کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورد لە داهاتووی ئێران‌دا

14:08 - 2 سەرماوەز 2720

بۆ ئیمەی کورد زۆر گرینگە بزانین لە ئەگەری ئاڵوگۆڕ لە ئیران، کورد چیی لێ بە سەر دێ، یا چ چاوەڕوانییەکی دەتوانێ هەبێ و چیی بۆ دەستەبەر دەکرێ. ئایا  هاتنە سەر کاری هەر شێوه حکومەتیکی نۆی، بە مانای گەیشتنی کورد بە مافەکانی دەبێ؟ داهاتووی کورد لە ئیران، وەک هەودایەکی ئاڵۆز بەستراوەتە بە دەیان فاکتوری جیاواز کە بەشێکی سەرەکیی ئەو فاکتۆڕانە پێویستە یەک بە یەک لێکدانەوەیان بۆ بکرێ.   فارسەکان بەپێی ئەزموونی مێژویی، نەتەوەی فارس بە درێژایی بەشی زۆری سەدەی بیستەم و هەتا ئیستا، لەسەر مانەوەی هەموو ئیران بە ناوەندێتیی خۆی سوورە و هەر شیویەکی دی لە سیستمی دەسەڵات بۆوان هێڵی سوورە. ئەگەرچی لە کاتی بێ‌هێزی‌دا دانوستان و قسەش لەسەر شێوەی دابەش‌کردنی دەسەڵات دەکەن، بەڵام ڕوانگەی فارس مانەوەی جوغرافیای ئێستای وڵاتە بە ناوەندێتیی خۆیان و فەرق ناکا دەسەڵاتی ناوەند ئیسلامی بێ، پاشایەتی بێ، یان حکوومەتێکی سێکوڵار. فارسەکان دەڵین ئیران ئی هەمووانە، شتێک کە بە درێژایی بەشی زۆری مێژووی ئیران وا نەبووه و نەتەوەی فارس دەسەڵاتداری یەکەم بووه و زۆرترین بەشی هەموو داهاتە ئابورییەکان و دەسەڵاتە سیاسییەکان بە دەست ئەوان بووه و هەیە. ولانانی سیستمی مەرکەزی بۆ هەر سیستیمێکی دی وێرای ویستی دێموکراسی‌خوازنە، پێویستیی بە کولتووری لامەرکەزیش لەنێو خەڵک و حکوومەتدا هەیە کە ئەمە بۆ فارسەکان بە ئاسانی هەرس ناکرێ.   نەتەوەی ئازەری نەتەوەی ئازەری بەهۆی سنووری هاوبەشی لەگەڵ ئێمەی کورد دوای نەتەوەی فارس ڕۆڵێکی گرینگی لە سەقامگیری و ئەمنیەتی نەتەوەیی ئێمەی کورددا هەیە. لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان‌دا ئەوان لەگەڵ ئێمە هاوسنوورن و زۆر شوێن و ناوچەش کە ئێمە بە کۆتایی خاکی کوردستانی دەزانین، ئەوان ئیدیعای خاوەنێتیی دەکەن. ڕووداوەکانی ناوچە، بە تایبەت عێڕاق و ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغداش پێمان دەڵێن کە بە تەنیا ناسنامەی مێژویی ناکرێ وەک کارتێکی بەهێز و براوە بۆ یەکلاکردنی هاوکێشەکان بەکار بێت و ئەمری واقعەکان شتی دیکە دەخوازن. زێدەخوازیی ئازەرییەکان لە ئێستادا و، مێژووی دەسکیسیی ئازەرییەکان لە شەڕی کوردستان دوای شۆڕشی ٥٧ و، هاوسۆزیی ئازەرییەکان بۆ داگیرکاریی تورکیە لە ڕۆژئاوای کوردستان و شەپۆلی دژی کوردی کە لە بۆنەی جۆراوجۆری وەرزشی و هتدا دەردەکەون؛ هەڵگری پەیامێکن: ئەوەی ڕوو دەدا هەستێکی نەتەوەیی فاشیستییە کە بەرەوڕووی پرسی کورد بۆتەوە و کورد دەبێ بە ژیری و واقعبینییەوە بیبینێ و سیاسەتی لەگەڵ بکا.   