کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادێک و وەفایەک بۆ شەهیدانی مانگی دیفاع لە ئازادی

23:53 - 15 سەرماوەز 2720

سێ ساڵ پاشی ڕاگەیاندنی جیهادی خومەینی لە دژی خەڵکی کورد، جینایەتکارانی دەسەڵاتداری سەر بە ڕێژیم بەدوای ئەوەی لە ڕادیۆ و تەلەویزیۆن و ڕۆژنامەکانی ئەوکات دەستیان کرد بە هەرا و هوریا و تەبلیغاتێکی ناڕەوا و درۆ و شڵتاغ و بوختان بۆ کۆکردنەوەی گەنجانی فریودراو، لە هاوینی ساڵی ١٣٦١ هێزێکی زۆریان لە سەراسەری ئێران و هەروەها لە پەنابەرانی لێقەوماو و برسیی ئەفغانی کۆ کردەوە  بۆ گرتنەوەی ڕێگای نێوان پیرانشار-سەردەشت. خومەینیی خوێن‌ڕێژ پێی وابوو زۆر بە هاسانی و بێ‌ئەوەی باجی ئەو شەڕە بدا هێزەکانی بتوانن ئەو ناوچەیە تا دەگاتەوە سەر سنووری ئێران و عێراق کۆنترۆڵ بکەنەوە . هێزەکانی ڕێژیم بۆ ئەوەی خەڵکی ناوچە لە هێزی پێشمەرگە دوور بخەنەوە و یارمەتیی پێشمەرگە نەکەن، دەستیان کرد بە سوتاندنی دەغل و داهاتی دیهاتەکان و بە تۆپ‌باران و بۆمبارانی ئەو ناوچەیە زەرەر و زیانێکی زۆریان بە خەڵکی ئەو ناوچەیە گەیاند. هێزەکانی ڕێژیم بە هۆی ئەوەی ڕایان هێنابوون کە ئێوە جیهاد دەکەن، نابێ ڕەحم بە کەس بکەن و بە هەموو شیوەیەک ئەو خەڵکە قەتڵ و عام بکەن، هەرچی دەستیشتان کەوت ئەوە ماڵی خۆتانە و خەزا دەکەن!، بەوەش زۆڵمێکی زۆریان لە خەڵکی ناوچەکە کرد. تەبلیغاتی ڕێژیم بە شێوەیەکی بەربڵاو هەموو ڕۆژێ لە دژی خەڵکی بێ‌تاوانی کورد بڵاو دەبۆوە و هێزێکی دڕندەیان بۆ کوشت و کوشتاری خەڵکی ناوچە ڕێک خست تا بتوانن ئەو ناوچەیە بگرنەوە، لە هەمان کات‌دا حیزبی دێمۆکرات بە لێوەشاوەیی  سکرتێر دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو توانیی زۆر زوو وەخۆ بکەوێ و لە لایەک بانگەوازی بۆ خەڵکی بەئەمەگی کوردستان نارد کە بە هەر شیوەیەکی لە توانایان‌دایە لەو شەڕەدا یارمەتیدەری هێزی پێشمەرگە و خەڵکی ناوچەکە بن، لە لایەکی دیکەوە کۆمیتەی ناوەندیی حیزب و کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە لە ٢٧ی بانەمەڕی ١٣٦١ بەیانییەیەکی هاوبەشیان ئیمزا کرد و داوایان لە خەڵک کرد پشتیوان و یارمەتیدەری هێزی پێشمەرگە بن. شەر لە سەرانسەری کوردستان بەردەوام بوو، پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و دێمۆکرات لە هەموو بەرەکانی شەڕدا سەرکەوتنیان وەدەست دێنا، ڕۆژ نەبوو سەدان جەندەکی جاش و پاسدار و بەکرێگیراو بۆ کەس‌وکاریان بەڕێ نەکرێنەوە. ڕێژیم کوژراوەکانی بە شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی قودس و کەربەلا ناو دەبرد! ڕێژیم بە هەموو جۆرە چەکێک و لە هەموو لایەکەوە هێرشی بۆ کوردستان هێنابوو؛ ئەگەرچی لە زۆربەی جەبهەکان شکستی گەورەیان وێ کەوتبوو، بە تایبەت لە شەڕی گرتنەوەی جادەی پیرانشار-سەردەشت‌دا. کەلاکی پاسدار و بەسیجی و جاشی کوژراو لە نێو مەزرا و باغ و خڕ و دوڵەکانی ناوچە بە مانگ دەمانەوە، ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە