کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشێک لە ڕاپۆرتی نوێنەری تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامیی ئێران

16:29 - 16 خەزەڵوەر 2720

یادداشتی سکرتێری گشتیی: سکرتێری گشتیی بەختەوەرە ڕاپۆرتی نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە کۆماری ئێسلامیی ئێران، جاوید ڕەحمان، کە بە گوێرەی بڕیاری ژمارە ٢٤/٤٣ ی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ ئامادە کراوە، پێشکەشی شوڕای گشتیی بکا.   ڕاپۆرتی نوێنەری تایبەتی لەبارەی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، جاوید ڕەحمان   کورتە نوێنەری تایبەتی لەبارەی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامیی ئێران سێهەمین ڕاپۆرتی خۆی بەگوێرەی بڕیارنامەی شوڕای مافەکانی مرۆڤ ٢٤/ ٤٣ پێشکەش بە کۆڕی گشتی دەکا. لەو ڕاپۆرتەدا، نوێنەری تایبەتی وردەکاریی ئاکامگیرییەکان لە بارەی شێوەکان، ئاراستەی ڕەوتەکان و پێشوەچوونەکان کە لە مەڕ پارێزگاریی لە مافەکانی مرۆڤ دەبینرێن و، هەروەها ڕاسپاردەکان بۆ باشتر کردنی جێبەجێ کردنی مافەکانی مرۆڤ پێشکەش دەکا.   پێشەکی ١. ئەو ڕاپۆرتە بە گوێرەی بڕیارنامەی شوڕای مافەکانی مرۆڤ ٢٤/٤٣، کە لەویدا شوڕا داوای لە نوێنەری تایبەتی کرد تا ڕاپۆرتێک لە بارەی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆبوونەوەی حەفتاوپێنجەمی خۆی پێشکەش بکا، ئامادە کراوە. ڕاپۆرتەکە زانیاریی کۆکراوە تا ٢٤ی جوونی ٢٠٢٠ (4ی پووشپەڕی ١٣٩٩) لەخۆ دەگرێ، لە ناویاندا لە لایەن دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕێکخراوە ناحکوومی و مێدیاکان و وتووێژی تاکە کەسی لەگەڵ قوربانییانی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ، بنەماڵەکانیان و پارێزەرانیان. ڕاپۆرتەکە هەروەها تێڕوانینە پێوەندیدارەکانی ئۆرگانەکانی مافەکانی مرۆڤ، مێکانیزمی پێداچوونەوەی گشتیی شوڕای مافەکانی مرۆڤ و، نوێنەرانی تایبەتی  پێشکەش دەکا. ٢. نوێنەری تایبەتی بە نیگەرانییەوە دەڕوانێتە سەرکوتە توندوتیژانە بێ‌وێنەکەی خۆپیشاندەران لە سەرانسەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نۆڤەمبەری ٢٠١٩ (خەزەڵوەری ١٣٩٨). بەکار‌هێنانی توندوتیژیی لە ڕادەبەدەر لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی دەوڵەت سەدان کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە و هەزاران کەس دەسبەسەر کران. خۆپیشاندەرە بەندکراوەکان بەرەوڕووی ئەشکەنجە، هەڵسوکەوتی نەشیاو بوونەوە و، بەشێکیان دوای دادگایی نادادپەروەرانە، حوکمی قورسیان بەسەردا سەپێندراوە، لە نێویاندا سزای مەرگ. لە کاتێکدا کە دەوڵەت بەرنامەی قەرەبوو کردنەوەی قوربانیان و لێکۆڵینەوەی ڕاگەیاندوە، ئەو پرۆسانە ڕوون و سەربەخۆ نین و لە لێپرسینەوە لە پێشێلکارانی مافەکانی مرۆڤ ناسەرکەوتوو بووە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بنەماڵەی قوربانیان بە هۆی درکاندن تووشی ئازار و ئەزیەت بوون. وەڵامی توندوتیژانە بەرانبەر بە خۆپیشاندانەکانی جانیوەری ٢٠٢٠ (بەفرانباری ١٣٩٨) لە