نەتەوەکانی دیکەی ئێران نەتەوە نافارسەکانی دیکەی ئێران جیا لە کوردەکان کە مێژوویەکی درێژی خەباتی شوناس‌خوازییان لە ئێران‌دا هەیە، ویست و داوایان هەتا ئێستاش پتر لەسەر تەوەری ئابووری و هیندێک مافی مەدەنی، کۆمەڵایەتی و ئایینییە. کورد هەر بە دوای ڕێفراندۆمی "جمهوری اسلامی"دا  بە تەنیا ماوە، ڕەگەڵ کەوتنی نەتەوەکانی دیکەش ئەگەر لە سەرەتادا هۆکارەکەی سیاسەتی فریوی دوای شۆڕش بوو، دواتر هۆکاری مەزهەبی شیعە بووە کە یارمەتیی مانەوەی ڕێژیمی لە دەسەڵات‌دا کردوە. کورد دەبێ هەم پێشوازی لە خەباتی شوناس‌خوازیی نەتەوەکانی دیکە بکا و هەم دەبێ لەگەڵیان بکەوێتە کاری هاوبەشی سیاسی.   وڵاتانی دراوسێ و فاکتەری بیانی ڕوون و ئاشكرایە نە ئیران، نە عێڕاق، نە تورکیە و سووریە هیچیان چاویان بەرایی دیتنێک وڵاتێک بە ناوی "کوردستان" نادا.  ئەزموونە مێژووییەکان پێمان دەڵێن کە ئەوان لە ئەستەمترین کاتەکان‌دا کە دژی یەکن، بەڵام لەسەر پرسی کورد لەگەڵ یەکتری‌دا هاوئامانج و هاوپلان و پیلانن. وڵاتانی دیکەی ناوچە و زلهێزەکانیش هەتا ئێستا ڕوویان لە حکوومەتە ناوەندییەکان بووە، جا ئەم حکوومەتانە دیکتاتۆر بن، سێکۆلار یان مەزهەبی بووبن. هەتا ئێستاش ئەمریکا هەوڵ دەدا لەگەڵ ئێران ڕێککەوتنی هەبێ و ئورووپاش کە بە ئاشکرا بۆ ئیران و برجام دەپاڕێنەوه. چین و ڕووسیەش وەک دوو زلهێزی جیهانی کە پتر بەرژەوەندیی ئابوورییان بۆ گرینگە، پشتی ئیرانیان چۆڵ نەکردوە. بە دەربڕینێکی دی هەموو وڵاتان لەگەڵ مانەوە و سەقامگیری جوغرافیای سیاسیی ئێران‌دا کۆکن. ئەمە هەر لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نییە، لە ناوەندی دێموکراسیی ڕۆژئاواش‌دا کەس وەڵامی مافخوازیی کاتالۆنەکان بۆ وڵاتی سەربەخوی خۆیانی نەدایەوە. چونکی زۆربەی وڵاتان کە بەرژەوەندیی خۆیان لەسەر بنەمای ئەم واقعە سیاسییانە داڕشتووە، گۆڕینی جوغرافیای سیاسی بە مەترسی بۆ سەر ئەمنیەتی نەتەوەیی خۆیان دەزانن و لە نێوان ئەمنیەتی نەتەوەیی و پارێزگاری لە بەهاک مرۆییەکان و دێموکراسی‌دا، ئەمنیەتی نەتەوەیی و بازرگانیی خۆیان پێ لەپێشترە. ئاکامی سەرەتایی لەو باسە ئەمەیە کە کورد ناتوانێ وا بە ئاسانی چاوی لە پشتیوانیی دەرەکی بێ، مەگەر ئەوەی وەها بەرژەوەندییەک بۆ ئەو وڵاتانە دروست بێ کە هاوکێشەکە لە بەرژەوەندیی کورد بشێکتەوە.   