کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەمی خەڵک و دڵخۆشییەکانی دەسەڵات

14:45 - 3 خەزەڵوەر 2720

ڕۆژی یەک‌شەممەی ڕابردوو و دوای کۆتایی مشتومڕی زلهێزەکان لە شوڕای ئەمنیەت، لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سزاکانی مامەڵەی چەک لەسەر کۆماری ئیسلامی کە بە هۆیەوە چەند ساڵ بوو ئەو ڕێژیمەی لە کڕینی کەرەسەی نیزامی بێبەش کردبوو، کۆتاییان پێ هات. ئەم هەواڵە بوو بە دەرفەتێک کە ڕوحانیی سەرۆک‌کۆمار لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەوڵەتەکەی‌دا بە خۆشحاڵییەوە بپڕژێتە سەری و باس لەوە بکا کە چ سەرکەوتنێکی مەزنیان بە دەست هێناوە کە لەمەولا دەتوانن بە هەر کەس بیانەوێ چەک بفرۆشن یا لە هەر کوێ ویستیان چەک بکڕن. با لەوەش گەڕێین کە مشتەرییەکانی کڕینی چەکی ئێران ئەویش بە خۆڕایی، جگە لە حیزبوڵڵای لوبنان و حووسییەکانی یەمەن و میلیشیا جۆراوجۆرەکانی عێراق و گرووپە ئیسلامییە توندئاژووەکانی ئەفریقا، کەسی دیکە نین و بەو جۆرە نە تەنیا هیچ پووڵێک دەست ئێران ناکەوێ بگرە بۆ بەخێوکردنی بەکارهێنەرانی ئەو چەکانەش لە شەڕی بە وەکالەتیی کۆماری ئیسلامیدا دەبێ لە گیرفانی خەڵک پووڵێکیشیان لەگەڵ بداتێ. لایەنی گرینگی بابەتەکە لەوەدایە کە ئاغای ڕوحانی لە هەلومەرجێکدا بەم هەواڵە شاگەشکە بووە یا بە درۆ دەیەوێ وەک دەسکەوتێک بۆ ڕێژیمەکەی لە قەڵەمی بدا کە، لەبەر نەمانی سەرچاوەکانی داهاتیان بۆ کڕینی چەکیش کە مەعلووم نییە بۆ چییانە، دەبێ وڵات هەڕاج بکەن و ئەوەندی دیکەش خەڵک تووشی ماڵوێرانی بکەن. داخۆ ئەو نازانێ کە بە هۆی تێچووی سەدان میلیارد دۆلاری بۆ دروست‌کردنی چەکی ناوکی و مووشەکەکانیان و خەرج‌کردنی دەیان میلیارد دۆلار بۆ پشتیوانی میلیشیاکان و گرووپە تێرۆریستییەکان لە وڵاتانی دەورووبەر چ بەڵایەکیان بەسەر خەڵکی ئێراندا هێناوە کە ئێستا دەیەوێ ئەم مژدە بەو خەڵکە لێقەوماوە ڕابگەیەنێ. گومان لەوەدا نییە کە خەڵکی ئێران دوای چوار دەیە ژیانی کارەساتبار، بەگشتی لەوە تێ‌گەیشتوون کە بناخەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەسەر درۆ و فریودان داندراوە و هیچ متمانەیەکیان بە قسەی کاربەدەستانی ئێران نەماوە. بەڵام سەیر ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی وڵات لە ڕێبەرەوە هەتا خوارێ ئێستاش پێیان وایە کە دەتوانن بە درو و دەلەسە خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە چنگیان، فریو بدەن و بە ئومێدی نادیار بە داهاتوو هەروا بێدەنگ ڕایان‌بگرن. کارێک کە ئەگەر لە سەرەتای دەسەڵاتدارییان و بۆ ساڵانێکی زۆر بە هەڵخڕاندنی هەستی ئایینی و پێبەندبوونی خەڵکی ئەو سەردەم بە وتار و قسەکانی ئیمام و ڕێبەر بۆیان چووەسەر، ئێستا ئیتر بووەتە کارێکی مەحاڵ. هەر بۆیە ئێستا درۆکانیان تەنیا بە کەڵکی خۆفریودان و چاوبەستنیان لە ئاست ڕاستییەکان بەکار دێ و نەک خەڵک بەڵکوو تەنانەت بەشێک لە کاربەدەستانی خۆیشیان دەزانن کە ئەم دڵخۆشییە بنەمایەکی ڕاستەقینەی نییە و تەنیا بۆ بەلاڕیدابردنی بیری خەڵک و سەرقاڵ کردنیانە بە شتی لاوەکییەوە. ئەوان بە گوێنەدان و لەبیرخۆبردنەوەی کێشەکانی خەڵک و لەبەر بێدەسەڵاتی لە وڵامدانەوە بە داواکارییەکانیان، بەردەوام لە هەوڵی ئەوە دان کە کێشە دەرەکییەکان زەق بکەنەوە و وا نیشان بدەن کە ڕێگەی چارەسەری هەموو ئەو کێشانەی بەرۆکی خەڵکیان گرتوە گەیشتن بە ئامانجەکانیانە لە سیاسەتی دەرەوە و لە پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیکەدایە. دیارە بە دوور لە ڕوانگە ڕواڵەتییەکانی ڕوحانی و هاوبیرەکانی و بە پێچەوانەی هەوڵەکانی ڕێبەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ فریودان و ئارام ڕاگرتنیان، خەڵکی ئێران کە ساڵانێکە بە چنگ زۆرداری ئەم ڕێژیمەوە دەناڵێنن سەرەڕای بێکاری و گرانی لە ڕادەبەدەر و باری گرانی سەرشانیان بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی ڕۆژانەیان، بە پێچەوانەی ڕێبەرانی ڕێژیم کە ڕۆژژمێری دەکەن کە بزانن لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا کێ سەر دەکەوێ و چ گۆڕانێک بەرامبەر بەوان دروست دەبێ و تەنیا چاویان لەوەیە کە کەی سزا ئابوورییەکانیان لەسەر لا دەبرێ هەتا لە بەرهەمەکەی خەزێنە و گیرفانی خۆیانی پێ پڕبکەن، نە تەنیا ئەم جۆرە هەواڵانە هیچ دڵخۆشیان ناکا و چاوەڕوانیی سەیر و سەمەرەیان لە گۆڕانی ڕوانینی دنیای دەرەوە بەرامبەر بەو ڕێژیمە نییە، بەڵکوو ڕوحانی و ڕێبەر و نیزامەکەیان بە تەنیا هۆکاری سەرەکی دروست بوونی ئەو وەزعە نالەبارە دەناسن کە بە سەر خەڵکی ئێراندا هاتوە. خەڵک کە ساڵانی پێشووتر باوەڕێکیان مابوو و چاوەڕوانی جێبەجێ‌بوونی ئەو بەڵێنانەیان دەکرد کە ڕوحانی و کاربەدەستانی دیکەی ڕێژیم بۆ چارەسەری گرفتەکانیان پێیان دەدان و بە تایبەت لە سەروبەندی هەر هەڵبژاردنێکدا بەم وادە و بەڵێنانە بازاڕگەرمییان بۆ ڕاکێشانیان بۆ دەنگدان دەکرد، ئێستا ئیتر لە درۆ و بێ بەڵێنی و ناکارامەیی ئەوان گەیشتوون و چیدیکە بەو جۆرە قسە و فرتوفێڵانەی کەسانی وەک ڕوحانی فریو نادرێن. ڕێبەرانی ڕێژیم بە ڕوونی ئەوە دەبینن کە ئەگەر ساڵانێک توانییان خەڵک بۆ گوتنی مردن بۆ ئەمریکا بکێشنە سەر شەقام ئێستا هەر ئەو خەڵکەن کە لە هەر فرسەتێک بۆیان هەڵ‌دەکەوێ و بەهانەیەکیان بۆ هاتنە مەیدان دەست کەوێ دەڕژێنەوە سەر شەقام، بەڵام نە لە دژی ئەمریکا بەڵکوو بۆ گوتنەوەی دروشمی مردن بۆ خامنەیی و کۆماری ئیسلامی. هەر بۆیە لە هەلومەرجێکدا کە قەیرانی بێ‌بڕانەوەی ئابووری، گرانی و بێکاری، هەڵاوسانی پووڵی و دزی و گەندەڵی بووەتە بەڵای سەر ژیانی خەڵک، پەتای کوڕونا و گرینگی‌نەدان و بێ‌مودیرییەتی حکوومەت لە پێشگرتن لە پەرەسەندنی بەربڵاوی و چوونەسەر ڕۆژانەی ڕیژەی تووشبوان و ئەوانەی گیانیان لە دەست دەدەن بووەتە مەترسییەکی جیددی، نەبوونی دەرمان و بە قاچاخ بردنی بۆ دەرەوە لە جیاتی پێڕاگەیشتن بە نەخۆشخانەکان هاواری نەخۆشەکانی بەرز کردووەتەوە، زیادبوونی ڕێژەی گرتن و کوشتن و لەداردانی ڕۆڵەکانی ئەو گەلە وەک ئەرکی ڕۆژانەی دەزگا ئەمنییەتییەکانی دەبیندرێ و لە جیاتی بیرکردنەوە لە دیتنەوەی ڕێگە چارەسەرێک، بەرپرسانی حکوومەت درۆ و دەلەسەیان کردووەتە زمانی فەرمی ڕاگەیاندنەکانیان، خەڵک هیچ ڕیگەیەکی دیکە شک نابەن جگە لە هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانیان و هەستانەوە و ڕێکخستنی ڕاپەڕینێکی بەهێز لە دژی ئەو هەموو زوڵم و زۆردارییە. خەڵک تێ‌گەیشتوون لەوەی کە کێشەی ئەوان نە بەرجامە نە ئەمریکایە و نە سزا ئابوورییەکان، بەڵکوو کێشەکانیان لەگەڵ نیزامێکە کە کەمترین بایەخ بە ژیان و کەرامەتی ئینسانی ئەوان نادا و بوون و نەبوونیان بە لایانەوە وەک یەکە. لێرەدایە کە ئەو خەڵکە بە مافی خۆیانی دەزانن چاوەڕوانی ئەوە بن کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بە تایبەت وڵاتانی زلهێز لە جیاتی بیرکردنەوە لە مامەڵە لەگەڵ ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی، بیر لە پشتگیری و یارمەتیدانی ئەوان بکەنەوە. بێگومان ئەمەش ئەرکێک دەخاتە بەردەم حیزب و کەسایەتییە سیاسی و خەباتگێڕەکان کە بۆ بەدەستهێنانی ئەم پشتگیرییە هەوڵ بدەن ونەهێڵن ئەو خەڵکە ڕاپەڕیوە لەوە زیاتر لە بەرامبەر دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامیدا بە دەستی خاڵی و بە تەنیا بمێنێتەوە.