کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قۆناغەکانی پێناسەی مافی مرۆڤ (لە ١٩٤٨ هەتا ئێستا)

13:53 - 1 سەرماوەز 2720

دوامین سەردەمی مێژوویی توێژینەوەکەمان لە ساڵی ١٩٤٨ هەتا ئێستایە و ٧٠ ساڵ زیاتر لەخۆ دەگرێ. لەم ماوە نەزۆر درێژەدا، کاریگەری ڕووداوەکانی پێشوو بەجوانی لە خواستی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بۆ ئاوڕدانەوەی جدی پرسی مافەکانی مرۆڤ دەردەکەون. گرنگترین و یەکەمین بوویەری مافی مرۆیی ئەو سەردەمە پەسند کردنی "ڕاگەیەندراوی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ"ــە؛ ئەم بەڵگەیە بریتییە لە سەرەتایەک و سی بڕگە کە لە ١٠ دێسامبری ١٩٤٨ بە ٤٨ دەنگی ئەرێ لەکۆی گشتی ٥٦ دەنگی وڵاتانی ئەندام لەلایەن کۆمەڵەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسند کرا. ئەو داخۆیانینامەیە کە وەدیهاتن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بە مەزنترین ئاواتی مرۆڤایەتی دەزانێ، ئەمڕۆکە وەک گرنگترین سەرچاوەی مافی مرۆڤ لە جیهان، بناخەی سەرجەم پەیماننامە و بەڵێنییەکانی مافەکانی مرۆڤ پێک دێنێ. دوای واژۆ کردنی ئەو ڕاگەیەندراوە دیرۆکییەی هەتا ساڵی ١٩٩٦ سێ بەڵگەی مافی مرۆڤی دیکە بەناوەکانی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، پرۆتۆکۆلی دڵخوازی پەیوەندی کۆنڤانسیۆنی نێودەوڵەتی مافەکانی مەدەنی و سیاسی و پەیمانی نێودەوڵەتی مافە ئابوری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانیـش پەسند کران کە بە تەواوکەری جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ دەژمێردرێن. لە نێوەڕاستی ئەم چاخە و بە داڕمینی سیستەمی دوو جەمسەری لە ساڵەکانی ١٩٨٩، کەشی لەبار بۆ گەشەی ئامانجەکانی مافی مرۆڤ کراوەتر بوو و سەربەخۆیی دوابەدوای یەکی وڵاتانی بلوکی ڕۆژهەڵاتی و سەربەست بوونیان لەژێر ئاڵای یەکیەتیی سۆڤییەت، ئەکتەرانی گۆڕەپانی خوازیار بۆ پرسەکانی مافی مرۆڤ زیاتر بوون. دوای ئەمە لە کۆنفرانسی ١٩٩٣ی ڤییەن بە پێداگری لەسەر جیهان‌داگری و ڕۆڵی سەرەکیی مافەکانی مرۆڤ، زیان وێکەوتنی چینی تایبەت وەک ژنان، مناڵان، کەمینەکان، خۆوڵاتییەکان، کەم‌ئەندامان و کرێکارانی کۆچەر، دێموکراسی و کۆمەڵگەی مەدەنی، بەستێنێک بۆ دامەزراندنی کۆمیساریای بەرزی مافەکانی مرۆڤ خۆش کرا کە وڵاتانی جیهانیش پێشوازییان لێ‌ کرد. کۆنفرانسی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ لە ١٩٩٤ کە لە ڤییەن بەڕێوە چوو و ١٧١ وڵات دانیان پێدانا، بڕگەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی زیاتر بایەخی پێ درا و بە ئاماژە بە پێوەندیی نێوان جیلە جۆربەجۆرەکانی مافی مرۆڤ، ئەوانی وەک پرسێکی جیهان‌داگر و سەربەیەک زانی و ناساند. (ڕێپۆرتەری تایبەتی شوڕای مافی مرۆڤ بۆ کاروباری ئێران، یەکێک لە هەواڵدەرانی تایبەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەرکدارە بۆ چاوەدێری و هەڵسەنگاندنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران. ساڵی ١٩٨٤ کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاندرێس ئاگوئیلاری وێنزۆئێلایی  وەک یەکەم ڕێپۆرتەری تایبەت بە ئێران دەست‌نیشان کرد و لە ساڵی ٢٠١٨ــشەوە شوڕای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان جاوید ڕەحمانی وەک نوێترین ڕیپۆڕتەر ناساند کە بووە جێگرەوەی خاتوو عاسیمە جەهانگیر). بەدەستپێکی هەزارەی سێهەم، وەرزێکی نوێ لە هاوکارییە جیهانییەکان وەک لە ماناسازی نوێی مافەکانی مرۆڤ دەستی پێ کرد بەجۆرێک کە لە زۆربەی هەرەزۆری بەڵگە جیهانییەکان باسی مرۆڤ‌تەوەری و مافەکانی بەرچاو دەکەون. بەرز بوونەوەی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ شوڕای مافەکانی مرۆڤ لە ١٥ی مارسی ٢٠٠٦ نیشانەی گرنگیی ئەو پرسەیە کە بۆ کۆمەڵگەی جیهانی هەیەتی. جیلی سێهەمی مافەیلی بنیام ژی لەم سەردەمە بە پیداگری کردن بۆ مافەکانی وەک دێموکراسی، پەرەسەندن، ئازادییە بنەڕيتییەکان، هەبوونی ژینگەیەکی پاک و ساغ، گەشەی بەردەوام و ڕاوەستاو، مافی ئاشتی و بەرابەری ڕەگەزی زیاتر خۆ دەنوێنن. بە چاوخشاندنێکی ئاڵوگۆڕەکانی مافی مرۆڤی لەم سەردەمە مێژووییە وا خۆیا دەبێ کە زۆرترین هەوڵەکان بۆ بڵاوکردنەوەی بەڵگە مافە مرۆڤییەکان لەم دەورانەدا ڕووی داوە و بەگشتی وەک سەردەمێکی پڕچالاک دێتە ئەژمار. هەروەها ئەو بەڵگانەی سەرەوە ئاماژەیەکە بۆ ئیرادەی کۆمەڵگەی جیهانی بۆ پەرەپێدان و ڕاوەستاو کردنی مافەکانی مرۆڤ لە وێژەی حقوقی بەتایبەت ئەو بەڵگە پابەندهێنەرانە، لە ڕەوتی جێگیربوونی باوەڕی کۆمەڵ بە مافەکانی مرۆڤ و لەهەمان کات‌دا بەربڵاویی چەمکی بۆ ماکی نوێتر و پوختەتر. دەقی تەواوی ئەو ڕاگەیەندراوە کە بریتییە لە سەرەتایەک و ٣٠ بڕگە، لە ژێرەوە باسی دەکەین:   سەرەتایەک بۆ دەستپێکی مافەکانی مرۆڤ شوناسایی و کەڕامەت و گەورەیی سەرجەم ئەندامانی بنەماڵەی مرۆڤایەتی و مافی وەک یەک و بەرابەر و ڕەوای ئەوان بناغەی ئازادی، دادپەروەری و ئاشتی لە جیهان‌دا پێک دێنێ. بەو هۆیەوە کە وەبەرچاو نەگرتن و سووکایەتی کردن بە مافەیلی مرۆڤ، کردەوەی دڕندانەی ئەوتۆیان بەدواوە بووە کە ویژدانی مرۆڤایەتییان وروژاندووە، پێک‌هێنانی جیهانێک کە لەودا مرۆڤەکان لە بیروڕا دەڕبڕین سەربەست و لە ترس و هەژاری بەدوور بن وەک مەزنترین ئارەزووی مرۆڤ ڕاگەیەندراوە. بەوهۆیەوە کە پێویستیی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن دەستەڵاتدارەتیی یاساییەوە پشتیوانیان لێ بکرێ هەتا مرۆڤ ناچار نەبێ لە دژی ستەم و بێدادی وەک دواچارە پەنا بۆ ڕاپەڕین ببا. بەو هۆیەوە کە پەرەگرتنی پێوەندیی دۆستانەی نێوان نەتەوەکان دەبێ پشتی بگیری. بەوهۆیەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان جارێکی دیکە بڕوا هەبوونی خۆیان بە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و ئابڕوو و کەڕامەت و بایەخی تاکەکانی مرۆڤ و بەرابەری مافەکانی ژنان و پیاوان لە بەیاننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان‌دا ڕاگەیاندۆتەوە و لێبڕاون کە یارمەتیی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی بکەن و لەبەر ڕوناکایی ئازای ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتردا باشترین هەلومەرج بۆ ژیان پێک بێنن. بەو هۆیەوە کە تێگەیشتنی هاوبەش لەبارەی ئەم ماف و ئازادییانە بۆ ئەوەی بە تەواوی بەڕێوە بچن، گرنگییەکی تایبەتی هەیە. کۆڕی گشتی ئەم بانگەوازە جیهانییەی مافی مرۆڤ وەک ئامانجی هاوبەشی هەموو خەڵکان و نەتەوەکان ڕادەگەیەنێ هەتا هەموو تاکەکان و سەرجەمی بنیات و دامەزراوەکانی کۆمەڵگە هەمووکات ئەم جاڕنامەیەیان لەبەرچاو بێ و هەوڵ بدەن بەهۆی فێرکردن و ڕاهێنانەوە ڕەچاوکردن و بەڕێوەبردنی ئەم ماف و ئازادییانە پەرە پێ بدەن و بە دیاری کردنی ڕێوشوێنی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ڕێگا بۆ بەفەرمی ناسین و باشتر بەڕێوەچوونیان چ لە نێو خەڵکی وڵاتانی ئەندام و چ لە نێو خەڵکی ئەو سەرزەویانەدا کە لە ژێر دەستەڵاتی ئەواندان، دابین بکەن.