کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادگایی تێرۆری ئانتوەرپ، تاقیکارییەک بۆ پێوەندییەکانی یەکیەتی ئورووپا-ئێران

16:58 - 16 سەرماوەز 2720

دیپلۆماتێکی ئێرانی و سێ کەسی دیکە بە تاوانی پیلانی دانانی بۆمب لە کۆبوونەوەیەکی ئۆپۆزیسیۆن لە ساڵی ٢٠١٨ بەرەوڕووی دادگایی دەبنەوە. ناوی خوازراوی ئامێرەکە "پلەی ستەیشن" بوو، بەڵام بە گوێرەی دادئەستێنەکان و ئەفسەرانی هەواڵگری، ئەوە کایە نەبوو. دەڵێن تەقەمەنییەکە، کە لە پیتزا هاتێکی لوکزامبورگ لە لایەن دیپلۆماتێکی جێگیر لە باڵوێزخانەی ئێران لە ڤییەن درابوو بە ژن و مێردێکی ئێرانی-بێلژیکی، بۆمبێکی بەهێز بووە و ئامانج ئەوە بووە کە بە بۆمبەکە هێرش بکەنە سەر کۆبوونەوەیەکی هەزاران کەسی لە دژبەرانی ڕێژیمی ئێران کە قەرار بووە چەند ڕۆژ دواتر لە دەرەوەی پاریس بەڕێوە بچێ. هۆشدارییەک لە لایەن هەواڵگریی ئیسڕائیل بە کاربەدەستانی ئەورووپایی هێرشەکەی وەستاند. ڕۆژی هەینی، دیپلۆماتە ئێرانییەکە، ژن و مێردەکە و کەسی چوارەم کە هاوکاریان بووە، دوای دوو ساڵ کۆکردنەوەی ژمارەیەکی زۆر بەڵگەی ورد لە لایەن کاربەدەستانی دژی تاوانکاری لە سەرانسەری ئەورووپا لە بارەی پیلانەکە کە بە گوتەی ئەوان لە لایەن پلەبەرزترین کاربەدەستانی دەوڵەت لە تاران بڕیاری لەسەر دراوە، بە تۆمەتی تێرۆریزم لە شاری ئانتوەرپی بێلژیک دادگایی کران. دۆسیەکە وێدەچێ کاردانەوەی بەرچاوی لەسەر پێوەندییەکانی یەکیەتیی ئەورووپا-ئێران هەبێ، کە جارێکی دیکە بۆتە هۆی ڕاکێشانی سەرنج بەرەو مێژووی تێرۆریزمی دەوڵەتیی تاران لە کاتێک‌دا کە ڕێبەرانی ئەورووپا هیوادار بوون ئاڵوگۆڕی بەڕێوەبەرایەتیی وڵاتە یەکگرتووەکان لەوانەیە ببێتە هۆی دووبارە زیندوو بوونەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی ئێران. دوای کشانەوەی سەرۆک کۆمار ترامپ، کەمتر لە دوو مانگ پێش هێرشەکەی ڤیلوپانت، لە باکووری پاریس، ڕێککەوتنەکە نیزیک لێک هەڵوەشان بۆتەوە. دادگاییەکە بە هەمان شێوە هێندێک پرسیاری نیگەرانکەر بۆ کاربەدەستانی بێلژیکی و کاربەدەستانی دیکە لە سەرانسەری ئەورووپا لە بارەی ئەگەری ژمارەیەک شکستی هەواڵگری و بۆشایی ئەمنییەتی و هەروەها ناکاریگەریی سیستەمی پەنابەری، دروست دەکا. دەڵێن دیپلۆماتە ئێرانییەکە، ئەسەدوڵڵا ئەسەدی، کە تۆمەتی پلاندانەری پیلانەکەی دراوەتە پاڵ، کاربەدەستی نهێنیی هەوڵگری بووە و بۆمبەکەی لە تارانەوە بە فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی ئوتریش لەگەڵ خۆی هێناوەتە ڤییەن، پێش ئەوەی کە ئەو بۆمبە بە ئوتومبێلێکی کرێکراو