کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و چاوەڕوانییەکان

16:34 - 16 خەزەڵوەر 2720

ڕۆژی ٣ی نوامبر (١٣ی خەزەڵوەر) دەنگدانی خەڵکی ئەمریکا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماری ئەو وڵاتە دەستی پێ کرد. ئەم دەنگدانە کە هەر چوار ساڵ جارێک بەڕێوە دەچێ ئەمجارە لە نێو هەراوهوریایەکی تەبلیغاتیی چەند مانگە و گەرمتر لە دەورەکانی پێشوو، بە کۆتا هات. هەرچەند وا دەردەکەوێ جۆزێف بایدن، کاندیداتۆری دێموکراتەکان بەشی زۆری دەنگی ئەیالەتە گرینگەکانی بەدەست‌هێنابێ بەڵام هەتا ئێستا ئاکامی کۆتایی هەڵبژاردن بە تەواوی ڕوون نیە و وەک باس دەکرێ لەوانەیە لە ئەگەری قبووڵ نەکردنی ئەم ئاکامەی تا ئێستا باسی لێ‌دەکرێ لە لایەن دوناڵد تڕامپەوە، پرۆسەکە بەرەو بژاردنەوەی دەنگەکان و تەنانەت بردنی پرسەکە بۆ دادگا بڕوا و کاتی بوێ بۆ ئەوەی بە فەرمی سەرکەوتووی ئەم کێبەرکێیە ڕابگەیەندرێ کە بە دڵنیاییەوە کاریگەریی لەسەر ئەمریکا و جیهان دەبێ. هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماری ئەمریکا هەمیشە یەکێک لە گەرمترین ڕووداوەکان لە جیهاندا بووە کە میدیای جیهانیی بەخۆوە سەرقاڵ کردووە. ئەمە جگە لەوەی کە ڕێبەرانی سیاسی و شارەزایانی بوارە جۆراوجۆرەکانی گرێدراو بە ژیانی مرۆڤایەتی لە ئەمریکا و زۆر لە وڵاتانی دیکەی جیهان بە جیددی سەرنجی دەدەنێ و گرینگی دەدەن بە سەرکەوتنی ئەم یا ئەو بەربژێر لە دێموکرات یا کۆماریخوازەکان. بێگومان ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی کاریگەری سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەمریکا لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و زۆر لە وڵاتانی جیهان. ئەم کاریگەرییەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە وڵاتێکی گەورەی وەک ئەمریکا بە پشت‌بەستن بە ئابوورییەکی بەهێز و پشتیوانەی ماڵی و نیزامی خۆی و یارمەتیی هاوپەیمانەکانی، دەتوانێ شوێنەواری لەسەر گۆڕینی هاوکێشە سیاسییەکان لە ناوچە جۆراوجۆرەکاندا هەبێ و لەگەڵ وڵاتانی بە هێزی خاوەن بەرژەوەندی لەو ناوچانەدا بکەونە کێبەرکێ یا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان مل بە ڕێککەوتن بدەن. هەروەک دیتمان لە ماوەی چوار ساڵی دەسەڵاتداری دۆناڵد تڕامپ و بەپێی ڕوانینی جیاواز تەنانەت لەگەڵ سەرۆک‌کۆمارەکانی پێشووش لە سیاسەتی دەرەوەیاندا،  پێوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانە ئورووپاییەکانیان وەک فەڕانسە و ئاڵمان و هێندێک لە وڵاتانی زلهێز و خاوەن بەرژەوەندی گەورە وەک چین و ڕووسیە بەرەو لاوازی ڕۆیشت. لاوازبوونی ئەم پێوەندییانە لە ڕوانینی هێندێک لە ستراتیژیستەکاندا بە پاڵنەری جیهان بەرەو شەڕی سێهەم دەبیندرا. لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا ئیدارەی ئەمریکا لە نێوخۆی وڵات، سەرەڕای باشتر بوونی بەشێک لە کاروکەسبی خەڵک بێ کێشە نەبووە و بە تایبەت پەرەسەندنی بیری ڕەگەزپەرستی و گوێنەدان بە بیمەی کۆمەڵایەتی و کێشەی ژنان و سیاسەتی تڕامپ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا، ناڕەزایەتیی زۆری لێ کەوتەوە. ئەگەر ئاوڕێکیش لە سیاسەتی دەوڵەتی ئەمریکا لە چوار ساڵی ڕابردوودا بدەینەوە، دوورکەوتنەوە لە پەیمانە نێودەوڵەتییەکان و هاتنەدەر لە شوڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، گوێنەدان بە هاوپەیمانەکانی پێشووی و هەڕەشەی بەجێ‌هێشتنی ناتۆ، گەیشتن بە قۆناغی شەڕی ئابووری و تێکنۆلۆژی لەگەڵ چین و هەوڵدان بە گەورەکردنەوەی هاوپەیمانە ناوچەییەکان و بە تایبەت گرینگیدان بە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کارنامەی سیاسەتی دەرەوەی  سەرۆک‌کۆماری ئەو وڵاتەدا دەبینینەوە. هەموو ئەمانەش لەسەر یەک لەلایەن