کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گێچەڵیی سێکسی دژی ژنان

01:52 - 6 سەرماوەز 2720

لە ڕاستیدا بابەتی گێچەڵیی سێکسی یان توندوتیژیی سێکسی، بابەتێکی هەستیارە و کەمتر خۆ لە باسکردنی دەدرێ. بەڵام بە داخەوە لەگەڵ ئەوەی کەمتر باسی لێ دەکرێ، کەچی دەبینین ئەم دیاردە ناشیرین و نامرۆڤانەیە، ڕۆژ بە ڕۆژ و لەگەڵ پێشکەوتنی مرۆڤایەتی و تێکنەلۆژی‌دا زیاد دەکا. ڕووداوەکانی ڕۆژانە و ژمارە و داتاکان لە مەترسی ئەو دیاردەیە ئاگادارمان دەکەنەوە و پێمان دەڵێن: ئەو جۆرە لە گێچەڵ و توندوتیژییە، مەترسییە لە سەر ژنان و کۆمەڵگە بە گشتی.   پێناسەی توندوتیژی: بریتییە، لە هەموو چەشنە ڕەفتار و هەڵسوکەوتێکی توندوتیژ، چ لە سەر ئاستی کەسی بێت یان گشتیدا کە لەسەر بنەمای ڕەگەزی ڕوو بدا و ببێتە هۆی ئازار پێگەیاندنی ڕۆحی یان جەستەیی و بەرتەسک‌کردنەوەی ئازادییەکانی مرۆڤ. دیاردەی توندوتیژی نە دیاردەیەکی تازەیە و نە تایبەتیشە بە نەتەوە و کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو، بەڵکو ئەم دیاردەیە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و دەتوانین بڵێین: لەگەڵ پەیدابوونی مرۆڤ و شکڵگرتنی کۆمەڵگەدا، توندوتیژی بوونی هەیە، بەڵام لە وڵاتێک بۆ وڵاتێک و  لە کۆمەڵگەیەک بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە و بەپێی باروودۆخ دەگۆڕدرێ و جیاوازە. گێچەڵیی سێکسی یان توندوتیژیی سێکسی، تەنیا ڕووبەڕووی ژنان نابێتەوە، بەڵکوو زۆر جار منداڵان و ڕەگەزی بەرانبەریش دوچاری ئەو شێوە لە توندوتیژی یان دەستدرێژیی سێکسی دەبنەوە. بەڵام ئەوەی ئێمە مەبەستمانە لەم بابەتەدا، گێچەڵیی سێکسی یان توندوتیژیی سێکسییە دژ بە ژنان.   پێناسەی گێچەڵیی سێکسی: گێچەڵیی سێکسی بە چەندین شێوە پێناسە کراوە، بەڵام تاکوو ئێستاش پێناسەیەک نییە هەموو لەسەری کۆک بن، لە ڕێکەوتننامە جیهانییەکانیش‌دا بە شێوەی جیاواز باس و لێکدانەوەی بۆ دەکرێ. بەو حاڵەش دەتوانین، بڵێین: بریتییە لە هەر جۆرە ڕەفتارێکی نەخوازراو کە بە شکڵ و نێوەرۆکی سێکسی بێت. یان بریتییە لە: هەموو ڕەفتارێک کە ئاماژەگەلێکی سێکسی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە خۆ بگرێ، بۆ بە ئامانج گرتنی لایەنەکەی تر کە ژنە، بە پێچەوانەی ویستی خۆی و بۆ کردارێکی سێکسی بە بەکارهێنانی هێز و دەسەڵات.   شێوەکانی گێچەڵی سێکسی: ١) زارەکی: شۆخی و مەتەڵەکی (قسە فڕیدان) سێکسی، گێڕانەوەی چیڕۆک لەو بارەوە، پرسیارکردن لە بارەی ژیانی شەخسی، دەربڕینی نەزەری نەشیاو دەربارەی شێوە و لیباس، نیشاندانی عەلاقەی جنسی و ...هتد.   ٢) ئاماژەکردن: تەماشاکردنی بە مەعنا، چاوداگرتن، نیشاندانی وێنەی نائاسایی و ...هید.   ٣) فیزیکی (بەریەک‌کەوتن) : خۆ لێ نزیک‌کردنەوەی لە ڕادە بەدەر، دەست گرتن و ڕاکێشانی بە زۆر، تا دەگاتە دەستدڕێژیی سێکسی.   ئێستا با بزانین، داخۆ گێچەڵیی سێکسی یان توندوتیژیی سێکسی لە چ شوێنێک زیاتر  بەرانبەر بە ژنان دەکرێ؟ هەر وەک لە ڕابردوودا بینراوە ئەم دیاردەیە لە زۆر شوێنی نێو کۆمەڵگەدا دەرهەق بە ژنان دەکرێ. وەک: شوێنی کار، لە سەرشەقام، قوتابخانە، بنەماڵە و نێو کۆمەڵگە بە گشتی. ئازاردانی جنسی لە دنیادا دیاردەیەکی بەربڵاوە و تایبەت نییە بە وڵاتێک، کۆمەڵگەیەک، ئایینێک یان ڕەگەزێکی دیاری‌کراو. هەر وەک باس کرا توندوتیژیی سێکسی تەنیا دەرهەق بە ژنان ئەنجام نادرێ، بەڵکوو زۆر جار پیاوان و منداڵانیش ڕووبەڕووی ئازاردانی سێکسی دەبنەوە، بەڵام ئەگەر چاو لە ئامار و داتا جیهانییەکان بکەین زۆر باش و بە ڕوونی ئەو جیاوازییە دەبینین و هەستی پێ دەکەین، کە ئەو جیاوازییە بە هیچ شێوەیەک بەراورد ناکرێ، هەمووشمان ئەوە دەزانین و دەیبینین کە ژنان چۆن بە بەرچاوی کۆمەڵگەوە ڕووبەڕووی گێچەڵیی سێکسی دەبنەوە لە لایەن پیاوانەوە. واتە ئەوەی گێچەڵیی سێکسی بە ژن دەکا پیاوە و قوربانییەکەش ژن. ئەو پیاوانە کێن کە دەتوانن توندوتیژیی سێکسی لەگەڵ ژنان ئەنجام بدەن؟ ئەو پیاوە دەکرێ: بەڕێوەبەری ئیدارە بێ، مامۆستا بێ، پزیشک بێ، خاوەن‌کار یان هاوکاری بێ و؛ زۆر جاریش کەسانی نزیکی قوربانییەکەن، وەک باوک، برا، خاڵ و مام . زۆر جار ژنان بەوە تاوانبار دەکرێن کە ناچن شکایەت بکەن لە بکەری کردەوەکە و سکاڵا بەرز ناکەنەوە، ئەوە ڕاستە کە ژنان زۆر کەم سکاڵا تۆمار دەکەن لە دژی ئەو پیاوانەی گێچەڵیان پێ دەفرۆشن و لێی تێدەپەڕن. بەڵام پێویستە لە هۆکارەکەشی بپرسین و بزانین، ئەوە چ هۆکارێکە وا لە ژن دەکا کە لە بەرانبەر دیاردەیەکی ئاوا قێزەون و نامرۆڤانەدا بێدەنگ بێت؟! نەبوونی یاسایەک یان هەست نەکردن بە پشتیوانیی یاسا و پۆلیس لەو بابەتەدا بۆ ژنان،  پشتیوانی نەکردنی کۆمەڵگە و تێڕوانینی بۆ ئەو بابەتە بەرانبەر بە ژنان، لە هەمووی گرینگتر پشتیوانی نەکردنی بنەماڵە و پێ‌شەرم بوونی بابەتەکە وا لە ژن دەکا کە بێدەنگی هەڵ‌بژێرێ و وستەی نەیە، چونکە هەرچی بیکا و بیڵێ بە زەرەری تەواو دەبێ و کەس بە پشتیوان و هاودەردی خۆی نازانێ. واتە ئەگەر ژن شکایت لە لای پۆلیس بکا و دۆسییەکەی بچێتە دادگا، دەبێ بە بەڵگە بیسەلمێنێ کە توندوتیژیی بەرانبەر کراوە، خۆ هەر کە لە ناو کۆمەڵگەیشدا بڵاو بۆوە کە فڵانە ژن (کچ) تووشی وەها دۆخێک بووە، نەک هاوکاری ناکرێ، بەڵکو زۆر بێ‌ڕەحمانە دەکەوێتە بەر ڕەخنە و  تۆمەتبار دەکرێ بەوەی کە لەوانەیە خەتای خۆی بووبێ، یان دەڵێن: حەتمەن جلوبەرگی نەشیاوی لە بەردابووە. بنەماڵەش کە هەڵقووڵاو و دەرهاویشتەی ئەو کۆمەڵگەیەن، گوێ بۆ بیر و بۆچوونی دەوروبەری دەگرێ و دەکەوێتە ژێر تەوژمی ئەو قەزاوەت‌کردنە. هەر بۆیەشە کە ژنان زۆرتر بێدەنگی هەڵ دەبژێرن و  ئامادە نین لەو بارەوە هیچ بدرکێنن. بەڵام با وا نەزانین کە ژنان بێدەنگییان هەڵبژارد و لەو بارەوە هیچیان نەگوت، ئیتر بابەتەکە کۆتایی پێدێ، نا هەرگیز وانییە، چونکە ئەو بابەتە هەروا بە ئاسانی لە لای ژن تێناپەڕێ. دەبێ ئەوە باش بزانین کە ئەو جۆرە لە توندوتیژی زۆر کاریگەری نەرێنیی لەسەر دەروونی ژن جێ دەهێڵێ و تووشی دڵەڕاوکە و ترس و خۆفی دەکا و باری دەروونی بە تەواوەتی ئاڵۆز دەبێ، کە لەوانەیە تا ساڵانێکی زۆر و لەوانەشە تا کۆتایی تەمەن پێوەی بناڵێنێ. دەرکەوتووە کە زۆرێک لەو قوربانییانە بە هۆی کاریگەری ڕووداوەکە و بێ هیوای لە ژیان، پەنا بۆ خۆکوژی دەبەن و کۆتایی بە ژیانی خۆیان دەهێنن.   