کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار بە ناوی زاهیر جۆڵا بۆ جاری دووهەم دەسبەسەر کرایەوە

16:13 - 19 جۆزەردان 2721

هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار کە پێشتریس دەستبەسەر و سزای بەندکرانی بەسەردا سەپابوو، دوای بانگ‌کرانی بۆ ناوەندە ئەمنییەکانی ئەو شارە دەسبەسەر کرا. ڕۆژی دووشەممە ١٧ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی زاهیر پەس‌وپیش ناسراو بە (جۆڵا) دوای بانگ‌کرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەسبەسەر کراوە. بەپێی هەواڵەکان زاهیر پەس وپیش ڕۆژی پێشتر لەڕێگای تەلەفوونەوە بانگ کراوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار و هەر لەوێ دەستبەسەرو دەگوازرێتەوە بۆ شۆێنێکی نادیار. زاهیر پەس‌وپیش خەڵکی گوندی چیانە، شەوی سێشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی لەگەڵ چەند کەسی دیکەی خەڵکی پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەسبەسەر و دوای چەند حەوتوو دەسبەسەرکران بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو و دواجار لەلایەن دادگای ئینقلابی پیرانشار بە تۆمەتی هاوکاری کردن لەگەڵ حیزبێکی کوردی دژبەری کۆماری ئیسلامی سزای ٣ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئەو هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی دووشەممە ١٩ی ڕەشەممەی ١٣٩٩ی هەتاوی بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی دەسبەسەر و دوای تەواوبوونی حوکمەکەی ئازاد کرابوو.