کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دڵنووسی خوێنەرێکی "کوردستان و کورد" لەسەر هەڵبژاردنەکان

15:19 - 26 جۆزەردان 2721

هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستانیم! تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی و ڕزگاریی میللەتەکەم! خەباتکار و زەحمەتکێشانی وڵاتە بێناز و داگیرکراوەکەم! سەلامی خوای گەورەتان لێ بێت. دەستی ماندووبونتان دەگوشم و هاوخەمی ئازار و ناسۆرەکانی ژیانی ڕۆژانەتانم. جارێکیتر بۆن و بەرامەی ناخۆشی یەکێکیتر لە هەڵبژاردنە ساختەکانی سیزدەهەمین سووڕی بەناو هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماری لە ئێران، بەسەر دڵ و هەناوماندا هاتەوە. عەزیزانی زوڵملێکراوی کوردستانیم! لە وڵاتی ئێمە، کەسێک کە گوێڕایەڵی ڕێژیمی جینایەتکاری ناکۆماری و نائیسلامیی تاران بێت، دەستی ناپاکی درێژە و چەپۆکی لە سەری مەزلووم و هەژاری وڵاتەکەم دەدا و مافیان دەخوا و دەیانچەوسێنێتەوە، ئەوانە دەیانکەنە دەمڕاست و کوێخای گوند و شار و هەرچی ئیمتیازات و پۆستە دەیاندەنێ. هەڵبەت ئەو دابەشکارییەش لە وڵاتدا ڕێژەییە، واتە گەورەکەیان لە تاران، لە هەمووانی زیاتر بەردەکەوێ، هەتا دەگاتە ناحەزانی نیشتیمانی مە، کە بەشیان نەمرنەژییە، ئەویش بە درەنگێکەوە و بە سووکایەتیەوە دەیاندرێتێ بۆ ئەوەی وەفایێکی هەرچەند کاتیش بێ بۆ حکۆمەتەکەیان هەبێ و پاسەوانی بەرژەوەندیەکانیان پێ بدەن. هەتا ڕۆژێک بە نەخۆشییەکی سەیر و لەنەکاو یا بە ڕووداوێکی هاموشۆ بە پلانێکی لە پێشدا داڕێژراو لە ڕیزی زێندوانیان ناهێڵن. لەو کات و ساتەی سەروبەندی بەناو هەڵبژاردندا، وەبیر هاووڵاتیانی خۆشەویستم دێنمەوە کە لەوەتای تەمەنی نەحسی ئەو دەسەڵاتە بێبەزەیی و دڵڕەقەیە، ئێمەی کورد کە بە دووژمن و بە لانی کەمەوە بە هاووڵاتی دەرەجە نەک دوو و سێ، بەڵکوو بگرە بە پلەی چوار و پێنج و بگره خوارتریش هەژمار دەکرێین کە هیچ، بەڵکو ئەو خۆسەپێنانە، نەیانتوانیوە خزمەتێکی بەرچاوی نەتەوەکەی خۆشیان بکەن، تەنانەت دڵی ئاڵقەلەگوێکانیشیان نەتوانیوە ڕازی بکەن و بەشی تەواویان بدەنێ. ناوی گەورە و شاری وێران کە دەگوترێ ئەوە بە ئێرە دەڵێن. دەگەڵ تێپەڕبوونی دەیان ساڵ بە سەر ئەو دەسەڵاتە زۆرەملێیەی ڕژێمی خۆسەپێنی تاراندا و سەرەڕای ئەو هەموو نیعمەت و دەوڵەمەندییەی سەر زەوی و ژێر زەوی کە بە لای کەمەوە نیوەی خاکی ئێران دەگرێتەوە، ئێستاشی دەگەڵدا بێت، لە بەر تەخشان پەخشانی داهات و لە بەر دزینی داهاتی ووڵات لە ئاستی بنەماڵەیی و حیزبی و دەوڵەتیدا نەیانتوانیوە پەرە بە هیچ کەرتێک لە بواری تەندرووستی، ئاوەدانکردنەوە، ڕێگاوبان، کشتوکاڵ یان پیشەسازی و خوێندن بدەن. بە کوردی و بە کورتی، کارێکیان نەکردووە کە ببێتە هۆی ئاسودەیی و حەسانەوەی دانیشتووانی وڵاتەکە، بۆ ساتێکیش بێت دڵیان خۆش کات و بە داهاتوو گەشبینیان بکا. زۆرن لەو بنەماڵە سەربەرزانەی کە بە مەجبوری و لە ڕووی ناچارییەوە، تەنیا هەوڵیان لە بەدەستهێنانی قووتی ڕۆژانەی بنەماڵەکەیاندا و لە بەر قورسی ژیان و بۆ بەدەستهێنانی داهاتێکی کەم، بیر و هزریان ناپڕژێتە سەر هیچ بابەتێکی دیکەی چارەنووسساز کە ببێتە هۆیەک بۆ گۆڕانکاری لە بنەماکانی ژیان و باشتربوونی بارودۆخیان بۆ ژیانێکی ئاسایی و ئاسوودە. جا بەپێی ئەو بنەما و هۆیانەوە کە هەن و فشاریان بۆ ڕوح و جەستەی خەڵکی هێناوه، داوامە لە کوردستانیانی بەڕێز و تێگەیشتووم کە بە هیچ شێوەیێک نەتەنیا بەشداری هەڵبژاردنێکی ئاوا بێ بنەما  نەکەن، بەڵکو ئەو بایکۆتەتان ویژدانی بڕیاردەرانی جیهانی وەخەبەر بێنێ کە فشاربخەنە سەر ئەو دەسەڵاتە و پێوەندییەکانیان بە شەرت بۆ داکۆکیکردن و پیداگری لە سەر مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتیانی ئێران دابمەزرێننەوە. هەرچەندە دەسەڵات بە پێی کارنامەی چەندین ساڵەیان وا پێدەچێ کە بەو زووانە ڕیشەیان لە بن بێت و ئافەتێک و بەڵایێکی لەناکاو یەخەیان بگرێ. ئەو بە ناو هەڵبژاردنانەش هەلێکی زێڕین و باشە کە بقۆزرێتەوە وبکرێتە مۆرێکی نا بۆ نادادپەروەری و زووڵم و زۆر و لە کارنامەی حوکومەت و دەوڵەت بدرێت. هیوام خۆشی و سەربەرزی و سەربەستیتانە. هەر بژی دادپەروەری و ئازادی، سەرکەوتن بۆ خەباتکارانی ماندوونەناسی ڕێگای ڕزگاری کوردستان. بڕوخێ دەسەڵاتی وەلایەتی نافەقیهی ئێرانی. بژی کورد، بژی کوردستان.