کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نامووس، مۆتەکەیەکی قورسی هەمیشەیی بە سەر شانی ژنانەوە

15:30 - 6 سەرماوەز 2720

نامووس، ئابڕوو و شەڕەف پێوەری بایەخ و گرینگی کۆمەڵایەتییە لە کۆمەڵگەی سوننەتی و پیاوسالاردا و پشت‌ئەستوورە بە تێڕوانینی  کۆمەڵ سەبارەت بە تاک. کۆمەڵگەی سوننەتی نۆڕم و بەهاکانی بە شێوەی پێویست و بە مەرجی قبووڵکردنی تاک، بنەماڵە لەو کۆمەڵگەیەدا پێناسە دەکا و چاوەڕوانی هەیە کە هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە ڕەچاوی ئەو نۆڕم و یاسایانە بکەن و دەروەستی بن. تاکێکی بنەماڵە کە ئەو نۆڕم و یاسایەی پێشێل کردبێ، جێگە و پێگەی کۆمەڵایەتی لە دەستداوە و ئەگەری ئەوەی هەیە لە کۆمەڵگە هەڵاوێردرێ  یان بەشێک لە مافە تایبەتییەکانی لەدەست بدات. بەشێک لە نۆڕم و بەهاکان بوونەتە پاشکۆی سێکس و ئابڕوو و متمانەی تاکەکە بەوەوە بەستراوەتەوە. لە کۆمەڵگەی پیاو سالاردا ژنان وەکوو هەڵگرانی ئابڕوو و ئەخلاق لە بەرچاو گیراون و ئابڕووی بنەماڵە  بە لێوەشاوەیی  ئەوانەوە پشت‌ئەستوورە. لە ڕاستی‌دا هەڵسوکەوتی ژنان پێوەری هەڵسەنگاندنی ئابڕوو و ئیعتبارە و ئەو ئابڕوو و ئیعتیبارە بە هەڵسوکەوتی ڕەگەزیی و سێکس پێوەند دراوە. لێرەدایە کە واتای نامووس شکڵ دەگرێ و ژن لە ژێرچاوەدێری پیاودا ناچار دەبێ کە باری قورسی نامووس وەئەستۆوە بگرێ. جگە لەوەش تایبەتمەندییەکی دیکەی کۆمەڵگەی پیاو‌سالار و سوننەتی خاوەنداریەتی لە سەربنەمای ڕەگەزنامەیە کە بە پیاوان دراوە و بەپێی ئەوە ژنان و مناڵان بە مڵک و دارایی پیاو بەئەژمار دێن. بەپێی ئەو ڕوانینی خاوەنایەتییە کە ئابڕووی ژنێک، بابەتێکی شەخسی نییە و ژێرکۆما (زیر مجموعە)ی، ئابڕووی پیاو (باوک، برا، هاوسەر، ئامۆزا) ئەژمار دەکرێ. لەوەڕا کە لە کۆمەڵگەیەکی ئاوا ژن وەک مرۆڤێکی ئازاد و سەربەخۆ لە ئەژمار نایە و وەک مڵک و بەشێک لە سامانی پیاوە، ئەرکی چاوەدێری و کۆنتڕۆڵکردنی ئەو و بۆ نموونە پاراستنی ئابڕوو کەوتۆتە سەر شانی پیاو. چاوەڕوانی کۆمەڵگە ئەوەیە کە پیاوەکە بۆ ڕۆڵگێڕان وەک داکۆکیکاری ئابڕوو و نۆڕم و بەهاکانی کۆمەڵگە تەیارکراو بە غیرەت بێ کە لە ئەگەری هەستکردن بە مەترسیی بێ‌ئابڕوویی دژکردەوە نیشان بدا. چونکە بابەتی ئابڕوو و نامووس شێوەیەکی تێئۆری بەهێزی هەیە و پشت‌ئەستوورە بە لێکدانەوەی زەینی. پیاوانی تەیارکراو بە غیرەت ئەگەری هەیە بەپێی لێکدانەوەی خەیاڵیی خۆیان ئاکار و هەڵسوکەوتی ژن بە بێ‌ئابڕوویی دابنێن و دژکردەوە لە خۆیان نیشان بدەن. لە ڕاستیدا لەوانەیە چاوەڕێی دژکردەوەی کۆمەڵگە نەبن و خۆیان لێکدانەوەی بۆ بکەن و بەپێی ئەو لێکدانەوەیەش ژن سزا دەدەن و تەنانەت دەشیکوژن. هەست بە مەترسیی ئابڕووچوون و خەوش هەڵگرتنی ئابڕوو، دەبێتە هۆی گرتنەبەری کۆمەڵە هەڵسوکەوتگەلێکی بەرگریکارانە، کە بە گشتی لە سەر بنەمای چاوەدێریی ژیانی تاک و کۆمەڵایەتیی ژن جێگیر و ڕاوەستاوە. بە گشتی کونتڕۆڵی ژیانی شەخسی و کۆمەڵایەتیی ژن، لایەنە گرینگەکان  ژیانی ژنان دەخاتە ژێر کاریگەرییەوە و مافی ئەوان پێشێل دەکا. پێشگرتن لە چوونە دەرەوە لە ماڵ، پێشگرتن لە خوێندن لە قوتابخانە یان زانکۆکانی شارە گەورەکان، نەهێشتن بۆ چوونە سەر کار، بە زۆر بەشوودان و بە شوودانی زۆرەملی، پێخۆش نەبوون بۆ ئەوەی منداڵەکەی کچ بێ و پێشگیری‌کردن لە زۆر نموونە لەو ڕەفتارانەی کە پێش بە پاراستنی ئابڕوو دەگرن کە بەشێک لەوان بە شێوەی یاسایی و بە فەرمی ناسراون. لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین، چاوەدێری کردن و کۆنتڕۆڵی پیاوان لە سەر ژیانی ژنان لە نەزمی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ‌دا پشتڕاست کراوەتەوە و هەردەم دووبارە و چەند پاتە دەبێتەوە. واتای نامووس ناتەبایە لەگەڵ کەرامەتی مرۆیی ژن، بەم پێیە پێویستە  بیانوو و پاساوی دیلیەتی و توندوتیژیی دژی ژنان وەلا بندرێ و بە جێی ئەو واتای ئەخلاق بە شێوەی مودێڕن و مرۆیی بونیات‌ بنرێتەوە و هەر دوو ڕەگەزەکە پێی پابەند بن. بۆ تێپەڕبوون لە توندوتیژی بە بیانووی پاراستنی نامووس، گۆڕانی فەرهەنگیی و تێپەڕبوون لە پیاو‌سالاری بۆ سیستمێک لە سەر بنەمای بەرابەریی ڕەگەزیی و پاراستنی کەرامەتی مرۆیی ژنانە، که پێویستە بەستێنی لەباری بۆ ئامادە بکرێ.