کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵی ٢٠٢٠، ساڵێکی زۆر خراپ بووە بۆ ئێران و کۆرەی باکوور

14:47 - 3 خەزەڵوەر 2720

ڕیزگریی سەربازیی، مووشەک و پڕووشەی کاغەزیی ڕەنگاوڕەنگ لە وێنەدا جوانن، بەڵام تەنانەت دوو مانگ پێش کۆتایی ئەمساڵ، شتێکی ئاشکرایە کە ئێران و کۆرەی باکوور لە ساڵی ٢٠٢٠ ساڵێکی زۆر خراپیان بەڕێ کردوە. هەردوو پیونگ یانگ و تاران لە بەربەرەکانی دژی وڵاتە یەکگرتووەکان ناچار بە پاشەکشە کراون و، لەبەر ئەو هۆیە ئاسایشی ئیسڕائیل کەمێک باشترە. بڕیاری کیم یونگ ئون، ڕێبەری کۆرەی باکوور، لەمەڕ نیشاندانی مووشەکێک لە کۆتایی حەوتووی ڕابردوودا، کە وێدەچی مەزنترین مووشەکی ویشکارۆبەزێنی بالیستیکی بێ کە لە ڕیزگریی سەربازییدا نیشان دراوە، شتێک لە مەسەلەکە ناگۆڕێ. دەکرێ دوو ئاکامگیریی لە ڕیزگرییە سەربازییەکە، لە پێوەندیی لەگەڵ پرسی کۆرەی باکوور – وڵاتە یەکگرتووەکان و یەکیش لە پێوەندی لەگەڵ پرسی ئێران – وڵاتە یەکگرتووەکان – ئیسڕائیل، بکرێن. هەموویان لە کۆتاییدا دەرخەری لاوازیی ڕێژەیی کۆرەی باکوور و ئێران لە هەلومەرجی ئێستادان. یەکیان ئەوەیە کە کۆرەی باکوور لە ٢٠١٧ بەولاوە توانایی بە ئامانج گرتنی وڵاتە یەکگرتووەکان بە مووشەکێکی خاوەن کڵاوی ناوەکیی هەیە، ئێستا لەوانەیە بتوانێ مووشەکێک باوێ کە چەند کڵاوی ناوەکیی هەن. ئەوە بەو مانایەیە کە ئەگەر وڵاتە یەکگرتووەکان هیوادار بوو بتوانێ بە کەڵک وەرگرتن لە سیستەمی THAAD و توانایی دیکەی دژە مووشەکیی هێرشی مووشەکی لە باکوورەوە بوەستێنێ، لەوانەیە ئێستا دژوارتر بێ بتوانێ خۆی لە بەرانبەر هێرشێ هاوکاتی چەند مووشەکی خاوەن کڵاوی ناوکی بپارێزێ. بەڵام بە شێوەیەک، تەنانەت ئەوەش شتێکی تازە نییە، چونکە گریمانە دەکرا کە کیم لە ٢٠١٧ بەولاوە چەند دەرزەن چەکی ناوکیی هەبن. ئەوە بەو مانایەیە کە یەکەم ئاکامگیریی ئەوەیە کە کۆرەی باکوور ئەوپەڕی، سەرکەوتنێکی تاکتیکیی بچووکی وەدەست هێناوە. کەوابوو ئەگەر جەنگێکی هەمەلایەنە دەست پێ بکا، کۆرەی باکوور لە وەڵامی هێرشی وڵاتە یەکگرتووەکاندا، لە جیات هاویشتنی مووشەکێک و چەکێکی ناوکیی، لەوانەیە ئەو ڕێژیمە تاوانکارە بتوانێ بە مووشەکێک وەڵام بداتەوە کە چەند چەکی ناوکیی لێ بار کراون. ڕەنگبێ کیم، پێش کۆتایی حەوتووی ڕابردوو موشکیلەی هاویشتنی چەند چەکی ناوکیی لە یەک کاتدا و لەئەگەری کەوتنە بەر هێرشی ئاسمانی یا فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای هەبووبێ. ئاکامگیریی دووهەم ئەوەیە کە چ شتێک نەقەوما: هیچ تاقیکارییەکی ناوکیی نەکرا. نەبوونی ئەو تاقیکارییە “کیم‌“ی لاواز نیشان دا و، ئەوە گەلێک گرینگترە. ئەوە بە زەرەری کیم تەواو دەبێ و ئاشکرای دەکا کە چ ساڵێکی خراپ بووە بۆ کۆرەی باکوور. بۆچی ئەوە گرینگە؟ بە هۆی ئەو شتەی کە پێش ٢٠٢٠ ڕووی دا. ٢٠٢٠ بە شکستی کیم لە ئاشکرا کردنی سورپڕایزێکیترسێنەر لە کریسمەسی ٢٠١٩، بۆ زەخت خستنە سەر وڵاتە یەکگرتووەکان دەستی پێ کرد، بە هەمان شێوە هەڕەشە زێدەڕۆیانەکانی لە ژانوییە کە هەرگیز ئاسەوارێکیان لێ نەبینرا. زۆر کەس پێیان وابوو کیم پەنا بۆ بۆمبێکی ناوکیی نوێ دەبا تا گوشار بخاتە سەر بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ بۆ ئەوەی هەڵوێستێکی نەرمتر لە دانوستانە ناوکییەکان بگرێتە بەر. بەڵام وێدەچێ ترس لە تۆڵە کردنەوەی ئەمریکا، هەموو ڕیسەکانی لەو هەڕەشە و گوڕەشانە لێ کردبنەوە خوری. ئەوە لە کۆتاییدا وا دەکا تا ڕیزگری و نیشاندانی مووشەکی زەبەلاحی نوێ وەک ڕاسانێکی ڕووکەشی بێتە بەرچاو. لە پێوەندیی لەگەڵ ئاکامگیریی سەبارەت بە ئێران، مێژوویەکی کۆنی هاوبەشیی تێکنەلۆژیی مووشەکیی ناوکیی لە نێوان تاران و پیونگ یانگ هەیە. پێش ئەوەی کە جان بۆڵتۆن ببێتە ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ترامپ، لە ٢٠١٧ لە ئورشەلیم پۆستدا باسی ئەوەی کرد کە کۆرەی باکوور دەتوانێ هەر کات بیهەوێ مووشەکێکی ناوکیی ئامادە “بە پارە” بدا بە ئێران. ئەو ئیددیعایە لە مانگی سێپتامبر لە لایەن کاردەبەدەستێکی  وڵاتە یەکگرتووەکان، کە نەیویستوە ناوەکەی ئاشکرا بێ، پشتڕاست کراوەتەوە. بەڵام، وێدەچێ لێدوانی کاربەدەستە نهێنییەکەی وڵاتە یەکگرتووەکان زۆرتر هەوڵێک بێ بۆ بیروڕای گشتی بۆ پشتیوانی کردنی گەڕاندنەوەی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ناوی “مێکانیزمی پەلەپیتکە” بۆ سەر ئێران تا هەڕەشەیەکی سەربازیی ڕاستەقینە. یەکەم، ئیددیعای کاربەدەستە نهێنییەکەی وڵاتە یەکگرتووەکان هۆشدارییەکی سەیروسەمەرەی لە بارەی دەست‌پێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوەکیی لە ٢٠٢٠ بڵاو کردەوە، ئەگەرچی هیچ کەس لە کۆمەڵگەی هەواڵگریی وڵاتە یەکگرتووەکان و ئیسڕائیل ئەو هەواڵەی بە جیددی وەرنەگرت. ئەوە ڕاستە کە ئێران دەتوانێ هێندە ئۆرانیۆم بپیتێنێ کە بۆ چەکێکی ناوکی بەس بێ، بەڵام ئەو شتە لە مانگی مارس بەولاوە زانراوە، و ئێران هێشتا پێویستە