لە جۆری فۆرد هاچبەک ببا بۆ لوکزامبورگ. دوایە ئەسەدی لە بەنزینخانەیەکی ئاڵمان، پێش ئەوەی کە بگەڕێتەوە ئوتریش، دەسبەسەر کراوە. لە هەمان کاتدا، ژن و مێردەکە، ئەمیر سەعدونی، تەمەن ٤٠ ساڵ و هاوسەرەکەی نەسیمە نەعامی، تەمەن ٣٦ ساڵ، لە دەرەوەی بروکسێل، لە کاتێک‌دا کە بەڕێوە بوون بچنە فەڕانسە تا هێرشەکە جێبەجێ بکەن، بینراون. ئەوان پەنابەریی سیاسییان لە بێلژیک پێ‌درابوو. بەڵام لە کاتێکدا کە ئیددیعایان کردبوو پێویستیان بە پارێزگاری لە دژی ڕاوەدوونانی ڕێژیمی ئێران هەیە، بە گوێرەی بەڵگە لە چەند ساڵی ڕابردوودا سەعدونی و نەعامی چەند جار سەردانی ئێرانیان کردووە، وێدەچێ ئەو سەفەرانە کاربەدەستانی بێلژیکیان وشیار نەکردبێتەوە. کەسێکی خاوەن زانیاریی ورد لەسەر دۆسیەی سەعدونی، گوتی کە ناوبراو پێشدا داوای پەنابەریی لە وڵاتی سوێد کردووە و ڕەت بۆتەوە. لە لێدوانێکی لێکۆڵەرەوەکاندا هاتووە، سەعدونی گوتوویەتی ئەو لە ١٣٨٢ بەولاوە لە بێلژیک ژیاوە، لە ١٣٨٤ یا ١٣٨٥ لەگەڵ ناعەمی لە ئێران ژیانی هاوبەشی پێک‌هێناوە و ئەویش لە ٢٠٠٧ هاتۆتە بێلژیک. بەڵگەکان ئاشکرای دەکەن کە سەعدونی لە ٦ی گەلاوێژی ١٣٩٥ و ناعەمی لە ١٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ بوونە هاووڵاتیی بێلژیک. بەڵگەکانی پێشکەش کراو لە لایەن کاربەدەستانی بێلژیک ئاشکرای دەکەن ئەسەدی کە کۆنسولی سێهەم لە باڵوێزخانەی ڤییەنە، کارمەندی وەزارەتی هەواڵگری و ئەمنییەتی ئێرانە و سەعدونی و ناعەمیش سیخوڕی وەزارەتی هەواڵگری و ئەمنییەتی ئێران بوون کە چەند جار لە ١٣٧٩ بەولاوە بۆ کۆبوونەوە و ڕاهێنان سەفەریان بۆ ئێران کردووە، ئەو سەفەرانە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان نەبووە. ئێران هەر شێوە پێوەندییەکی بە پیلانی بانگەشە بۆکراوی بۆمب دانانەوە ڕەت کردۆتەوە و ماوەیەکی کورت دوای دەسبەسەر کردنە سەرەکییەکان، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران، جەواد زەریف، ئەو پیلانەی بە عەمەلیاتی "ئاڵای ساختە" ناو بردووە. پارێزەرە بێلژیکییەکەی ئەسەدی، دیمیتری دۆ بێکۆ، گوتوویەتی مشتەرییەکەی پارێزراویی دیپلۆماتیکی هەیە و نەدەبوو دەسبەسەر کرابا. بەڵام بەرپرسی هەواڵگریی بێلژیک، ژاک ڕائێس، گوتی کاربەدەستە هەواڵگرییەکان بەو ئاکامە گەیشتوون کە پیلانی بۆمبەکە ئۆپەراسیۆنێکی تێرۆریزمی دەوڵەتییە کە تاران پەسندی کردووە. ڕائێس لە نامەیەکدا بۆ کاربەدەستانی یاساپارێزیی، لە ناویاندا دادئەستێنی فێدڕاڵی بێلژیک، فرێدریک ڤان لییو، نووسیویەتی، "پیلانی هێرشەکە بە نوێنەرایەتیی ئێران و