دێموکراتەکانەوە بە بەردەوامی ڕەخنەی لێ دەگیرا و دواتر بوو بە بەشێک لە هەڵمەتی ڕاگەیاندنی ئەوان لە دژی کۆماریخوازەکان لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردندا. دیارە ئەوەی بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ئەمریکا گرینگی پێ‌دەدەن کێشەی نێوخۆی وڵات، وەک باری ئابووری، پەتای کۆرۆنا و مافە کۆمەڵایەتییەکانیانە و لەو بارەوەش دێموکراتەکان بە بەرنامەوە بەرامبەر بە کۆماریخوازەکان وەستانەوە و پێدەچێ بەرهەمەکەی بەدەست بهێنن. بەڵام بێگومان لە دەرەوە و لەلای هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی ئەمریکا چاوەڕوانییەکی دیکە لەو وڵاتە دەکرێ، ئەویش بەشداریی هاوبەشیانە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کێشە گەورەکانە لە ئاست جیهان و مرۆڤایەتیدا. بە دوور لە جیاوازیی سیاسەتی کۆماریخوازەکان و دێموکراتەکان یەکێکی دیکە لە خاڵە بەرجەستەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، سیاسەتی شەڕ بە دژی تێرۆرە لە جیهاندا کە ئەم سیاسەتە ئەوانی بەرامبەر بە چەندین وڵاتی ئاسیایی و ئەفریقا کە یارمەتیدەری گرووپە تێرۆریستییەکانی وەک ئەلقاعیدە هەتا بوکووحەرام و میلیشیا چەکدارەکانی وڵاتانی جۆراوجۆری وەک حیزبوڵڵای لوبنان تا حووسییەکانی یەمەنن ڕاگرتووە. لە نێو ئەو وڵاتانەدا کە کەم نین و کەوتوونەتە بەر هەڵوێستی توند و سزادان؛ ئێران بە هۆی سیاسەتی سەرکێشی و توندڕەوانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی زیاتر لەسەر زمانانە. ڕێژیمێک کە لە هەر شوێنێکی جیهان باس لە تێرۆر بکرێ یەکەم گومانەکانی دەکەوێتە سەر و ئاماژەی پێ‌دەکرێ. جیاواز لەوەش هەوڵی بەردەوامی ڕێژیمی ئێران بۆ پەرەپێدانی سیستمی مووشەکی و دروست‌کردنی مووشەکی دوورمەودا کە وەک خۆیان دەڵێن یەکەم ئامانجیان لەنێوبردنی ئیسڕائیلە و دواتر لێدانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و لەگەڵ ئەوەش بەرنامەی دامەزراوە ناوکییەکان و دروست‌کردنی بومبی ناوکی، کارێکە کە لەلایەن سیاسەتوانانی ئەمریکاوە بەردەوام ڕەخنەی لێ‌گیراوە و هەردوولا بەرامبەر بەو جۆرە هەوڵانە هەڵوێستیان هەبووە. ئەم هەڵوێستانە لانیکەم لە سەردەمی باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بە دانانی تەحریمی نەوتی و بانکی لەسەر ڕێژیم دەستی پێ کرد و دوناڵد ترامپیش بە شێوەی توندتر گێڕانەوە و درێژکردنەوەی ئەو تەحریمانەی جێبەجێ کرد. ئەگەر بچینە سەر بابەتی ئێران لە ڕاستیدا ئەم سزا ئابوورییانە هەرچەند کاریگەری هەبوە لەسەر کەمبوونەوەی بایەخی تمەن و گرانی و بێکاری لەم وڵاتە و ژیانی خەڵکی تووشی گرفتی کارەساتبار کردوە کە بە دڵنیاییەوە بەشی زۆری ئەم خەڵکە، ڕێژیم و ڕێبەرانی بە هۆکاری سەرەکی ئەم کارەساتە دەناسن، بەهۆی نەمان یا کەمبوونەوەی زۆری داهاتی نەوتی و هەناردەکاری ئێران دەستوباڵی ڕێبەرانی ڕێژیمی لە پەرەپێدان بە کارە ئاژاوەگێڕییەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و زۆر لە وڵاتانی دووریش بەستووە. لەگەڵ هەموو ئەمانەش کاتێک بگەڕێینەوە سەر هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماری ئەمریکا، چاوەڕوانییەکانی خەڵک لەهەرکامیان یەک شتە. ئەویش ناسینی کۆماری ئیسلامی ئەوجۆرەی خەڵکی ئێران دەیناسێ و شارەزای بیر و ئاکاری ڕێبەرانی ئەو ڕێژیمەیە. کەسانێک کە هۆکاری لەدەسچوونی هەموو حەز و خولیاکانیانن. هەربۆیە لە کاتێکدا کە سێبەری تاریکی ئەو ڕێژیمە بەسەر ئەو خەڵکەوە بمێنێ بۆ ئەوان چ جیاوازییەک لە نێوان ئەو یا ئەم سەرۆکدا نامێنێ. چاوەڕوانی خەڵک کە بۆ گەیشتن بە ئازادی و ڕزگاربوونیان لە چنگ کۆنەپەرستی هەموو هەوڵێکیان داوە و لە گیانیشیان دەگوزەرێن لە هەر گۆڕانێک ئەوەیە کە گۆڕانێک بەرەو باشی لە ژیانی ئەواندا دروست بکا.