کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆڕش ئاهی: داگیرکەر نەیتوانیوە شوناسمان بفەوتێنێ و ڕێمان لێ ون بکا، چونکی پێشەوا قازی نەخشە گەورەکەی بۆ کێشاوینەتەوە

00:52 - 17 رێبەندان 2720

 یەکێک لە هونەرە گرینگ و کۆنەکان هونەری نێگارکێشییە کە تەمەنێکی بەردرێژی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ چاخەکانی مێژوو. لە سەردەمی ئەشکەوت‌نشینییەوە مرۆڤەکان بە نەخشاندنی  هێندێک وێنە ڕەمز و پیرۆزییەکانی خۆیان لەسەر گاشەبەرد و دیوارەکان‌دا بەجێ‌ هێشتووە. ئێستاکە ئەو هونەرە بە پێی قوناخەکان، فۆڕم و ستایلی جیاجیای بە خۆیەوە گرتووە و لە ئاستی جیهاندا نێگارکێشیی هەڵگری کۆمەڵێک ڕەمز و مەفهوومی تایبەتە بە مێژووی گەلان. لەنێو گەلانی چەوساوەش‌دا بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سیستەمی ستەمکار و خۆسەپێن و دیکتاتۆر هونەرمەند هونەری خۆیان وەکوو چەکێک بەکار هێناوە. گەلی کوردیش کە مێژوویەکی درێژ و زێڕینی لە بەربەرەکانی لەگەڵ داگیرکەران‌دا هەیە، کەم نین ئەو هونەرمەندە دەروەست و خەڵکییانەی کە لە ڕێگای هونەرەوە خزمەت بە ئێستا و داهاتووی نەتەوەکەیان دەکەن. ڕۆژنامەی "کوردستان" بۆ باس لەسەر نیگارکێشیی و هونەری دەروەستی شێوەکاری  وتووێژێکی لەگەڵ هونەرمەند شۆڕش ئاهی، نێگارکێش و پەیکەرتاشی لاوی کورد پێک‌هێناوە: شۆڕش ئاهی وەکوو هونەرمەندێک چەندین ساڵە بە نەخشاندنی سیمبول و نمادەکانی گەلی کورد چ وەکوو پەیکەرتاشی چ وەکوو نێگارکێشی ناوێکی ئاشنایە. پێمان‌ خۆشە لەسەر نوێترین بەرهەمی جەنابت قسە بکەین کە هەڵکەندنی پۆرترەی پێشەوا قازی محەممەد لەسەر دیوارە. ئەو هونەرەی بەڕێزتان باسی دەکەن پێی دەڵێن "street art" کە تەعبیر لە هونەری سەرشەقام یان هونەری موقاومەت دەکا.  لە سەردەمانی تەمەدوونی ئاشووردا، ئەوان هەر کارێکی کردوویانە لەسەر دیوار و دیوارنیگارەکاندا تۆماریان کردووە. بەڵام لە هونەری نوێ‌دا ئەوەی کە ئێمە پێی دەڵێین هونەری هاوچەرخ و لقێکی دەبێتە هونەری شۆڕشگێڕی؛ هونەری شۆڕشگێڕیی لەم چەشنە یەکەمجار لە وڵاتێکی وەکوو مەکزیک دەردەکەوێ. ڕێبەرانی شۆڕشە گەورەکان و ئەو شۆڕشانە کە خەڵکی کردوویانە،  کەسانێکی وەک "دوایی داڵفاڕۆ ، "سکت  دی ڕووس" و "دیۆگو ڕیوێرا" ئەوانە کە بۆخۆیان لە پێشەوەی بزووتنەوەی ئەو مێژووییەدا بوون، بڕوایان لەسەر ئەوە بوو کە هونەر نابێ لە چوارچێوەی ماڵان یان لە ماڵی دەرەبگ و دەوڵەمەندان