کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنچ‌داکوتانی توندوتیژی و خەسارەکانی

20:13 - 15 خەزەڵوەر 2720

بێ‌گومان لە ماوەی ژیانمان‌دا ڕەنگە گەلێک‌جار گوێ بیستی ئەم دەستەواژەیە بووبین کە دەڵێ؛ "سزای بەر لە تاوان"! بەڵێ، ئەم چەمکە لەسەر زمانی خەڵک یان ئەدەبیاتی یاسایی ئێرانیش‌دا ڕستەیەکی نامۆ نییە. ئەم ئیدیۆمە بۆ کەسانێک بەکار دەبرێ کە بەر لەوەی تاوانەکەیان سەلمابێ، لە بارودۆخێکی نایاسایی‌ و نامرۆڤانە‌دا سزا دەدرێن. پێتان وایە وەها دڵ‌ڕەقی و بێ‌بەزەییەک دەتوانێ لە چ بیرکردنەوەیەکەوە سەرچاوە بگرێ؟ بیرکردنەوەی یەک لایەنە و دیکتاتۆڕانەی کەسێک یان کۆمەڵێک یان حکوومەتێک کە خۆی بە حەقداری جێ‌بەجێ کردنی بڕیارێکی غەیرە ئەخلاقی دەزانێ. لەم دواییانەدا ناوی "مێهرداد سپێهری" هاووڵاتیی خەڵکی مەشهەد لە هەموو جێیەک دەبیسترێ کە بە ئەشکەنجە و دڵ‌ڕەقی بێ‌بەزییانەی هێزە ئینتیزامیەکان کوژرا. باسەکە بەم‌جۆرە بوو کە مێهرداد سپێهری بۆ شکایەت کردن لە خێزانی پێشووی دەچێتە گەڕەکی ماڵە خەزووری. بەڵام بنەماڵەی خەزووری دەیکەنە هەرا و هێزی ئینتیزامیی دێننە سەر.   چیڕۆکەکە لێرەوە دەست پێ‌دەکا! پۆلیس هەر کە دەگاتێ ناوبراو کەلەپچە دەکەن و بە کۆڵەکەیەکی ئاسنی دەبەستنەوە. مێهرداد سپێهری ناڕەزایەتی دەردەبڕێ و هاوار دەکا، بەڵام پۆلیس بە سپرای بیبار هەوڵی بێ‌دەنگ کردنی ئەم مرۆڤە دەست بەسەرە دەدەن و وێنە و ڤیدیۆکان هەموو شتێک دەگیڕنەوە. چەند کاتژمێر دواتر لە سۆسیال میدیادا بڵاو کرایەوە کە لاوێکی بێ‌تاوان لە شاری "ئەسفەراین" بە تەقەی ڕاستەوخۆی پۆلیس کوژرا! کوژراوەکە ناوی "عەبباس مین‌باشی" و تەمەنی ٣٧ بوو. ئەم ئاستە لە بێ‌ڕەحمی و ڕەفتاری سەرەڕۆیانە تەنیا کاتێک شیاوی تێ‌گەیشتنە کە لە سیستمی داڕماوی نامرۆڤانەی زاڵ بەسەر وڵات یان خەڵکێک لە جوغڕافیایەکی دیاریکراو بە ناوی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ژیابیت. هەموو ئەو ڕەفتارە دژەباو و ڕێگەپێنەدراو مەگەر لە کۆماری ئیسلامیدا وەدی بێن. هەڵبەت ئەو هەواڵانەی کە تۆمار دەکرێن و لە فەزای مەجازیدا بڵاو دەبنەوە، جیا لەو کارەساتانەن کە بەبێ دەنگی ڕوو دەدەن و دیزە بەدەرخۆنە دەکرێن! "ماکس وێبر"ی، کۆمەڵناس لەسەر ئەو باوەڕەیە کە یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی یاسا کەم‌کردنەوە لە ئاستی توندوتیژییە لە کۆمەڵگەدا. بە بڕوای ئەو حکوومەت بتەوێ و نەتەوێ تەمای کۆنتڕۆڵی ڕەهای بەسەر توندوتیژی لە چوارچێوەی دەسەڵاتێکی تایبەت‌دا هەیە، بۆیە بەڕێوەبردنی یاسا ئامرازی سەرەکیی‌ هەموار کردن و کەم‌کردنەوەی توندوتیژی سڤیل لە کۆمەڵگەیە. حکوومەتی ئێستای ئێران لەگەڵ ئەوەی لە کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان‌دا بە ڕواڵەت ڕێز لە بنەماکانی مافی مرۆڤ دەگرێ و دروشمی پارێزراویی مەدەنی دەدا، بەڵام لە کردەوەدا پێشێلکەری مافی خەڵکەکەیەتی. نموونەیەکی بەرچاو، بەکاربردنی گوشار لەسەر ئەو هاووڵاتییانەی تۆمەتبارن و هێشتا ڕەوتی یاسایی ساغ‌کردنەوەی تۆمەتەکەیان و لێپرسینەوەی یاسایی لەسەریان بەڕێوە نەچووە. ئەگەر ئەشکەنجە بۆ دانپێدانانی کاری نەکردوو لە زیندان و گرتوخانەکانی ئێران کە بەردەوام ڕوو دەدا بە لەونێک لە توندوتیژیی دابنێن کە بەهۆی دەسەڵاتی ڕەهای هێزە چەکدارەکان بەسەر خەڵکدا دەکرێ، کارنامەی دەزگای زەبروزەنگی کۆماری ئیسلامی هەتا بڵێی ڕەش و