کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێدەن لە ناڵ و لە بزمار

02:18 - 17 بەفرانبار 2720

کۆمباری ئیسلامیی ئێران شوکر بۆخوا لەسەردەمی ئینترنێت و مینترنێت و ئەم دونیا سەیر و سەمەرەیەدا کەللا و کەیخودا و کەلەلای ڕدێن‌سپی و دەم‌لەپێشی یەکجار زۆرن و هەر کامەیان سازێک دەژەنێ و دوای چل ساڵ ڕاهێنانی بەردەوام توانیویانە ئۆرکێسترایەک ڕێک بخەن بتوانێ سەر لە هەموو مرۆڤ و بوونەوەر و جڕوجانەوەرێک بشێوێنێ. دوای پارچە پارچەبوونی حاجی قاسم و دۆزینەوەی ئەنگوستیلەکەی کە لە نزیک فڕەندەخانەی بەغدا فڕێدرایە سووچێک و ساڵێک بەسەر ئەم ڕووداوەدا تێپەڕی، کەللا و کەیخوایەکان دەستیان بە زیندووکردنەوەی ڕێبازەکەی کرد. دیارە زیندووکردنەوەی ڕێباز و مێ‌باز لە نیزامی "مقەست‌دەسی" کۆماری ئیسلامییدا زۆر گرینگە و جێگەی خۆیەتی هەتا لەرینەوەی هەموو کەللا و کەیخوایەکان وەک مێوژۆکە، ڕێزگرتن لە مێژووەکەی بەردەوام بێ. ئەوەی لە مێژووی چل ساڵەی کۆماری ئیسلامییدا بەردەوام و نەگۆڕە، ئەو سیاسەتە حەکیمانەیە دەتوانێ لایەنگرانی ئەم دەسەڵاتە "مقەست‌دەسە" دوای مردنیش وەک سەربازی بەخێروبەرکەت بخاتە مەیدانەوە و لەپێناو هاندانی ئەوانی دیکە بەرزیان بکاتەوە. بە گێڕانەوەی سەدان چیرۆک و بەسەرهاتی ڕوونەدراو و خوڵقاندنی دەیان ئاکاری لەبار و چێ‌کردنی پەڕجۆی جۆراوجۆر بۆ کوژراوان، وایان لێ دەکەن ئەوەی بەخەیاڵیشیان‌دا نەهاتووە کردبیان و ئەوەی نەیانزانیوە زانیبێتیان. هەموو کەللا و کەیخوداکان بە جوانی دەزانن لەبەر یەک بگێڕنەوە. ئەوەی دووزەلەی پێیە دەتوانێ لەبەر شمشاڵ بگێڕیتەوە و ئەوی پەنجەی لەسەر عوودە دەتوانێ بە هەوای دمبەگ تەپەی لێ بهێنێ و ئەوەی زوڕنا دەژەنێ، لەپیکی زوڕناکەیەوە زرم و هۆڕی تارشیرازی بڵاو دەکاتەوە. کەسێک ئەم ڕۆژانە لە سەروبەندی ساڵڕۆژی پەڕپەڕبوونی حاجی قاسم گوێ بداتە کەللا و کەیخوادکانی وەک ڕێبەری یەک‌دەست و میرزا حەسەنی فەریدوون و ئەحمەی عەلەمولهەڵوەدای مەشهەدی خاوەن ڕێباز و مێ‌باز و حەمەڕەزای نەقدی و عەبدولناسری قەرزوقۆڵە، هەر هەموویان هەرکەسە و وێڕای ژەنینی سازی بەردەستی خۆی بە چەکوشی "نەرمشی قەهرەمانانە" و "تەقیەی" موسلیمانە لە ناڵ و لە بزماریش دەدا. کاتێک خەونی دروست‌کردنی هیلالی شیعە خەیاڵی وەدیهاتنی دەگەشایەوە و حاجی بۆ پڕکردنی ئاخوڕی گاوگۆلی سەر بەخۆیان وەک شوانی باش لە جیات فەردەی کا و جۆ و وێنجە، فەردەی دۆلاری بە دانگە و ئاخوڕەکانی عێراق و یەمەن و لوبنان و سووریەدا بڵاو دەکردەوە، ناسری قەرزوقۆڵەش لەم سەروبەندەدا کرایە بەرپرسی بانکی نێوەندی و گوتی بێ سێ و دوو نرخی دۆلاری ئەمریکای جەنایەتکار دادەبەزێنم و لە جیات دۆلار بە پارەی وڵاتانی دیکە سات و سەودا دەکەم و ئەگەر هیلالەکەی حاجی سەری گرت ئەوکات ڕیاڵی ئێرانی دەست لە ڕیاڵی سعوودی و دیناری ئۆردۆنی و پاوەنی ئینگلیسی و یۆرۆی ئوروپایی دەستێنێ. جەنابی نەقدیش کە پێی‌وابوو ناسری قەرز و قۆڵە زۆر نەغدە، سازەکەی خۆی قورمیش دەکرد و دەیگوت جا مووشکەمان لە سووچی خۆرئاوای هیلالی شیعەوە کە دەکاتە لێواری ڕۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست واتە لەو بەری ئاوەکە دەگەنە ئیتالیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و تەنانەنات بەریتانیاش. عەلیە گۆجیش پارچە قاقەزەکەی به دەستە نەپەڕیوەکەی گرتبووی بەرز دەکردەوە. چاوێکی لێ دەکرد و دەیگوت ئەوجار بۆ تیرۆری جوادبیران و گەورەپیاوانی ئێرانی پێویست ناکا کازم و مازمان بنێرینە نێو ئاگر و  لەمەودوا چلۆن بە مووشەک لە قەڵای دێموکراتمان دا هەر ئەوا لە ئەوسەری هیلالەکەی خۆمانەوە دەست لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەکان دەوەشێنین. دوای دۆزینەوەی ئەنگوستیلە سێحراوییەکە و ڕێککەوتنی جوولەکە و موسوڵمان لە لێواری کەنداوی فارس و عارەب و داکوتانی فرۆکە‌ی بێ فرۆکەوانی ئیسرائیل لە وڵاتی ئازەربایجان، ئیدی کڵاوەکە سووڕا. هیلالی شیعە وەک کەژووی بەر سکی کەرەبۆزی گوێنی‌کێشان هەڵوێزندرا و هیلال بوو بە بازنە. بازنەی سەهوێنیست بە دەوری مانگی کۆماری ئیسلامییدا. ئێستا کۆماری ئیسلامی مانگە و دەسەڵات و هەژمۆنی و چەک و چۆڵی ئیسرائیلیش خەرمانەی دەوریەتی. لەم بارو دۆخەدا سیاسەتی لێدان لەناڵ و لە بزمار زیاتر برەوی سەندووە. لەلایەک ڕێزدار قائانی خۆی دەگەیەنێتە بەغدا و لەبەر میلیشیای حەشدی شەعبی دەپاڕێتەوە و دەڵێ بیکەنە خاتری ئەم ڕیشە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا مەدەن. ئێمە لەولاوە خەریکی نەرمشی قەهرەمانانەین. کاتێکیش دەگاتەوە تاران دەڵێت ئێمە لەنێو خاکی ئەمریکا ئەوکەسانە تەمبێ دەکەین کە قاسمییان کوشت و دەبێ وەک سەلمان ڕوشدی خۆیان بشارنەوە. دیار ئەمیان یانی دەسەڵاتی ئەمریکا بزانە ئێمە کارمان بەئێوە نییە، بەڵام ڕەنگە ئەگەر بۆمان بکرێ پاشان لەکاتی گونجاودا ترامپ و مایک پەپمئۆ تیرۆر بکەین. سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەرانەی دادوەریش ئەوەی پاش واژۆکردنی حوکمی لەسیدارەکانی چەند زیندانییەکی سیاسی خۆی لەبەریەک کێشایەوە، دەڵێ ئێمە لە ڕێگەی یاسا نێونەتەوییەکان و ڕێکخراوی مافی مرۆڤ و دادگای لاهە و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەدوای خوێنی حاجی قاسم‌دا دەڕۆین. جەماعەتی نێو ئەو مانگە ئیسلامییەی لە نێو خەرمانەی سەهیۆنیستان دایە، لە یەک کات و سات‌دا لە ناڵ و بزمار و لە سمی "ئەسپ"یش دەدەن.