کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی سیاسیی ئێران لەنێوان ئۆتۆریتاریزم‌و تۆتالیتاریزم‌دا

13:37 - 17 خەزەڵوەر 2720

ڕێژیمی سیاسیی ئێران لەنێوان ئۆتۆریتاریزم‌و تۆتالیتاریزم‌دا

(زۆر لێکردن، سەرکوت‌ و تۆقاندن)

    زۆر لێکردن لە زانستی سیاسیدا، بریتییە لە جێبەجێ ‌کردنی دەسەڵات لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە بەسەر کەسانی ژێر دەسەڵاتدا. واتا، کردەی ناچار کردنی کەسانی ژێردەسەڵات بە پەیڕەوی کردن لە دەسەڵات، ئەگەر پێویست بکا لە ڕێگای توندوتیژییەوە. ماکس وێبێر پێی وایە کە، زۆر لێکردن بە شێوەی جۆراوجۆر لە نێو کارگەیەکی زاڵێتی، بۆ سەپاندنی ملکەچی لە لایەن کەسانی زاڵەوە بە سەر کەسانی ژێردەستەوە بە کار دەهێنرێ. ئەو زۆر لێکردنە دەتوانێ زۆریی فیزیکی بێ یان دەستکاریی هزری. سەرکوت بریتییە لە کردەوەیەک کە لە لایەن دامەزراوەیەکی دەوڵەتی وەکوو سوپا، پۆلیس، دەزگای دادوەری، دەزگا زانیار‌ییەکان یان هێزە تایبەتەکانی دیکەوە بەرامبەر بە یەک یان چەندین چین ‌و توێژی کۆمەڵگە وەکوو کەمینە ئایینی ‌و نەتەوەییەکان، ئەو بیرمەندانە‌ و نووسەرانەی وەکوو مەترسی دەبینرێن، دژبەرە سیاسییەکان ‌و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان، بە مەبەستی مانەوەی ڕێژیم بە کار دێ. شێوەکانی سەرکوت جیاوازن، وەکوو شێوازی توند‌وتیژی وەک ئەشکەنجە، لەنێو بردنی فیزیکی ‌و بەکارهێنانی هێزی چەکدار لە دژی خۆپێشاندانەکان‌ و هەروەها شێوازی سزادانی یاسایی، وکوو چاودێریی پۆلیسی، هەڕەشەی دارایی، دور خستنەوە لە پۆستە حکوومییەکان، ئازاردان‌ و گوشار بۆ سەر خزم‌ و کەسان. کاتێک ئاستی بەکارهێنانی هێز بەرز دەبێتەوە، پێشگیری دەگوازرێتەوە بۆ تۆقاندن. ڕێژیمە نادێمۆکراتەکان هەوڵ دەدەن وا پیشان بدەن کە بە تێرۆریزمی دەوڵەتی ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ دەگرن، ئەوەش تەنیا بۆ بەردەوام‌بوونی ڕێژیمەکانیانە. ئەو ڕێژیمانە لەگەڵ ئەوەشدا کە دەزانن لە دژی ئیرادەی خەڵک دەجووڵێنەوە، بەو حالەش هەوڵ دەدەن ئیرادەی خۆیان بەسەر خەڵکدا بسەپێنن. ژوان لەنز پێی وایە، ئایدۆلۆژیای دەسەڵاتداران، ویستی خۆ سەپاندن ‌و پاوانخوازی دەسەڵاتداران ‌و ترسی دەسەڵاتداران لە لەدەستدانی دەسەڵات، سێ فاکتەری سەرەکین کە حکوومەتێکی تۆتالیتەر هان دەدەن سەرکوت‌ و تۆقاندنی بەردەوام لە کۆمەڵگەدا ئەنجام بدا. لە نەبوونی جێگرەوە بۆ دەسەڵات، ڕێژیمی تۆتالیتەر بەردەوام دەبێ لە پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ و خەڵک لە ئازادییەکان بێبەش دەکا. بۆ ئەو جۆرە ڕێژیمانە، ئامانج پاساودەری ئامرازە‌ و هیچ بەربەستێکی یاساییش لە بەرامبەر کار ‌و کردەوەکانیاندا