کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوڕۆنا و بەرپرساییەتی کۆماری ئیسلامیی لەبەرامبەر کۆمەڵگەدا

19:07 - 23 خەزەڵوەر 2720

ئەرکی هەر دەوڵەتێک لەمەڕ خەڵکەکەیدا ئەوەیە خۆی لەبەرامبەریاندا بە بەرپرسیار بزانێ و ئاسایش و ئەمنییەت و بژیوی و ئاسوودەییان بۆ دابین بکا. ئەگەر ڕۆژێک بێت و وڵات تووشی  قەیران، کارەسات و ڕووداوە سروشتییەکان وەکوو (سێڵاو، پەتا، بوومەلەرزە و...) بێ، دەوڵەت وەک ئەرک لەسەریەتی قۆڵ هەڵماڵێ و خەڵکەکەی بپارێزێ. هەنووکە ماوەی نێزیک بە ساڵێکە پەتای جیهانگیری کڕۆنا دونیای بەخۆیەوە سەرقاڵ کردوە و هەتا ئێستا زیاتر لە یەک میلیۆن کەس بەهۆی ئەو پەتایەوە گیانیان لە دەست داوە. پەتایەک کە تا ئێستا پزیشکان و توێژەرانی لەسەرانسەری دونیادا بە خۆیەوە خەریک کردوە، تا بتوانن واکسنی ئەو نەخۆشییە بدۆزنەوە و بنەبڕی کەن. ئەم نووسینە دەیەوێ باس لەوە بکا کە کۆماری ئیسلامی وەک دەسەڵات و ئیدارەیەکی سیاسی تا چەند توانیویەتی کۆمەڵگەی ئێران لەبەرامبەر ئەو نەخۆشییەدا بپارێزی و بە هانای خەڵک و  وڵاتەوە بێ؟ لەو ماوەی ئەم یەک ساڵەدا کە جیهان تووشی پەتای کڕۆنا بووە، ئەو وڵاتانەی کە بە سەختی تووشی بوون وەکوو هێندوستان، ئەمریکا، بڕیزیل، وڵاتانی ئورووپایی و...هتد توانیویانە بە باشترین شێوە لە خەمی خەڵکەکەیاندا بن و وڵات ئیدارە کەن، بەڵام ئەم نەخۆشییە لە ئێران وەک وەیشوومە بەر بووەتە گیانی خەڵک و بەهۆی سیاسەتی دژەگەلی، فریودەرانە و پاشان بەرژەوەندخوازانە و ناکارامەیی لە ئیدارە و مودیرییەتدا ڕۆژ نییە شین‌گێڕی نەخاتە کۆڕی سەدان بنەماڵەوە. بەپێی تازەترین ئاماری وەزارتی تەندورستی رێژیم تا ئێستا  نزیک  به ٤١ هەزار کەس بە کۆڕۆنا گیانیان لە دەست داوە و ژمارەی تووشبووانیش نێزیک بە ٧٥٠ هەزار کەسە. بەڵام بەرپرسانی وەزارتی تەندورستی و ڕێکخراوی نیزام پزیشکی و سەتادی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کڕۆنا ڕدەی دەکەنەوە دەڵێن ئاماری گیان لە دەست چووان و تووش بووان بەو پەتایە ٢ تا ٣ هیندەی ئەو ئامارانەیە کە وەزارتی تەندروستی باسی دەکا. هەر لەو پێوندییەدا سەعید نەمەکی، وەزیری تەندروستیی ئێران لە کۆبوونەوەیەکی کۆمیسیۆنی تەندروستی مەجلیس‌دا ڕایگەیاند نەبوونی بوودجەی پێویست تا ئێستا بووەتە هۆی ئەوە گەڵاڵە و بەرنامەکانی ئەو وەزارتخانەیە لەمەڕ ڕووبەڕوو بوونەوە، لەگەڵ ڤایڕۆسی کڕۆنا جێبەجێ نەکرێن. ئەوە قسانەی وەزیری تەندروستی سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونە لەگەڵ پەتای کڕۆنا دەتوانین بە یەکێک لە ئاماژە هەرە دیارەکان بە کەمتەرخەمیەکانی کۆماری ئیسلامی لە بابەت مەسەلەی کڕۆنا دابندرێن. هەروەها پاش ئەوەی لەژێر گوشار و ڕەخنەی زۆردا ڕێبەری ڕێژیم بەناچار ملی بۆ ئەوە ڕاکێشا لە سندووقی گەشەی نەتەوەیی نیزیک بە یەک میلیارد یۆرۆ بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ڤایڕۆسی