![](/kurdistan-kurd/ku/wp-content/uploads/2020/11/dilan-hardi.jpg)
ڕێژیمی سیاسیی ئێران لەنێوان ئۆتۆریتاریزمو تۆتالیتاریزمدا
(ژنان - کەمینە نەتەوەییەکان لەژێر سێبەری کۆماری ئیسلامیدا)
لەو کاتەوە کە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای پڕەنسیپە ئایینییەکانەوە نووسراوەتەوە، ستاتۆ و مافەکانی ژنان بە پێی پێوەرە ئایینییەکانەوە پێناسە کراون. دوای ئەوەی لایەنە ئایینییەکان بە دەسەڵات گەیشتن و شیعەگەریی دەوڵەتییان بەسەر کۆمەڵگەدا سەپاند، ژنان ئەو مافە زۆر کەمەی لە سەردەمی شادا وەدەستییان هێنابوو، ئەویشیان لێ زەوت کرا. بندەستی و چەوسانەوەی ڕەگەزی مێینە کە لە نەریتی ئایینی شیعەدا بوونی هەبوو، فۆڕمێکی یاسایی بە خۆیەوە گرت و ژیانی هەموو ژنانی ئێرانی هێنایە ژێر سێبەری ڕێسا ئایینییەکان. لە ڕاستیدا شۆڕشی ئێران، لە ڕوانگەی مافەکانی ژنانەوە "شۆڕشێکی باوکسالارانە" بوو. ئەو جۆرە شۆڕشە، ژنان پەڕاوێز دەخا و بە هەموو شێوەیەک ڕێگری لە سەربەخۆبوونیان دەگرێ و ناتەبایە لەگەڵ پێناسەکانی سەربەخۆیی، ئازادی و ئازادبوون، هەروەها پەیوەندییەکی ئایدۆلۆژیکی لە نێوان بەهاکانی باوکسالاری، نەتەوەپەرستی و سیستەمی ئایینی دروست دەکا. لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا، جەخت لە ستاتۆی بەرزی بنەماڵە دەکرێتەوە و ڕۆڵی ژن تەنیا لەنێو چوارچێوەی بنەماڵەدا زۆر گرنگ وەسف دەکرێ. لە پێشەکیی یاسای بنەڕەتیی ئێران، ژنان بەو شێوە پێناسە کراون: "ژنان پێناسەی ڕاستەقینەی خۆیان و ئەو مافانەی لە سەردەمی شادا لێیان زەوت کرابوو، وەدەستیان هێنایەوە و بنەماڵە، یەکەی بنەڕەتیی کۆمەڵگه و خاڵی گەشە کردنی مرۆڤە". بەو شێوە ڕوانینە لە بنەماڵە، ژن لە شێوەی "کەرستە بوون"و بە ئامراز کرانی لە خزمەت پەرەپێدانی بەکارهێنەریگەری و چەوسانەوە دێتە دەرەوە". (پێشەکیی قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران) یاسای بنەڕەتی ئێران، جگە لە ئامانجی هینانە کایەی بنەما ئیسلامییەکان، دان بە پێناسەی بنەڕەتی و مافە بنەڕەتییەکانی ژنان دانانێ. لەو ڕووەوە، مافەکانی ژنان بە شێوەی سەربەخۆ هیچ گرنگییەکیان نییە، بەڵکوو ژن تەنیا وەکوو پێداویستییەکە بۆ ئەوەی دەسەڵاتداران بە ئامانجەکانیان بگەن. بەپێی ئەو ڕوانگەیە، ژن تاکێکە کە تەنیا لە بنەماڵەدا بەهای هەیە و هەموو ماف و ئەرکەکانیشی تەنیا لەو چوارچێوەیەدا گرنگییان هەیە. ڕۆڵی ژن وەکوو دایک پێناسە کراوە کە ئەرکی پەروەردە کردنی مرۆڤی لە نێو ماڵدا لەئەستۆیە. دەستووری