کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە دیکتاتۆرییەوە تا دێموکراسی (پلاندانانی ستراتیژی)

13:35 - 17 خەزەڵوەر 2720

ڕێبەرانی بزووتنەوە بۆ بردنەسەرێی ئەگەری سەرکەوتن دەبێ هەندێ پلانی بەربڵاو ئامادە بکەن کە پێویستە هەم توانایی بەهێز کردنی خەڵکی چەوساوە و هەم لاواز کردن و پاشان لەبەین بردنی دیکتاتۆری و وەدیهێنانی دێموکراسییەکی بە هێزی تێدا بێ. گەیشتن بەم پلانە پێویستیی بە هەڵسەنگاندنی وردی دۆخەکە و بژارەکانی بەردەستە. ئەڵبەتە بەبێ ئەم لێکدانەوە وردەش، دەکرێ پەرە بە ستراتیژییەکی گەورە و زنجیرەیەک ستراتیژیی تایبەت بۆ درێژەدان بە خەبات بدرێ. لەبەر ئەوەی کە پەرەپێدان بە ستراتیژیی گەورە و هەندێ ستراتیژیی تایبەت، دوو ڕەوتی لێک جیاوازن. تەنیا دوای پەرەگرتنی ستراتیژیی گەورە، ستراتیژییە تایبەتەکان دەکرێ بەتەواوی پەرە بستێنن. ستراتیژییە تایبەتەکانی خەبات دەبێ بە مەبەستی بەهێز کردن و گەیشتن بە ئامانجەکانی ستراتیژیی گەورە، دابڕێژرێن. گەشە پێدانی ستراتیژیی بەرگریکارانە پێویستیی بە لێ‌وردبوونەوە و کارێکی زۆرە. لێرەدا دەبێ هەندێ پێوەری گرینگ چ لە ئاستی ستراتیژیی گەورە و چ لە ئاستی هەندێ ستراتیژی تایبەتیدا، دیاری بکرێن و سەرنجیان بدرێتێ. بەهەرحاڵ، هەموو پلاندانانێکی ستراتیژیک پێویستیی بەوەیە کە داڕێژەرانی خەبات خوێندنەوەیەکی قووڵیان لە کۆی ڕووداوەکان و هاوکێشەکان هەبێ، کە ئەمەش هۆکارەکانی فیزیکی، مێژوویی، دەوڵەتی، سەربازی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، سیاسی، دەروونناسی، ئابووری و نێودەوڵەتی لەخۆ دەگرێ. ستراتیژییەکان تەنیا لە بەستێنی خەباتێکی تایبەت و بە لە بەرچاو گرتنی پێشینیەی ئەو خەباتە دەتوانن گەشە بکەن. ڕێبەرانی خەبات و داڕێژەرانی ستراتیژیک دەیانەوێ ئامانجەکانیان بەپێی گرینگیی کارەکانیان هەڵ‌بسەنگێنن و کاریان لە سەر بکەن. ئایا ئامانجەکان بایی ئەوەندە دەبن کە خەباتێکی گەورەیان بۆ بکرێ، بۆچی؟ دیاری کردنی ئامانجی ڕاستەقینەی خەبات زۆر گرینگە. پێشتر ئەوەمان باس کردوە کە ڕووخانی دیکتاتۆر یان لادانی دیکتاتۆرێک بە تەنیا بەس نییە، دەبێ ئامانجی ئەم خەباتانە دامەزرانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و حکوومەتێکی دێموکراتیک بێ. ڕوون بوونەوەی ئەم خاڵە کاریگەریی لەسەر گەشەی ستراتیژیی گەورە و ستراتیژییە تایبەتەکانی ئەو بابەتە هەیە. ستراتیژیستەکان بە تایبەتی پێویستیان بەوەیە کە وەڵامی زۆر پرسیاری بنەڕەتی بدەنەوە. لەوانە: ١- لەمپەرەکانی سەرەکیی گەیشتن بە ئازادی چین؟ ٢- ئەو هۆکارانەی کە گەیشتن بە ئازادی ئاسان دەکەنەوە کامانەن؟ ٣- هێزی سەرەکیی دیکتاتۆری لە چی‌دایە؟ ٤- خاڵە لاوازەکانی دیکتاتۆری کامانەن؟ ٥- سەرچاوەکانی هێزی دیکتاتۆری تا چەندە زەفەریان پێ دەبرێ؟ ٦- خاڵە بەهێزەکانی خەڵک و هێزە دێموکراتیکەکان کامانەن؟ ٧- خاڵە لاوازەکانی خەڵک و هێزە دێموکراتیکەکان کامانەن و چۆن دەکرێ نەمێنن؟ ٨- لایەنی سێهەم، واتە ئەو کەسانەی کە هیشتا نەهاتوونە نێو کێشەکەوە بەڵام یارمەتیی لایەک دەکەن یان لەوانەیە یارمەتی بکەن، بارودۆخیان چۆنە؟   هەڵبژاردنی شێواز لە ئاستی ستراتیژیی گەورەدا پلان‌داڕێژان پێویستیان بەوەیە کە شێوازی سەرەکیی خەبات کە بڕیارە لەو ململانێیەدا کەڵکی لێ وەربگیرێ، دیاری بکەن. تواناییەکان و بەربەستەکانی هەرکام لە تیکنیکەکانی خەبات وەکوو شەڕی چەکداریی کۆن، شەڕی پارتیزانی، خەباتی سیاسی و هتد، دەبێ لێک بدرێنەوە. بۆ ئەم بژارەیە، ستراتیژیستەکان دەبێ ئەم پرسیارانە لە بەرچاو بگرن: ئایا ئەم شێوازەی خەبات لە توانایی دێموکراتەکاندا هەیە؟ ئایا ئەم شێوازە توانایی کۆکردنەوە و ڕێکخستنی خەڵکی هەیە؟ ئایا ئەم تیکنیکە خاڵە لاوازەکانی دیکتاتۆر دەکاتە ئامانج یان پەلاماری خاڵە بەهێزەکانی دەدا؟ ئایا ئەم شێوازە یارمەتیی دێموکراتەکان دەکا کە لەسەر پێی خۆیان ڕاوەستن یان بە گرووپێکی سێهەم یان لایەنی دەرەکییانەوە دەبەستێ؟ ئایا ئەم شێوازە پێشتر توانیویە دیکتاتۆرێک بڕووخێنێ؟ ئایا ئەم شێوازە وێرانییەکانی دوای ئەو کێشمەکێشانە زیاتر دەکا یا کەمتر؟ ئەگەر وای دانێین کە بەسەر دیکتاتۆردا سەر دەکەوین، ئەم شێوازە چ کاریگەرییەکی بەسەر حکوومەتی داهاتوودا دەبێ؟ هەروەژا هەندێ کار کە لەوانەیە بێ کەڵک بن، دەبێ لە پەرەپێدانی ستراتیژیی گەورەدا ڕێگایان پێ نەدرێ و دوور بخرێنەوە. لە بەشەکانی پێشوودا باسمان لەوە کرد کە خەباتی سیاسی، باشییەکانی لە تیکنیکەکانی دیکەی خەبات زیاترە. ستراتیژیستەکان لە سەر خەباتی خۆیان دەبێ بە وردی بیر لەوە بکەنەوە کە ئایا خەباتی سیاسی وڵامەکانی لە سەر پرسیارەکانی سەرەوە ئەرێنین یا نە.   پلاندانان بۆ دێموکراسی دەبێ ئەوەمان لە بیر بێ کە ئامانجی ستراتیژیی گەورە لە بەرانبەر دیکتاتۆریدا تەنیا ڕووخانی دیکتاتۆر نییە، بەڵکوو مەبەستی سەرەکی دامەزرانی سیستمێکی دێموکراتیک و ڕێگە نەدان بە دروست بوونی دیکتاتۆرێکی تازەیە. بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە، ئەو شێوازەی بۆ خەبات هەڵبژێراوە دەبێ لە پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە دابەش کردنی دەسەڵات لە کۆمەڵگەدا بەشدار بێ. خەڵک و ڕێکخراوە مەدەنییەکان لەژێر دەسەڵاتێکی دیکتاتۆردا زۆر لاواز بوون و دەوڵەت بەهێز بووە. بۆیە بەبێ ئاڵوگۆڕ لەم