دابێ، هونەر دەبێ گشتی و لەبەرچاوی هەمووان بێ. هەموو جەماوەر کەڵکی لێ وەرگرن و هونەر دەبێ نیشانەی هەست و هەڵوێستی شۆڕشگێرانە و، ڕەنگدانەوەی ژیان و خەبات و چالاکیی خەڵکی کۆمەڵگەیەک بێ. ئەوە بوو بە هەوێنی ئەوەی کە لقێک وەکوو نیگارکێشیی دیواری “street art”، یان هونەری سەرشەقام سەر هەڵبدا کە دواتر لە وڵاتانی ئورووپایی کەسانێکی زۆر بەناوبانگ ئەو کارەیان گەیاندە لوتکە. لە ئورووپا "گیت هارێنگ" و لەم دواییانەدا "بەنگ سی" کە هەڵوێستەکانی خۆی و ناڕەزایەتییەکانی خۆی دەردەبڕێ، لەبارەی سیاسەت یان هەڵە و چەوتییەک کە سیاسەتمەدارانی وڵاتانی ئورووپایی یان وڵاتانی دنیا دەیکەن سەبارەت بە خەڵکی خۆیان.   مێژووی ئەم هونەرە لە کوردستانی خۆمان بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟ ئەم هونەرە تەبیعەتەن لەنێو ئێمەش‌دا ئەگەر زۆر بە شێوەیەکی وێنە نەبووبێ، بەڵام لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە تا وەکوو ئێستا و لە ڕەوتی بزووتنەوەی ڕزگاری‌خوازیی گەلی کورددا کەسانێکمان هەبوون کە لە بواری گڕافیک یان وێنەوە کاریان کردووە. ئەوان توانیویانە وەکوو دروشم نووسین، وەکوو ئەوەی کە لەسەر دیوار کردوویانە کە ئەگەر من ناوێکی مۆدێڕنی بۆ ببینمەوە دەڵێم تۆمارێک بووە لەسەر دیوارەکانی شار، هاوکات هەڵوێستێکی شۆڕشگێڕانەی ئەو کەسانە بووە کە لەسەر دیوارەکان دەریان بڕیوە و ئەو هەست و هەڵوێستەی خۆیان یان ئەو پەیامەی کە بزووتنەوەکەیان یان شۆڕشی ئەو میللەتە ویستوویەتی بە خەڵکی بگەیەنێ. ئەو کارەی من دەیکەم ئیلهامەکەم لە هونەری شەرقی وەرگرتووە، بەڵام بە دەربڕین و چەمک‌گەلێکی مۆدێڕن کە تێکەڵ بە هونەری ڕۆژئاواییش بووە.   کاک شۆڕش باست لەوە کرد کە ئەم کارە نوێیەی بەڕێزت نیشانەی ئەوەیە هونەر لە ژوورێکی تاکەکەسییەوە بێتە سەر شەقام و بێتە سەر دیوار. لە بەرەبەری ٢ی ڕێبەندان ئەو کارەی کە بەڕێزت کردت، نەخشاندنی پەیکەری پێشەوای مەزنە. پرسیار ئەوەیە بۆ پێشەوا-ت  هەڵبژارد و بۆ دیوارەکانی قەڵای دێموکرات؟ ئەمن دوای ئەوەی بە ناچار ڕۆژهەڵاتی کوردستانم بەجێ هێشت، ژیانی سیاسییم چووە قۆناغێکی دیکەوە. تەبیعەتەن لەسەر بنچیینەی بنەماڵەیی و زۆر شتی دیکە. من ڕێبازێکم هەڵبژاردووە کە ڕێبازی حیزبی دێموکراتە. بێ ئەملاوئەولا، ئەگەر بگەڕێینەوە نێو قەڵا لە کۆنەوە، لە کەوناراوە، قەڵا سیمبولی خۆڕاگری و بەرخۆدان بووە. یانی لەهەر وڵات و قەڵەمڕەوێک کە  قەڵاکە ڕووخاوە، ئەو