کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە دیکتاتۆرییەوە تا دێموکراسی

14:26 - 2 سەرماوەز 2720

لە دیکتاتۆرییەوە تا دێموکراسی

داڕشتنی ستراتیژیی گەورە بۆ خەبات

  دوای هەڵسەنگاندنی بارودۆخ، هەڵبژاردنی شێواز و دیاری‌ کردنی ڕۆڵی یارمەتییە دەرەکییەکان، داڕێژەرانی ستراتیژیی گەورە دەبێ گەڵاڵەیەکی گشتی لە باشترین شێوازەکان کە بتوانێ خەباتەکە بباتە پێشێ، ئامادە بکەن. ئەم گەڵاڵە بەربڵاوە دەبێ ئێستا و داهاتووی ڕەوتی وەدەست هێنانی ئازادی و ڕێکخراوەکانی سیستمی دێموکراتیک لە خۆ بگرێ. لە ئامادە کردنی ستراتیژیی گەورەدا پلان‌دانەران پێویستە هەندێ پرسیار لە خۆیان بکەن. پرسیارەکانی ژێرەوە هەموو ئەو تێبینییانەی کە لە ئامادەکردنی ستراتیژییەکی گەورەدا، بۆ خەباتی سیاسی پێویستن، بەشێوەیەکی ڕوون دەخاتە ڕوو: بۆچوونی گشتی و تۆکمە لە سەر ئەوەی کە، دیکتاتۆری چۆن کۆتایی پێ بێ و دێموکراسی جێگای بگرێتەوە، چییە؟ خەباتی درێژخایەن چۆن دەکرێ بە باشترین شێوە دەست پێ بکا؟ خەڵکی چەوساوە چۆن دەتوانن متمانە بە خۆ و هێزی پێویست بۆ دەستپێکی خەبات بە دژی دیکتاتۆر لە ئاستێکی دیاریکراودا وەدەست بێنن؟ بە چ شێوەیەک ئاستی کەڵک وەرگرتن لە "هاوکاری نەکردنی دیکتاتۆر و خەباتی سیاسی" بە تێپەڕینی کات و ئەزموون بچێتە سەرێ؟ بۆ کۆنترۆڵ کردنی دێموکراتیکی کۆمەڵگە و بەرتەسک کردنەوەی دیکتاتۆری، ئامانج لە هەندێ بەشی دیاریکراو لە خەبات چییە؟ ئایا هەندێ ڕێکخراوی سەربەخۆ ماون کە دیکتاتۆر زەفەری پێ نەبردبێتن و بکرێ بۆ وەدەست هێنانی ئازادی کەڵکیان لێ وەربگیرێ؟ یان کام لە ڕێکخراوەکان دەبێ دیسان بە دەستی دێموکراتەکان دابمەزرێن بۆ وڵامدانەوە بە خواستەکانیان، تەنانەت ئەگەر دیکتاتۆرییش هەر بمێنێ؟ هێزی ڕێکخستن بە چ شێوەیەک دەتوانێ پەرە بستێنێ؟ بەشداران چۆن پەروەردە بکرێن؟ ئەو سەرچاوانەی (دارایی و کەرەستە و ...) کە لە خەباتدا پێویستن کامانەن؟ ئەو هێما و سیمبۆلانەی کە دەتوانن بە باشترین شێوە هەموو چین و توێژەکان ڕێک بخەن کامانەن؟ لە چ ڕێگایەکەوە و لە چەند قۆناغدا دەکرێ سەرچاوەکانی هێزی دیکتاتۆر لاواز بکرێ و لە کۆتاییدا لە بەین بچن؟ خەڵکی خەباتکار چۆن دەتوانن درێژە بە خەباتی خۆیان بدەن و هاوکاتیش پڕەنسیپەکانی خەباتی ناتوندوتیژ بپارێزن؟ چۆن دەکرێ لە کاتی ململانێدا نەزمی کۆمەڵگە تێک نەدرێ؟ لەبەرەبەری سەرکەوتندا، خەباتگێڕان چۆن دەتوانن درێژە بە دروست کردنی کۆڵەکەکانی کۆمەڵگای پاش دیکتاتۆری بدەن تا بەڵکوو بتوانن زەمینە بۆ ئاڵوگۆڕ هەرچی زیاتر خۆش بکەن؟ دەبێ ئەوەمان لەبیر بێ کە بەرنامەیەکی کاریی یەک‌دەست بوونی نییە و ناشتوانێ هەبێ، کە بەپێی ئەوە بکرێ بۆ هەموو بزووتنەوە ڕزگاریخوازانەکان ستراتیژییەکی گەورە ئامادە بکرێ. هەموو خەباتێک بۆ بەچۆکدا هێنانی دیکتاتۆر و دانانی سیستەمێکی دێموکرات، هەندێ جیاوازیی لەگەڵ خەباتەکانی دیکە هەیە. هیچ کام لە بارودۆخەکان بە تەواوی وەکوو یەک نین. هەموو دیکتاتۆرێک هەندێ تایبەتمەندیی تایبەت بە خۆی هەیە و توانایی ئازادیخوازیی خەڵک لەگەڵ یەکتر جیاوازییان هەیە. پلان‌دانەرانی ستراتیژیی گەورە بۆ خەباتی سیاسی، نە تەنیا لەسەر هەلومەرجی خەبات بەڵکوو لەسەر شێوازەکانی خەباتیش پێویستییان بە تێگەیشتنێکی قووڵ هەیە. کاتێک ستراتیژیی گەورە بە وردی داڕێژرا، بەڵگەی ڕوون بۆ ئاشکرا کردنی زۆرە. زۆرێک لە خەڵک کە بەشداری کردنیان پێویستە، ئەگەر لە هەندێ شتی گشتی تێبگەن، هەر وەکوو هەندێ فەرمانی تایبەت، ڕەنگە بە تامەزرۆیی و توانایی زیاترەوە بەشداری بکەن. ئەم زانیاری و تێگەیشتنە خۆی لە خۆیدا کاریگەرییەکی باش لە سەر ورە و حەزی ئەوان بۆ بەشداری لە خەبات دادەنێ. بەهەرحاڵ چوارچێوەی ستراتیژیی گەورە بۆ دیکتاتۆر دەردەکەوێ و زانینی تایبەتمەندییەکانی لەجێدا ئەو بەرەو کەم‌کردنەوەی بێ‌ڕەحمی لە سەرکوتەکان دەبا، چونکە ئەو لەوە دەگا کە ئەم بێ‌بەزییانە دەتوانن بە شێوەی سیاسی بۆ خۆی بگەڕێنەوە. زانیاری لەسەر لایەنەکانی ستراتیژیی گەورە دەتوانێ لەخۆیدا ببێتە هۆی ناکۆکی لە نێوان هێزەکانی دیکتاتۆر و وازهێنانی لە خزمەت کردن بە ئەو. کاتێک کە بەرنامەیەکی ستراتیژیک بۆ بەچۆکدا هێنانی دیکتاتۆر و دامەزرانی سیستمێکی دێموکراتیک داڕێژرا، بۆ لایەنگرانی دێموکراسی گرینگ ئەوەیە کە لەسەر جێبەجێ کردنەکەی پێداگری بکەن. تەنیا لە هەندێ بارودۆخی زۆر کەم‌وێنە، ڕێڕەوی خەبات دەکرێ ڕێگای خۆی لە ستراتیژیی گەورە جیا بکاتەوە. ئەویش کاتێک کە پلان‌دانەران بەڵگەی زۆریان لە بەردەست‌دا بێ کە ئەو ستراتیژییە گەورەیەی کە هەڵیان‌بژاردوە هەڵە بووە، یان کاتێ کە هەلومەرجی خەبات بە شێوەیەکی بنەڕەتی ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتبێ، لەوانەیە پێویست بە ئاڵوگۆڕ لە ستراتیژیی گەورەدا هەبێ. تەنانەت ئەوکاتەش، ئەم کارە دەبێ دوای هەڵسەنگاندنی دوبارە جێبەجێ بکرێ.   