کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی ڕۆژنامەنووسان لەبەردەم ڕێکخراوی ژینگەپاریزی و داوای دەست لەکارکێشانەوەی کەلانتەری

14:40 - 10 پووشپەڕ 2721

ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسان لە دژکردەوە بە کوژرانی دوو هەواڵنێر لە ڕووداوێکی هاتووچۆ کە لە پارێزگای ورمێ ڕوویدا، لەبەردەم ڕێکخراوی ژینگە پارێزی گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەرێوە برد و داوای دەست لە کارکێشانەوەی عیسا کەلانتەری، بەرپرسی ئەو ڕێکخراوەیان کرد. ڕۆژی چوارشەممە ٩ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسان لە بەیاننامەیەکدا خوازیاری چەسپاندنی یاسایەک بوون کە لە کاتی سەفەرکردنی هەواڵنێران گیانیان پارێزراو بێ، هەروەها زەینەب ڕەحیمی هەواڵنێری بواری ژینگە پارێزییش بە ئاماژە بە گردبوونەوەی هەواڵنێران لەبەردەم ڕێکخراوی ژینگە پارێزی، لە لاپەڕەی تویتێری خۆی نووسی: لەگەڵ ئەوەیکە سیخوڕی هەواڵنێران شەوێک پێش ئەوەیکە گردبوونەوەکە بەڕێوەبچێ هەوڵی تێکدانیان دا، بەڵام گردبوونەوەکە بۆ داکۆکی لە خوێنی ئەو دوو هەواڵنێرە بەڕێوەچوو و ئامانجەکەشی ئەوەیە کە دەبێ تاوانبارانی ئەو ڕووداوە سزا بدرێن. هەروەها ئەو هەواڵنێرانە ڕایانگەیاند کە، "ڕێحانە یاسینی" لەگەڵ ئەوەیکە بەردەوام و تەواوی کاتی خۆی بۆ هەواڵنێریی تەرخان کردبوو و گرێبەستی کاری هەبوو، بەپیچەوانەی یاسای کار لەلایەن هەواڵدەریی "ئیرنا"ـوە بیمە نەکرابوو، بەپێی ئەو بەیاننامەیە ژمارەیەک لە هەواڵنێران کە لە ئوتووبووسەکەدا بوون، بەهۆی ئەوەیکە سەر بەو پاریزگایە بوون بێ ئەوەی بیمە بکرێن ناردبوویان بۆ مەئمووریەت.