کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

متمانە، بەهایەکی بزربوو لە نێوان خەڵک و کۆماری ئیسلامیدا

14:52 - 3 خەزەڵوەر 2720

هەرچەند شێوە و مێتۆدگەلێکی جۆراوجۆر بۆ سەقامگیریی کاتی‌ و گەلێک جار درێژماوەی هەر حکوومەتێک وێنا کراوە، بەڵام باشترین‌ و دڵخوازترین مێتۆدەکان بۆ سەقامگیری هەر حکوومەتێک، ئەوەیە کە یاساکان لەسەر بنەمای پێویستی تاکەکانی کۆمەڵگە یان لانی کەم زۆرینەیەکی بەرچاو لە تاکەکانی بێ کە بەرهەمەکەی بەهێزبوونی هەستی ڕەگەڵ کەوتنی خەڵک دەگەڵ سیستمی یاسادانان و ڕەچاوکردنی خۆویستی ڕێوشوێنە یاساییەکان بێ. دیارە هەر لە بنەڕەت‌دا ئاستی پێڕەوی لە یاسا یەکێک لە سەرەتاییترین و دیارترینی پێوەرەکانی ڕەواییەتی هەر نیزامێکە. بەم پێیە تەنانەت ئاڵۆزترین و شێواوترین پێکهاتەکانی ئەو حکوومەتەکەش کە لە خەڵکی کۆمەڵگەکەی دوور کەوتۆتەوە و بۆشاییان تێ‌کەوتوە، هەوڵ دەدەن پێکهاتە یاساییەکەیان بەجۆرێک بگۆڕن کە بەشێک لە کۆمەڵگەیان دەگەڵ وەمێنن‌ و ڕەگەڵیان کەون، چونکە دەزانن کە پشت بەستن بە شێوەکانی توندوتیژی‌ و کەڵک وەرگرتن لە هێزی زەبروزەنگیش هەر ماوەیەکە و تێچوویەکی زۆر و قەرەبوونەکراوی دەوێ ‌و هەروەها ئاستی خۆڕاگریی گشتییش بەپێی توندوتیژییەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێ ‌و دەگاتە ئاستێک کە ئیتر خەڵک تاقەتیان نەمێنێ‌ و قەپیلکەی سەبریان سەرڕێژ ببێ، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوە هەموو پێکهاتەکە لە گرێژەنە دەرچێ! لەم نێوەدا یەکێک لەو هۆکارانەی کە دەتوانێ ببێتە هۆی ئەوە تاکەکانی کۆمەڵگە خۆڕاگری زیاتریان هەبێ و بێ‌دەنگ بن ـــ‌تەنانەت پێکهاتە تەواوخوازەکانیش‌ـــ بە تایبەت لە بارودۆخی ناچاریشدا، ئەوەیە کە باوەڕیان وایە کە دەسەڵاتداران هەوڵ بۆ چارەسەری کێشەکان دەدەن ‌و کۆمەڵگە بەرەو ئاقارێکی باشتر دەبەن‌ و کێشە و ئاریشەکان لە کۆڵ دەکەنەوە. یانی بەو پێیەی کە ڕەواڵی سروشتیی کۆمەڵگە بەهەر هۆیەکی وەک شەڕ دەگەڵ وڵاتێکی دیکەوە بگرە تا دەگاتە ڕووداوی سروشتی یان هەڵەی بەڕێوەبەری و ... هتد، تێک چووبێ، بەڵام ڕای گشتی لەسەر ئەو باوەڕەیە کە دەسەڵات لە هەوڵی نەهێشتن ‌و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەن. لەم‌ڕووەوە خەڵک بە دان بەخۆداگرتنی زیاترەوە هەوڵ دەدەن کە بەرگەی قۆناغی “تێپەڕین لە قەیرانە” بگرن و هیوادارن کە ئەم قۆناغە کاتی بێ و بەزوویی تێ‌پەڕێ. هەرچەند ئەگەر ئەم ئاریشانە ڕیشەیان لە ناکارامەیی یان دژایەتی و ناکۆکی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتداران لەگەڵ خەڵک و کۆمەڵگە هەبێ، دیارە ئەم هەستە بەرەو کاڵ بوونەوە دەچێ، بەڵام بەهەرحاڵ ژمارەیەکی بەرچاو لە زۆرینەی هەر کۆمەڵگەیەک لە خانەی بێ‌لایەنی دان‌ و دەستیان بە کڵاوی خۆیانەوە گرتوە با