دۆخی نێوماڵی کورد کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی زۆری هەن. ئەم حیزبانە هەم ڕابردووی کاری هاوبەش و هەم ڕابردووی گرژی و ئاڵۆزی و تەنانەت لێکدانیان لەگەڵ یەکتر بووە. لە ڕوانینێکی گشتیدا ئەگەر لەلایەک فاکتەری دەرەکی لە بەرژەوەندیی کورد نەبووە و لەلایەکی دیکەش ئەگەر بەهۆی باڵادەستیی هێزی ناوەند بزووتنەوەی کورد بەردەوام شاڵاوی سەرکوتی لەسەر بووە؛ کورد بۆخۆیشی نێوماڵێکی تۆکمە و ڕێکخراوی نەبووە. ئەگەرچی لە ئێستادا گرژییەکان کەمتر و هەوڵەکان بۆ لێک‌نیزیکیی حیزبەکان لە جاران زیاترن، بەڵام بەوحاڵەش هەتا گەیشتن بە خاڵی مەبەست مەودا زۆرە. دوو ڕەوتی سیاسیی شوێندانەر و خاوەن‌مێژووی خەباتی سیاسی لە کوردستانی ئێران تووشی دابڕانی ڕیزەکانیان هاتوون و هێزی سیاسی و ئەکتەری دیکەش لە شانۆکە دەرکەوتوون. بۆیە ئەگەرچی هەندێ فۆڕمی وەک "ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران" بۆ کاری مەیدانی و هاوبەش و نیزیک‌کردنەوەی گوتاری سیاسی بەجێیە، بەڵام ئەمە دەکرێ تەنیا خاڵی دەسپێک و سەرەتای کارە گەورەکە بێ.   ستراتیژی و تاکتیک ستراتیژیی خەبات بو کیانیکی سەربەخۆ، وەک دەوڵەت و وڵاتیکی کورد لە بەشێکی کوردستان، یا چوار دەوڵەتی جیاواز وەک ستراتیژیی گشتیی کورد لەجێدا نەک ماف، بەڵکوو زەروورەتی بزووتنەوەی سیاسیی کوردە. کورد مافی خۆیەتی هەموو ئامرازێکی خەبات بۆ چارەسەری پرسەکەی دەکار بکا و هەموو مێتۆدێک بۆ بردنەپێشیی بزووتنەوە سیاسی و نەتەوەییەکەی بگرێتە بەر کە لە سەدەی ڕابردوودا دیارترینی ئەم مێتۆدە خەبات و بەرگریی چەکداری بووە. پرسیاری جەوهەری لەو پێوەندییەدا ئەمەیە کە گەلۆ، ئاخۆ حیزبە سیاسییەکانی کوردستان بە چاوی ڕەخنەگرانەوە بە مێژووی تێکۆشان و سیاسەت و هەڵوێستی خۆیان‌دا دەچنەوە بۆوەی ڕێکاری بنیات‌نەرانە بگرنە بەر و پرسی کورد لە ئەنجام و ئاکامێکی بەرهەست نیزیک کەنەوە؟ ئەم ڕوانگەی ڕەخنەگرانەیە دەروازیەکی تر بۆ ڕوانگە و سیاسەتی نوێ بەڕووی بزووتنەوەی کورددا دەکاتەوە.   شەڕ و وتووێژ کورد ئەگەرچی هەمیشە شەڕی بەسەردا سپاوه، بەڵام بەردەوام هەوڵی داوە پرسی سیاسی و نەتەوەیی خۆی لە ڕێگەی دیالۆگ و هاوبەشییەوە چارەسەر بکا. لە پێوەندی لەگەڵ شەڕدا، شەڕی هێزەکانی کورد پتر لە خانەی بەرگری‌دا جێ‌دەگرن، چونکی نە هێزی مرۆیی و نە توانای لۆجستیکیی شەڕ لە نێوان کورد و حکوومەتی ناوەندی‌دا بە یەک بەراورد نەکراون و ناکرێن. سروشتییە کە ڕێژیمی تاران بەپێی ئەقڵییەتی سیاسی و ئیدۆلۆژیکیی خۆی لە بەهێزیی سەربازیی خۆیدا ئامادە نابێ مل بۆ مافی کورد و وتووێژ ڕاکێشێ، مەگەر ئەوەی جەبرێک و زەبرێک لەگۆڕێ‌دا بێ. ئەم جەبر و زەبرەش هەم دەتوانێ چوونەسەرێی توانای نیزامی و بەرهەڵستکاریی چەکداریی ئۆپۆزیسیۆنی کورد بێ، هەم دەتوانێ گوشاری مافخوازی و خەباتی مەدەنی لە نێوخۆی کوردستان بێ کە ڕێژیم ناچار بە پاشەکشە و هاتنە سەر مێزی وتووێژ بکا. بۆ دەستەبەری دەسکەوت لە وتووێژیش‌دا هاودەنگی و یەک‌گوتاریی هێزە سیاسییەکانی کورد پیویستیی ژیانەکی و پێش هەموو شتێکە.   