ڕۆژی ١٩ی بانەمەڕ، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دێموکراتی کوردستان، کۆڕێکی ڕێزلێنانی بۆ نووسەر و فەرهەنگنووس، بەڕێز سەلاح پایانیانی، دانەری فەرهەنگی زارەکیی موکریان لە هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان ڕێکخست.
سەرەتای بەرنامەکە بە سروودی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.
دواتر دوکتور سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دێموکرات باسێکی لەسەر زمان و گرینگیی فەرهەنگی زارەکیی موکریان پێشکەش کرد و زەحمەت و ماندووبوونەکانی بەڕێز سەلاح پایانیانی بەرز نرخاند.
پاشان کاروان عەبدوڵڵا بەرپرسی دەزگای موکریانی باسێکی کورتی سەبارەت بە گرینگی و چۆنیەتیی چاپکردنی فەرهەنگی زارەکیی موکریانی لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا پێشکەش کرد.
نێوئاخنی بەرنامەکە پێکهاتبوو لە چەند پارچە موسیقا لەلایەن گرووپی هونەری "ئاڵا"وە.
لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا دانەری فەرهەنگی زارەکیی موکریان، کاک سەلاح پایانیانی وێڕای سپاسی بەشداربووان و پێزانین بۆ ڕێکخەرانی ئەو کوڕە، باسێکی کورتی لە بابەت کەموکۆڕی و ئاستەنگەکانی نووسینی فەرهەنگی وشە لە زمانی کوردیدا و هەروەها گرینگیی دانانی فەرهەنگ لە زمان و ئەدەبیاتی کوردیدا پێشکەش کرد و سپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە بە درێژایی چارەگە سەدەیەک لە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکەدا هاوکار و پاڵپشتی بوون.
بەرنامەکە بە ڕێزلێنان لە مامۆستا سەلاح پایانیانی و خاتوو لەیلا نوورانی هاوژینی ناوبراو کە لە کۆکردنەوەی ئەم گەنجینە پڕبایەخەدا هاوکار و پاڵپشتی بووە و بە پێدانی چەپکەگوڵی وەفا و ڕێزلێنان لەو دوو بەڕێزە کۆتایی پێهات.