نییە. یەکێک لە جیاوازییەکانی نێوان ڕێژیمی پاشایەتی ‌و کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە، ئەو زۆر لێکردنەی لە لایەن ڕێژیمی پاشایەتییەوە لە هەندێک چین‌ و توێژی کۆمەڵگەی ئێران دەکرا، لە کۆماری ئیسلامیدا بوون بە گشتی، واتا لە کۆماری ئیسلامیدا زۆر لە هەموو چین‌ و توێژەکانی کۆمەلگەی ئێران دەکرێ. هیچ چین ‌و توێژێک لە ئێران بەدی ناکرێ کە ئایدۆلۆژیای دەوڵەتیی حکوومەتیی بە کردەوە بەسەردا جێبەجێ نەکرابێ. هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی دوای شۆڕشەوە، ڕێژیمی نوێ، دەستی بە قەدەغە کردن‌ و داخستنی ئەو شوێنانە کرد کە لەگەڵ شیعەگەری نەدەگونجان، وەکوو شوێنی مەی‌خواردنەوە، سینەما، ناوەند ‌و دامەزراوەکانی سەر بە کەمینە ئایینییەکان، مێدیا‌ و کتێبخانە‌ و هتد. ڕێساکانی ئایینی شیعە بوون بە ڕێسای دەوڵەتی ‌و دامەزراوەکانی کۆمەڵگە. ئەو ڕێسایانە بەسەر هەموو تاکێکدا سەپێنران ‌و بە کردەوە جێبەجێ کران، تەنانەت کەمینە ئایینییەکانی دیکەش دەبوایە بە زۆر خۆیان لەگەڵ شیعەگەریی دەوڵەتی گونجاندبا. بۆ نموونە سەرپۆش بۆ هەموو ژنانی ئێران زۆرەکییە، تەنانەت ناموسوڵمانەکانیش. لەگەڵ ئەوەشدا کە واتای جیاواز لە شیعە‌ و شیعەگەری هەیە، بەڵام خومەینی واتای خۆی لە شیعەگەری بە سەر کۆمەڵگەی فرەرەنگی ئێراندا سەپاندوە. چەمکی وەکوو "خەباتی چینایەتی"، ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی"، ئازادییە بنەڕەتییەکان"، "سەروەریی خەڵکی"‌ و "دێمۆکراسی" وەلا نراون. دەوڵەت دەستێوەردان لە هەموو بوارەکانی گشتی‌ و تایبەتدا دەکا ‌و هەوڵ دەدا لە ڕێگەی ورد کردن ‌و هەڵوەشاندنەوەی هەر جۆرە ڕێکخستن ‌و ڕێکخراوێک، تاک لە هەر چەشنە بەستراوەییەک بێبەش بکا ‌و تەریکی بخاتەوە. هانا ئارێنت ناوی ئەوە دەنێ "ئەتۆمیزاسیۆنی کۆمەڵگە" (هەڵوەشاندنەوە ‌و بەش بەش کردنی دامەزراوە‌ و ڕێکخراوەکانی نێو کۆمەڵگە). سیاسەتە زۆرەملێیەکانی کۆماری ئیسلامی هاوڕێن لەگەڵ سەرکوتی چڕ ‌و تۆقاندنی گشتی. دوای زیندانی ‌و لە سێدارەدانی بەرپرسانی ڕێژیمی پاشایەتی، وتاری خومەینی لە ٢٦ی گەلاوێژی ١٣٥٨ لە شاری قوم، حوکمی فتوای بۆ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هەبوو، هەر بۆیەش خرایە بواری جێبەجێ‌کردنەوە و لە ڕۆژی دواترەوە دەست کرا بە قەدەغە کردن‌ و لە نێو بردنی حیزبە چەپ ‌و ڕاستەکان ‌و هەروەها هەر جۆرە حیزب ‌و لایەنێک کە وەکوو سێکۆلار سەیر دەکرا. بەشێکی زۆر لە ئەندام‌ و ڕێکخستنەکانی ئەو حیزبانە لە سێدارە دران، یان حوکمی قورسیان بۆ دەرچوو. لەسێدارەدان، تێرۆری نوخبەکان، ڕاونان ‌و ئەشکەنجە کردن، بووە بە کاری ڕۆژانەی دامودەزگاکانی کۆماری ئیسلامی.  