ئابووریی کوردستان ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی نیزامی ناوەندگەرای ئێرانەوە لەباری وەبەرهێنان، ماڵی و بانکییەوە بەستراوەتەوه بە سیستمی ماڵی و بانکیی ناوەندەوە. واتە لە ئەگەری هەر ئاڵوگۆڕێک‌دا لە ئیرانی پاش کوماری ئیسلامییش‌دا، کوردستان دیسان بەستراوەتەوە بەو سیستمە تێک ڕووخاوه و بودجەی ئۆڕگان و بەڕێوەبەرایەتییە ئیدارییە جۆراوجۆرەکان لەلایەن حکوومەتی ناوەندییەوه دەدرێ. ئەزموونی نیزامی فیدڕاڵیی ئێستای عێراق و کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێریش پێمان دەڵێن کە "ئابووریی سەربەخۆ" چ ڕۆلێکی گرینگ دەبینێ لە چارەسەر و یەکلاکردنەوەی کێشە و پرسە سیاسییەکان‌دا. ژێرخانی ئابووری، پرسی ئاو و کانزاکان و سیاسەتی بەڕێوەبەری وەک کەیسێکی کراوە پێویستە هەموو کاتێک لەسەر مێزی حیزبە سیاسییەکان و لە ڕۆژەڤی کار و بەرنامەکانیان‌دا بێ. مەبەست لەوەش خۆئامادە کردن بۆ هەر هەلومەرجێکی چاوەڕوان‌کراو و چاوەڕوان‌نەکراوەکانە. لە ماوەی چل ساڵی ڕابردودا یەکیک لەو دۆخانەی کە کورد بە سەری‌دا کەوتوه، سیاسەتی پڕکردنەوەی بۆشایی سیاسی و ئیداری لە کوردستان بووه. ئەمە هەم لە سەردەمی کۆماری کوردستان، هەم ساڵانی یەکەمی دوای شۆڕشی ١٣٥٧ و هەم دۆخی هەرێمی کوردستان دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ بەرچاو بووە. ڕاستە کورد توانیویەتی بۆشایی دەسەڵات بە باشترین شێوە پڕ بکاتەوە، بەڵام نەبوونی بەرنامەی جێگری ئابووری لە تەنیشت فاکتۆڕە سیاسی و سەربازییەکانی دیکە ئەم هەلەی لە چنگ کورد دەرهێناوەتەوە. بۆیە بایەخدان بەو پرسە گرینگ و چارەنووس‌سازە.   ئاکام‌گیری: سیاسەتی ئەمری واقع بە سەرنجدان بە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی مێژووی کورد و ئەم فاکتانەی لە سەرەوە باس کران، پێویستە کورد لە سەرڕا بە تاکتیکی خۆی بۆ دەستەبەرکردنی ستراتیژیی نەتەوەیی‌دا بێتەوه. کورد دەبێ لەگەڵ ئەمری واقع‌دا مامەڵە بکا و چاوی لە نێوئاخنی فۆڕۆم و ڕێککەوتنەکان بێ نەک شێوەی ڕواڵەتییان. کورد دەبێ نێوماڵی سیاسیی خۆی بەهێز بکا، لە نێوخۆ خەباتی مەدەنی دەبێ پتر ڕەگ داگوتێ و بەرگژە بۆ کۆماری ئیسلامی دروست بکا. پرسی هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە سەرانسەرییەکان لەسەر بنەما هاوبەشی و بەپێی بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان دەبێ کراوە و هاوکات پڕۆژەکانی ئیدارەی کوردستان لە ئەگەری پێکەوە نەبوونیش‌‌دا پێویستە لەبەرچاو بن.