نەیبا، یانی هەرچەند کە دەگەڵ دەسەڵاتداران نین، بەڵام ئەوەندەش دەسەڵات دژ بە بەرژەوەندییەکان نابینن کە دەست بۆ ناڕەزایەتی‌ و گۆڕینی وەزعەکەوە بەرن، بەڵکوو هەوڵ دەدەن بە قنیات کردنی خۆیان و باوەڕ بە وتەی دەسەڵاتداران، چاویان لە حاند ڕاستییەکان بنووقێنن و کونجی قەناعەت بگرن. بەڵام شتێک کە ئەمڕۆکە لە کۆماریی ئیسلامیدا دەیبینین کە سیگناڵ و پەیامە دژ بەیەکەکانی بەرپرسان بەجۆرێک لە کۆمەڵگەدا ڕەنگی داوەتەوە کە تەنانەت ساکارترین و گەشبینترین تاکەکانیش ناتوانن قنیات بەخۆیان بێنن کە ئەمەی باسی دەکەن هەمووی ڕاستە و بۆ ئەوە دەبێ باوەڕی پێ‌ بێنن و بە کردەوە لەو شوێنانەی کە دەسەڵات ڕاستەوخۆ توانایی بەسەریدا نەماوە دەیبینین کە خەڵک باوەڕیان بە هیچ کام لە قسە و بەرنامەکانی دەسەڵاتداران نییە و گەلێک جار ڕاست بە پێچەوانەی ئەوەی کە دەسەڵاتداران چاوەڕوانییان هەیە دەجووڵێنەوە. بۆ وێنە لە بازاڕی سەرمایە و بۆرسەدا کە ماوەیەکە بۆتە کۆڕی گێڕانەوەی زۆرێک لە خەڵکی ئێران، خەڵک بە هاندانی باڵادەست‌ترین بەرپرسانی دەسەڵات یانی هەر لە ڕێبەرەوە بگرە تا سەرۆکی دەوڵەت و ... هتد بۆ ئەم بازاڕە بەو هیوایە کە قازانج‌گەلێکی دوور لە چاوەڕوانی کە خۆی نموونەیەکی بەرچاوە لە خەڵک خەڵەتاندن، هاتوونەتێ و ئەمڕۆکە دەبینن کە بە ڕواڵەت هەرچی کە وتراوە سەرپۆشێکە بۆ دابین کردنی سەرچاوە ماڵییە پێویستی‌یەکانی حکوومەت و ئەمڕۆکە تەنانەت بە دانی زەرەر و زیانێکی قورسیش ناتوانن باقی سەرمایەکانیان بکێشنەوە و ناوە ناوەش هەرکام لە دەسەڵاتدارانی حکوومەتی لە هەر ئاستێکدا هەوڵ دەدەن بە مزگێنی کردنەوە و گۆڕانکاری و هەواڵی خۆش خەڵکەکە هان بدەن لە بازاڕەکەدا بمێننەوە، خەڵکەکەش بە گشتی دەزانن کە ئەم لاف لێدانانە هەر هەموو درۆ و دەلەسەن و مەبەستی ئەوان و دەسەڵات لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکاندا نین. هەڵبەتە بۆرسەمان وەک نموونە کە باس کردوە تەنیا لەبەر ئەوەیە کە نموونەیەکی گشتگیر و بەرچاوە کە بە گشتی خەڵک لێی تێ‌دەگەن دەنا هەرکام لە ئێمە ئەزموون‌گەلێکی تاکەکەسی و بەکۆمەڵی جۆراوجۆرمان لەم بوارەدا هەیە کە هەر ئەو هەستی باوەڕ نەکردن و نەبوونی هاوئاهەنگی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵات و خۆمانە کە تێی‌گەیشتووین. بۆوێنە بازاڕی ئوتومبیل کە بە نرخی یاسایی دۆلار، قەدەغەی هێنانی ئوتومبیل و ناچار کردنی خەڵک بە کڕینی سەیارە نێوخۆییەکان بۆتە هۆی بازاڕێکی ناڕاست کە خەڵک ناچارن سەیارە کۆن و لە ڕمێن کەوتووەکان بە نرخی سەیارە نوێ و باشەکانی جیهان بکڕن و بفرۆشنەوە، بە کورتی ئەم قەباڵەبازی و ڕانت خۆرییە دەبێتە هۆی سەپاندنی تێچوویەکی زیاتر بە خەڵک و وەدەست هێنانی داهات بۆ چینێکی تایبەت کە ئەمڕۆکە منداڵێکیش دەزانێ بەو پووڵەی ئەمڕۆکە دەدرێ بە سەیارەیەکی