەم بێتەوە. ئەو جۆرە سزایانەی وەک ئێعدام لە بەر چاوی خەڵک و گەڕاندنی تاوانبار بە شەقامەکاندا ... لە لایەن توێژەرانی کۆمەڵایەتییە سەلمێندراوە کە یەکێک لە سەرچاوەی پەرەپێدانی تاوانکارین. بێگومان بابەتی تاوان و تاوانکاری هەموو کات بیر وهۆشی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بە خۆیەوە خەریک کردوە کە چ بکرێ تاوان ڕوو نەدا، یان چۆن بتوانرێ لە ڕادەی تاوانکاری کەم بکرێتەوە و ئەگەر تاوانێک ڕووی دا چۆن بتوانرێ قەرەبووی تاوانلێکراو بکرێتەوە و تاوانکاریش سزای شیاوی ئەو تاوانە وەربگرێ. لەو بیر کردنەوەیەدا کۆمەڵگەی جیهانی بەسەر دوو ڕێکاردا دابەش بووە. ڕێکاری یەکەم ئەو کۆمەڵگەیانەی کە بە باوەرمەندن بوون بە قانوون بەڕێوە دەچن، واتا لە ڕێگای قانوونی سزادانەوە کە بەشیوەی زانستی و نیاز و پێویستی کۆمەڵگە داڕێژراوە هەوڵ دەدەن لە تاوان و تاوانکاری کەم بکەنەوە. لەو جۆرە کۆمەڵگەیەدا لە سەر تاوان و تاوانکار جۆرێک هەڵوێستە و بیرکردنەوە هەیە واتا دام‌ودەزگای دادوەری لە گەڵ ئەوەدا تاوانبار بە پێی ڕادەی تاوانەکەی کە لە قانووندا دیاری کراوە سزا دەدا لە هەمان کاتدا هەوڵ دەدەن هۆکار و پاڵنەری تاوانکارییەکە بدۆزنەوە بۆ ئەوە بتوانن ڕێگاچارە دەست نیشان بکەن و پێش لە دووپات بوونی تاوانە بگرن. بەڵام ڕێکاری دووهەم لەو کۆمەڵگەیانە بەڕێوە دەچێ کە بە داب ونەریت یا قانوونەکانی شەریعت سەرچاوە گرتوو لە ئایین بەگژ تاوان و تاوانکاریدا دەچنەوە و لەو جۆرە کۆمەڵگەیانەدا بە پێی دەقە قانوونییەکان لەگەڵ تاوان و تاوانکاری هەڵسوکەوت ناکرێ، بەڵکوو زۆرتر لە ڕێوشوێنە عورفییەکان و قانوونەکانی ئایین بۆ بە سزاگەیاندنی تاوانبار کەڵک وەردەگرن کە ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە لەگەڵ تاوان و تاوانکار بە ناوچەش دەگۆردڕێ و ئەوەش دوو جۆری لە سزادان دێنێتە ئاراوە و، جاری وایە دادوەرەکان ئەوەند بە پەلە و ئیحساسی بڕیاری سزادانی تاوانبار دەدەن کە هێشتا بە دروستی ڕوون نەبۆتەوە کە ئەو کەسەی دەست‌بەسەر کراوە ئەو تاوانەی ئەنجام داوە یا نا؟ یا هۆکاری ئەنجامدانی ئەو تاوانە چ بووە؟ بە کورتی دەتوانین لە هەڵسوکەوتی پۆلیس و دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەو ئەنجامە بگەین کە نیزامی دادوەری و ئەمنیەت و ئاسایشی ئێران لە دەستەی دووهەمدا ئەژمار دەکرێن، چونکە بە هۆکاری نەبوونی قانوونێکی سزادانی سەردەمیانە کە بە پێی نیازی کۆمەڵگە داڕێژرابێ و مافی تاوانلێکراو و تاوانباری تێدا دەست‌نیشان و پارێزراو بێ و؛ لە هەمان کاتدا پارێزەری مافی گشتیی خەڵکیش بێ، نەیتوانیوە لە بەربەرەکانی لەگەڵ خوڵقێنەرانی تاواندا سەرکەوتوو بێ و زۆر جارانیش هەر کردەوەی هێزەکانی پۆلیس و دەزگای داد خۆیان بوونەتە هۆکاری پەرەئەستاندنی تاوان و تاوانکاری.