کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیان لە دەستدانی کۆڵبەرێک لە سنووری نەوسوود

15:58 - 22 جۆزەردان 2721

کۆڵبەرێکی خەڵکی سەلاسی باوەجانی بەناوی" حەمید وەیسی" بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەکانی سنووری نەوسوود گیانی لە دەستدا. بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵات" چاونیوز" ڕۆژی شەممە ٢٢ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، کۆڵبەرێک بە ناوی" حەمید وەیسی" خەڵکی گوندی مەیدان تفڵی سەر بەشاری سەلاسی باوەجانی، لە کاتی کۆڵبەریی لە سنوورەکانی نەوسوود بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزاییە شاخاوییەکانی ئەو ناوچەیە گیانی لە دەستدا. شایانی باسە کە ناوبراو سێ ڕۆژ پێش ئێستا تووشی ئەو ڕووداوە بووە و پاش گەڕانێکی زۆر ئەمڕۆ شەممە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە بیندراوەتەوە. لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی پێنجشەممە، ۲۰ جۆزەردان هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئێسلامی لە سنووری هەنگەژاڵ سەر بە شاری بانە تەقەیان لە پۆلێک کۆڵبەر کردووە، کە لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە ناوی "ڕەحمان کەریم پوور" خەڵکی ئاوایی سیوچ سەر بە شاری بانە فیشەک بەر لاقی کەوتووە و بریندار بووە.