وڵاتەش شکستی خواردووە و داگیر کراوە. ئەوەی کە من قەڵا-م هەڵبژاردووە، قەڵا ئەو هێما و سەمبوولە بووە کە من ویستوومە کاری تێدا بکەم. لەنێو قەڵا و لەنێو حیزبی دێموکرات‌دا کاتێک ئەمن کەسایەتییەک هەڵدەبژێرم وەکوو قازی محەممەد، ئەو کەسایەتییە بۆ منی نەوعی، بۆ منی هونەرمەند جیا لە ڕەهەندە سیاسییەکەی، هەڵگری زۆر شتی دیکەیە. بۆ وێنە وێنەی پێشەوا هەڵگری زۆر پەیامە، هەڵگری پەروەردەی نیشتمانییە، تەعبیر لە مەزنیی گەورە پیاوی مێژووی کوردە. من دەبینم کە پێشەوا وێنەی تاکەکەسیی لەگەڵ هێمن و هەژار هەیە. لە بارودۆخی کۆمەڵایەتیی ئەوکات‌دا کە دەسەڵات لە پاوانی دەرەبەگ و ئاغاوەت‌دا بووە، بەڵام پێچەوانەی نەریتەکان پێشەوا دوو تازەلاوی شاعیر کە تازەش دەستیان بۆ قەڵەم بردووە، لەم‌بەروئەوبەری خۆی دادەنێ. بۆ، چونکی قازی محەممەد دەیەوێ نەتەوە دروست بکا، نیشتمان چێ بکا، بۆ ئەوەش هەموو شتێکی لەسەر پەرورەدە دادەنێ. کاتێک ئەو ئینسانە باس لە پەروەردە دەکا، ئەوانە داتایەکی فیکری، فەرهەنگی و پەروەرەدەیین کە من لەو وێنانەدا دەیانبینم. شایەد بۆ زۆر کەسی دیکە مانایەکی دیکەی هەبێ. کاتێک سێ دانە خوێندکاری زانکۆی ئەفسەری لە زانکۆ دەگەڕێنەوە و لە کۆبوونەوەیەک‌دا پێشەوا قسەکانی ڕادەگرێ و دەڵێ: "ببوورن من وتارەکەم کورت دەکەمەوە، چونکی چەند کەسێک لە خوێندکارانی زانکۆ هاتوونەتەوە و من دەبێ بە پێشوازیانەوە بچم". ئەوە نیشاندەری گرینگیی پەروەردە بوون و ئەو شتەیە کە پێشەوا قازی محەممەد، کاری لەسەر کردووە و گرینگیی پێ داوە، چوونکە ئەوانە  پەیامی ئەو شۆڕشە، پەیامی خەباتی ئەو نەسڵە بۆ نەسڵەکانی دیکە دەگوازنەوە. تەنانەت زەمانێک کە پێشەوا باس لە "کۆمار" و باس لە "دێموکراسی" دەکا، لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست‌دا تەواوی وڵاتانی دەوروبەری ئەو دەسەڵاتی پاشایەتی و دیکتاتۆرین، بەڵام ئەو ئینسانە هەڵدەستێ و باس لە دێموکراسی و جمهوورییەت دەکا. هەروەها ئەو گرینگییەی کە ئەو دەیدا بە نەسڵی نوێ بەتایبەت لە ئەدەبیات‌دا، لە پەروەردەدا، لە هونەردا بۆ وێنە کەسانێکی وەکوو کاک "سەدیقی ئەنجیری‌ئازەر"، "عەبدولڕەحمان زەبێحی"، "حەسەن قزەڵجی" و زۆر کەسی دیکەش. ڕاستە شایەد لەو زەمان‌دا گرافیستێکی باش نەبووبێ، نەققاشێکی باش نەبووبێ، پەیکە سازێک نەبووبێ، بەڵام ئەو ئەدەبیات و هونەری بەرگرییە لەو کاتەوە شکڵی گرتووە و بۆ من ڕەمز و کۆد-ن. ئەمڕۆ پەیامی ئەو نەسلە بە من دەدا کە چۆن درێژەدری ئەو ڕێباز و ڕێچکە بەرگریکارییە بەرنەدەم و وەکوو تاکێک لەو کۆمەڵگەیەدا هەڵوێستم هەبێ.   