ئێران دژی ئەوەیە کە ژن و پیاو لە سەر بنەمای ڕەزامەندیو بە ئارەزووی خۆیان پەیوەندییان پێکەوە هەبێ، بەڵکوو پەیوەندیی نێوانیان بە ڕێسا ئایدۆلۆژیکەکان سنووردار دەکاتەوە. لە لایەک، مادە جۆراوجۆرەکانی وەکوو مادەی ١٠و مادەی ٢٠ی دەستوور، جەخت لەوە دەکەنەوە کە "ژنو پیاو لە بەرامبەر یاسادا یەکسانن" یان "لە لایەن یاساوە پارێزراون"، بەڵام لە لایەکیترەوە، جەخت لە ڕێزگرتن لە نەریتەکانی ئیسلام دەکاتەوە. ئەو بنەماڵەی کە یاسای بنەڕەتیی ئێران پێناسەی دەکا، بنەماڵەی نەریتییە کە لەودا تاکەکان یەکسان نین و ڕۆڵی ژنانیش تەنیا لە چوارچێوەی ماڵەوەدا سنووردار کراوە. بەپێی ئەو نەریت و ڕێسا ئایینییانەی کە یاساکانی ئێران بە سەر خەڵکدا دەیانسەپێنن، ژن لەگەڵ پیاو یەکسان نییە(مادەی ٣٠٠ی یاسای سزادانی ئیسلامی). بۆ نموونە، سزای کوشتنی مرۆڤ بۆ ژن و پیاو یەکسان نییە. ئەگەر پیاوێک بە دەستی ژنێک بکوژرێ، ژنەکە بە سزای قەساس کە دەکاتە کوژرانەوە، حوکم دەدرێ، کەچی ئەگەر ژنێک بە دەستی پیاوێک بکوژرێ، پیاوەکە تەنیا بە سزای پێدانی دییە یان بەهای خوێن حوکم دەدرێ. بابەتێکی گرینگی دیکە، سەرپۆشی زۆرەکییە کە تەواوی ژنانی ئێرانی کردۆتە ئامانج. دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی، ڕێبەرانی ئایینی کۆماری ئیسلامی، یەک لە دوای یەک، پێداگرییان لەسەر زۆرەکی بوونی سەرپۆش دەکردەوە. بە گوتەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، بێ سەرپۆشی (بی حجابی) لە ئێران لە لایەن یاساوە بە نایاسایی و لە هەندێک بواردا وەکوو تاوان ناسێندراوە و دەستەواژەی "خراپ خۆ داپۆشین" (بد حجابی)ی بۆ بەکار دەهێنرێ. لە مادەی ٦٣٨ی یاسای سزادانی ئیسلامی لە ئێران، حوکمی هەتا ٢ مانگ بۆ ئەو ژن و کچانە دیاری کراوە کە تەمەنیان لە سەرووی ٩ ساڵانە و لە شوێنە گشتییەکان بەبێ سەرپۆش دەردەکەون. لە کردەوەدا، سەرپۆش لە ٧ ساڵییەوە زۆرەکییە، چونکە کچان هەر لە ٧ ساڵییەوە کە دەچنە خوێندنگەی سەرەتایی دەبێ سەرپۆشیان هەبێ. ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕایدەگەیەنێ کە ژنان ڕۆژانە ئازار دەدرێن و لەلایەن پۆلیس و کەسانی توندڕەوی لایەنگری دەسەڵاتەوە بە بیانووی سەرپۆش هێرشیان دەکرێتە سەر. بە گوتەی فیلیپ لوتێر، بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەراست و ئەفریقای ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، "یاساکانی ئێران بۆ سەرپۆش، نەک تەنیا بە توندی سووکایەتی بە ژنان دەکەن و شێوەیەکن لە