کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە دیکتاتۆرییەوە تا دێموکراسی (پێویستیی پلاندانانی ستراتیژیک )

14:42 - 3 خەزەڵوەر 2720

بۆ ئەوەی بتوانین بە شێوەیەکی ستراتیژیک بیر بکەینەوە، گرینگە چوار دەستەواژەی بنەڕەتی ڕوون کەینەوە. ستراتیژیی گەورە چەمکێکە بە مانای هەماهەنگ کردن و هاوتەریب کردنی کەڵک وەرگرتن لە هەموو سەرچاوەکانی (ئابووری، مرۆیی، ئەخلاقی، سیاسی، ڕێکخستن و هتد) کە لە لایەن گرووپێک کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان تێدەکۆشن، بە کار دەبرێ. ستراتیژیی گەورە سەرنجی خۆی لەسەر ئامانجی گرووپ و سەرچاوەکانی ئەو ململانێیە چڕ دەکاتەوە و لە سەر کەڵک وەرگرتن لە باشترین شێوازی خەبات (شەڕی چەکداری یان خەباتی ناتوندوتیژ) بڕیار دەدا. لە پلاندانانی ستراتیژیی گەورەدا ڕێبەرانی بزووتنەوەکە دەبێ ئەو چالاکی و فشارانەی کە دەبنە هۆی شکستی دوژمن هەڵسەنگێنن و بۆ ئەوانە پلانیان هەبێ. لە گەڵ ئەوەشدا ستراتیژیی گەورە ئەو بڕیارانە لە خۆ دەگرێ کە هەلومەرج و کاتی لەبار دیاری دەکا کە لەودا جموجۆڵە سەرەتاییەکان دەست پێ دەکەن و درێژەیان دەبێ. ستراتیژیی گەورە چوارچێوەیەکە بۆ هەڵبژاردنی ستراتیژییە کەم مەوداکان بە مەبەستی بردنە پێشی خەبات. ستراتیژیی گەورە لە هەمان کاتدا شێوازی دابەش کردنی کار و ئەرکەکان لە نێوان ئەندامانی گرووپ بۆ کەڵک وەرگرتنیان لە خەبات دیاری دەکا. ستراتیژی دیتنەوەی باشترین شێوازی گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو لە خەباتدایە کە لە چوارچێوەی ستراتیژییەکی گەورەدا جێ دەگرێ. ستراتیژی ئەوەش دیاری دەکا کە، کەی و چۆن شەڕ بکەین و بە چ شێوەیەک زۆرترین دەسکەوتمان هەبێ. ستراتیژی لەگەڵ ئەوەی لە مێشکی هونەرمەندێکدایە بەراورد دەکرێ و لە هەمانکاتدا پلانی ستراتیژیک نەخشەی داڕێژراوی دەستی ئەندازیارێکی ئاوەدان کردنەوەیە. ستراتیژی لەوانەیە هەندێ چالاکی لە هەلومەرجێکی لەباردا لەخۆی بگرێ کە لەودا ڕکەبەرەکەی بکەوێتە دۆخێکەوە کە ئەگەر دەست بە بەرپەرچدانەوەی ئاشکرا بکا، تێیدا شکست بخوا. واتە وای لێ بێ کە بەبێ دژکردەوەی ئاشکرا بەچۆکدا بێ. ستراتیژی هەروەها هەندێ شت لە خۆ دەگرێ بۆ دوای سەرکەوتن کە چۆن بە باشترین شێوە کەڵک لەو سەرکەوتنە وەربگرن. تانوپۆی پلانی ستراتیژی لە ڕەوتی خەباتدا، ئیدەیەکی بنەڕەتییە لە سەر ئەوەی کە خەبات چۆن پەرە بستێنێ و لایەنە جیاجیاکانی چۆن پێکەوە هەماهەنگ بن تا بە بەشدارییەکی بەسوود بە ئامانج بگەن. ئەم بابەتە چۆنیەتیی ئامادەکردن و ڕێکوپێک کردنی گرووپە چکۆلەکان بۆ عەمەلیاتیش لەخۆ دەگرێ. پلاندانان بۆ ستراتیژییەکی ژیرانە لە پێویستییەکانی سەرکەوتن لە تیکنیکی خەباتدایە. تیکنیکەکان حەوجێ و پێویستییەکانیشیان جیاوازن. بێگومان تەنیا دابین کردنی «پێداویستیەکان» بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتن بەس نییە. ڕەنگە هەندێ فاکتۆری دیکەش پێویست بن. بۆ داڕشتنی ستراتیژییەکان، دێموکراتەکان دەبێ ئامانجی خۆیان بە ڕوونی دیاری بکەن و لەسەر چۆنیەتیی هەوڵ و تواناییەکان بڕیار بدەن. دیاری کردن و شیکردنەوە ئەو دەرفەتە بە داڕێژەرانی ستراتیژی دەدا کە بە وردی پێداویستیەکانی