پلاندانانی ستراتیژیی خەبات ستراتیژییەکی گەورە بۆ کۆتایی هێنان بە دیکتاتۆری و دامەزرانی دێموکراسییەکی گەشەسەندوو بەهەر ئەندازەش کە ژیرانە و هیوابەخش بێ، هەروا لە خۆیەوە جێبەجێ نابێ. دەبێ کۆمەڵێک ستراتیژیی تایبەت سەرپەرستیی زنجیرە عەمەلیاتێکی خەباتکارانە بکەن بە مەبەستی لاواز کردنی دەسەڵاتی دیکتاتۆر. ئەم ستراتیژییانە پێکەوە زنجیرەیەک چالاکیی تاکتیکی دەبەنە پێشێ، کە مەبەستیان لێدانی گورزی جەرگبڕ لە دیکتاتۆرە. تاکتیکەکان دەبێ بە وردی هەڵبژێردرێن تا بتوانن لە گەیشتن بە ئامانجەکانی ستراتیژیدا بەشداری بکەن. باسەکە لێرەدا تەنیا لە ئاستی ستراتیژیدا چڕ دەبێتەوە. ئەو ستراتیژیستانەی کە پلان بۆ زنجیرەیەک تێکۆشان دادەنێن، وەکوو ئەوانەی پلانی ستراتیژیی گەورە دادەنێن، پێویستیان بە تێگەیشتنێکی تەواو لە سروشت و شێوەکانی تکنیکەکانی خەبات هەیە. ڕێک وەکوو ئەو فەرماندە سەربازییانەی کە دەبێ چوارچێوە و تاکتیکەکان و شێوازی هێرش بردن و کاریگەریی جوغرافیا بۆ ستراتیژییەکی سەربازی لە بەرچاو دەگرن، پلاندانەرانی خەباتی سیاسییش دەبێ بە تەواوی ئاگایان لە سروشت و بنەماکانی ستراتیژیی خەباتی ناتوندوتیژ هەبێ. هەڵبەت ئەگەر زانیاریی تەواویش لە سەر خەباتی ناتوندوتیژ هەبێ و ڕاسپاردەکانی ئەم کتێبەش بە تەواوی لە بەرچاو بگری، ستراتیژییەکان هەروا لە خۆوە جێبەجێ نابن بەڵکوو ئامادە کردنی ستراتیژییەکانی خەبات پێویستیان بە هێزی داهێنانی پەروەدەکراو هەیە. لە پلاندانانی ستراتیژی بۆ زنجیرەیەک تێکۆشانی تایبەت و بۆ گەشەپێدانی درێژخایەنی خەباتی ئازادیخوازانە، ستراتیژیستەکانی خەباتی سیاسی پێویستە بیر لە هەندێ بابەت و کێشەی زۆر بکەنەوە. وەکوو: * دیاری کردنی ئامانجە تایبەتەکانی زنجیرەیەک خەبات و بەشی هەرکام لەوانە لە پێشخستنی ستراتیژیی گەورەدا. * سەرنجدان بە شێوازە تایبەتەکان، یان ئەو کارتە سیاسییانەی کە دەتوانن بە باشترین شێوە بۆ پێشخستنی ستراتیژییەکە کەڵکیان لێ وەربگیردرێ. لە هەناوی هەر نەخشەیەکی گەورەدا بۆ هەندێ تێکۆشانی تایبەتی، پێویستە بیزانین کە لە چ نەخشەیەکی چکۆلەتر و تاکتیکی و چ شێوازێک کەڵک وەربگرین کە فشار بخەینە سەر سەرچاوەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆر و بەرتەسک بکرێنەوە. دەبێ ئەوەمان لەبیر بێ کە گەیشتن بە ئامانجە گەورەکان، ئاکامی هەڵبژاردنی ورد و هەڵگرتنی هەنگاوە چکۆلەکانە. * دیاری کردنی ئەوەی کە ئایا بابەتە ئابوورییەکان دەبێ لەگەڵ خەباتی سیاسی پێوەند بدرێن؟ ئەگەر وایە بە چ شێوەیەک؟ ئەگەر کێشە ئابوورییەکان لە خەباتدا گرینگن، دەبێ بیر لەوەش بکرێتەوە کە ناڕەزایەتییە ئابوورییەکان دوای کۆتایی هاتنی دیکتاتۆری چاک بکرێن. ئەگەر ئەوە نەکرێ، و ئەگەر ڕێگاچارە خێراکان لە دەورانی تێپەڕین بۆ دێموکراسی ئامادە نەبن، ناڕەزایەتی و بێ مەیلییەکان دەست پێ دەکەن. ئەم ناڕەزایەتییانە دەتوانن دیسان ببنە ڕێگەخۆشکەری سەرهەڵدانی هێزەکانی دیکتاتۆری کە بۆ خۆیان بەڵێنی کۆتایی هاتنی کێشەکانیان دەدا. * پێشەکی دیاری کردنی ئەوەی کە چ جۆرە ڕێبەرێک و چ جۆرە سیستمێکی پێوەندی بۆ دەستپێکی خەبات لە هەمووان زیاتر کاری پێ دەکرێ. کامانە شێوازی بڕیاردان و پێوەندی گرتن لە ڕەوتی خەباتدا لە بەردەستە بۆ ڕێنوێنی کردنی خەڵک؟ * گواستنەوەی هەواڵەکانی شۆڕش بۆ خەڵک و هێزەکانی دیکتاتۆر و میدیا جیهانیەکان. هەڵبەتە زانیاری و ڕاپۆرتەکان هەمیشە دەبێ ڕاست بن. گەورە کردنەوە و ئیددیعای بێ بنەما، لە ئیعتباری شۆڕشگێڕان کەم دەکاتەوە. * هەندێ بەرنامەی بەسوودی کۆمەڵایەتی، فێرکاری، ئابووری و سیاسی بە مەبەستی وڵامدانەوە بە خواستەکانی خەڵک لە ڕەوتی خەباتدا. ئەم پرۆژانە دەکرێ تەنانەت لە لایەن کەسانێکەوە بەڕێوە بچن کە ڕاستەوخۆ بەشداری شۆڕش نین. * دیاری کردنی ئەوەی کە چ جۆرە یارمەتییەکی دەرەکی بۆ پشتیوانی لە بەشێک یا هەموو بەشەکانی شۆڕش پێویستن. یارمەتیی دەرەکی چۆن دەتوانێ بە باشترین شێوە ئامادە بکرێ و کەڵکی لێ وەربگیرێ بەبێ ئەوەی خەباتی ناوخۆ بە لایەنە دەرەکییەکان ببەسترێتەوە. دەبێ سەرنج بەوە بدرێ کە کام گرووپی بیانی بۆ یارمەتیی باشتر و لەبارترن. بۆ وێنە ڕێکخراوە غەیرە دەوڵەتییەکان، دەوڵەتان، یان ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و بەشە جۆراوجۆرەکانی. جگە لەوە پلاندانەرانی شۆڕش دەبێ لە ماوەی شۆڕشی خەڵک بە دژی دیکتاتۆریدا، بۆ پاراستنی کۆمەڵگە لە بشێوی و پابەندییەکانی خەڵک، هەندێ ئەرک بە هێزەکانی خۆیان بسپێرن. ئەم بابەتە نەتەنیا دەبێتە هۆی دروست بوونی جۆرێکی تازە لە پێکهاتەیەکی سەربەخۆی دێموکراتیک و لەم ڕێگایەوە یارمەتیی ئامانجە سەرەکییەکان دەکا بەڵکوو هاوکات هەرچەشنە ئیددیعایەک کە پێی وابێ بۆ نەهێشتنی ناقانوونی و بشێوی دەبێ کەڵک لە سەرکوتی بێ بەزەییانە وەربگیرێ، لە بەین دەبا.