دوای خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی ئوکراینی دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە دەوڵەت درێژە بە کەڵک وەرگرتنی لە ڕادەبەدەر لە توندوتیژیی بۆ سەرکوت کردنی ئازادیی ڕادەربڕین و کۆبوونەوەی ئاشتییانە دەدا. ٣. نوێنەری تایبەتی بە شێوەی ئەرێنی دەڕوانێتە هەڵسوکەوتی دەوڵەت لە سێهەمین گەڕی پێداچوونەوەی دەورەیی گشتی و دەبینێ کە ئەو ١٨٨ لە ٣٢٩ ڕاسپاردەی قبووڵ کردوون. نوێنەری تایبەتی ئامادەیە هاوکاریی دەوڵەت بکا تا ڕاسپاردەکان جێبەجێ بکا. نوێنەری تایبەتی نیگەرانی ئەو ئالنگارییە ئابوورییانەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەوڕوویان بۆتەوە، لە نێویاندا ئاسەواری ئابلۆقەکان، کە بەگوێرەی ڕاپۆرت توانایی دەوڵەتی بۆ کاردانەوەی دەستبەجێ لە بەرانبەر سەرهەڵدانی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید-١٩) سنووردار کردوە. لە کاتێکدا کە نوێنەری تایبەتی دەست‌پێشخەریی ئازاد کردنی کاتیی بەندییەکان بۆ پێشگرتن بە بڵاو بوونەوەی کۆڤید-١٩ لە زیندانەکاندا بەرز دەنرخێنێ، لە هەمان کاتدا نیگەرانە کە ئەو بڕیارە زۆربەی داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ، پارێزەران، ئەوانی دوو شارۆمەندییان هەیە و زیندانییە بیانییەکان و تاقمی دیکەی بە ئامانج گیراوی نەگرتۆتەوە. ئەو لە بەردەوامیی کەڵک وەرگرتن لە سزای مەرگ لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران دژی ئەو کەسانە کە لە تەمەنی مێرمنداڵییدا یاساشکێنییان کردوە و ڕێژەی بەرزی ئیعدامەکان دڵگرانە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو، ڕەوتی سنووردارکردنی ئازادیی بیڕوڕا دەربڕین و هەڵاواردن دژی کەمینەکان و ژنان درێژەی هەیە.   دۆخی کەمینەکان ٥٠. نوێنەری تایبەتی گەلێک نیگەرانی هەڵاواردنی بەردەوام دژی کەمینە ئایینی و ئەتنیکییەکان دەمێنێتەوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو، ئاڵوگۆڕ لە پڕۆسەی داواکردنی کارتی نەتەوەیی پێش بە کەمینە ئایینییەکان دەگرێ تا دەستیان بە چەند خزمەتگوزاریی گرینگ ڕابگا. لە فۆڕمی داواکاریی پێشوودا بژارەی "دیکە" وەک بژارەیەکی ئایینی هەبوو. لە جانیوەری ٢٠٢٠ (بەفرانباری ١٣٩٨)، ڕێکخراوی نەتەوەیی بۆ تۆمار کردنی مەدەنی ڕایگەیاند کە ئەو بژارەیە نامێنێ، ئەوە بەو مانایەیە کە تاکەکان تەنیا دەتوانن لە نێو چوار تاقمی ئایینی بە فەرمیی ددان پێدانراو هەڵبژێرن.(١) لابردنی "دیکە" بووە هۆی بەرز بوونەوەی ئەو ترسە کە تاقمە ئایینییە ددان پێدا نەنراوەکان، وەک بەهایییەکان، نوێ کریستیانەکان، یارسانەکان، صائیبی-مەندایی و بێ‌ئایینەکان، نەتوانن کارتی پێناسی نەتەوەیی وەرگرن، کە بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی دەوڵەتی و بانکی پێویستە.