بۆ گرتنەوەی ڕێگای پیرانشار و سەردەشت ڕێژیم بۆهەر کیلۆمێترێک نزیک بە ١٥٠ کوژراو و برینداری داوە و ئەم شەڕە جیا لە زیانی گیانی تێچوویەکی زۆر قورسی ئابووریشی بۆ ڕێژیم هەبوو. دوکتور قاسملو لە پەیامێک‌دا بە بۆنەی هێرشی دڕندانەی ڕێژیمی خومەینی بۆ سەر خەڵکی کوردستان، بەپێی بڕیاری دەفتەری سیاسی لە٢٠ی خەرمانان ڕا تا ٢٠ی ڕەزبەری ١٣٦١ی بە ناوی مانگی دیفاع لە ئازادی و مەوجوودییەتی گەلی کورد ڕاگەیاند. لەو پەیامەدا هاتبوو: "لە بیروڕای گشتی جیهانی، لە هەموو ڕێکخراوەکانی دێمۆکراتی  و بەشەردۆستی دنیا، لە هەموو هێزەکانی شۆڕشگێڕی گشت وڵاتان داوا دەکەین، دەنگی بێزاریی خۆیان لە دژی ئەم جینایەتە گەورەیەی ڕێژیمی خومەینی هەڵێنن و یارمەتیی ئینسانی و دەرمانی بە خەڵکی کوردستان بگەیەنن...". بە دوای ئەو بانگەوازەدا، یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان هێزێکی لە پێشمەرگەی بەئەزموون و جەنگاوەری خۆی بە ناوی "هێزی پشتیوان" ناردە ناوچەکە، کە لە زۆر جەبهەدا قارەمانانە شەڕیان کرد و تەنانەت ١٧ ڕۆڵەی قارەمان و تێکۆشەریان شەهید و گۆڕ غەریب و بە دەیان پێشمەرگەیان بریندار بوون. هەروەها پارتی سۆسیالیستی باکووری کوردستان و حیزبی شیوعی کوردستانیش هاتنە نێو پێشمەرگەکانی حیزب و کۆمەڵە و زۆر چالاکانە گیان‌فیداییان لە خۆیان نیشان دا . ئەوەی گرینگ بێ ڕێژیم لەو شەڕەدا باجێکی گەورەی دا و ئەویش ئەو ئامارەیە کە لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازیی خەڵکی کوردستان وەکی لاپەرەیەکی زێڕین دەدرەوشێتەوە . لەو شەڕەدا ٦١٩٧ جاش و پاسدار و بەسیجی کوژران، ٨٢٧٢ کەس لە هێزەکانی ڕێژیم بریندار بوون، ٢٦٧ کەس لە هێزەکانی دوژمن بە دیل گیران، ٤٨٠ ماشێن و تانک و زرێپۆشی ڕێژیم سووتان و لەکار خران، ٤٨ ماشێن دەستی بەسەردا گیرا، ١٧ هێلیکۆپتێر کە بەشی هەرە زۆری لە پێش چاو و هەرا و دڵخۆشی خەڵکی کوردستان بەردرانەوە، ٣٩ پایەگای ڕێژیم دەستی بەسەردا گیرا و، بە سەدان جۆر تفەنگ و چەک‌وچۆڵی دیکە و زیاتر لە ١٠٠ هەزار فیشەک دەسکەوتی پێشمەرگە بوون. دیارە لە بەرانبەر زیاتر لە ٦٠٠٠ کوژراوی ڕێژیم‌دا ٢٦٨ پێشمەرگەی قارەمانیش شەهید بوون . جێگای خۆیەتی لە یادی ٣ مانگ شەڕی نابەرانبەردا یادێکیش لە فەرماندەرانی ئەم حەماسەیە بکەینەوە، دوو قارەمانی ڕۆژە سەختەکان شەهید کاک سەید ڕەسووڵی بابی گەورە و کاک مەلا حەسەن شیوەسەڵی. سڵاو لە شەهیدانی شەڕی دیفاع لە ئازادی، سڵاو لە گیانی پاکی ١٧ تێکۆشەری شەهیدی یەکیەتیی نیشتیمانی، سڵاو لە خەڵکی بە ئەمەگ و تێکۆشەری ناوچە کە خۆیان لە پێشمەرگە دوور نەکردەوە و هەموو کاتێک پشت و پەنایان بوون، بە هیوای ئەو ڕۆژە کە کوردستان ئازاد کرام پەیکەرە لە هەر دوو فەرماندە قارەمانەکان لە دەروازەی شاری پیرانشار و سەردەشت ساز بکرێ و هەروەها بۆ یادی هەمیشە زیندووی ئەو ١٧ شەهید گۆڕغەریبەی یەکیەتی نیشتمانی ١٧ نیشانی ئازایەتییان بۆ دروست بکرێ .