گیروگرفتی تەقاندن و هاویشتنی چەکێکی ئەوتۆ جێبەجێ بکا. لە کاتێکدا کە پاراستنی ئابلۆقەی چەکوچۆڵ بۆ گوشار خستنە سەر ئێران  بە گشتی و سنووردار کردنی چەکوچۆڵی ئاسایی ئەو وڵاتەش پێویستە، ئەوە لە ڕوانگەی چەکی ناوکییەوە پرسێکی زۆر مەزن نییە. لەوە زیاتر، کاربەدەستە نهێنییەکەی وڵاتە یەکگرتووەکان، بۆ ئەوەی گۆمەکە قووڵتر بکا، وشەی “کۆرەی باکووری”یشی زیاد کرد، بێ ئەوەی کە بتوانێ بەڵگەیەک پێشکەش بکا. لە تیۆریدا، لەوانەیە کۆرەی باکوور بە نهێنی یارمەتی بە تواناییەکانی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی کڵاوی ناوکیی بۆ یەکێک لە ژمارەیەکی زۆر لە مووشەکە بالیستیکییەکانی ئەو وڵاتەی کردبێ. بەڵام هەر وەک کاربەدەستانی هەواڵگریی وڵاتە یەکگرتووەکان، ئیسڕائیل و پسپۆڕانی ناوکیی دەرەکیی گوتوویانە، ئەو هاوکارییە دوای بڕیاری ئێران بۆ هەڵبژاردنی ڕێبازێکی تیکنیکیی جیاواز و هەڵبژاردنی گەشە پێدانی تێکنۆلۆژیی نێوخۆیی، کۆتایی پێ هات. ئەو دوو وڵاتە هێشتا پێکەوە هاوکاری دەکەن، بەڵام ئەو سێناریۆیەی کە کۆرەی باکوور یارمەتیی ئێران بکا تا بە شێویەکی چاوەڕوان‌نەکراو تواناییەکانی پەرە پێ بدا، لە لایەن هیچکام لەو کاربەدەستانەوە بە جیددی وەرناگیرێ. ئەوە زۆرتر لەبەر ئەو هۆیەیە کە ئێران دەیهەوێ بۆخۆی وەستای هەموو بڕگەکانی چەکەکان بێ و پێویستی بە یارمەتیی کۆرەی باکوور نییە. لە جیاتان، ئەگەری جووڵەی ئێران بەرەو چەکی ناوەکیی بڕیارێکی سیاسییە. ئەو بێ گومان توانایی پیتاندنی ئۆرانیۆمی هەیە و وێدەچێ بەشێک لە پرسە تایبەتییەکانی جێکردنەوەی کڵاوەیەکی ناوکیی لە سەر مووشەکێکی بالیستیک بە بێ یارمەتی کۆرەی باکوور چارەسەر بکا. جگە لەوە، ئێران دەیان ساڵە مووشەکی بالیستیکی هەن کە بتوانن بگەنە ئیسڕائیل. کەوابوو تەنیا شتێک کە کۆرەی باکوور بە ڕاستی بتوانێ بیدا بە ئێران، توانایی هەنگاوتنی وڵاتە یەکگرتووەکانە. ئاکامگیرییەکە بۆ ئیسڕائیل ئەوەیە کە ئەو مەترسییەی ئێران لە سۆنگەی کار لەگەڵ کۆرەی باکوور دەتوانێ ئاراستەی بکا هەر وەک ئەو مەترسییەیە کە بۆخۆی بە تەنیا دەتوانێ بیکا. بەڵام تا ئێستا هیچ لایەنێک چەکی ناوکیی ئامادەی نەداوە بە ئێران، ئەگەر چی پاکستان و کۆرەی باکوور دەتوانن هەرکات بیانهەوێ ئەو کارە بکەن. ئابلۆقەی چەكوچۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئێران حەوتووی داهاتوو کۆتایی پێدێ، بەڵام هێچ کەس بە جیددی باوەڕ ناکا کە ئابلۆقەیەکی ئەوتۆ توانیبێتی پێش بە پاکستان یا کۆرەی باکوور بگرێ کە تێکنۆلۆژیی ناوکیی بدەن بە کۆماری ئیسلامیی، ئەگەر ئەوان بڕیاریان دابا ئەو کارە بکەن. تەنیا ڕێگای پێشگرتن بەو کارە هەواڵگریی وڵاتە یەکگرتووەکان، ئیسڕائیل و هاوپەیمانان و توانایی چاودێریی سەربازییە. بەڵام ئێران بڕیاری هەنگاونان بەرەو دروست کردنی چەکی ناوکیی لە ٢٠٢٠ نەداوە و هیچ نیشانەیەک نابینرێ کە ئەوان بیانهەوێ کارێکی ئەوتۆ بکەن. لە ڕاستیدا، لە مانگی مای بەولاوە یا ڕەنگبی مانگی مارس، ئێران گەشە پێدانی بەرەو چەکی ناوەکیی وەستاندوە. ئەو لە ٢٠٢٠ لەلایەن وڵاتە یەکگرتووەکانەوە و هەر وەها لە لایەن ئیسڕائیلەوە چاوترسێن کراوە و جگە لەوە قەیرانی پەتای کۆرۆناش کاریگەریی هەبووە. ساڵی ٢٠٢٠ لە مانگی ژانوییە بە کوشتنی فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی، لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکانەوە دەستی پێ کرد. سەرچاوەکانی نزیک لە سەرۆکی موساد، یوسی کۆهەن، پێشدا بە گۆڤاری ئورشەلیم پۆستیان گوتوە کە جێگرەوەی سولەیمانی، ژەنڕاڵ ئیسماعیل قائانی، وەک ئەستێرەیەک یا هەڕەشەیەکی مەزن لە ئاستی فەرماندەی پێش خۆی سەیر ناکرێ. قائانی دەیان ساڵ وەک پاشکۆ و کەسێکی پشتیوانی سولەیمانی بووە بەڵام کەمتر شارەزایی لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسڕائیل و خۆرهەڵاتی نێوەڕاست هەیە. لە کۆتایی حەوتووی ڕابردوودا، سەرۆکی لێکۆڵینەوەی سیخوڕیی هێزە بەرگریکارەکانی ئیسڕائیل، درور شالۆم، کە قەرارە دەست لە کارەکەی بکێشێتەوە، بۆ یەهودی ئاخرۆنۆتی پشتڕاست کردەوە کە تەنانەت ١٠ مانگ دوای کوژرانی سولەیمانی، قائانی نەیتوانیوە وەک ناوبراو ببێتە مەترسی. لەوە زیاتر، ئەگەرچی ئیسڕائیل بە توندی کەوتە بەر هێرشی کۆرۆنا، بەڵام ئێران و بەرنامە ناوکییەکەی خراپتر تووش بوون. ڕۆژی یەکشەممە، ئێران پشتڕاستی کردەوە کە سەرۆکی ڕێکخراوی ناوکییەکەی تووشی کۆرۆنا بووە و، تا ئێستا پتر لە نیو میلیۆن کەس لە هاووڵاتییانی گیرۆدە بوون و دەیان هەزار کەسیش بەو پەتایە مردوون، و وێدەچێ ئەو ژمارانە کەمتر لە ڕێژەی ڕاستەقینە بن. هەر لە مانگی مارس، سەرچاوەکانی هەواڵگریی ئیسڕائیل بە ئورشەلیم پۆستیان گوت کە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئێران ناتوانێ خێرایی پێشووی لە پیتاندنی ئۆرانیۆم و چالاکییەکانی دیکەی پێوەندیدار بە پرۆگرامی ناوکییەکەی بپارێزێ. سەرچاوەکان گوتیان ئێران یەکیک لەو