(٢) دەوڵەت ڕایگەیاندوە کە کەمینە ئایینییە ددان پێدانەنراوەکان دەتوانن داوای کارتی پێناسی نەتەوەیی بکەن بێ ئەوەی کە ئەرکدار بن یا ناچار بن باسی ئایینی خۆیان بکەن. دەوڵەت تەنیا بەشێک یا هەمووی ٩ ڕاسپاردە لە ٢٥ ڕاسپاردە لە بارەی ئازادیی ئایین لە کاتی پێداچوونەوەی دەورەیی گشتیی قبووڵ کرد. ٥١. دۆخی بەهاییان هەروا وەک یەکێک لە هۆیەکانی نیگەرانیی جیددی دەمێنێتەوە، لە ناویاندا بەهۆی گەیشتنی ڕاپۆرتی سنووردار کردنی مافی خوێندن و داخستنی لەگۆترەی شوێنی بازرگانیی بەهاییان. بە گوێرەی ڕاپۆرت لە ٢٠١٩، لانیکەم ٥٩ بەهایی لەبەر باوەڕی ئایینی خۆیان دەسبەسەر کراون. بە هەمان شێوە ڕاپۆرت دراوە کە خوێندن بە زمانی دایک لە کۆمەڵگەکانی تورکی ئازەری، کورد و عەڕەبی ئەهوازی بەردەوام وەک هەڕەشە بۆ سەر سیاسەتەکانی دەوڵەت سەیر دەکرێ. نوێنەری تایبەتی بە هەمان شێوە نیگەرانی ڕێژەی بەرزی زیندانیی سیاسی و زیندانیی بیروباوەڕ لە نێو کۆمەڵگەکانی تورکی ئازەربایجانی، کورد و عەڕەبی ئەهوازە. دەوڵەت ڕایگەیاند کە ئەو کەسانە لەبەر چالاکیی تاوانکارانەی خۆیان دادگایی کراون نەوەک لەبەر پێناسەی ئەتنیکیی خۆیان. لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی "کوردستان"، "ئیلام"، "ئازەربایجانی خۆرئاوا" و "کرماشان"، کۆڵبەرە کوردەکان هەروا بەرەوڕووی هێزی کوشندەی زێدەڕۆیانە لە لایەن کاربەدەستانی سنوور دەبنەوە. لە ساڵی ٢٠١٩دا، ڕاپۆرتی  ٨٤  کۆڵبەری کوژراو و ١٩٢ کەسی بریندار بڵاو بۆتەوە، کە درێژەی ڕەوتێکە کە لە ٢٠١٤ بەولاوە زیاتر لە ١٠٠٠ کۆڵبەر  بە دەست کاربەدەستانی سنوور کوژراو و بریندار بوون.(٣) ئەوە جێگای نیگەرانییە کە دۆسیەی توندوتیژیی دژی کۆڵبەران زۆر جار یان لە لایەن دادگاکانەوە ڕەت دەکرێنەوە یا بێ مەحکوم کردن یان دانی قەرەبووی ئابووری بە قوربانییان و بنەماڵەکانیان دادەخرێن. دەوڵەت گوتی ئەو ئەفسەرانەی سنوور کە یاساکانی پێوەندیدار بە کەڵک وەرگرتن لە هێز  پێشێل دەکەن دەبێ بدرێنە سیستەمی دادوەریی. ئەو بە هەمان شێوە ڕایگەیاند کە خەریکی پێشکەش کردنی ڕێگاچارەی یاساییە، وەک بازاڕی سەر سنوور، بۆ ئەوەی کە کۆتایی بە پەڕێنەوە لە سنوور بێنێ.   ڕاسپاردەکان (م) مافی هەموو ئەو کەسانەی سەر بە کەمینە ئەتنیکی و ئایینیین بپارێزێ؛ سەرجەم هەڵاواردنەکان دژی ئەوان چارەسەر بکا؛ و دەسبەجێ و بێمەرج سەرجەم ئەو بەندییانە ئازاد بکا کە لەبەر بەکار هێنانی مافی ئازادیی ئایین و بیروباوەڕ زیندانیی کراون. ***   پەراوێزەکان: ١) ناوەندی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، " ئێستا کەمینەکانی ددان پێدانەنراو لە ئێران دەبێ باوەڕی ئایینی خۆیان بشارنەوە تا بتوانن کارتی پێناسی دەوڵەتیی گەلێک پێویست وەرگرن"، ٢٧ی جانیوەری ٢٠٢٠؛ و پێوەندیی ژمارە OL IRN 1/2020، ١٧ی فێبریواری ٢٠٢٠. ٢) ناوەندی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، "کەمینە ددان پێدا نەنراوەکان دەبێ ئەوجار خۆیان بشارنەوە"؛ و پێوەندیی ژمارە OL IRN  1/2020، ١٧ی فێبریواری ٢٠٢٠. ٣) ناوەندی مافەکانی مرۆڤی کوردستان – ژنێڤ، "پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران: کورتەی ڕاپۆرت بۆ سەرەنجی بەڕێوەبەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ، مێزی نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەی دۆخی ماڤەکانی مرۆڤ لە ئێران"، ئاپریل ٢٠٢٠.