هەڵاواردن، کەچی، بۆ پاساودانی توندوتیژی لە دژی ژنان لە سەر شەقامیش کەڵکیان لێ وەردەگیرێ". لەو ساڵانەی دواییدا، سەرکوتی ژنان لە لایەن ناوەندە حکوومییەکانەوە پەرەی سەندوە، بە تایبەت ئەو ژنانەی بە شێوەی مەدەنییانە لەنێو شەقامەکاندا لە دژی یاساکانی سەرپۆشی زۆرەملێیانە ناڕەزایەتی دەردەبڕن. بۆ نموونە، نەسرین ستودە، پارێزەر و چالاکی بواری ژنان، سەرەتای مانگی مارسی ٢٠١٩، بە هۆی دژایەتیی یاسای سەرپۆش و پشتیوانی لە بزووتنەوەکانی ژنان، بە ٣٣ ساڵ زیندان و ١٤٨ قامچی سزا درا. بابەتێکی تری توندوتیژی دژی ژنان بریتییە لە "بەردباران کردن" کە لەسەر ئەو ژن و پیاوانە ئەنجام دەدرێ کە پەیوەندی سێکسییان لە دەرەوەی ژیانی هاوبەشەوە هەبووە. ئێران یەکێک لەو دەگمەن وڵاتانەیە کە بەردباران کردن لە یاسای سزادانەکەیدا هەیە. بەپێی مادەی ٨٣ی یاسای سزادانی ئیسلامی لە ئێران، سزای بەردباران کردن لەسەر ئەو کەسانە جێبەجێ دەکرێ کە مێردیان هەیە، بەڵام پەیوەندیی سێکسییان لەگەڵ کەسێکی تری جیا لە مێردەکانیان هەیە. یاسای سزای مردن جۆر و قەبارەی ئەو بەردانە دیاری دەکا کە لەو شێوە سزای لەسێدارەدانە کەڵکیان لێ وەردەگیرێ. بەپێی مادەی ١٠٢، بۆ لەسێدارەدان بەشێوەی بەردباران، پیاوەکە دەبێ هەتا نێوقەد و ژنەکەش هەتا سینگ لە زەوی بنرێن. بە پێی مادەی ١٠٤، بەردەکان نە دەبێ هێندە گەورە بن کە تاوانبارەکان زوو بمرن، نە هێندەش بچووک بن کە نەتوانرێ ناوی بەردیان لێ بنرێ. ئامانجی ئەو یاسایانە و سزای بەردباران کردن ئەوەیە کە قوربانییەکان زوو گیان لەدەست نەدەن، بەڵکوو لە پێشدا بە پڕۆسەیەکی دوورودرێژی پڕ لە ئێش و ئازاردا تێپەڕ بن، ئینجا بمرن. پیاوان، بۆ خۆ دەرباز کردن لە سزای بەردباران کردن، هەندێک فێڵی یاساییان لەبەر دەستدایە، چونکە پیاوێک کە خەیانەتی لە هاوسەرەکەی کردبێ، بە شێوەی یاسایی دەتوانێ لە هاوسەرەکەی جیا ببێتەوە و لەگەڵ ژنێکی دیکە ژیانی هاوبەش پێک بێنێ، بەڵام ژنێک کە بە تۆمەتی خەیانەت دەگیرێ، بە سزای مردن بە شێوەی بەردباران کردن حوکم دەدرێ. ئێران یەکێک لە واژۆکەرانی پەیماننامەی نێونەتەوەیی مافە سیاسی و مەدەنییەکانە، بەڵام بە گوتەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، ئێران سەرەکیترین مادەکانی ئەو پەیماننامەیە بە بەردەوامی پێشێل دەکا، وەکوو "قەدەغە کردنی سزای لە سێدارەدان بەشێوەی بەردباران کردن، مادەی ٦ (مافی ژیان) و مادەی ٧ (قەدەغەی ئەشکەنجەو ئەو سزا و هەڵسوکەوتانەی بێ بەزەییانە و نامرۆڤانەن یان سووکایەتی پێکردنن).