کڕۆنا تەرخان بکرێ، کەچی وەزیری تەندروستی دەڵێ دوای هەموو ئەو ماوەیە سی لە سەدی ئەو بڕە پووڵەیان دراوەتێ و ڕوون نییە ئەوەی دیکەی بە کێ دراوە و لە چیدا خەرج کراوە! کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاشەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو نەخۆشییە داوای پێنج میلیارد دۆلار یارمەتیی لە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی کرد، بەڵام نەیدرایە، ئەوەش نیشانەی بێ‌متمانەیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ڕێژیمی ئێران بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ کۆرۆنا بوو. هاوکات کاربەدەستانی ڕێژیمە بیانووی دێننەوە کە ئەمریکا وەکوو بەربەست وایە لەنێوان سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و کۆماری ئیسلامی، چونکوو ئەمریکا دەڵێ هیچ متمانەیک نییە  وکۆماری ئیسلامی ئەگەر ئەو بڕە پارەیەی وەکوو قەرز لە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی وەرگرێ، خەرجی گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچەی دەکا. ئاماری زۆری توشبوون و مردنەکان لە ئێران لە حاڵێکدایە کە ئێستاش بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بەرنامە ئیدۆلۆژیکییەکانیان لە گیانی خەڵک بۆ گرینگترە، هەروەک دیتمان لە مانگی ڕابردوودا ڕێوڕەسمە ئایینییەکانی "موحەڕەم"  و "بەیعەت لەگەڵ ئیمامی زەمان" لە ئێراندا لە قەرەباڵغییەکی زۆردا بەڕێوە بران، ئەویش لە کاتێکدا کە پارێزگای مەشهەد یەکێک لەو پارێزگایانەیە کە زۆرترین ئاستی توشبوون بە پەتای کۆڕۆنای تێدا تۆمار کراوە. هەر لەو پێوەندییەدا کیانووش جیهانپوور، جێگری وەزیری تەندورستی ڕایگەیاند بۆ بەڕێوەبردنی ئەم جۆرە ڕێورەسمە ئایینییانەی لە شاری مەشهەد بەڕێوە چوون، هیچ ئیزن‌نامەیەکیان لەلایەن وەزارتی تەندروستی و زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی مەشهەدەوە پێ نەدراوە؛ کە ئەوەش نموونەیەکی دیکە لە بێ‌مودیرییەتی دەزگای بەڕێوەبەریی کۆماری ئیسلامی دەردەخا کە ناتوانێ و نایهەوێ بایەخ بە گیان و ژیانی خەڵک بدا. ڕێژیمێک کە گیانی خەڵکی بە گاڵتە گرتووە و هیچ بۆی گرینگ نییە کە کۆمەڵگەی ئێران چی بەسەر دێ.  هەر وەک چۆن سەرۆکی ڕێکخراوی مودیرییەتی قەیران لە تاران ڕایگەیاند ئاماری گیان‌لەدەستدان بەهۆی کۆڕۆنا لە هەشت مانگی ڕابردوودا لەگەڵ ئاماری ساڵانەی کوژراوانی شەڕی نێوان ئێران و عێڕاق بەراورد دەکرێ. ئێستا لەو بارودۆخەدا کە لەلایەک بێکاری و گرانی بڕستی لە خەڵک بڕیوە و لەلایەکی دی کۆڕۆنا سێبەری مەرگی خستووەتە سەر ژیانی هەمووان، کۆماری ئیسلامی بەجێی خەم خواردن لە خەڵک و مەینەتییەکانیان لەبیری تاقیکردنەوەی کەرەستەی شەڕ و بردنە پێشێی بەرنامە نیزامی و ئەمنیەتییەکانی‌دایە. بە واتایەکی دی سنوورەکانی نێوان مانەوەی خۆی و پاراستنی خەڵکی بە تەواوی لێک جیا کردووەتەوە.