تابڵۆکە تەعبیر لە چی دەکا، دەیەوێ بڵێ چی، یان جەنابت دەتەوێ کام مەبەست و مژار بێنینە بەرباس؟ ئەمڕۆ من لەنێو خەڵکەکەی خۆم‌دا نیم بەڵام بەم بۆنەیە -٢ی ڕێبەندان- و بەم بەرهەمە، پەیامێکی دیکە بە کۆد و بە وێنەوە بۆ گەل و نەتەوەی خۆم زیندوو دەکەمەوە، وەکوو برینێک کە قەتماخەکەی لادەی خوێی پێوە بکەی بۆ ئەوەی بیکولێنیەوە، بۆ ئەوەی وەبیر خەڵکی بێنییەوە، کە تۆ چ گەوهەرێکت لە مێژووی خۆت‌دا هەبووە. من لە قەڵای حیزبی دێموکرات‌دا و لە شوێنێک کە ویستیان وێرانی کەن، لە شوێنێک کە ویستیان بیڕووخێنن و مووشەکیان تێگرت، بەڵام وەک دەبینین هەر لەسەر پێیە و هەر ڕەمزە. ئەمن ویستوومە لەو ڕەمزەدا هاوکات ڕەمزی خۆڕاگری و هەرمانی نەتەوەیەکیش بنەخشێنم کە بە تەواوی نەسڵەکانی دیکە و بە نەسلەکەی خۆشم بڵێم ئێمە درێژەدەری ئەو ڕێگایەین، ئەو خەباتەین و، لەسەر پێین و ناکەوین.   کاک شۆڕش بۆخۆت باش دەزانی ئەساسەن، یەکێک لە پێناسەکانی هونەر یانی "ئیعتێراز". دەشبینین کە نەیارانی کورد بەچڕی لە هەوڵ دان بۆ سڕینەوەی بایەخە مێژووییەکان و بۆ نموونە لە بەڵگە و نووسراوەکانی ئەون‌دا یان بە لاوازی یان بە خراپی باسی "پێشەوا" دەکەن کە بۆ ئێمە ڕەمزە. هونەری بەڕێزت جیا لەوە کە ناڕەزایەتیی دەربڕینە، لەم ماوەیە چەندە توانیویە ببێ بە هۆیەک بۆ ئەوە کە نەسڵی نوێ ئاوڕێکی باشتر لە شوناسی خۆی بداتەوە. مەبەستەم ئەوەیە ئایا لە خۆت ڕازیی لەوەی کردووتە؟ تەبیعەتەن ئەمن ناتوانم بڵێم لە خۆم ڕازی بم، هونەرمەند دەبێ خەڵک لێی ڕازی بێ و من هیچ داهێنانێکم نەکردوە و ئەزموونێکە دەیکەم. لەو ئەزموونەدا دوو ڕۆژی دیکە ڕەخنەگرانن کە هەڵی‌دەسەنگێنن کە ئایا ئەوە کارێکی هونەری بووە یان کارێکی هونەری نەبووە! بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ لە کوردستان دیکتاتۆری لە چوارپارچەی کوردستان زاڵە، بە هەموو جۆرێک دەیەوێ شۆناسی نەتەوەیی ئێمە بسڕێتەوە، ئەگەر توانیبای سەرکەوێ ئەمڕۆ منێک نەدەبووم لەو کۆمەڵگەیە کە بێ و ئەو حەققانییەتە و ئەو جوانی‌ناسییە لە بیرۆکەیەکی ئازادیخوازی نەتەوەیەک‌دا بدرکێنێ. تەبیعەتەن هونەرمەندانی زۆر گەورە هەن و من بە قامکی ئەوانیش نابم، مامۆستای زۆر شارەزا لە هەموو بوارە جیاجیاکان‌دا، کەسانی زۆر سەرکەوتوو کە لە شێعر، شانۆ و فیلم کاریان کردووە و