هاوسەنگیەدا، دەسەڵاتدارانی نوێ ئەگەر بیانەوێ دەتوانن وەکوو دیکتاتۆرەکانی پێش خۆیان ڕەفتار بکەن. کەوابوو "شۆڕشی کۆشکی" یان کوودەتا باش نییە. خەباتی سیاسی لە ڕێگای ئامادەکردن و ڕێکخستنی خەڵک بە دژی دیکتاتۆری، هەروا کە لە بەشی پێنجەمدا باس کرا، یارمەتی بە دابەش کردنی دادپەروەرانەی هێزە کاریگەرەکان لە کۆمەڵگە دەکا. ئەم کارە بە چەند شێوازی تایبەتی جێبەجێ دەبێ. پەرەسەندنی تواناکانی خەباتی ناتوندوتیژ مانای ئەوەیە کە توانایی و دڕندەیی دیکتاتۆر چیدیکە بە ئاسانی لەنێو خەڵکدا ترس و خۆف دروست ناکا. خەڵک بۆ بەرنگار بوونەوە و پێشگرتن لە جووڵاندنی هێز لە لایەن دیکتاتۆرەوە، هەندێ شێوازی بەهێزیان لە بەردەست‌دایە و جگە لەوەش ڕێکخستنی خەڵک لە ڕێگای خەباتی سیاسییەوە ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کۆمەڵگە بەهێز دەکا. ئەزموونی یەکجار بەکارهێنانی باشی هێز، هەتا ماوەیەکی زۆر لە بیر ناچێتەوە. ئەو شارەزایی و زانستەی کە خەڵک لە ڕەوتی خەباتدا بە دەستیان هێناوە، دەبێتە هۆی ئەوەی کە جارێکی تر وا بە ئاسانی نەچنە ژێر ڕکێف و دەسەڵاتی هیچ دیکتاتۆرێکەوە. ئەم ئاڵوگۆڕە لە چەندوچۆنیی دەسەڵاتدا، دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە کۆتاییدا ئیمکانی دامەزرانی کۆمەڵگایەکی دێموکراتیکی زیندوو، لە پێشوو زیاتر بێ.   یارمەتیی دەرەکی وەکوو بەشێک لە ئامادەکردنی ستراتیژیی گەورە، گرینگە کە ڕۆڵی خەباتکارانی نێوخۆ و فشارە دەرەکییەکان لە ڕووخاندنی دیکتاتۆردا لێک بدرێتەوە و دیاری بکرێ.  لەم توێژینەویەدا باسمان لەوە کرد کە هێزە سەرەکییەکانی خەبات دەبێ لە نێوخۆی وڵاتەوە ڕاسێ. ئەمە خەباتی نێوخۆییە کە یارمەتییە نێودەوڵەتیەکان دێنێتە مەیدان. وەکوو یارمەتییەکی نەرمتر، دەکرێ بۆ ئامادە کردنی ڕای گشتیی جیهانی بە دژی دیکتاتۆر، لەگەڵ مرۆڤ دۆستی لە ئایین و ئەخلاقیش کەڵک وەربگیردرێ.  بۆ ئەو مەبەستانە دەکرێ پەنا بۆ سزادانی دیپلۆماسی، سیاسی و ئابووری ببرێ و دەوڵەتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە دژی دیکتاتۆر هان بدرێن. ئەم هەوڵانە دەکرێ ئەم بابەتانەی خوارەوە بگرێتەوە: گەمارۆی ئابووری و سزای چەکوچۆڵ، دابەزینی ئاستی بە ڕەسمی ناسینی دیپلۆماتیک یا پچڕانی پەیوەندیی دیپلۆماسی، قەدەغە کردنی هاوکاریی ئابووری و ڕێگەنەدان بە وەبەرهێنان لە وڵاتی دیکتاتۆری، دەرکردنی دەوڵەتی دیکتاتۆر لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان. جگە لەمانەش یارمەتیە نێودەوڵەتییەکان، وەکوو یارمەتیی ئابووری و دروست کردنی پێوەندی دەکرێ ڕاستەوخۆ بگاتە دەستی هێزە دێموکرات و ئازادیخوازەکان.