سیاسەتی زۆرەملێی کۆماری ئیسلامی

زۆر لێکردن، لە نێو تەواوی حکوومەتە نادێمۆکراتەکاندا هەیە، بەڵام ئەوەی ڕێژیمێکی تۆتالیتەر لە ڕێژیمە نادێمۆکراتەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، بەگشتی کردنی زۆر لێکردنە، بەو پێیە کە لە ڕێژیمە تۆتالیتەرەکاندا، زۆر لە تەواوی کۆمەڵگە بە هەموو چین ‌و توێژەکانییەوە دەکرێ. بە پێچەوانەوە، لە ڕیژیمە ئۆتۆریتەرەکاندا، تەنیا زۆر لە یەک یان چەند چین‌ و توێژی تایبەت دەکرێ. لە ئێرانی دوای شۆڕشی ١٣٥٧، کۆمەڵگەی ئێران کە کۆمەڵگەیەکی فرەڕەنگە، کرا بە ئامانجی سیاسەتی زۆرەملێی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، بە چەشنێک کە ڕەنگە جیاوازەکانی کۆمەڵگە دەبێ بە زۆر خۆیان لەگەڵ شیعەگەریی دەوڵەتیدا هاوڕەنگ کردبا. لایەنی دەسەڵاتدار دەیهەوێ تەنیا یەک شوناس لە هەموو ئێرانییەکان پێشان بدا، ئەویش شوناسی ئێرانی شیعەیە. هەر بۆیە، هەوڵ دەدرێ هەموو جیاوازییە ئایینی‌ و نەتەوەییەکان لە ڕێگای قانوونی بنەڕەتی و، یاسا ‌و سیاسەتەکانی دەوڵەتەوە لە نێو یەک شوناسی (ئێرانی-شیعی)دا بتوێندرێنەوە.  