لە ژێر ڕێبەرایەتیی ئەوانەوە بەڕێوە چووە. ئەوە دەستپێشخەرییەکی تاکەکەسیی ئەسەدی نەبووە." ئامانجی پیلانەکە کۆبوونەوەی ساڵانەی ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق بووە، یەکێک لە گروپە بەرهەڵستکارەکانی دەوڵەتی ئێران و ڕێبەرەکەی، عەلی خامنەیی. موجاهیدین پێشدا لە لیستەی ڕێکخراوەکانی تێرۆریستی یەکیەتی ئەورووپا و شوێنی دیکەدا بووە (یەکیەتیی ئەورووپا ئەو ڕێکخراوەی لە ٢٠٠٩ لە لیستەی تێرۆریستی هێنایە دەر). بەشێک دەڵێن ئەوان تاقمێکی تاک‌پەرستی مارکسیست-ئیسلامیستن. لێکۆڵەرەوەکان دەڵێن ئامانجی سەرەکیی بۆمبەکە کوشتنی مریەم ڕەجەوی، ڕێبەری شوڕای بەرگریی نیشتمانیی ئێران بووە، کە باڵی سیاسیی موجاهیدینی خەلقە. بەشێکی دیکە دەڵێن ئێران ژمارەیەک هۆی بۆ ئەو هێرشە هەبووە، لە ناویاندا کشانەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ڕێک‌کەوتنی ناوکی. لە ڕەزبەری ١٣٩٧، دەوڵەتی دانمارک ئێرانی بەوە تاوانبار کرد کە پیلانێکی کوشتنی لە خاکی ئەو وڵاتە هەبووە. کۆبوونەوەی ساڵانەی موجاهیدین هەزاران بەشداری هەیە، کە زۆر جار خەڵکی بەناوبانگی بیانییشیان تێدایە. لە نێو ئەوانی کە لە کۆبوونەوەی ١٣٩٧دا بەشدار بوون پارێزگاری تایبەتیی ترامپ، شارەداری پێشووی نیویۆرک ڕودی جولیانی، -کە لە کۆبوونەوەکدا وتاری پێشکەش کرد-، سەرۆکی پێشووی کۆنگرەی ئەمریکا، نیوت گینگریچ و سەرۆک وەزیرانی پێشووی کانادا ستێفێن هارپەریش بەشدار بوون. سەعدونی، کە دەڵێن قەرار بووە بۆمبەکە دانێتەوە، ئەندامی موجاهیدینی خەلق بووە، لەوانەیە بەو مەبەستە کە بتوانێ لە ڕۆژاوا مافی پەنابەریی پێ بدرێ. بە گوێرەی لێکۆڵەرەوەکانی بێلژیک، ئەو دواتر لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە ڕاکیشراوە و ئەگەری ئەوە هەیە کە زەختی خرابێتە سەر تا لە دژی ئەو ڕێکخراوە بەرهەڵستکارە سیخوڕی بکا. سەعدونی و ناعەمی پێوەندیی خۆیان لەگەڵ ئەسەدی پشتڕاست کردۆتەوە، کە ئەوان بە ناوی دانیەل دەیانناسی. بەڵام ئەوان ئەوە ڕەت دەکەنەوە کە زانیبێتیان ئەو ئامێرەی پێیان دراوە، کە لە تەقێنەرێک و نیو کیلۆ تەقەمەنیی TATP پێک‌هاتبوو، بۆمب بووە. ڕۆژی پێنج شەممە لە کاتی کرانەوەی دادگا، ڕەجوی، ڕێبەری شوڕای بەرگریی نیشتمانی، ستایشی کاربەدەستانی بێلژیکی کرد و دۆسیەکەی وەک هەلێک بۆ بەرپرسیار کردنی ڕێژیمی ئێران ناو برد. ڕەجەوی گوتی، "لێکۆڵینەوە پرۆفیشناڵ و سەربەخۆکانی سیستەمی دادوەریی بێلژیک جێگای پێزانینن. چونکە ئەو لێکۆڵینەوانە ئاشکرایان کردووە کە ئێمە بەرەوڕووی دۆسیەیەکی تێرۆریزمی ڕێک‌خراو لە لایەن