کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبەندی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران

16:51 - 16 سەرماوەز 2720

دوای ئەوەی لە نۆزدە بەش‌دا باسمان لە ڕوانینە یاسایی و حقوقی و هەروەها ڕەوتی مێژوویی و چۆنیەتیی گووران و نووسینەوەی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ کرد، لە دوابەشی ئەم زنجیرە نووسینەدا کۆبەندێکی باسەکەمان دەکەین. بە گشتی سەرجەم بڕگە و ماددەکانی داخۆیانی نامەی مافەکانی مرۆڤ بەرهەمی وەرددانەوەی دەیان بیرمەند و کەسایەتی مێژوویی جیهانە کە لە سەدان و هەزاران ساڵ پێشتر لە ئاکام ئەزموون و هەڵسەنگاندن، توێژینەوە و لەبەریەک گرتنی یاسا جۆراوجۆرەکان نووسرایەوە و دواترش دوای پەسند کردنی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دوو پەیماننامەی نێودەوڵەتی کە لە خۆگری مافە مەدەنی و سیاسی هەروەها ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بوون شرۆڤە و ئامادە کرد کە ئەمەیان تەواوکەری مافەکانی مرۆڤ بوو. چه‌مکی مافی مرۆڤ (human rights) پرسێکی هه‌تا ڕاده‌یه‌ک نوێ‌یه‌ و دوای شه‌ڕی جیهانیی دووهه‌م و دامه‌زرانی ڕێکخراوی نێوده‌وڵه‌تی هاتۆته‌ نێو وێژمانی ڕۆژانه‌. ئه‌م تێرمه‌ بۆته‌ جێگره‌وه‌ی ده‌سته‌واژه‌ و چه‌مکی "مافی سرووشتی" و "مافی ئینسانی" که‌ ڕابردوویه‌کی زۆر کۆنتریان هه‌یه‌. به‌ڵام ده‌گه‌ڵ نوێ‌بوونەوەی ئه‌م کانسێپته‌، پرسی مافه‌کانی مرۆڤ له‌ ئاستی جیهان‌دا به‌رز بۆته‌وه‌ و حکومه‌ته‌کان، ڕێکخراوه‌ ده‌وڵه‌تی و ناحکومییه‌کانی به‌ خۆوه‌ سه‌رقاڵ کردووه‌؛ به‌ جۆرێک ئێستا مرۆڤه‌کان به‌و باوه‌ڕه‌ گەیشتوون که‌ کۆمه‌ڵگەی نێونه‌ته‌وه‌یی و حکومه‌ته‌کانیش ده‌بێ پارێزه‌ری ئه‌و مافانه‌ بن و هاوکار و یارمه‌تیده‌ریان بن بۆ وه‌ده‌ست‌هێنانی سه‌رجه‌م مافەکانیان. که‌وابوو ئه‌مڕۆکه‌ بابه‌تی پاراستنی مافه‌کانی مرۆڤ له‌ سنووری پێوه‌ندیی نێوان ده‌سه‌ڵاتداران و شارۆمه‌ندان تێپه‌ڕیوه‌ و، بۆته‌ بابه‌تێکی نێوده‌وڵه‌تی. له‌ ڕاستی‌دا نیزامی نێوده‌وڵه‌تیی مافی مرۆڤ، ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تانی به‌ کۆمه‌ڵێک په‌یمان‌نامه‌ی چه‌ند لایه‌نه‌، له‌ بواری سیاسی و حقوقییه‌وه‌ به‌رته‌سک کردۆته‌وه‌ و بۆته‌ یه‌کێک له‌ خاڵه‌ به‌هێزه‌کانی کاریگه‌ر له‌سه‌ر ئاشتی و ته‌ناهی نێوده‌وڵه‌تی. ئەگەرچی لە سەرەتاوە چەمکی مافەیلی مرۆڤ بە بەشێک لە دێموکراسی نەدەژمێردرا، لێبەلێ دواتر وەک یەکەم هەنگاو بۆ پێکهاتنی سیستەمی دێموکراسی وەک شێوازێکی سیاسی بوو بە کۆڵەکە. گرنگترین تایبەتمەندیی بەیاننامەی مافەکانی مرۆڤ، زەوینی بوون و ئینسانی بوونیەتی، بەو مانایە کە ئەم بەڵگەنامەیە بەبێ لەبەرچاو گرتنی هیچ جۆرە ئایدۆلۆژی ئۆلی یان سیاسی تەنیا بە تەکز کردن بە ویستی سەرەکی و پێویستیی مرۆڤەکان لەوانە ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی نووسراوە. دوای نزیک بە ٤٢ ساڵ لە تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێی ڕاپۆڕتی ڕێکخراوە جیهانییەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ (لێبوردنی نێونەتەوەیی، کومیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ، چاودێری مافی مرۆڤ و...)