کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قاسملوو، ڕوحی قەڵەم و ئەدەبی بەرگری

02:11 - 17 بەفرانبار 2720

سەدان ساڵە جەستەی وڵاتێکی ڕەنگین بە تاوانی پێناسەکەی هەڵ‌دەقرچێ، بەڵام ڕەوایی هاواری لە خەیاڵی ئەم خەونەوە سەری هەڵدا کە لە ناخی دیرۆکی‌دا مێژووی لەسەر بنیات ناوە، ئەگەر بڕینی هەناوی لە دەروونی شێعر و ئاوازدا بدوێنین ئەوسا قاسملووی کوردان لە ڕۆحی هۆنەردا ئەبێتە پەیکەرێکی زیندووی ئەبەدیی زێد و واری و دەکرێ لە یەکەمینەکانی جیهانی سیاسەت‌دا ناوی بێنین کە لەڕووی مانا و نێوەرۆکەوە ئەدەبیاتی بەرگری نوێ کردەوە. ئەم مرۆڤە پڕاگماتیستەی دنیای سیاست لە ئورووپای مودێرنەوە کەوتە پێوشوێنی پێناسەی نیشتمانی و بەوپەڕی باوەڕمەندییەوە ڕێبەریی جوڵانەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەکەی گرتە ئەستۆ. ئەو سەردەمەی خەباتی ئاشکراشی دەست پێ کرد دژی تاکپەرستی و کۆیلەکردنی ئەندێشەی مرۆڤی کورد وەستایەوە، هەر بۆیە قەڵەم و ئاوازی پرسیارخوڵقێنی خۆش دەویست و هۆگرییەکی پتەوی بە خاوەن قەڵەمانی ئەدەبی بەرگری هەبوو. لەم هاوارە ئازادەوە برەوی بە نوێگەری دا و چەشنی ڕێبەرێکی جیهانبین هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی لە دەوری ئارمانجەکانی کۆکردەوە و سەرئەنجام سەری لە ڕێگای سەربەستی گەلەکەی دانا و زامێکی قووڵی خستە جەستەی نیشتمانەوە. ئەو وشەی ئازادیی لە ناخی شێعر گوشی، ئەوەی بەکوڵ گوێ لە دەنگی ئاواز بگرێ جا دەزانێ قاسملوو چەند زانستییانە چۆتە نێو ڕۆحی هونەر و مەبەستی چۆن بە گیانی موسیقادا کرد و چلۆن لە تەحریری هەموو چینە دەنگەکان‌دا دەنگی دایەوە، ئێستا ژێی ئامێرەکان لە خەونە مەزنەکەی ئەم ڕێبەرەوە ڕێگەی ئەو دیوی ڕازەکانیان دەپێون و بە چاوی ئەستێرە و تریفەی مانگدا سەفەری نۆتەکانی دڵی ئەژەنن. لەو دەمەوە زمان ناوی کردۆتە سروود و وانەی ئەشقی لێ فێر دەبێ. گەلێکن ئەو خوازە ئەدەبییانەی لە خۆشەویستی بڕوای‌دا مانای خۆیان دەست کەوتەوە، ئەگینا گەلێ بابەت لە ناخی بێ‌مانایی‌دا دەمانەوە، ڕەنگە بەشێکیش وەک خەیاڵی دەروونی شاعێر و هونەرمەند سەربەمۆر لە قوژبنی بێدەنگی‌دا هاواری نەبیسراویان چڕی‌بایە. هزری واڵای ئەم ڕێبەرە داهێنانی ستایلی ئاوازی کوردی گۆڕی و شێوازی مۆسیقای پاپ، کلاسیک، بلووز، جاز، شەرقی، ئێلێکترۆ پاپ و فولکلۆری بەرەو جیهانێکی بەربڵاوتر ڕاکێشا کە تا ئێستاش دەگمەن کەسایەتییەکی سیاسی هاوشێوەی هەیە کە ئاواز و هۆنراوە لەم خەیاڵەوە میلۆدییان پێ داڕشتبێتەوە. ڕەنگە تەنیا هونەر ئاشقی ئەو نەبووبێ، ئەویش جەوهەری ئەم ڕازەی لە قووڵیی خۆیدا ناسیبێ، بۆیە لە ڕەنگی ئەم ژانرانەدا هاوشێوەی سروشتێکی دڵڕفێن دەخوڵقێ و ناوی دەبێتە سەردەستەی هێما هونەرییەکان، ئاخر لە بیری ئازادیی خۆیەوە نۆرمی موسیقای لە گۆشەگیری دەرباز کرد و ڕاسانی کردە قامووسی ژێی ئاواز و پەنجەی داهێنانێکی نوێ، چەند بە ئارامی خزایە ساماڵی ئاسمانی پڕ ئەستێرەی هۆنەر و، شێعریش خەونی خولیای وا هۆندەوە کە ئەمڕۆکەش وشەی تەمەن بە بیری ئەو دادەچێنێ. ئەگەر فتوای حاشا لە ژین خەو بە سوتمانی وڵاتی گەلی کوردوە دەبینێ و کونی چاوی سڕینەوەی بە تاریکی دەکرێتەوە، ئەوە هونەری دەروەستی نیشتمانەکەی قاسملوو دێموگرافیای خەیاڵیان لێ دەشێوێنێ و وانەکانی ئەم ڕێبەرە لە ناخی ئەدەبییات و هونەردا دەبنە بنچینەی ڕێزمانی شعوور و بێکەس، مەلەکشا و دەیانیت‌ر هەیبەتی ئەم مەزنایەتییە چەشنی شکۆی نیشتمانیان دەهۆننەوە. هەرکە ناوی قاسملوو دێ کارەساتێکی ژیان تەزێن بەرۆکی تەمەن دادەڕێ و سیمای ویژدان کڕنۆش دەبا بۆ باوەڕی و سۆزی هۆنەر بە ئارامی دەکەونە خۆ و گوڵێ لە جوانی هەناسە و وشەی ئەوین هەڵدەگرن و دەیدەن لە بەرۆکی شەهید، گەلێ جاریش بەرگی حەسرەت لە بەر باڵای ئەشق دەکەن تا شیوەنی کۆچی مەزنە مرۆڤێکی ئاشقی ئاشتی پێ بگێڕن. ئاخر قاسملوو لە ناخی نیشتمانی خۆی‌دا دەژی و هەموو دەمێ هەناسەی نەسیم‌واری ئەو ئارەقەی ناوچاوی پاڵەو شوانکارەی وڵاتی ئەسڕێ و هومێدی گەورە دەبەخشێ بە ڕووناکبیری داهاتوو. لەم ڕازەوە بوو بە ڕەمزی هەستانەوە و لە گۆڤەندی ئازادی‌دا سەرچۆپی سەربەستی دەگرێ کە ئەدەبیات و موسیقا لە هزریداخەوی حەزیان دادەڕێژن، ئیتر مەزنە مرۆڤەکەی وڵاتی کورد مێژووی لە سەر بیری ڕانا و لەم ڕازەوە گەیشت بە ئاستێکی بەرزی دەڤەری زمانی مۆتیڤەکانی هونەر و لە زەمەنی خۆیەوە دەستی پێ کرد و لە بۆچوونەکەی خۆشی‌دا نیشتمانی سپارد بە کۆڵنەدان تا ئازادی.