کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڤیان محەممەدی بە دانانی بارمتەیەکی زۆر بە شێوەی کاتیی ئازاد کرا

15:18 - 20 جۆزەردان 2721

خوێندکارێکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەریوان کە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ مانی لە خواردن گرتبوو، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتیی ئازاد کرا. ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، ڤیان محەممەدی، خوێندکاری دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەریوان پاش ٤٠ ڕۆژ دەسبەسەرکران و بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتیی و هەتا کاتی تەواوبوونی دانیشتنی دادگا، ئازاد کرا. ڤیان محەممەدی، ڕۆژی یەکشەممە ٩ی جۆزەردان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە درێژکرانەوەی ماوەی دەسبەسەرکرانەکەی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ، مانی لە خواردن گرتبوو. ڤیان محەممەدی، خوێندکاری بەشی کارگێڕیی زانکۆی تاران ڕۆژی هەینی ١٠ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای تاران دەسبەسەر و بۆ ئیتلاعاتی سپای ورمێ گوازرایەوە. پێویستە بگوترێ کە هێزێکی زۆری ئیتلاعاتی سپا هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ڤیان محەممەدی و وێڕای ئازاری ئەندامانی بنەماڵەکەی، ناوبراویان دەسبەسەر کردووە و دەستیان بەسەر کەرەستە تایبەتییەکانی وەکوو کۆمپیوتەر، مۆبایل و کتێبەکانیدا گرتووە.