کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕوونکردنەوەیەکی مامۆستا حەسەن ئەمینی لەسەر پێکهێنانی نوێنەرایەتیی خەڵکی سوننی و نەتەوەکان لە ئێران

16:43 - 23 جۆزەردان 2721

مامۆستا حەسەن ئەمینی مامۆستای ئایینی سوننی لە شاری سنە لە بەیاننامەیەکدا ڕوونیکردەوە کە ئەوەی بە ناوی نوێنەرایەتیی خەڵکی سوننی و نەتەوەکان لە تاراندا پێکهاتووە و هەروەها هەڵوێستیان لەسەر هەڵبژاردنەکان، نە نوێنەری خەڵکی سوننین و نە نەتەوەکانی ئێران. ڕۆژی شەممە ٢٢ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی مامۆستا حەسەن ئەمینی، مامۆستای ئایینیی ناسراوی سوننی خەڵکی سنە لە بەیاننامەیەکدا ناڕەزایەتیی خۆی لە هەمبەر پێکهێنانی شۆرایەک لە ژێرناوی "شۆرای هاوبیریی نەتەوە و ئایینەکان" لە پێوەندیی لە گەڵ هەڵبژادنەکانی ئێراندا دەربڕی. لە بەشێکی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە : من وەکوو کوردێک و سوننییەک هیچ زانیارییەکم لەسەر ئەو بە ناو شۆرایە نییە و ئەوانیش نابێ بە ناوی ئەو خەڵکەوە و دروشمێکی ئاوەها گەورەوەوە هەوڵ بۆ چەواشەکاریی بدەن. ناوبراو لە لایەکی دیکەوە دەڵێ هیچ زانیارییەکیشی لەسەر دیداری نێوان بەشێک لە مامۆستایانی سوننی و ڕەئیسی نییە و لە هەموو دونیادا بێجگە لە ئێران پێکهێنانی شۆرا و تەنانەت دەستەیەکیش بۆ نوێنەرایەتیی تەنانەت گرووپێکی بچووک دەبێ بە هەڵبژاردن بێ چ بگا بە ئاستی نوێنەرایەتیی ئایینێک یان نەتەوەگەلێک. شایانی باسە کە پێشتریش مامۆستا حەسەن ئەمینی لە ڕاگەیەندراوێکدا بەشدارینەکردنی خۆی لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمدا ڕاگەیاندبوو.