حەققانییەتی ئەو میللەتەیان بە تەواوی بە دنیا سەلماندووە. بەڵام ئەوەی کە من باسی دەکەم ئەوەی کە کۆدیکە لە وێنەیەکی سادەدا من وەریدەگرم، بۆ منی نەوعی و هەزاران کەسی دیکە بۆتە ئیلهام، دەمەوێ کار بکەم بۆ وێنە پەیامێکی بە تەواوی جیاوازتر و ئەوەی کە تۆ حەققانییەتی ئەو خەباتە لە ناخی من و هەزاران کەسی وەک من‌دا دەبینی کە ئەو ڕێگایە ڕێگایەکە بەرەو خۆر. ڕێگایەکە کە وەستانی نییە، ڕێگایەکە کە بەردەوامە و ڕێگایەکە کە داهێنانی تێدایە. ئێمە دەبینین داگیرکەرانی نیشتمان نەیانتوانیوە رێمان لێ ون بکەن و بمانسڕنەوە، چونکی پێشەوا قازی نەخشە گەورەکەی بۆ کێشاوین.   ئەساسەن شکڵ گرتنی شێوەی ڕوانین یان ڕوانگەی هەر هونەرمەندێک یەک شەوە نییە هونەرمەند ئەو شتانە وا لە هونەرەکەی ڕەنگ دەداتەوە جۆرێک بە ئەزموونی ژیانییەوە گرێ دراوە، پرسیار ئەمەیە شۆڕش ئاهی لە چ قۆناخێک‌دا ژیاوە کە بە پێچەوانەی هێندێک هونەرمەند خۆی و هونەرەکەی لە خزمەت نەتەوەکەی‌دا داناوە؟ ئەو شتە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی منداڵیی من و سەردەمی لەدایک بوونی من. دەزانن ئێمە وەکوو میللەتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەبەر شاڵاوێکی زۆر ناڕەوا کەوتین، وەبەر فتوای جیهاد کەوتین و بنەماڵەی من و هەزاران کەسی دیکەش کە زیانیان لێ کەوت. ئەمن بە منداڵی بابم شەهید بووە و بنەماڵەی ئێمە تێچوویەکی زۆری داوە. چەندین شەهیدی دیکەمان لە بزووتنەوەی ڕەوای ڕزگاریی گەلی کورددا هەبووە، لە تاراوگە بووین، دەردی من دەردی هەزاران بنەماڵەی وەکوو من بووە کە وەبەر شاڵاوی تەبعید و داگیرکردنی ماڵ و سامان و دەرکردن لە زێد و نیشتمان کەوتووین. ئەمن ئازیزترین کەسەکانم لە دەست داوە. جا ئیدی ئەمن ئەگەر باس لە شتێک دەکەم لە ئەسڵ‌دا باس لە هیچ شتێکی دەرەکی ناکەم کە بڵێی شتێکی سەیر و سەمەرە بێ، لە ئەسڵ‌دا من دەگەڕێمەوە سەر دەروونی خۆم، ژیانی خۆم، ژیانی خۆم لەنێو کۆمەڵگەدا، پەروەردەی خۆم لەنێو کۆمەڵگەدا و باوەڕ و ئینتیماکانم.   پرسیارێکی تایبەت کە ڕەنگبێ نەتەوێ وەڵامی بدەیتەوە. لە هێندێک لە کارە هونەرییەکانت‌دا ئەو ڕوخسارانەی کە دەیانکێشیەوە چاویان نییە، ئەوە شتێکی ئینتیزاعییە یان پێوەندی بە ژیان و ناخی خۆتەوە هەیە؟  