کارەساتبارە. نیزامی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی هەموو ئامرازەکانی بەردەستی و بە پاساوی جێگیر کردنی نەزم و هێمنی پەرە بە نانەوەی ترس و خۆف لەنێو خەڵکدا دەدا. لەلایەکی دیکەوە گوشاری کۆمەڵایەتی و ئابووریی لە ئاکامی زێدەخوازیی بەرپرسانی ئێران کە بوونە هۆی سەپاندنی گەمارۆکان، هەموو ڕۆژێک لە ژیانی خەڵکی‌دا بە زەقی دیارە و تەنیا ڕێگاچارەی نیزامی سیاسی بۆ کۆنتڕۆڵ کردن وەک تاکە بژاردە لە چوار دەیەی دەسەڵاتدارەتی‌دا، پێشگیری لە سەرهەڵدانی هەرجۆرە قەیرانێکی جەماوەری لە ڕێگەی سەرکوت و توندوتیژییە کە تاکە ستراتیژیی بەردەمیانە. ئەم جۆرە زۆرداری و توندوتیژییە کە ئەمڕۆکە بە بەرچاوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە خوازراو و نەخوازراو بەردەنگی خۆیان دەدۆزنەوە، دەتوانێ ئاسەواری دەروونی و پشێویش لە تەمەنەکانی خوارووی کۆمەڵگەدا پێک بێنێ. وێنەگەلێک کە لە مێهرداد سپێهری گیراون و بڵاوبوونەوە، چەندین منداڵ و مێرمنداڵی تێدا دەبینرێن وەک ئەوەی دانیشتبن و تواشای یاری بکەن و بە پێکەنین و سەرسووڕمانەوە چاو لە هەڵسوکەوتی پۆلیس دەکەن. ڕەنگە پێویست بە ڕوون‌کردنەوە نەکا کە بینینی وەها ڕووداوگەلێکی نائاسایی چ ئاکامێکی دەروونیی خراپی بۆ کەسە کەم تەمەنەکانی کۆمەڵگە دەبێ! سروشتی نیشاندانی ئەم جۆرە ڕەفتارانە لە بڵاوکردنەوە و پەرەپێدانی توندوتیژی کارێکە کە لە گرێژەنە دەرچووە و سیستمی دەسەڵات تازە بۆی کۆنتڕۆڵ ناکرێ. سیستمێک کە بناخەکەی لەسەر سەقامگیری نەزم پێناسە کرابێ، دەتوانێ یەکەم سیستمی پێشێلکەریش بێ. بە باش زانینی وەها کاروبارێک کە تاریفێکی نائاساییان هەیە هەمان ئەو وردەکارییانەن کە دەکرێ لەم ڕاستایەدا ڕوو بدەن. بۆ وێنە هێزی ئینتیزامیی ئێران کە لەسەر بنەمای سەقامگیری نەزمی کۆمەڵایەتی دامەزراوە، کاتێک جێبەجێ‌کاری ڕێسا و یاسایەک بێ کە پێچەوانەی مەرامنامەی خۆیەتی، بەها و بایەخەکانی خۆی لەدەست دەدا و جێی متمانە نامێنی. هێزی ئینتیزامی و پۆلیس لە ئێستادا بەڕێوەبەری بێ‌وێنەی سیاسەتە سەرکوتگەرەکانی سیستمی دەسەڵاتە. ئەو بەڵگەیە خۆی لە خۆی‌دا دەتوانێ ببێتە هۆی بێ‌باوەڕی گشتی و خەڵک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان هان بدا. ڕووداوەکەی مەشهەد و ئەسفەراین و ئابادان بەشێک لەو ڕووداوگەلەن کە لە ئاستی کۆمەڵگەدا بیندران. لەم سۆنگەیەوە دەتوانین وێنای ئەوە بکەین کە لە گرتووخانە و زیندانەکان‌دا زەبروزەنگی زۆر لەوە خراپتریش ڕوو دەدەن و سیستمی دەسەڵاتیش خۆی بە پێویستی نازانێ وەڵامدەری ئەم دۆخە بێ و ئەم ڕەوتە هەروا درێژەی هەیە. لەم نێوەدا تەنیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان‌دا گەلێ جار شەپۆلێکی ناڕەزایەتی دەکەوێتە ڕێ کە ئەمە تەنیا کوێرە هیوایەکە بۆ بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵ و وێنانە بەشکوو کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان شتێکیان لە دەست بێ و یارمەتییەک بکەن. تەواوی ئەم وێنانە دەربڕی بارودۆخی خەڵکێکی بەشخوراو و هەژارە کە لە ئێستادا نەفس بەرزی بۆ ژیانیشیان لێ بە تاڵان بردوون کە دەبێ بۆ ئەستاندنەوەی ئیرادەی بەهێزی خۆیان بنوێنن. نابێ لە چاوەڕوانی ڕۆژی ڕزگاریدا هەروا ‌دەستەوستان دانیشین. بێ‌گومان تروسکایی سەرکەوتن تەنیا بە هەوڵ و خەبات و بەگژداچوونەوە وەدی دێ. دوور نییە گەیشتن بە ڕۆژی وەدیهاتنی ماف و دادێک کە بە تالان براوە!