دەوڵەتەوە بووینەوە." ڕەجەوی ئەوەشی زیاد کرد، "ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی و سەرۆک کۆماری ئێران، حەسەن ڕوحانی بڕیاری دانانەوەی بۆمب لە کۆبوونەوەی ساڵانەی بەرگریی ئێران لە ڤیلوپانتی داوە و، ڕێبەری مەزنی ڕێژیم عەلی خامنەیی پەسەندی کردووە. ئەمڕۆ تەواوەتی ڕێژیم، زۆر لەولای تەنیا ئەو دادگایە بەڵکو لە پێش ویژدانی دنیا، بە تایبەتی هی خەڵکی ئەورووپا، مەحکەمە دەکرێ." دوای ئەوەی ئیسڕائیلییان بە نهێنی ئاگاداریان کردنەوە، کاربەدەستانی هەواڵگریی بێلژیک گواستنەوەی بۆمبەکەیان خستبوو ژێر چاودێری، کە لە پیتزا هاتێکی لوکزامبورگ لە پلاستیکێکەوە پێچرابوو و لە قوتوویەکی شتی خۆ جوانکردن لە کیفی دەستی ناعەمی‌دا جێی بۆ کرابۆوە. تەقێنەرەوەیەکی کۆنتڕۆڵ لە ڕێگای دووریش لە کیفەکەیدا دیترابۆوە. ژن و مێردەکە لە وۆلو-سانت-پییەر، لە نزیک سنووری بورکسێل و فلاندەرز، لە کاتێک‌دا کە مەرسیدەسێکی بۆریان پێ بوو و لە ماڵەکەیانەوە لە ویلریک، دەرەوەی ئانتوەرپ، بەرەو کۆبوونەوەکە بەڕێوە بوون، دیتران. لە کاتێک‌دا کە تیمی پووچەڵکەرەوەی بۆمب خەریکی پووچەڵ‌کردنەوەی بۆمبەکە بوون، بەشێکی بۆمبەکە تەقییەوە و ڕۆبۆتی پۆلیسی لەنێو برد. دوای دەسبەسەر کران لە بەنزینخانەیەک لە باڤاریا و ڕادەست‌کردنەوەی بۆ بێلژیک، بە گوێرەی ڕاپۆرت، ئەسەدی لە یەکێک لە لێکۆڵینەوەکان‌دا، هەڕەشەی لە لێکۆڵەرەوان کردبوو و بە پێداگرییەوە گوتبووی ئەگەر ئەو مەحکوم بکرێ، تاقمی چەکداری پشتیوانی ئێران تۆڵە دەکەنەوە. گومانلێکراوی چوارەم، مێهرداد عارێفانی، دانیشتوویەکی بروکسێل، لە ڤیلوپانت، شوێنێک کە کۆنفڕانسەکە لەوێ بەرێوە دەچوو دەستبەسەر کرا. لێکۆڵینەوەیەکی کاربەدەستانی فەڕانسەیی بە هەمان شێوە گەیشتە ئەو ئاکامە کە دەوڵەتی ئێران لە پشت پیلانی ئەو هێرشەوە بووە. لە دژکردەوەیەکدا، فەڕانسە ڕایگەیاند کە دەستی بەسەر هێندێک سامان داگرتووە کە هی ئەسەدی و ئێرانییەکی دیکە، سەید هاشمی موقەددەم، کە پێوەندیی بە پیلانەکەوە هەبووە. بەڵام سەرۆک کۆماری فەڕانسە، ئێمانوێل ماکرۆن درێژەی بە هەوڵەکانی بۆ پێوەندیی لە گەڵ ئێرانییان داوە، لە ناویان‌دا لە ڕێگای بانگهێشت کردنی زەریف بۆ کۆبوونەوەیەکی ڕێبەرانی جی ٧، کە فەڕانسە لە بیاریتز خانەخوێی بوو. ڕەخنەگرانی ڕێژیمی ئێران دەڵێن، وەڵامی شلوێی فەڕانسە بە هێرشە پلان بۆ داڕێژراوەکە، کە دەیتوانی ببێتە هۆی کوژراو و بریندارێکی زۆر لە خاکی فەڕانسە، بەڵگەیەکە بۆ ئەو بۆچوونە کە یەکیەتی ئەورووپا بە گشتی لە بەرانبەر ڕێژیمی تێئۆکراتیکی تاران‌دا دەستەوەستانە.