ی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕەوشی مافی مرۆڤ لە وڵاتی ئێران کارەساتبارە و هەتا تەمەنی کۆماری ئیسلامی هەڵ‌دەکشێ زیاتر پەرە بە دژایەتیی چەمکی مافەکانی مرۆڤ دەدا! ڕادەی زۆری سێدارە، دەسبەسەرکردنەکان، ڕەوشی نالەبار و ئاڵۆزی ئابووری و کۆمەڵایەتی، بایەخ نەدانی حکومەت بە دۆخی خەڵکی هەژار، خۆکوژی، نەبوونی ئازادیی بەیان، پەڕاوێز خستنی مافی مناڵان، سەرکوت و پیشێل‌کردنی مافی ژنان، کرێکاران، ماموستایان، خوێندکاران و بە گشتی کۆمەڵگەی مەدەنی و... هەر هەمووی دەتوانین بە دەیان میناک لە پیشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بێ کە بەردەوام و بێ پسانەوە درێژەی هەیە. یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی لەسەر پێڕی حکومەتێکی ئۆلی ڕاخراوە، بەپێی بنەمای ١٢ یاسای بنەڕەتی "دینی فەرمیی ئێران، ئیسلام و ئایینی جەعفەری ئەسناعەشەرییە و ئەم بنەمایە هەتاهەتایی و نەگۆڕە". ئامانج لە دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی "گەڵاڵەی حکومەتی ئیسلامی لەسەر بناخەی ویلایەتی فەقیهە"، هەر ڕێک ئەو بنەمایە لە یاسای بنەڕەتی ئێران، بەردی بناغەی بێ بایەخی و گوێ نەدانی حکومەت بە پرەنسیپە جیهانییەکانی مافی مرۆڤە و یەک‌بەخۆی دژایەتیی ئەو چەمک و دەستەواژە جیهان‌داگرانە دەکا. لە سەردەمی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامیی ئێران، کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان جگە لە دووساڵ نەبێ،  ئەم رێژیمەی سەبارەت بە پێشێل‌کردنی مافی مرۆڤ مەحکووم کردوە و بەشێکی زۆر لەو گەمارۆیانەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و لاوازی پێوەندییە دیپلۆماتیکەکانی وڵاتان دەگەڵ ئێران بۆ ئەو پرسە دەگەڕێتەوە. بەنیسبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو بەشە لە کوردستان کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە داگیرکراوە و خەڵکەکەی لە سەرەتایی‌ترین مافەکانی خۆی بێ بەشە، دەکرێ بڵێین بەپێی جوگرافیا و ڕادەی حەشیمەتەوە بەقەرا هەموو نەتەوەکانی دیکەی نیشتەجێ لە ئێران و بەتایبەت ناوەند پێشێل‌کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤی تێدا ڕوو دەدا. بە ئاماژەکردن بە بەشێک لە ئاماری پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان کۆتایی بە باسەکەمان دێنین. بەپێی ئامارەکانی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)، لەماوەی نێوان ساڵەکانی ١٣٦٧ هەتا ١٣٩٦ زیاتر لە ٣٥٩ کەس لە ئەندامانی حیزبە کوردییەکان لە نێوخۆ و دەرەوەی کوردستانی ئێران لەلایەن تیرۆریستانی سەربە ڕێژیمەوە تیرۆر کراون. ٤٤٤ کەس ئەندام و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات کە ناویان لای چاونیوز تۆمارکراوە لە سەرەتای شۆرشەەوە هەتا ساڵی ١٣٩٧ بەتاوانی کورد بوون لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا لەسێدارە دراون. لەساڵی ١٣٩٠ هەتا سێپتامبری ٢٠٢٠ (١٣٩٩) ناوەندە مافی مرۆڤییەکانی کورد توانیویانە هەوێتیی ٥١٤ کەسی مەدەنی کورد بە ناو و نیشانەوە تۆمار بکەن کە بەهۆکاری جۆراوجۆر لەسێدارە دروان. هەر لە ماوەی ئەو دە ساڵەدا ٦٩٦٦ کەس لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە تۆمەتی جۆراوجۆری وەک چالاکی ژینگەیی، ئەدەبی، سیاسی، مەدەنی، مەزهەبی، ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری نیزام و... دەسبەسەر کراون. لە کۆی گشتی ئەمانە ١٣٣٧ کەسیان زیاتر لە ٥ هەزار ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاوە. هەر لەو دە ساڵەدا ٣٧٦ کەس بە هۆکاری تەقینەوەی مین بریندار یان کوژراون، ١٣٨٤ کۆڵبەر لەو دە ساڵەدا کوژراون یان بریندار بوون (٤٨٥ کۆڵبەر کوژراون و ٨٩٩ کەسیشیان بریندار بوون) کە ٢٢ کەس لەو کۆڵبەرانە تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە. ئەم ئامارانە بەشێکێ ئاشکران کە ناوەندەکانی داکۆکاری لە مافی مرۆڤی کوردستان توانیویانە تۆماریان بکەن، چەندی دیکەش بە نهێنی و دیزەبەدەرخونە کراوە، نازانرێ.