شۆڕشی کولتووری: بە ئیسلامیکردنی سیستەمی خوێندن

"دەبێ شۆڕشێکی کولتووری بۆ پاڵاوتنی پێکهاتەی ئەو مامۆستایانەی گرێدراوی ڕۆژهەڵات یان ڕۆژئاوان، لە نێو هەموو زانکۆکانی ئێران دەست پێ بکا‌ و دەبێ زانکۆ ببێ بە ژینگەیەکی خاوێن بۆ خوێندنی باڵای ئیسلامی". (خومەینی، ساڵی ١٣٥٧)   هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی دوای شۆڕشی ١٣٥٧ـەوە، کۆماری ئیسلامی هەوڵی هێنانە ئارای سیستەمێکی خوێندنی دەدا کە لەسەر بنەمای یاسا‌ و ڕێسای شیعەگەریدا بێ. یەکەم هەنگاوی ئەو پڕۆژەیە، شۆڕشی کولتوورییە، ئۆپەراسیۆنێک بۆ پاڵاوتنی سیستەمی خوێندن. شۆڕشی کولتووری زنجیرەیەک ڕووداو دەگرێتە خۆ کە پەیوەندییان بە سیستەمی خوێندنەوە هەیە (لە نێوان ساڵەکانی ١٣٥٧‌و ١٣٦١)، بە مەبەستی داماڵینی زانکۆ لەو مامۆستا ‌و خوێندکار ‌و ئەو سەرچاوانەی خوێندن کە وەکوو "بە ڕۆژئاوا کراو" دادەنران. دوای شۆڕش، بەشێک لە دەسەڵاتداران پێیان وابوو کە دەبێ شۆڕشی ئیسلامی، سیستەمی خوێندن بە تایبەت زانکۆکان‌ و سەرچاوە زانستییەکانیش بگرێتەوە.  دوای تاقیکردنەوەکانی خوێندنی ساڵی ١٣٥٩، زانکۆکانی ئێران بە فەرمی لە لایەن ئەنجومەنی شۆڕشی کولتوورییەوە داخران. ئەنجومەنی شۆڕشی کولتووری وەکوو بەرپرسیاری پەروەردە کردنی مامۆستایان‌ و دەستنیشان کردن ‌و هەڵبژاردنی کەسانی شیاو بۆ وانە گوتنەوە لە زانکۆکان، دەستنیشان کردنی خوێندکاران، بە ئیسلامی‌کردنی ژینگەی زانکۆکان‌ و گۆڕینی پڕۆگرامی خوێندن لە زانکۆکان هاتە کایەوە. بە گوتەی عەبدولکەریم سرووش، زانای شیعی ‌و یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەن، "ئەوانەی زانکۆکانیان داخستن، دەیانویست زانکۆکان هەتا ٢٠ ساڵ بە داخراوی بمێننەوە، بۆ ئەوەی بتوانن هەموو گۆڕانکارییە پێویستەکان ئەنجام بدەن، بەڵام لە کۆتایی ساڵی ١٣٦١دا ‌و دوای ئەوەی ژمارەیەک مامۆستا‌ و خوێندکار دەرکران، زانکۆکان دووبارە کرانەوە". ئەو کەسانەی بەرگرییان لە شۆڕشی کولتووری دەکرد، پێیان وابوو کە زانستەکان کاریگەریی کولتووری ڕۆژئاواییان لە سەرە‌ و دەبێ گۆڕانکارییان تێدا بکرێ، بۆ ئەوەی سوژە‌ و ئۆبژە ‌و شێوازەکانی لێکۆڵینەوە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا بپاڵێورێن. بۆ ئەوان، "زانستە نەپاڵێوراوەکان" بە هێرشی کولتووری دادەنران. ساڵی ١٣٦٢، ئەنجومەنی شۆڕشی کولتووری دەبێتە ئۆرگانێکی دەوڵەتی بە ناوی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی کولتووری، بۆ ئەوەی ئامانجەکانی شۆڕشی کولتووری ١٣٥٧ وەدی بێنێ (واتە داماڵینی هەموو زانست ‌و سەرچاوە زانستییەکانی ڕۆژئاوا‌ و جێگرتنەوەی بە زانستی ئیسلامی). ئەمڕۆکە، ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی کولتووری لە شێوەی دامەزراوەیەکی یاسادانانە. ئەندامەکانی هەڵبژێردراو نین‌ و دیاری دەکرێن. دانانی پێوەر بۆ دامەزراندنی ناوەندە زانستی و کولتوورییەکان، دانانی پێوەری دەستنیشان کردنی مامۆستایان، چاودێری کردنی سەرچاوە ‌و کتێبە زانستییەکان ‌و هەروەها، هەڵسەنگاندنی ئامانجەکانی شۆڕشی ئیسلامی، لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئەو ئەنجومەنەن. هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی شۆڕشی کولتوورییەوە، سیستەمێکی دەستنیشان کردنی مامۆستایان‌ و خوێندکاران لە زانکۆکاندا هاتە کایەوە. لەو کاتەوە، مامۆستایان بە پێی دوو پێوەر دادەمەزرێن: پێوەری یەکەم زانستییە‌ و پێوەری دووهەم ئایدۆلۆژییە. مامۆستایانی زانکۆ دەبێ سوێند بدرێن بۆ ئەوەی دڵنیایی بدەن کە لایەنگری کۆماری ئیسلامین.  خوێندکاران بۆ ئەوەی لە زانکۆ وەربگیرێن، بە تایبەت لە ئاستە بەرزەکان، دەبێ بە هەندێک تاقیکردنەوەدا تێپەڕ بن ‌و سازگارییان لەگەڵ ئایینی ئیسلام‌ و خوێندنی ئیسلامی بسەلمێنن. لەنێو زانکۆکانیشدا، بەشێک هەیە بۆ چاودێری خوێندکاران ‌و مامۆستایان بە ناوی پاسەوانی (حراست) کە لە نێو زۆربەی دامودەزگا دەوڵەتییەکانیش بە هەمان شێوە ئەرکی چاودێری کارمەندانی لە ئەستۆیە. هەروەها کۆمیتەی چاودێری لە زانکۆکان هەن کە لە کۆمەڵێک مامۆستا ‌و خوێندکار پێک هاتوون ‌و ئەرکی چاودێری مامۆستا ‌و خوێندکارانیان لە کاتی خوێندندا لە ئەستۆیە. خوێندکاران، دوای تەواو کردنی خوێندن، بۆ وەرگرتنەوەی بەڵگەنامەی کۆتایی خوێندن‌ و هەروەها دامەزرانیان، دەبێ بە شێوەی فەرمی ڕەزامەندیی ئەو کۆمیتانە وەربگرن. ئەو کۆمیتانە لە لایەن تۆڕەکانی بەسیجەوە یارمەتی دەدرێن. کۆنتڕۆڵ‌ و چاودێری تەنانەت لە دوای خوێندنیش هەر بەردەوامە، چونکە دۆسیەی خوێندکار دەنێردرێتە چەند شوێنی دیکەی کۆنتڕۆڵ وەکوو دەزگای زانیاری خوێندنی نیشتمانی‌ و وەزارەتی ئیتلاعات.