گەییشتن بە ئامانج دیاری بکەن. دیاری کردن و ڕوونکردنەوە بە ئەندازەی پلانی تاکتیکی پێویستن و یەکتر تەواو دەکەن. تاکتیک و شێوازەکانی چالاکی بۆ جێبەجێ کردنی ستراتیژییەکان کەڵکیان لێ وەردەگیرێ. مەبەست لە تاکتیک بە کار بردنی هێز بۆ گەییشتن بە باشترین دەسکەوت لە کاتێکی کەمدایە. تاکتیک کارێکی دیاری کراوە بۆ گەییشتن بە ئامانجێکی تایبەتی. بۆ بە دەستهێنانی زۆرترین دەسکەوت، تاکتیک و شێوازەکان دەبێ بە وردبینییەکی تایبەتەوە کەڵکیان لێ وەربگیرێ. ئەو وردە دەسکەوتە تاکتیکییانەی کە نەبنە هۆی گەییشتن بە ئامانجە ستراتیژییەکان، لەوانەیە لە داهاتوودا بە لەکیس دانی هێز و وزەکان لە قەڵەم بدرێن. کەواتە تاکتیک پێوەندیی بە زنجیرەیەک کاری دیاریکراوەوە هەیە کە لە نێو ستراتیژییەکدا پێکەوە چنراون، ڕێک وەکوو ئەو ستراتیژییانەی کە لەنێو ستراتیژییەکی گەورەدا پێکەوە چنراون. تاکتیکەکان هەمیشە بە خەباتەوە بەستراون لە حاڵێکدا کە ستراتیژییەکان هەندێ شتی گەورەتر لە ۆ دەگرن. تاکتیکێکی تایبەتی تەنیا بەشێک لە ستراتیژییەکی گشتییە کە زنجیرەیەک عەمەلیاتی کردەنیی تێدایە. تاکتیکەکان بە بەراورد لە گەڵ ستراتیژییەکان لە ماوەیەکی کەمی زەمەنیدا کاریان پێ دەکرێ، لە مەودایەکی بچووکتر (لە باری جوغرافی و ڕێکخراوەییەوە) یان بە بەشداریی خەڵکێکی کەمتر و بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراوتر. لە چالاکیی ناتوندوتیژدا، گەورەیی یان بچووکیی ئامانجەکە، تا ڕادەیەک جیاوازیی نێوان ئامانجی تاکتیکی و ئامانجی ستراتیژیک دیاری دەکا. چالاکییە تاکتیکیە هێرەشبەرانەکان بۆ پشتیوانی لە وەدی هاتنی ئامانجە ستراتیژیکەکان دیاری دەکرێن. چالاکیە تاکتیکییەکان ئامرازێکن بە دەستی ستراتیژیستەکانەوە بۆ خوڵقاندنی دەرفەتێکی لەبار بۆ هێرشی کۆتایی بۆ سەر لایەنی بەرانبەر. کەواتە زۆر گرینگە ئەو کەسانەی کە بەرپرسایەتیی پلاندانان و بەڕێوە بردنی عەمەلیاتە تاکتیکیەکانیان لەئەستۆیە، لە هەڵسەنگاندنی بارودۆخ و هەڵبژاردنی باشترین شێوازەکان بۆ ئەو بارودۆخە، شارەزایی تەواویان هەبێ. ئەو کەسانەش کە بڕیارە لە کارێکی هاوبەشی تاکتیکیدا بەشدار بن دەبێ بە شێوەی تایبەت پەروەردە کرابێتن. شێواز ئاماژە بە کەرەستەکان و ڕێگاکانی کار دەکا کە لە تکنیکی خەباتی ناتوندوتیژدا دەیان چالاکیی جۆراوجۆر لە خۆ دەگرێ کە پێشتر لە بەشی پێنجدا ئاماژەیان پێکرا. وەکوو، مانگرتنەکان، بایکۆتەکان، هاوکاری نەکردنی سیاسی و زۆر شتی دیکەی هاوشێوە. پەرەپێدانی پلانێکی ستراتیژیکی بڕوا پێکراو و شوێندانەر بۆ خەباتی ناتوندوتیژ، بە داڕشتن و هەڵبژاردنی وردی ستراتیژیی گەورە، ستراتیژییەکان و تاکتیکەکانی و شێوازەکان بەستراوە. دەرسی سەرەکیی ئەم باسە ئەوەیە کە پلاندانانی وردی ستراتیژیک بۆ وەدەست هێنانی ئازادی لە چنگی دیکتاتۆری، پێویستی بە کەڵک وەرگرتن لە توانایی عەقڵی و تێگەیشتنی کەسەکان هەیە. هەڵە لە پلاندانانی ژیرانە، دەتوانێ ببێتە هۆی کارەسات، لە حاڵێکدا کەڵک وەرگرتن لە تواناییە عەقڵانیەکان دەتوانێ ڕێگایەکی ستراتیژیک دابڕێژێ کە بە کەڵک وەرگرتن لە هێزی دادوەریی سالم، سەرچاوەکانی بەردەست بۆ بردنی کۆمەڵگە بەرەو ئازادی و دێموکراسی بجووڵێنێ.