کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە سزا گەیاندنی گەورە تەخریبکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژی هەینی ڕەش‌دا

18:19 - 8 سەرماوەز 2720

ڕۆژی ٢٧ی نوامبر کە بە هەینیی ڕەش لە دونیادا ناوبانگی دەرکردووە و خەڵک لە دونیای دەرەوە لە شەوی پێشترەوە لە بەردەم دووکان و پاساژە گەورەکان دەخەون و ڕادەوەستن بۆ ئەوەی شت‌ومەکی هەرزان بکرن، ڕۆژی ٢٧ی نوامبر بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی ڕەش و ناخۆشتر بوو، چوونکە زۆر بە هەرزانی و زۆر چاوەروان‌نەکراو بە وتەی خۆیان گەورە زانای بەرنامە ناوکییەکانی کە جێی متمانەی خامنەیی بوو، لەدەست دا. موحسین فەخرزادە یەکێک لە گەورە زانایانی بواری دروست‌کردنی چەکی ناوکی و بەرنامەداڕێژەری مووشەک و ساروخ بوو کە بە باوکی چەکی ناوکیی ئێران دەناسرا و یەکێک لەو ٥٠٠ کەسە بە ناوبانگەی جیهان بوو و هاوکات بە سندووقی ڕەشی ئێران ناوی دەبردرا. ناوبراو لە وەزارەتی بەرگریی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا کاری دەکرد، ئەو لە ماوەی تەمەنی خۆی‌دا و لەو پۆستە گەورەیەدا بە دەیان چەکی جۆراوجۆری بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دروست کردن و بەرنامە و تەرحەکانی بوونە جێگای باوەڕی خامنەیی و سوپای پاسداران و دروست‌کەرانی چەکی ناوکی و گەورە لە ئێران. چەک و تەقەمەنییەکانی ناوبراو ماڵی زۆر کەسی وێران کردن و بە گشتی دونیای ڕۆژئاواش لەو جۆرە چەکانە زۆر نیگەران و زۆر بە پەرۆشن و هەربۆیەش مەسەلەی ناوکی و بەرجام‌ و ڕەوتی وتووێژیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران پێک‌هێنا. محسن فخری زادە[/caption] بە خۆشییەوە گەورە تەخریبکاری کۆماری ئیسلامی بە سزای کردەوەکانی خۆی گەیشت و تۆڵەی هەزاران کەس کە بە مووشک و ساروخەکانی سوپای پاسداران ماڵوێران و ئاوارە بوون، لێی کرایەوە. دوای ئەوە کە موحسین فەخریزادە گەورە تەخریبکاری کۆماری ئیسلامی بە سزای کردەوەکانی خۆی گەیشت، بە خۆشییەوە هەر لە هەینیی ڕەش‌دا دادوەری گشتیی دادگای برۆکسێل لە بلژیک دوو کەسی دیکە لە تیرۆریستەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە ناوەکانی ئەمیر سەعدوونی و نەسیمە نەعامی کە بە ٢٠ کیلۆ تی‌ئێن‌تییەوە گیرابوون بە حوکمی ٢٠ و ١٨ ساڵ مەحکووم کردن، ئەو دوو تیرۆریستە لە هاوینی ساڵی ٢٠١٨ دا بە نیاز بوون کە کۆبوونەوەی گەورەی ساڵانەی موجاهدینی خەڵقی ئێران لە فەرانسە بکەنە ئامانجی تیرۆریستیی خۆیان و پێش ئەوە کە بە ئامانجی خۆیان بگەن هەر یەکەی لە وڵاتێک گیران و دوای دوو ساڵ موحاکمە و لێکۆلێنەوە لە ڕۆژی ٢٧ی نوامبر هەینی ڕەش‌دا حوکمەکانیان پێ ڕاگەیاندن و کۆماری ئیسلامی زیاتر ڕوورەش بوو. لە پاییزی هەمان ساڵ‌دا لە ساڵی ٢٠١٨ دا پۆلیسی دانمارک دوای ڕاودوونانی کەسێک و بەستنی هەموو سنوورەکانی دەریایی و هەوایی و ئیشکانی توانی تیرۆریستێکی ئێرانی دەستبەسەر بکا و لە یەکەم لێدوان‌دا هەر ئەو کات وتەبێژی پۆلیسی دانمارک رایگەیاند کە ئەو کەسە بە نیاز بووە کە کەسێکی ئوپوزیسیۆنی ئێرانی دژبەری کۆماری ئیسلامی لە دانمارک تیرۆر بکا و خەریکی جاسووسی و کۆکردنەوەی زانیاری دیکە بووە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران. جیا لەوە کوشتنی دوو کەسی ئێرانی لە هولەند کاردانەوەی زۆری لە نێو ئوروپاییەکاندا لێ‌کەوتەوە و ئوروپاییەکان شەرت و مەرجی زیاتریان بۆ دانوستانەکان لەگەڵ ئێران دانان. ئەو ڕیزە گیران و ئاشکرابوونانەی تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئورووپا، بوو بە هۆی نیگەرانی دەوڵەتانی ئوروپایی و هەر بۆیەش ئوروپاییەکان و دەوڵەتە زلهێزەکان زیاتر لە پێشوو بەرامبەر بە دەوڵەتی ئێران هاتنە دەنگ و بە تایبەت دانمارکییەکان دوای گیرانی تیرۆریستە ئێرانییەکە، بەرپرسی باڵوێزخانەی خۆی لە ئێران بانگ کردەوە و بە گشتی باڵوێزخانەکەی داخست و دەرکردنی دوو بەناو بالوێزی ئێرانی لە هولەند لە ساڵەکانی پێشوودا، کردەوە تیرۆریستییەکان و ئامانجە تێکدەرانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە ڕۆژئاوادا زیاتر دەرخست. جێگای خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بەوە بکەم کە بە سزا گەیاندنی گەورە تەخریبکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران موحسین فەخرزادە ئەگەرچی درەنگ بوو، بەڵام لە جێگای خۆی‌دا بوو، هەر بۆیەش کوژرانی فەخرزادە بوو بە هۆی خۆشحاڵیی دونیای دەرەوە بە گشتی و خەڵکی ئێران و کورد بە تایبەتی. لە دونیای مەجازی‌دا لە سەر ئەو گەورە تەخریبکارە زۆر نووسراوە و نامهەوێ بابەتەکەم درێژ بکەمەوە و تەنیا ئەوە ئاماژە پێ دەدەم کە هەموومان ١٧ی خەرمانانی قەڵای دێموکراتمان لەبیرە و دەزانین کە ئەو سارووخ و مووشەکە بالستیکیانە چ زبەرێکی قورسیان لە پەیکەری حیزبی دێموکراتی کوردستان دا. دەزانین کە کاردانەوەی ئەو مووشەکانە چی بوون، هەر بۆیە کوشتن و بە سزا گەیاندنی موحسین فەخرزادە دەبوو زۆر زووتر لە ئێستا بایە و دونیا لە دەستی گەورە تەخریبکاری لەو چەشنە زووتر پاک ببایەوە. قاسم سولێمانی و موحسین فەخرزادە بە سزای کردەوە تیرۆریستەکانی خۆیان گەیشتوون و هیوادارم کە کەسانی لە چەشنی ئەو گەورە تیرۆریستانە هەرچی زووتر بە سزای خۆیان بگەن.