یەکەم جارە لەو بارەوە پرسیارم لێ دەکرێ، شایەد من وەکوو قسەیەکی دۆستانە لە لای زۆر لە دۆستەکانی خۆم گوتبێتم، ئەو شتە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە ژیانی تاکەکەسیی منەوە هەیە. من لە تەمەنی کوڕەکەی خۆمدا بووم -سێ ساڵ، سێ ساڵ و نیو- کە بابم شەهید بوو. بەداخەوە ئەوکاتیش ئەگەر پێشمەرگەیەک شەهید دەبوو بێڕێزییەکی زۆر بە تەرمەکەی دەکرا. ڕێژیم بۆوەی خەڵک چاوترسێن بکا تەرمی شۆڕشگێرکانی بە ماشین ڕادەکێشا یان بێ‌ڕێزیان پێ دەکرد. یەکێک لەوانە کە من ڕاستە پێی نیگەران دەبم کە باسی دەکەم و دڵم پڕ دەبێ، شایەد خۆش نەبێ، بنەماڵەی من، یانی خۆشکەکەم و من واماندەزانی ئەگەر خومەینی بمرێ بابی من دێتەوە، خوشکم داخڵەی کڕیبوو و هەموو جارێک دەیگوت ئەگەر خومەینی بمرێ، بابم دێتەوە و کەواوپانتۆڵی بۆ دەکڕم، لەحاڵێک‌دا ئێمە لەبیرمان نەمابوو، و زۆر چکۆڵە بووین. ئەو بابە لە پشتی ماشێن ڕایان‌کێشابوو، چاویان بە سەرەنێزە هەڵکۆڵیبوو... بابی منیش بەشێکە لەو کارەساتانە، بۆیە قەت دڵم بڕوایی نەداوە و لەو کارانەی لەسەر کۆمەڵ‌کوژی کرددوومە، ئەوانەی کە باس لە قەڵاچۆ و کوشت و کوشتار دەکا، ئەوەم کردووە. ڕاستە تێکنیکەکەم هونەرییە و شایەد زۆر جوانکاریی هونەرییشی تێدا نەبێ، بەڵام بە خاتری کەسێک و بە حورمەتی ئەو چاوانەی کە هەمیشە لە دیتنیان بێبەش بووم، چاوم بۆیان دانەناوە.   دووبارە دەچمەوە سەر خانەی هونەری بەرگری. کورد چەندە پێویستی بە هونەری بەرگری هەیە و ئەساسەن هونەری بەرگریی کورد توانیویەتی شان بە شانی کڵاشینکۆف لە وروژاندنی خەبات، لە گەیاندنی پەیامی خەبات کاریگەریی هەبێ؟ لە میللەتانی دیکەدا، مەسەلەن کەسانێکی وەکوو "ویکتۆر خارا" ئەوانە بە هونەرەکەی خۆیان لەسەر وشیاریی خەڵک کاریگەرییان هەبووە و هۆنەرمەندانی ئێمەش کەمیان نەکردووە و کەمیان کاریگەری دانەناوە. ئەگەر هونەر وەک چەکێکی گرینگ کەڵکی لێ وەرگرێ کە دوانەی دانەبڕاون لەگەڵ شۆڕش، بەرهەمی زۆر دەبێ. ئێستا دەبینین کە مەسەلەن لە جەریانی ماوەیەک پێش شۆڕشگێڕانی ئێمە چونەتەوە ناوچە خەباتیان کردووە. کە شەهید بوون  هونەر و هونەرمەندانی دەروەست خۆیان بەخاوەنی ئەو خوێنە زانیوە. هەروەها هونەرمەندی وامان هەبووە، هاتوون بۆ ڕێزگرتن لە شەهید "شەریف باجوەر" و هاوڕێیانی نیشتماندۆستی فیداکار لە گەردەنەی "تەتە" لەسەر گاشەبەردەکان شتێکی زۆر باشیان لەسەر شەهید "شەریف باجوەر" نەخشاندووە و زۆر کەسانی دیکە شایەد لەو وتووێژە مەجال نەبێ و دەمهەوێ ئەوە بڵێم هونەری کوردی شان بە شانی شوڕش و پێشمەرگە هەبووە. سپاس بۆ بەشداریت لەو دیمانەیەدا سپاس کە بەسەرتان کردمەوە.