وەک “ئێڵ ٩٠”، دەکرێ لە زۆربەی شوێنەکانی جیهان ئوتومبیلێکی بە قیست و بە کەیفیەتی هەرە بەرزەوە پێی بکڕی. هەواڵی سنووردارکردنی ئاستی خستنەڕووی لەلایەن کۆمپانیا نێوخۆییەکان و ئەو بازاڕانەی کە ڕۆژبەڕۆژ نرخی سەیارە دەبەنە سەرێ هێندە زۆرە کە کەس باوەڕ ناکا کە ئەمە ڕەواڵێکی سروشتی بێ ‌و باوەڕ بە کردەوە و قسەی بەڕێوەبەران و دەسەڵات بەدەستان ناکەن کە گران بوونی هاوردە، کاریگەریی گەمارۆکان، پشتیوانی لە بەرهەمی نەتەوەیی و پێشگیری لە بێکاری لە کرێکارانی چالاک لەم بەشەدا بە هۆکاری سەرەکی دێننەوە؛ بە واتایەکی دی متمانەیەکیان لەلای خەڵک نەماوە. ئەمڕۆکە هەرچەند بێ‌باوەڕی بە دەسەڵات هەموو پانتاییەکی ژیانی کۆمەڵگەی گرتۆتەوە، بەڵام تاقمێک لە باڵەکانی نێو دەسەڵات هەوڵ دەدەن ئادرەسێکی هەڵە بدەن و بە ئیرادگرتن لە مەسەلەن دەوڵەت ــــ‌ دەزانین کە دەوڵەت لە پێکهاتەی دەسەڵاتی کۆماریی ئیسلامیدا ڕۆڵێکی ئەوتۆ ناگێڕێ‌ــــ کاردانەوە و پەرچەکرداری کۆمەڵگەی بەرەو وێ ڕاکێشاوە و دەکرێ هێما و نیشانەی لە گاڵتە پێکردن بە قسە و ڕەفتاری سەرۆک کۆمار، جێگرەکەی، سەرۆکی بانکی ناوەندی و وەک ئەوانە ببیندرێ بەو هیوایەی کە ناکارامەیی و متمانەی لەدەست چوویان لە زۆربەی بەشەکانی دەسەڵاتدا پێ داپۆشن، بەڵام تەنانەت گەشبینترین تاکەکانیش دەزانن پانتایی ئەم بێ‌متمانەییە لە سەروو پیاوانی دەوڵەتی تیمی سەرۆک کومارییەوەن‌ و زۆری پێ‌ ناچێ کە شاهیدی گاڵتەپێکردن و حەنەک نووسی بۆ بەشەکانی دیکەی چینی دەسەڵاتیش دەبین. هەرچەند ئێستاکەش زۆرێک لەو کەسانەی بێ‌هەڵبژاردن داندراون یان ئەوەتا بەرپرسانی پێشووی نیزامی زۆر بە توندی کەوتوونە بەر وەها تانەوتەشەر و ڕەخنەیەکەوە. هەڵبەتە ئێستاش سنوورگەلێک لە کۆمەڵگەدا ماون کە بە بچووکترین هەڵەی چینی باڵادەست لەنێو دەچێ‌ و ئەو کاتەی کە بێ‌متمانەیی گشتیی بە دەسەڵات ئاشکرا بێ، مەودای کومەڵگە تا هەرەس هێنان و لێک هەڵوەشانی پێکهاتەکانی دەسەڵات زۆر زۆر کەم دەبێ ‌و لەوەها بارودۆخێکدا پێک‌هێنانی کەشێکی متمانەداری دووبارە تەنانەت لە سەردەمی پاش کۆماریی ئیسلامیش کارێکی زۆر ئاڵۆز و دژوارە و کۆمەڵگەیەک کە بیری متمانە و باوەڕ بە کەسانی‌تر لەودا خەوشدار بووە، ساڕێژبوونەوە و چارەسەر کردنی کاتی زۆری دەوێ. خاڵێکی بەئازار و جێی سەرنج لەم باسەدا ئەوەیە کە هەرچەند بەشی زۆری خەڵک لانی کەم کە لە چینی بێ‌لایەنی کۆمەڵگە نین، دەزانن ترس و نیگەرانیی کۆماریی ئیسلامی و هەوڵی لەسەر مشت‌ومڕ و دژایەتی دەگەڵ ئامریکا و ئیسرائیل و بڵاوکردنەوەی ئایدیا و بیرۆکەی حکوومەتی شیعی، لەبناغەڕا بە هیچ جۆر لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خەڵک یەک ناگرنەوە، بەڵام لەگەڵ تەواوی ئەم تاریفانەدا لانی کەم لە دەوروبەری ئەم چینی دەسەڵاتدارە کەسانێک هەڵ ‌ناکەون کە