وڵاتانەیە کە بە توندترین شێوە کەوتۆتە بەر شاڵاوی قەیرانی کۆرۆنا، و هیچ شوێنێکی وڵات یا بەڕێوەبەرایەتییەکەی، لە نێویاندا پسپۆڕانی ناوکیی ئێران، لەو پەتایە پارێزراو نەبوون. لەبیرمانە تا کاتی کۆرۆنا لە مانگی مارس، لە هەموو ماوەی کەمپەینی ئابلۆقەکانی “ئەوپەڕی زەخت”، ئەگەرچی جێ پێی ئێران لە لوبنان و حیزبوڵڵا لەرزۆکتر ببوو، بەرهەمە ناوکییەکەی و پێشێلکارییەکانی بە کردەوە زیاتر ببوون. بە پێچەوانە، کۆرۆنا مەسەلەیەکە کە گوێ ناداتە هەوڵەکان بۆ سنووردار کردنی ئاسەوارەکانی. لە هەموو شوێنێک کە مرۆڤی لێن، و زانستکارانی ناوکی هێشتا شاکلیلەی گەشە پێدانی پرۆگرامی ناوەکیین، دەشێ گیرۆدەی ئەو پەتایە بن و پرۆگرامەکە خێراییەکەی کەم بێتەوە. بەڵام تەنانەت دوای مانگی مای ٢٠٢٠، کۆماری ئیسلامیی درێژەی بە پەرەپێدانی کەڵک‌وەرگرتن لە سانتریفیوژی پێشکەوتوو دەدا، کە هەمیشە فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە بوون و لەوانە بوو ئیزن بدەنە ئایەتوڵڵاکان کە قەڵەمبازێک بەرەو تێپەڕ بوون لە چوارچێوەی کاتیی چاوەڕوانکراو بۆ پیتاندنی ئورانیۆم بهاوێن. ئەوسا هاوینی ٢٠٢٠ی کارەساتبار و ئابڕووبەرانەی ئێران، کاتێک کە دەرزەنێک تەقینەوە لە بنکەکانی ئێران، کە وێدەچێ چەند دانە لەوان پێوەندییان بە بەرنامەی ناوکییەوە هەبێ، گەیشتە جێ. لە ٢ی مانگی جولای، تەقینەوەی نەتەنز پرۆگرامی پێشکەوتووی تاران بۆ پیتاندنی ئۆرانیۆمی دوو ساڵ وەپاش خست، کە لە لایەن سەرچاوەکانی فەرمی و ناحکوومیی پشتڕاست کرایەوە. ئەوە کەرەستەیەکی بەرچاوی ئێرانی بۆ کورت‌کردنەوەی ماوە بۆ هەنگاونان بەرەو چەکی ناوەکیی، لە چنگ ئەو وڵاتە دەرهێنا. بێگومان، مووشەکە زەبەلاحەکەی کۆرەی باکوور جێگای نیگەرانییە. هەواڵگریی ئیسڕائیل و وڵاتە یەکگرتووەکان دەبێ بۆ پێشگرتن بە نزیکتر بوونەوەی ئێران لە چەکی ناوکی، چ بە توانایی خۆی یا بە یارمەتی کۆرەی باکوور، یا تەنانەت ئەکتەری تاوانکاری پاکستانی، لە هەموو کات زیاتر لەسەر هەست بن. بەڵام لە ٢٠٢٠ هەم کۆرەی باکوور و هەم ئێران لە گەیشتن بە ئامانجەکانیان شکستیان هێناوە. ئەوان هەر دوو وەک، ئەگەر نەڵێین بەبری کاغەزی، وڵاتانێک دەرکەوتن کە زۆرتر نیگەرانی چۆنیەتی کاردانەوەی بەرهەڵستکارەکانیان بەرانبەر قووڵتر بوونەوەی دوژمنایەتییەکان بوون تا وڵاتانێک کە لە ڕێگاکانی قووڵتر کردنەوە دوژمنایەتییەکان بگەڕێن. هیچ وێنەیەکی ڕیز کردنی مووشەکان ناتوانێ ئەو ڕاستییە بشارێتەوە.   ***