بۆ ئەوەی ژنان نەبنە قوربانی توندوتیژی چی بکرێ؟ ١) پەروەردە: پەروەردە بکرێتە بناغەی ژیان، بۆ ژیانێک کە تاکەکانی کۆمەڵ بە هەردووک ڕەگەز تێیدا هەست بە ئارامی و ئاسوودەیی بکەن. زۆر پێویستە و ئەرکە لە سەر بنەماڵە کە منداڵەکانیان بە شێوەیەک پەروەردە بکەن کە هەستی بڕوا بە خۆبوونیان تێدا دروست بکەن، کە ئەگەر لە هەر شوێنێک و لە هەر تەمەنێکدا روو بە ڕووی وەها دۆخک بوونەوە، بتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن و بوێرانە ڕوو بە ڕووی تاوانبار و دەستدرێژیکەر ببنەوە، هەروەها پێویستە دایک و باوک منداڵەکانیان لە سەر بنەمای خۆشەویستی و متمانە لە نێوانیاندا پەروەردە بکەن، تاکو لەوەها دۆخێکدا منداڵ بتوانێ بە ئاسودەیی لەگەڵیان قسە بکا و ئەوان بە پشتیوانی خۆی بزانێ.   ٢) وشیاریی کۆمەڵایەتی: ئەگەر کۆمەڵگە کۆمەڵگەیەکی وشیار بێت بە دڵنیاییەوە هەم کەمترین کێشە و ئاستەنگ بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە دێتە پێش و هەمیش ئەگەر هات و کێشەیەکیش هاتە گۆڕێ، ئەوا باشتر و ئاسانتر چارەسەر بکرێ. بۆ ئەوەش پێویستە تاکەکانی نێو کۆمەڵگە وشیار بن، کە ئەوەش بە چەند ڕێگا دەکرێ، هەروەک باس کرا پەروەردەی بنەماڵە یەکێکە لەو ڕێگایانەی کە دەتوانێ تاکێکی وشیار، ئاگ و و متمانە بەخۆ تەحویلی کۆمەڵگە بدات. ئەرکی دامودەزگا پەروەردەییەکانی دەوڵەتیش نەک کەمتر نییە لە بنەماڵە، بەڵکو زۆریش قورستر و کاریگەرترە و پێویستە زۆر بە باشی ئەرکی خۆیان  ئەنجام بدەن و بە بەردەوامی هەوڵی وشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە بدەن.   ٣) یاسا سەروەر بێت: پێویستە یاسا بەپێی دۆخی مافەکانی ژنان بپارێزێ و ڕێ لەو دیاردەیە بگرێ و یاساکان وەڵامدەری دۆخی ژنان بن. واتە ئەگەر لە یاسای وڵاتدا ماددە و بڕگەیەکی تایبەت بە بابەتی گێچەڵی سێکسی و توندوتیژی دژی ژنان داڕێژرابێ و وەک خۆیشی کاری پێبکرێ، ئەوە هەم کەسانی نەفس نزم  دەسڵەمێنەوە و بە سانایی دەست بۆ کردەوەی وا نامرۆڤانە نابەن هەمیش  ژنان هەست بە پشتیوانیی یاسا دەکەن و ئازایانەتر بەرگری لە مافی خۆیان دەکەن.   ٤) بەرپرسیارەتیی دەوڵەت: لە سەر دەوڵەتە سیستەمێکی ئەمنیەتیی کارا دروست بکا بۆ ئەوەی گرنگی بدەن بە بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی دیاردەی گێچەڵیی سێکسی و توندوتیژی سێکسی بە شێوەیەکی گشتی لە ڕێگەی دامەزراندنی دەزگای تایبەتمەند و پێداویستی و کەلوپەلی تەواو بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان، هەروەها پێویستە هەماهەنگی لە نێوان دامەزراوە ڕەسمییەکانی دەوڵەت هەبێ بۆ ئەوەی بتوانن بە باشی خزمەتگوزاری پێویست، پێشکەش بە قوربانیانی گێچەڵیی سێکسی و توندوتیژی سێکسی بکەن. بە هیوای کۆمەڵگایەکی ئارام و تەندروست کە گشت مرۆڤەکان بە ئارامی و ئاسوودەیی تێیدا بژین.