بەرچاوڕوونی ‌و زانیارییەکی ئەوتۆیان لەسەر بیروڕای گشتیی کۆمەڵگە هەبێ‌ و پێیان بڵێن کە ئاگایان لە قسەکردنیان بێ ‌و بە دانی دروشم‌گەلێکی بێ‌بنەما، ئەوەندە متمانەیەشیان کە ماوە لەدەستی نەدەن. بە شێوەیەکی گشتی لە تەواوی پێکهاتەی دەسەڵاتداران‌دا‌ــــ چ پیاوانی دەوڵەتی و چ ئەوانەی بێ‌هەڵبژاردن داندراون‌ــــ کەسێک نییە بێ ‌و بە سەرۆک کۆمار بڵێ: کاتێک دەزانی لە بارودۆخی قەیران‌داین، هەر لەخۆڕا دەم لە کرانەوەی ئابووری مەدە و باسی مەکە یان قسە لە بانگەشەی بەربڵاو لە پێدانی یارمەتیی مانگانە شەست هەزار تمەن بۆ چل میلوێن کەس و سەد و بیست هەزار تمەن بۆ بیست میلوێن کەس مەکە. ئەم هەواڵە ئەوە دەردەخا کە سێ لەسەر چواری خەڵکی وڵات پێویستی‌یان بە یارمەتییەکی ڕۆژانە بە قەرا یەک یان دوو نان سەنگەکی هەیە. ئەگەر قووڵایی کارەساتەکە هێندە بەربڵاوە، تکایە بە شاراوەیی ‌و بەبێ چەق ‌و هەرا و هوریا ئەنجامی بدەن کە هەموو بەوە نەزانن کە لە نێوان دروشمی نەبوونی کاریگەریی گەمارۆکان ‌و ئامانجە ناڕاستەکانی دژایەتی ‌و مشت‌ومڕ دەگەڵ ئامریکایەکەتان و بارودۆخی کۆمەڵگە چەندە بۆشایی هەیە. یان ئەوەتا بە ئەندازەی سەرە دەرزییەک گومان و هەبێ کە وێ دەچێ زۆربەی ئەوانەی کە چاو لە دەستی کڕینی نانی ڕۆژانەیانن بکەونە گومانەوە کە بۆچی ئێمە لە نێوان زیاتر لە دووسەد وڵاتی جۆراوجۆری دونیایە، دەبێ تەنیا وڵاتێک بین کە بکەوینە بەر ئامانجی گەمارۆ یان پەیامی شەڕ دەگەڵ وڵاتێکمان هەبێ کە وڵاتەکانی دیکە کێشەیەکی ئەوتۆیان دەگەڵیدا نییە. تەنانەت لەمەڕ ئیسرائیل کە باڵادەستییەکەی بە داگیرکردنی وڵاتانی ئیسلامی و عەڕەبی دەزانن، عەڕەبەکان بۆخۆیان دەستیان بە ڕەواندنەوەی گرژی و ئاڵۆزی کردوە کەچی ئێمە کە بۆ زیندوومانەوەمان پێویستیمان بە یارمەتییەکی کڕینی ڕۆژانەی نان هەیە، لەسەرمانە شەڕی دەگەڵ بکەین ئەویش لە بارودۆخێکدا کە لە تەواوی زیاتر لەم چل ساڵەدا هیچ جۆرە هەنگاوێکی ئەرێنی و کردەکیمان لەم بوارەدا هەڵ‌نەهێناوەتەوە و تەنیا دروشممان داوە! خۆزگە بەردەنگ و خوێنەری ئەم دەقە دەسەڵاتدارانی کۆماریی ئیسلامی بان کە تا درەنگتر نەبووە پێشگیرییان لە وردکردنی زیاتری سنووری متمانە و ئەرخەیانیی کۆمەڵگە بکردایە و متمانەیان بۆ کۆمەڵگە بگێڕابایەوە، بەڵام هەروەکوو ئەوەی کە ئەمڕۆ لە کۆمەڵگەدا دەیبینین ئارەزوویەکی دوور لە هەوێڵە و ڕەنگە واباشترە وەبیر خۆمان بێنینەوە کە نەبوونی متمانە بە دەسەڵاتداران بە مانای نەبوونی متمانە بە خۆمان و وەکی خۆمان نییە و وەبیر خۆمان‌ و دەوروبەرمان بخەینەوە و پێیان بڵێین کە دەبێ لە هەموو شتێک زیاتر متمانەمان بە خۆمان‌ و هاوبیرەکانمان هەبێ ‌و ئەم نەبوونی متمانەیە بە دەسەڵاتداران کە دەبێ بڕۆن و نەمێنن، ڕووی لە خۆمان نەکەینەوە و نەیگشتێنین.   وەرگیران لە فارسییەوە: باوکی ژیار